ڕاهێنانی دەسپێکی قسەکردن

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-00:32:00 - کۆدی بابەت: 2334
ڕاهێنانی دەسپێکی قسەکردن

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی دەسپێکی قسەکردن

بۆ ئەوەی توانایەکی باشمان هەبێت لە گفتوگۆکردن و کەشێكی باش بڕەخسێنین لەگەڵ ئەو کەسەی دەمانەوێت گفتوگۆی لەگەڵ بکەین، پێویستە توانای دەسپێکی قسەکردنمان هەبێت، هەموو کارێک پێویستی بە دەسپێکە، واتە دەبێت سەرەتایەک و خۆ ئامادە کردنێک هەبێت بۆ جێ بە جێ کردنی هەر کارێک کە دەمانەوێت بیکەین، بۆیە گفتوگۆ کردنیش پێویستی بە دەسپێکە.
مەرج نییە ڕاهێنانی دەسپێکی قسەکردن تەنها بۆ گفتوگۆ کردن بێت و بەس، بەڵکو بەهۆی ڕاهێنانی دەسپێکی قسەکردن، دەتوانین گەشە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆمان بدەین و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی زۆر ئاسان لەگەڵ ئەو کەسانە ببەستین کە نایان ناسین و دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەبێت، واتە کاتێک دوو کەس یەکتری ناناسن و هیچ شتێکیش بە یەکەوەیان نابەستێتەوە، وەکو پلەی خزمایەتی، شوێن (کۆڵان، گەڕەک)، کار و پیشە ...هتد. ئەگەر توانای کۆمەڵایەتیان بەهێز نەبێت، لەوانەیە هەرگیز پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوانیان دروست نەبێت، بۆیە زۆر گرنگە توانای کۆمەڵایەتی خۆمان بەهێز بکەین، بۆ ئەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ زۆرترین خەڵک هەبێت، لەوانەیە پرسیارێک بێتە پێشەوە بڵێن جا لایەنی باشەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی چییە؟ ئەگەر هاتوو بە شێوەیەکی بەرفراوان بێت، کێ ناڵێ خراپ نییە؟!
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو لایەن باس دەکەین:

لایەنی یەکەم: ئەگەر هاتوو بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان بەست، ئەوان وەکو سەرچاوەیەکی مرۆیی زۆر گرنگ سوودی لێ دەبینین، وەک: ئەزموون و بەسەرهاتی ژیانیان، لە لایەنی ماددی و مەعنەوی دەتوانین داوای هاوکارییان لێ بکەین بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشە و گیر و گرفتانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بە ئاشنا بوونی لایەنی چاک و خراپەی دەزانی، واتە ئەگەر پێت باش بوو دەتوانی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەردەوام بی، بەڵام ئەگەر هاتو پێت کەسێکی خراپ بوو، ئەوا دەتوانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بپچڕی.

لایەنی دووەم:  ئەگەر هاتوو نەمانتوانی سوود لەو شتانە وەرگرین کە لە لایەنی یەکەم باسمان کرد، ئەوا بە بۆچوونی من وەکو خەسارەتێک دەبێت بۆمان.


هەنگاوەکانی ڕاهێنانی دەسپێکی قسەکردن

هەنگاوی یەکەم: سڵاو کردن

بۆ ئەوەی کەسێک ئاگادار بکەیەوە، یان سەرنجی ڕاکێشی، یاخود هەست بە ئارامی بکات، یان تەرکیزی بۆ دروست بکەی، ئەوا پێویستە سڵاوی لێ بکەی، جا ئەو سڵاو کردنە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە: هەندێ کەس دەڵێن سلام علیکم، هەندێکی تر دەڵێن ئەو کاتەت باش، یان چۆنی چاکی ..هتد.

 

 هەنگاوی دووەم: ووردە قسەکردن.

واتە قسەی سادەی وەک: ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆشە، یان رۆژێكی ساردە، یان ڕۆژێکی گەرمە ...هتد.

هەنگاوی سێیەم

بڕیار بدە بۆ ئەوەی بزانی، ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکەی ئاگای یان گوێی لە تۆیە یان نا.
واتە کاتێک دەتەوێ بابەتێک یان شتێک باس بکەی لە لای کەسێک، پێویستە سەرنج بدەی بۆ ئەوەی بزانی ئاگاداری تۆیە یان گرنگی بە قسەکردنت دەدات یان نا، ئەو کاتە بڕیار دەدەی بابەتەکە باس بکەی یان باس نەکەی.

هەنگاوی چوارەم: بابەتەکە باس بکە

واتە کاتێک بڕیارت دا بابەتەکە باس بکەی، درێژە بە باس کردنی بابەتەکە دەدەی.

تێبینی

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە مەرج نییە ئەوەی هاتوو قسەی لەگەڵ کردی لەسەر هەر بابەتێک و هەر جۆرە داوایەکی هەبوو، تۆ بڵێی باشە بەسەرچاو، بۆ ئەوەی بڵێی بە شێوەیەکی باش ڕاهێنانەکەم ئەنجام داوە یان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتاییم پێ هێناوە، نا لەوانەیە لەگەڵ بیر و بۆچوونی کەسی قسەکەر نەبێ، یان ئەو داوایەی هەیەتی بۆ جێبەجێ نەکەی، بەڵام زۆر گرنگە بە شێوەیەکی زۆر جوان و ڕێک و پێک کۆتایی بە دەسپێکی قسەکردنەکە بێنی.


سەرچاوەکان



971 بینین