مارتن لۆثەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-02:21:00 - کۆدی بابەت: 2243
مارتن لۆثەر

ناوه‌ڕۆك

مارتن لۆثەر

بەرەنگاری کردنی مارتن لۆثەر بۆ کەنشتەی کاثۆلیک... بووە بەردی بناغەی ڕێبازگەکەی لە خاسکاری ئایینی دا.
ساڵی ١٤٨٣ز لە شاری ئیزلیبین-ئەڵمانیا لەدایک بووە. ڕۆشنبیرییەکی چاکی لە زانکۆ وەرگرت و هەر لەسەر ئارەزووی باوکیشی قانونی خوێند، بەڵام تەواوی نەکرد. لە باتی ئەوە خۆی خستە سەر ئەوەی کە ببێتە قەشەیەکی ئۆگەستینی. لە ساڵی ١٥١٢ز دا پلەی دکتۆرای لە زانکۆی ووتنبێرگ لە لاهووت‌دا وەرگرت، هەر دەستبەجێش چووە ڕیزی دەستەی مامۆستایانەوە، لەو دەمەی ڕآ بەرەبەرە ڕەخنەکانی لە کەنشتە دەرکەوت.
لە ساڵی ١٥١٥ز دا چوو بۆ ڕۆما، لەوێ ڕووبەڕووی پڕوپووچی زانا ئاینییەکان بووەوە و کەوتە ئاخاوتن لەگەڵیان دەربارەی خۆبەستنەوەی تەواویان بە کاروباری گێتییەوە. ئەوەی کە زیاتر بووە هۆی بێزاری و ڕقهەستانی لە کەنشتە... فرۆشتنی (نوشتەی لێبوردن) بوو کە گوایە گشت بەدکارییەکانی ئەو کەسە دەسڕێتەوە و گوناهەکانی لەسەر لادەبات (جار و باریش کات کەمکردنەوە بۆ ئەو گوناهبارە تیایدا دیاری دەکرا کە لە گۆشەی پێلێنانەکان (مەودیانێ) دا دەیبردە سەر.
لە تشرینی یەکەمی ١٥٧١ز دا نزیکەی ٩٥ بێزاری بە دەروازەی کەنشتەدا هەڵواسی لە وتنبێرگ، بە شێوەیەکی گشتی کەنشتەی تاوانبار دەکرد بە سووخۆری و بەدکاری، وە بە تایبەتی بە فرۆشتنی نووشتەی لێبوردن. ئینجا ڕوونووسێکی لەو بێزارییەی نارد بۆ مەتران (مێنز) و چەندێکیشی چاپ کرد و پڵاوی کردەوە بە نێو زۆربەی ناوچەکەدا.
بەم چەشنە... بێزارییەکانی دژی کەنشتە بە خێرایی بڵاوبووەوە، لە دەسەڵاتی پاپا و ئەنجومەنی کەنشتەش هەڵگەڕایەوە. بڕیاریدا کە ڕێ و شوێنی ئەوان نەگرێت، تەنها دوای سیپارەی پیرۆز و ئاوەزی پوخت و ڕەوان بکەوێت. سەیریش نەبوو بۆ کەنشتە کە بە تووڕەییەوە بڕوانێتە بیروڕاکانی و بانگی بکات تاکو بە ملکەچییەوە بەرامبەر بە خێو و گەورەکانی ڕابوەستێت لە کەنشتەدا. هەرچەندە بیستییەوە کە بیروڕاکانی بە ئاشکرا پووچەڵ کراوە، بەڵام هەر کۆڵی نەدا و گوێی نەدایە تووڕە و مشەیان، لەبەر ئەوە لە کۆڕی کەنشتەدا کردیانە هەرا و جاڕیان دا کە مارتن لۆثەر کەسێکی خوانەناسە و لە قانون یاخییە. نوسراوەکانیشی ساڵی ١٥٢١ز کو (ورمس) قەدەغە کرا.
جا ئەگەر بەم پێیە بوایە دەبواری لۆثەر بسوتێنرایە، بەڵام بە پێچەوانەوە... بیروڕاکانی برەوێکی یەکجار زۆر و فراوانی بەدی هێنا لە نێو گەل و هەندێک لە میرەکانی ئەڵمانیا. لەگەڵ ئەوەیشدا هەر ناچار بوو خۆی بشارێتەوە بۆ ماوەی ساڵێک. هەرچەندە گەلی ئەڵمانیا بە هەموو توانایەکیانەوە پشتگیرییان دەکرد. ڕەنگ بوو هەر ئەو هێز و توانایەش بەس بووبێت بۆ ئەوەی خۆی سەرفراز بکات لەو هەڕەشە و گوڕەشە ترسناکانەی کە چاوەڕوان دەکرا بۆ لە لایەن کەنشتەوە.
لۆثەر زانایەکی فرە بەرهەم بوو. سەلماندیشی کە نووسراوەکانی زۆر مەزن و کاریگەرن. یەكێ لەو شاکارانەی گۆڕینی سیپارەی پیرۆز بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، بە شێوەیەکی وەها کە هەموو کەسێک بتوانێت بۆ خۆی بیخوێنێتەوە بێ ئەوەی پەنا بەرێتە کەنشتە و خێو و گەورە پیاوانی ئاینی، سەرەڕای ئەوەش کە زۆر گرنگ و کاریگەر بوو بۆ سەر زمانی ئەڵمانی.
گرنگترین ئەنجامەکانی خاسکاری ئاینی بریتی بوو لە پەیدابوونی چەندین تیپی پڕۆتستانتی، هەرچەندە یەکێکە لەو ڕێبازگایانەی ئاینی دیان.. نەک ڕێبازگەیەکی زۆر فراوانیش، کەچی ئەگەر سەرنج بدەین پەیرەوانی لە بووزایی و ئایینانی تر زۆرترە.
یەکێ لەو ئەنجامە گرنگانەی تری خاسکاری ئایینی لە ئەوروپادا. بەرپابوونی ئەو جەنگ و بەربەرەکییە ئاینییانە بوو کە ئەوروپای خستبووە گێژاو و کێشەیەکی ئاڵۆز و سەختەوە.
بۆ نموونە... ئەو جەنگە خوێنینەی کە ٣٠ ساڵی خایاند ( لە ساڵەکانی ١٦١٨ز تا ١٦٣٨ز دا) لە ئەڵمانیا، هۆیە سەرەکییەکەی ناکۆکی بەرە ئاینییەکان بوو. هەر ئەم ناکۆکییە بۆ چەند سەدەیەکیش درێژەی کێشا. بەڵام ئەو خاسکارییانە لە لایەکی تریشەوە دۆخێکی زۆر گرنگی گێڕا لە هۆشمەندی مرۆڤی ئەورووپای ڕۆژاوادا. پێش ساڵانی ١٥١٧ز تاکە کەنشتەیەک کە باوەڕپێکراو و ڕەوا بوو لای خەڵک کەنشتەی کاثۆلیکی ڕۆمان بوو، هەر یەکێکیش لە ڕێباز و ڕێچکەی ئەم کەنشتە دەرچووبایە، زۆر بە توندی سزا دەدرا و نەفرەتیان لێ دەکرد. ئا لەم تەم و مژەدا بە هیچ جۆرێک بۆ کەس نەدەلوا بیروڕایەکی ئازادی هەبێت... یان بتوانێت ڕآبییرێکی خۆی بکاتەوە. بەڵام پاش خاسکاری ئاینی و بیروڕای ئازاد، خەڵک کەوتە ئەوەی کە ئیتر بیر لە کاروباری تری ژیان بکاتەوە بە هەمیشەیی.
لۆثەر یەگجار ڕکی لە جوولەکە دەبووەوە. نووسینەکانی زار توندی تیا بەدی دەکرێت دژ بە جوولەکە... ڕەنگە هەر ئەم نووسینانەیشی ڕێخۆشکەر بووبێت بۆ دەسەڵاتی هیتلەر لە سەدەی بیستەمدا.


سەرچاوەکان



776 بینین