چۆن منداڵی بەخشندە پەروەردە بکەین؟

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-13-00:01:00 - کۆدی بابەت: 2215
چۆن منداڵی بەخشندە پەروەردە بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن منداڵی بەخشندە پەروەردە بکەین؟

کاتێک کە تایبەتمەندی منداڵێکی بەخشندە دەگێڕینەوە کە زۆر لێبوردە و بەخشندەیە کەلوپەل و کەرەستەی یاریکردنی خۆی بەدەست هاوڕێکانیەوە دەدات و هاوکاریان دەکات لەوانەیە ئەوە بەبیری هەریەک لە ئێمەدا بێت کە منداڵی بەخشندە لە سەروو ئەمانەوەیە چونکە لەگەڵ ئەو سیفەتەشدا ئەم کارەش ئەنجام دەدات، ئەگەر بە هاوەڵێکی یان دراوسێیەکی تازە ئاشنا بێت ئەوا خێرا خۆی پێ دەناسێنێت و لەگەڵی یاری دەکات و باسی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، هەرشتێکی هەبێت بۆی دەهێنێت بەڵام بە پێچەوانەوە منداڵی خۆویست هەموو شتێکی لە خزمەت خۆیدایە و زۆر خۆی نزیک ناکاتەوە و تەنها یەک ڕێگا دەبینێت ئەویش چاودێری کەلوپەلی یاری کردنیەتی کە نەیدات بەدەست منداڵی ترەوە و هەروەها خۆی بە گەورە دەزانێت و لە بەرزترین ئاستدا بیر دەکاتەوە، هەر بۆیە حەزدەکات بەبێ پرس هەرکاتێک بیەوێت بیکات یان لە دەستکاری کردنی شتی ماڵەوەیان یان لە شتی هاوڕێکانیدا هیچ کەس لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکات، و هەر کارێک بۆ یەکێک ئەنجام بدات ئەوا جێگەی پرسیارە.

مندال پێش ئەوەی پێ بگرێت

منداڵ لەم تەمەنەیدا ئەو شتەی یاری پێدەکات هیچ کات نایدات بەدەست منداڵی ترەوە و یاری لەگەڵ ناکات، ئەگەر یاریشی لەگەڵ بکات ئەوە یاریەکانی بە ئەوەی بەرامبەری نادات، توند دەیانگرێت بەدەستیەوە یان لە پەنای خۆیدا دایان دەنێت، چونکە عەقڵی بەوە ناشکێت کە منداڵەکەی بەرامبەریشی ئەوەی دەوێت چونکە لەم تەمەنەدا کەرەستەکانی یاریکردنی خۆی خۆشدەوێت و حەز بەوە دەکات تەنها خۆی یاریان پێ بکات نەک منداڵی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دوو منداڵ لەم تەمەنەدا لەلای یەک بن ئەگەر یەکێکیان بگری ئەوی تر هەوڵی ژیرکردنەوەی دەدات یان لەپەنایدا بەغەمباریەوە دەوەستێت وەک هاوغەمیەک بۆی. 

 منداڵ پیش چوونە قوتابخانە 

کەم کەم خۆویستی لە کەنار دەنێت بۆ نمونە: ئەو شتەی کە دەیکڕێت بەشی هاوەڵەکانی دەدات یان یاریەکانی دەکات بە دوو بەشەوە پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانی یاری دەکات بۆ ئەوەی هاورێکانی بێبەش نەبن لە یاری کردن، بەڵام ئایا ئەم کارە بەخشندەیەی منداڵ وا دەکات کە سەرکەوتووبێت؟ بێگومان بەڵێ سەرکەوتوو دەبێت چونکە هێشتا تەواو تێنەگەشتوە و ماویەتی بەڵام منداڵ لەم تەمەنەدا هاوکاری خەڵکی دەکات نەک بە بەردەوامی بەم شێوەیە بێت کە بەخشندەیە چونکە ئەو دەیەوێت کە بزانێت ئەم هاوکاری کردنەی لەگەڵ دەوروبەریدا چ سودێکی هەیە کە خووی پێوە بگرێت.

ئەو منداڵانەی کە تازە دەچنە قوتابخانە

منداڵ لە تەمەنی چونە قوتابخانەیەوە شیاوی ئەوەیە کە بتوانێت بیر بکاتەوە، ئەو کارانەی کە دەیکات درکیان پێ دەکات، جا ئەو ڕەفتارانەی کە منداڵ دەیکات چ لە ماڵەوە یان قوتابخانە بێت چاو لە کەسانی دەوروبەری خۆی دەکات و دەیانکات بە سەرمەشق بۆخۆی بۆیە دەبێت کەسانی میهرەبان و ڕەفتار جوان بە سوودبن بۆیان چونکە نموونەی ئەوان وەردەگرن.

منداڵ لە تەمەنی ١١ ساڵ بەرەو ژوور واتە (نەوجەوان)

لەم تەمەنەدا خۆویستی و نیگەرانی و هەستکردن بە بێزاری و شڵەژان و دەرککردن بە هەندێک شت پێشتر هەستی پێنەکردوە یان لای گرنک نەبووە، ڕوودەدات لەناو مێردمنداڵدا کە تەمەنێکی زۆر هەستیار و ناسکە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی بە شێوازێکی جوان گاریگەری زۆری دەبێت لەسەر کەسایەتی منداڵ بە درێژایی تەمەنی هیچ مندالێک خۆویست نییە مەگەر خێزانەکەی ئەوە بخوازن کە وابێت واتە بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت پەروەردەی بکەن، بە ڕەچاوکردنی ئەم چەند خاڵە دەتوانیت کەسایەتی باش پەروەردە بکەیت:

١- منداڵ کاتێک دەتوانێت بەخشندەبێت کە پەروەردە بکرێت لەسەر ئەوەی کە مەبەستە لەسەر فیداکاری و میهرەبانی.

٢- مندال دەرباز بکرێت لەو خوو عادەتانەی ناو کۆمەڵگا کە بەڕادەیەک بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، لەو کاتەدا منداڵ چاودێری بکرێت لەلایەن دایک و باوکەوە کاتێک کاریگەری خراپی لەسەری دەبێت.                        

٣- ئەگەر دایک و باوک لێبوردەییان هەبێت بەرامبەر بەیەکتر لەناو ماڵ و خێزاندا ئەوا کەشێک دەسازێنن بۆ ئەوەی کە منداڵەکانیان ئەم سیفەتە هەست پێبکەن و پەیڕەوی بکەن.

٤- گرنک نییە منداڵ لەچ ئاستێکی تەمەنیدایە، بەڵگو گرنگ ئەوەیە دایک و باوک ئەو ئەرکە بەجێبهێنن کە منداڵێکی بەخشندە و میهرەبانیان هەبێت و سودمەند بێت بۆ کۆمەڵگا، بۆ ئەمەش دەبێت پێش چوونە قوتابخانە وا ڕابهێنرێت.

٥- منداڵ فێری هەندێک لەو ڕەفتارانە بکرێت وەک ئەوەی کە دیاری پێشکەش بە هاوڕێکانی یان منداڵی میوانەکەیان بکات بۆ ئەوەی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست ببێت.

٦- کاتێک دایک و باوک دەزانن کە مندالێکیان ئەوەی هەیەتی بەشی برا و خوشکەکەی تری نادات دەتوانن ناڕەزایی دەربڕن لەسەر ئەو کردارەی بۆ ئەوەی هەست بکات کە کارێکی باشی نەکردووە.

٧- هەمیشە سوپاسی منداڵەکەت بکە لەسەر ئەوەی کە کارێکی باش ئەنجام دەدات یان لەگەڵ کەسێک چاکە دەنوێنێت، ئەگەر بكرێت جار جار دیاری یان وتەی جوان بەکار بهێنرێت لە بەرامبەریدا.


سەرچاوەکان



966 بینین