ناوهڕۆك
ناساندن
ڕێگاکانی وانەبێژی (بە ئینگلیزی: Lecture Method، بە عەرەبی: طرق القاء المحاضرة)، لەم ڕێگایەدا مامۆستا تێدا ڕۆڵی ناوەندی دەگێڕێت و فێرخواز تەنها دەبێتە گوێگر، مامۆستا ڕۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕێت و لە بەرانبەردا فێرخواز ڕۆڵێکی نەرێنی ئەمەش وا لە خوێندکار دەکات کە کەمترین زانیاری بیر بمێنێت.
خاڵە لاوازەکانی ڕێگای وانەبێژی
١- زۆرترین زانیاری بۆ قوتابی باس دەکرێت و کەمترین بەشداری پێ دەکرێت. 
٢- قوتابی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر سەرنج بدات. 
٣- ناتوانرێت ڕەچاوی جیاوازی تاکایەتی نێوان قوتابیان بکرێت. 
٤- مامۆستا بەکارهێنانی نمایش و گۆڕانکاریکردن بە دەنگی بە بەردەوام پێویستە. 
٥- قوتابی کەمترین باس و زانیاری بیر دەمێنێت بە ڕێژەی لە ٢٠٪.
٦- لەوانەیە مامۆستا دوور بکەوێتەوە لە تێگەیشتنی قوتابی. 
٧- زۆرجار لەسەر چەندێتی زانیارییەکان مامۆستا قوتابیەکانی هەڵدەسنگێنێت.
خاڵە بەسوودەکانی ڕێگای وانەبێژی
١- پاشەکەوتی مامۆستا لە ماندوێتی. 
٢- دەتوانرێت بابەتێکی بەرفراوان لە کاتێکی کەمدا پێشکەش بکرێت. 
٣- دەتوانرێت زۆرترین زانیاری پێشکەش بە خوێندکاران بکرێت. 
ئەو هۆکارانەی وادەکەن مامۆستا ڕێگای وانەبێژی بەکاربهێنیت
١- زۆری پڕۆگرامی خوێندن. 
٢- لێپرسینەوەی سەرپەرشتیار لەگەڵ مامۆستا. 
٣- دواکەوتنی پەرتووک و پڕۆگرامەکانی خوێندن. 
٤- گواستنەوەی مامۆستا لە نێو ساڵی خوێندندا. 
٥- ئاسانی ئەم ڕێگایە بە بەراورد بە ڕێگاکانی تر. 
٦- سیستەمی تاقیکردنەوەی باو کە پشت بە چەندێتی زانیاری دەبەستێت. 
٧- شارەزا نەبوونی مامۆستا لە ڕێگاکانی تری وانەوتنەوە. 
٨- زۆری ژمارەی خوێندکاران لە نێو پۆلی خوێندندا، هاوکات زۆری ژمارەی پۆل و بەشە وانەکان. 
٩- ڕاهاتنی مامۆستایان لەسەر شێوازی زانکۆیی کە بە وانەبێژی وانەیان پێ خوێندراوە.
ئەو ڕێنماییانەی پێویستە مامۆستا بیگرێتەوە بەر
١- پاڵپشتیکردنی وانەکە بە ئامڕازی فێرکاری و بەکارهێنانی. 
٢- هاندانی قوتابیان بۆ پرسیارکردن و گفتوگۆکردن. 
٣- دابەشکردن و دانانی پلانێکی ڕێکخراو بۆ وتنەوەی بابەت. 
٤- بەکارهێنانی جووڵەی دەنگ و نمایشی پێویست.
٥- کۆتایی هێنانی وانەکە بە کورتە و ئەنجام بە دەستەوەدان. 
لە ڕاستیدا ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی ئەم ڕێگایە کراوە واتای ئەوە نییە کە پشتگوێ بخرێت و کاری پێ نەکرێت، بەڵکو وەک پەروەردکاران ئاماژەی پێ دەکەن لە نێو ڕێگاکانی تریش مامۆستا ناچار دەبێت بەکاریبهێنێت و لەم کاتانەی خوارەوەش بەکاردێت:
- پێشەکی: ئەم ڕێگایە لە کاتی پێشەکیدا بۆ ئامادەکردنی بیری قوتابی و ورووژاندنی پاڵنەرەکانی و سەرنج ڕاکێشانی بۆ بابەتێکی نوێ بەکاردێت.
- خستنەڕوو: مامۆستا ئەم ڕێگایە لە کاتی خستنەڕووی ناوەڕۆکی بابەت بەکاردەهێنێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێک چەمک و زاراوەی گرنگ.
- هەروەها بۆ باسکردنی هەندێک بەسەرهات و چیرۆک و ڕووداو کە پەیوەندی بە بابەتی فێرکارییەوە هەیە.
 
                                     
                             
                             
                                     
                                     
                                     
                                     
                                    