هەندێک بیری هەڵە دەربارەی توندوتیژی خێزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-21:36:00 - کۆدی بابەت: 2320
هەندێک بیری هەڵە دەربارەی توندوتیژی خێزانی

ناوه‌ڕۆك

هەندێك بیری هەڵە دەربارەی توندوتیژی خێزانی

یەكەم

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

ئەو پیاوانەی توندوتیژی بەرمبەر بە ژنەکانیان بەکار دەهێنن، زۆربەی جار باوکی باشن بۆ منداڵەکانیان، بۆیە مافی ئەوەیان هەیە لەگەڵ منداڵەکانیان بمێننەوە.

- بەڵام لە ڕاستیدا

بینینی توندوتیژی لە نێوان دایک و باوک لە لایەن منداڵەوە، خۆی لە خۆیدا توندوتیژیە بەرامبەر بە منداڵ لە سەرەتای ژیانیەوە، پاشانیش وەکو چآولێکەرییەک دەبێتە هەڵگڕی ئەو جۆرە هەڵس و کەوتە.

زۆربەی ئەو پیاوانەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکانیان بەکار دەهێنن، بە هەمان شێوەش بەرامبەر بە منداڵەکانیان بەکار دەهێنن.

لە ساڵی  ٢٠٠٦ لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر توندوتیژی ئەنجامدرا لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆک، زۆربەی زۆری ئەو پیاو و ئافرەتانەی توندوتیژییان لەگەڵ منداڵەکانیان بەکار دەهێنا، لە کاتی منداڵی توندوتیژیان بەرامبەر بەکارهاتبوو.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

ئەو ئافرەتانی توندوتیژیان بەرامبەر بەکار دەهێنرێت، ئەگەر ڕازی نەبن بەو بارودۆخە با لە پیاوەکانیان جودا ببنەوە.

- بەڵام لە ڕاستیدا

جودا نابێتەوە چونکە:

  • سەرەتا پیاوەکە نەزانینی خۆی پیشان دەدات و داوای لێبوردنی لێ دەکات.
  • بەڵێنی پێ دەدات بەوە دووبارەی نەکاتەوە.
  • کاتێک دەچێتەوە ماڵی باوکی، پیاوەکەی دەتوانێت سەردانی ماڵی باوکی بکات و بیهێنێتەوە.
  • دەترسێت لە منداڵەکانی بێبەش بێت.
  • دەترسێ لەوەی خێزانی مێردەکەی و ماڵی باوکی پشتگیری نەکەن لە بڕیاری جیابوونەوەی.
  • کەسێک نابێت پشتی پێ ببەستێ لە ڕووی ئابوورییەوە.
  • لەوانەیە پیاوەکەی لەگەڵ خەڵک هێمن و لەسەرخۆ بێت و خەڵک باوەڕ بە قسەی ژنەکەی نەکەن.
  • لەوانەیە پیاوەکە هەڕەشەی ئازاردانی منداڵەکان و کەس و کاری ژنەکەی کردبێ.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

توندوتیژی خێزانی کێشەیەکە تایبەتە بەو خێزانەی لێی ڕوودەدەن، بۆیە نابێت تەداخولی تێدا بکەین.

- بەڵام لە ڕآستیدا

زۆربەی ئەو توندوتیژیانەی لە خێزان بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت، لە بەرچاوەی منداڵەکان و خزم و کەس و جیران و دەوروبەر دەکرێت، بەمەش سیفەتی تایبەتی لەدەست دەدات.

دام و دەزگاکانی تایبەت بە توندوتیژی، هەڵس و کەوت لەگەڵ هیچ جۆرە توندوتیژییەک ناکات، بەوەی توندوتیژییەکی تایبەتە و پەیوەندی بەوەوە نییە لەوانەش توندوتیژی خێزانی، بۆیە نابێت وەکو توندوتیژییەکی تایبەت سەیر بکرێت.

توندوتیژی خێزانی کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر کۆمەڵگا، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵاتنی منداڵەکان، بەمەش منداڵی سەرجادەی زیاد دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی تێکەڵاوبوونیان بە گروپە تیرۆریستییەکان، زیادبوونی رێژەی تاوان و دزی، زیادبوونی نەخۆشی دەروونی ... هتد.

- دەربارەی توندوتیژیی خێزانی دەڵێن

ئەو کاتانەی پیاو توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکەی بەکار دەهێنی، کە موستەحەقی ئەو توندوتیژییە، یان ژنەکە هانی پیاوەکەی دەدات لێی بدات.

بەپێی ئەو زانیاریەی لە بواری توندوتیژیدا هەیە، زۆربەی پیاوان لە کۆمەلگا کوردستانی پێیان وایە مافیان هەیە لە ژنەکانیان بدەن لە ڕووی داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام لە ڕووی داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە پیاو مافی نییە هیچ کاتێک لە ژنەکەی بدات، ئەگەر هاتوو خیانەتیشی لێکرد، بەڵکو تەنه دەتوانێت ژنەکە بباتەوە ماڵی باوکی و تەڵاقی بدات.

بەداخەوە زۆربەی جار کە توندوتیژی لە خێزان ڕوودەدات لەسەر ئەوە نییە، کە وا کێشەیەک یان لێک تێنەگەیشتنێک هەیە لە نێوان ژن و مێردەکە، بەڵکو ئافرەت هەیە لێی دەدرێت لە خەودایە، یان خواردنەکەی بە شێوەیەکی باش نەکوڵایە یان خواردنێکی لێناوە بە دڵی مێردەکەی نییە... هتد.

دووەم

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

توندوتیژی خێزانی تایبەتە تەنها بەو دووکەسەی کە شەڕ دەکەن یان دەمەقاڵێ دەکەن.

- بەڵام لە ڕاستیدا

توند و تیژی خێزانی هەموو ئەندامانی خێزانەکە دەگرێتەوە و کاریگەری نەگەتیڤی لەسەریان دەبێت.

زۆربەی کات، ئەگەر هاتو کێشە لە نێوان ژن و مێرددا بێت و کێشەکەش بەردەوام بێت، ئەوا خێزانی هەردوولایان (ژنەکە و پیاوەکەش) دەگرێتەوە، واتە کێشە لە نێوان خێزانی ژن و مێردەکەش دروست دەبێت، نەوەک تەنها لە نێوان دوو کەسەکە.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

توندوتیژی خێزانی تایبەت نییە تەنها بە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان، بەڵکو ئافرەتانیش بە هەمان شێوە توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان بەکار دەهێنن.

- ئەوەیان ڕآستە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک لە نێوانیاندا بکەین دەبینین:

لێکۆڵینەوە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەوا ٩٠٪ ڕوودانی توند و تیژی خێزانی لە لایەن پیاوەوە ئەنجام دەدرێت.

- دەربارەی توند و تیژی خێزانی دەڵێن

لە توند و تیژی خێزانی هەموو ئەندامانی خێزان بەرپرسیارن.

- بەڵام لە ڕاستیدا

تەنها ئەو کەسەی توندوتیژی بەکار دەهێنێ بەرپرسیارە.

بۆیە وازهێنانی ئەو ڕەفتارەش لەسەر ئەو کەسەیە کە توندوتیژی بەکار دەهێنێ.

ئەو ئافرەتانە توندوتیژیان بەرامبەر بەکاردێ، زۆربەی کات هەوڵدەدەن هەڵس و کەوتی خۆیان بگۆڕن، بۆ ئەوەی توندوتیژی لەسەریان نەمێنێت، بەڵام کەمجار ئەو هەوڵدانە سەرکەوتوو دەبێت.

سێیەم

- دەربارەی توند و تیژیی خێزانی دەڵێن

تەنها ئەوانەی شێتن یان نەخۆشی دەروونیان هەیە توندوتیژی خێزانی بەکاردەهێنن.

- بەڵام لە ڕاستیدا

زۆربەی ئەوانەی توندوتیژی بەکار دەهێنن، مرۆڤی ئاسایین، بەڵکو لەوانەیە مرۆڤێک بن  ڕوویان خۆش بێت و خەڵک حەزبکات لەگەڵیان هەڵس و کەوت بکات.

ئەوەی تایبەتە بەو جۆرە کەسانە جیایان دەکاتەوە لە خەڵکی تر، بەکارهێنانی توندوتیژییە بەرامبەر بە ئافرەتەکانیان.

بەکارهێنانی توندوتیژی هەڵس و کەوتێک نییە بە شێوەیەکی زۆرەملێ بەسەر مرۆڤەکان سەپابێت، بەڵکو ڕەفتارێکە مرۆڤ هەڵیدەبژێرێ.

- دەربارەی توند و تیژی خێزانی دەڵێن

توندوتیژی خێزانی تەنیا لە خێزانە هەژارەکان، یان لەو خێزانانەی کە نەخوێندەوارن بەکاردێت.

- بەڵام لە ڕاستیدا

توندوتیژی خێزانی لە ناو هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بەکار دەهێنرێت.

توندوتیژی خێزانی ڕوودەدات لە خێزانی دەوڵەمەند و خوێندەوار، هەروەکو چۆن ڕوودەدات لە ماڵی هەژار و نەخوێندەوار، ئەوەی جیاوازە، خێزانی دەوڵەمەند کەمتر ئامادەیە باسی بکات، بەڵام سەبارەت بە دووبارە بوونەوە ڕآدەی توندوتیژی جیاوازی هەیە.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

توندوتیژی خێزانی تەنیا جارێک لە خێزان ڕوودەدات و دووبارە نابێتەوە.

- بەڵام لە ڕآستیدا

توندوتیژی خێزانی جۆرە هەڵس و کەوتێکە، مرۆڤ بە جارێک و دووجار فێری نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی بۆتە هەڵس و کەوتێکی چەسپاو لای ئەو مرۆڤە.

قۆناغەکانی توندوتیژی دەست پێدەکات بە ترساندن دواتر دواتر بۆ هەڕەشەکردن و بێبەش کردن پاشانیش ئەزیەتدانی جەستەیی و دەروونی.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

ئەو ئافرەتانەی توندوتیژیان بەرامبەر بەکار دەهێنرێت، لە پیاوەکان جودا نابنەوە و هەر لەگەڵیان دەمێننەوە.

- بەڵام لە ڕاستیدا

زۆربەی ئەو ئافرەتانەی توندوتیژیان بەرامبەر بەکاردێت، هەوڵدەدەن لە پیاوەکانیان جودا ببنەوە.

هەندێ لەو ئافرەتانەی لەبەر توندوتیژی لە پیاوەکانیان جودا بووینەوە، توانیویانە ژیانێکی نوێ ی دوور لە توندوتیژی پێک بهێنن.

کێشەکە لەوەیە خێزانەکان بە شێوەیەک سەیری توندوتیژی خێزانی دەکەن وەکو کێشەیەکی تایبەت بە خۆیان و پەیوەندی بە کەسەوە نییە، بۆیە داوای هاوکاری لە کەس ناکەن، واتە ئەو کاتە باسی دەکەن کە کێشەکە زۆر گەورە بووە، بەمەش چارەسەرکردنی زەحمەت دەبێ.

هەندێ هۆکار هەن وا لە ئەفرەت دەکەن ملکەچی توندوتیژی بن، لەوانە لەدەستدانی متمانە، ترسی لەدەستدانی منداڵ، بارودۆخی کۆمەڵایەتی بێوەژن لە کۆمڵکگا، پشت بەستن بە کەسی تر لە ڕووی ئابووری.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

هەبوونی کێشە و دڵەڕاوکێ دەبیتە هۆی توندوتیژی خێزانی.

- بەڵام لە ڕاستیدا

زۆربەی ئەو کەسانەی کە کێشەیان هەیە یاخود تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، پەنا نابەنە بەر بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، یان بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوکێیان، بۆ نموونە کاتێ پیاوێک کێشەیەکی هەیە یان هەردەم لە دڵە ڕاوکێدایە، بەڵام کاتێک لەسەر کارە  یاخود فەرمانبەرە پەنا ناباتە بەر بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خاوەن کارەکەی یاخود بەرامبەر بە خاوەن کارەکەی یاخود بەرامبەر بە بەڕێوەبەرەکەی، بەڵکو وەک کەسێکی زۆر بەڕێز و ڕێکوپێک هەڵس و کەوت دەکات.

- دەربارەی توندوتیژی خێزانی دەڵێن

ئەو پیاوانەی توندوتیژی بەکار دەهێنن ناتوانن ئەو کاتانەی تووڕە دەبن کۆنترۆڵی خۆیان بکەن.

- بەڵام لە ڕاستیدا

ئەو پیاوانەی توندوتیژی بەکار دەهێنن، تەنها لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیان توندوتیژن، واتە هەموو کاتێک و لەگەڵ هەموو کەسێک توندوتیژی نانوێنن، بۆ نموونە دەتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بکەن کاتێک تووڕە دەبن لەو کەسانەی کە ناتوانن توندوتیژی بەرامبەریان بەکار بێنن، وەک فەرمانبەر بە بەڕێوبەرەکەی.

هەندێک جار توندوتیژی خێزانی بۆ چەند کاتژمێرێک یان بۆ چەند ڕۆژێک درێژە دەکێشێ، واتە ئەمە بریتی نییە لە ماوەیەکی کەمی تووڕە بوون.

هەندێک جار توندوتیژی خێزانی بەرنامەی بۆ دادەڕێژرێت، پێش ئەوەی ڕووبدات، واتە پیاوەکە مەهانە و گیچەڵ دەبینێتەوە لە ژنەکەی یاخود کورد گۆتەنی لە مەهانە و گێچەڵ دەگەڕێ.

بۆ ئەوەی توند و تیژیی خێزانی نەهێڵین

  • پێویستە بە دوای هۆکارەکانیدا بگەڕێین.
  • پێویستە بە دوای ئەو هۆکارانە بگەڕێین کە وا لە پیاو دەکات یاخود ڕێگا بە پیاو دەدات توندوتیژی بەکار بێنێ، بە تایبەتی بەرامبەر بە ئافرەتان.


سەرچاوەکان



1077 بینین