ئاو و هەوای كوردستان

ئاو و هەوای كوردستان

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-15-23:00:00 - کۆدی بابەت: 2289
ئاو و هەوای كوردستان

ناوه‌ڕۆك

ئاو و هەوای کوردستان

سەرەتای تۆمارکردنی ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا لە کوردستاندا، بۆ کۆتایی ساڵەکانی بیست دەگەڕێتەوە. ئێستگەی ئاوی دەوڵەتی و ئێسگەی میترولوژی دەوڵەتی لە ساڵی ١٩٢٩ دا و ئێستگەی تۆمارکردنی پلەی گەرما و بارستایی بارانیان، لە سەنتەری پارێزگاکانی دیاربەکر، گازی ئانتەب، ئورفە، سیرت و لە ساڵی ١٩٣٩دا، لە سەنتەری ماردین دامەزراند. لە دوای ئەم ساڵەش، دەزگا ناوبراوەکان سەرەڕای دەزگاکانی ئێسگەی فشار، با، تەم، تۆز، لە سەنتەری پارێزگاکان و هەندێ شوێنی دیکەیان دامەزراند، ئێستا زیاتر لە ١٥٠ ئێستگەی هەمەچەشنەی ئاو و هەوایی لە کاردان.
زانیاریی ئاو و هەوایی لە کوردستاندا، بێ کەم و کوڕی نییە، لەبەر ناشارەزایی، یەک لایەنی ئێستگەکان (تەنیا باران یاخود تەنیا گەرما)، ناتەواوی لە هەڵبژاردنی شوێنەکاندا، لە کارکەوتنی هەندێ لەو مەکینە و ئێستگانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و جاری واش هەیە تا سەر بە خراپی دەمێنێتەوە و چاکیان ناکەن، کەمی ژمارەیان لە چاو ڕووبەری کوردستاندا، کۆبوونەوەی زیاتر و تەنیا لە سەنتەری پارێزگاکاندا، بێئاگایی لە بایەخی ئێسگەی ئاو و هەوایی و دژواری باری ڕامیاری ...هتد.

هۆکارەکانی کارلێککردنی ئاو و هەوا

ئاو و هەوای کوردستان، بە هۆی ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوە دواکەوتووە:

پانایی جوگرافی

بە یەکێ لە هەرە هۆکارە گرنگەکانی دیاریکردنی ئاو و هەوا دادەنرێ، لەسەر ڕووی زەویدا. ئەو شوێنانەی کە دەکەونە نێوان هێڵی پانی ٥-٤، ئاو و هەوایان لە کەژەکانی ساڵدا زۆر لێک دەچێ و ماوەی تیشکی خۆر و ڕووناکی یەکسان دەبێ، بەڵام چەند بەرەو هێڵەکانی پانی دیکە بڕۆین، ئەم دیاردەیە دەگۆڕێ.

کوردستان دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی ٣٩،٤٠ هەتاکوو ٦١،٣٠ باکوور. ئەم نێوچەیەش کەوتۆتە باشووری نێوچەی سازگاری باکوورەوە، ئاو و هەوای ئەم پاناییە جوگرافییە، لە نێوان بیابانی گەرم و ئاو و هەوای زەریای ناوەند دایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازی لە نێوان نێچوچەکانی کوردستاندا، زۆر هەیە، بە تایبەتی لە پلەی گەرما و بارستایی باران و جۆرە بارینەکانی دیکەدا، بۆ نموونە، پلەی گەرما لە باکووردا، لە چاو پلەی گەرما لە باشووردا، سێ کەڕەت نزمترە. هەتا لە باکوورەوە بەرەو باشوور بڕۆین، بارستایی باران بەرەو کەمی دەڕوات. هەروەها جۆر و شێوەی بارینەکانیش دەگۆڕێ، ئەگەر هاتوو لە باکووردا، بەفرێکی ئاسایی ببارێ، ئەوا لە باشووردا بە دەگمەن نەبێ، بەفر نابارێ، بە تایبەتی لە باشووری ڕۆژئاوادا.

دوور و نزیکی لە زەریاکانەوە

کوردستان بە زەریاکانی خەزەر و ڕەش و ناوەندیی و سوور و کەنداوی عەرەبی و ئەسکەندەروون دەورە دراوە. لە ڕووی ئاو و هەواوە، زەریای ناوەند بە پلەی یەکەم و کەنداوی فارسی بە پلەی دووە، کاری خۆیان لەسەر ئاو و هەوای ئەم وڵاتە دەکەن، بەشی هەرە زۆری باران سەرچاوەکەی تۆفانەکانی زەریای ناوەندە. هەروەها سیستەمی باران بارین، زستانی تەڕە و هاوین وشکە، لە سیستەمی هەمان زەریاوە وەرگیراوە.

کەرتی وشکی ئاسیا

کەرتی ئاسیا، بە گەورەترین بەشی وشکانی سەر ڕووی زەوی دەژمێردرێ. لەسەر ڕووەکەی هەمە چەشنە دیاردەی ئاو و هەوا ڕوودەدات، نەوەکو هەر کار لە دروستبوونی ئاو و هەوای خۆی دەکات، بەڵکوو لە هەندێ کاتیشدا، کار لە بەشەکانی دیکەی جیهانیش دەکات. ئاو و هەوا لە کوردستاندا، تا ڕادەیەکی زۆر، لە ئەنجامی کارلێکردنی کەرتی ئاسیا پەیدا دەبێ، لە پێش هەمووشیانەوە با، لە دواییشدا پلەی گەرما و بارستایی باران.

ڕوو

بەرزی ڕووی زەوی لەسەر ئاستی زەریاوە، لە هەندێ نێوچەکانی باکووری کوردستاندا، لە پێنج هەزار مەتر زیاترە، بەڵام ئەم بەرزییە، هەتا بەرەو باشوور بڕۆین، نزم دەبێتەوە، هەتا وای لێ دێت، بەرزییەکە لە چەند مەترێک زیاتر نابێت، واتا پلەی گەرما لە باکوورەوە بەرەو باشوور زیاد دەکات. لە گوێرەی بارانیشەوە، دەتوانین هەمان شت بڵێین، چیاکان و بەرزاییان، کارێکی زۆر لەسەر سەمتی با و تۆفی ئەندامەکانی دیکەی ئاو و هەوا دەکەن.

ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا

پلەی گەرما، بارستایی باران، فشار و با، بەفر، شەختە، هەور، تەم، شێداری ڕێژەیی، ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا پێک دەهێنن. لێرەدا بەپێی توانا، باسیان دەکەین:

گەرما

گەرمای هەوا، ئەو قەبارە گەرمایەیە کە ڕووی زەوی لە تیشکی ڕۆژەوە پێی دەگات. بە یەکێ لە بە بایەخترین ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا دادەنرێت. لە ڕاستیشدا، هەموو ڕووداوەکانی ئاو و هەوا، بەرهەمی گەرمان. قەبارەی گەرما، ئەو فاکتەرەیەک کە پۆشەکی ڕووەکی و جۆرەکانی ئاژەڵ و ژیانی ئاسایی مرۆڤ، لە قوژبنە جیاوازەکانی گۆی ئەم زەوییە پێک دەهێنێت.

تێکڕای پلەی گەرمای ساڵ

تێکڕای پلەی گەرمای ساڵ لە کوردستاندا، لە دەوروبەری ١٥ پلەی سانتیگراد دایە، واتە ئاو و هەوا لە ڕووی گەرمییەوە فێنکە (مامناوەندی). ئەمەش بۆ شوێنگەی جوگرافی نێوچەی فێنکی باکوور دەگەڕێتەوە. ئەم ژمارەیە لە هەندێ ساڵدا، ٣-٤ پلە زیاد دەکات، لە ساڵی واشدا هەیە، ١-٢ پلە کەم دەکات.
تێکڕای گەرمای ساڵانە، لە هەموو قوژبنەکانی کوردستاندا، هەمان شت وەکو یەک نییە، ئەویش لەبەر جیاوازیی بەرزیی و نزمی لە ڕووی زەریاوە و دوور و نزیکی لە هێڵی یەکسانی و شوێنگە بە گوێرەی باتۆفی زەریای ناوەڕاست و دوور و نزیکی لە زەریاوە.
بەرزترین پلەی گەرما لە شارەکانی ئورفە، خوڕەم ئاباد، ئیلام دان، نزمترینیشیان لە شارەکانی ئەرزەڕۆم و وان دان.

مەودای پلەی گەرمای ساڵانە

تێکڕآی پلەی گەرما، ٣٠ پلە لە سەروو سفرەوەیە، تێکڕای پلەی نزمی، ٢٠ پلە لە ژێر سفرەوەیە.، واتا جیاوازی نێوان بەرز و نزمی پلەی گەرمای ساڵانە، ٥٠ پلەیە، ئەم جیاوازییەش لە نیوان ئێسگەکانی کوردستاندا، گەلێ ڕوون و ئاشکرایە.
جیاوازی پلەی گەرما، دەگاتە ئەو پەڕی بەرزی، لە شارەکانی ئانتەب، قەرەکۆسە، وان، ...هتد، ئەو پەری پلەی نزمیش لە ئێسگەی سەلاحەدین، بەکرەجۆ، دێزفول.

تێکڕای پلەی گەرمای وەرزەکانی ساڵ

تێکڕای پلەکانی گەرما لە وەرزەکانی ساڵدا، لەبەر جیاوازی قەبارەی گەرما، کە زەوی لە تیشکی ڕۆژەوە وەری دەگرێت، سەمتی تیرۆژی رۆژ و درێژ و کورتی تیرۆژی رۆژ و شوێنگەی زەوی بە ڕێژەی ڕۆژەوە... هتد، هەموویان وەکو یەک نین. بەرزترین پلەی گەرما لە وەرزی هاویندایە و بە شێوەیە بەرز دەبێتەوە، تا دەگاتە ٢١ سانتیگراد. ئەمەش زیاتر لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی هەوا و لەدەستدانی ئەو شێیانەی کە تەوژمی زەریاکان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن، پێش ئەوەی بگەنە سەر خاکی کوردستان و هاتنی بای وشک بە تایبەتی لای باشوورەوە. ئەم بایانە هەموو کاتێک وشکن، چونکە خۆیان لە شوێنی وشکەوە هەڵ دەکەن. بە پێچەوانەوە لە وەرزی زستاندا، پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە، هەتا دەگاتە پلەی ١٥ ئەوەش بە پلەی یەکەم، بۆ هاتنی بای ساردی سیبریایی دەگەڕێتەوە، کە سەرچاوەکەی زۆر ساردە و ڕێ لە بای وشکی باشووری دەگرێ، بەهۆی ئەوەی کە فشار لەسەر خاکی کوردستان زۆر بەرزە.
تێکڕای پلەی گەرمای وەرزی بەهار-١٧ سانتیگراد و پاییز-١٥ سانتیگراد، زۆر گەورە نییە، لەبەر وێکچوونی ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا بە تایبەتی گەرما.
هەرێمە جیاجیاکانی کوردستان، لە ڕووی تێکڕای پلەی گەرمای وەرزی هاوینەوە، زۆر لە یەک دەچن. ئەم دیاردەیە لە باکوور-٢٠ پلەیە، لە باشوور- ٢١ پلەیە، لە رۆژهەڵات ٢١ پلە و لە ڕۆژئاواش- ٢٢ پلەیە. بە هەمان شێوەش لە زستاندا، باکوور-١١ پلە، باشوور-١٢ پلە، ڕۆژهەڵات-١١ پلە و ڕۆژئاواش-١٤ پلە.

تێکڕای پلەی گەرمای مانگەکان

پلەی گەرما لە مانگی تەممووز، کە گەرمترین مانگی ساڵە، بەرز دەبێتەوە و لە هەندێ ئێسگەدا، دەگاتە ٣٤ پلە. لە مانگی یەكدا کە بە ساردترین مانگ دادەنرێت، نزم دەبێتەوە بۆیەک پلە و هەندێ جاری واش هەیە، بۆ کەمتریش نزم دەبێتەوە، واتا جیاوازی لە نێوان گەرمای ئەم دوو مانگەدا، لە نێوان بەرزترین و نزمترین پلەدا- ٣٣ پلەیە.
پلەی گەرما لە مانگی ئازاردا زیاد دەکا و وردە وردە بەرز دەبێتەوە، هەتا دەگاتە لوتکە لە مانگی تەمموز، بگرە لە ئابیشدا هەر بەردەوام دەبێت، لە پآشان لە مانگی ئۆکتۆبەردا، بەرە بەرە نزم دەبێتەوە، هەتا دەگاتە نزمترین پلەی لە مانگی یەكدا.
گەرمای مانگی تەمموز- بە گەرمترین مانگی ساڵ دەژمێردرێ، تێکڕای پلەی گەرما ٣٠ پلەیە (بەرواری- ٢٦ پلە، جزیرە- ٣٤ پلە). لەبەر ڕوونی ئاسمان، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی گەرمایەکی زۆر توند بگاتە سەر ڕووی زەوی، تیشکی ڕۆژ بە شێوەیەکی ستونی، گەیشتنی بای زەریاکان بە بێ شێدارەکانیان، نەهاتنی بای سیبریایی سارد.
گەرمای مانگی یەك- پلەی گەرما لەم مانگەدا، تەنیا ٣ پلەیە (بەرواری-سفر، ئورفە-٥ پلە). هۆکانی ئەم نزمی پلەی گەرمایە، لەبەر ئەوەی لەو مانگەدا، هەورێکی زۆر لە ئاسماندا بەری تیشکی ڕۆژ دەگرێ. هەروەها لەو مانگەدا بایەکی ساردی سیبیری هەڵ دەکات، لە نێوچە شاخاوییەکانیشدا فشآر بەرز دەبێتەوە... هتد.

تێکڕای پلەی گەرمای شەو و ڕۆژ

دوای ئەوەی خۆر هەڵدێت، هەوا دەست بە گەرمبوون دەکات، هەتا وای لێ دێت، لە کاتژمێری یەکی پاش نیوەڕۆدا، دەگاتە ئەوپەڕی گەرمی، لە پاشان بەرە بەرە نزم دەبێتەوە و لە نیوەشەودا دەگاتە نزمترین پلە.
پلەی گەرمای ڕۆژ، لە دەوروبەری ٢٥ پلەدا دەبێت (لە هاویندا-٤٢ پلە، لە زستاندا-٤ پلە) هی شەویش لە ١٠ پلە نزیک دەبێتەوە ( لە هاویندا- ١٤ پلە، لە زستاندا ٤ پلە) واتا جیاوازی نێوان گەرمای شەو و و ڕۆژ، ١٥ پلەیە. هۆکانی ئەم جیاوازییەش، بۆ ڕوونی ئاسمان و بارستایی ئەو گەرمایەی کە زەوی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا وەری دەگرێ و سەمتی تیشکی ڕۆژ ... هتد دەگەڕێتەوە.


سەرچاوەکان

517 بینین