ڕاهێنانی خۆ ناساندن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-21:27:00 - کۆدی بابەت: 2338
ڕاهێنانی خۆ ناساندن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی خۆ ناساندن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە شێوەیەکی بەردەوام ڕاهێنانی خۆناساندن ئەنجام دەدەین، هەر جارە و بۆ مەبەستێک و بە جۆرە ناوێک، بەڵام سەرەنجام بۆ ناسینەوە و دروست کردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە، بۆ نموونە جاری وا هەیە خۆمان دەگەڕێنینەوە بۆ باوک و باپیرانمان و دەڵێین کوڕی فڵانە کەسین، هەندێ جاریش خۆمان دەناسێنین بە عەشیرەت، هەندێ جاریش بۆ ئەو شوێن و ناوچەیەی لێیەوەی ژیاوین، هەندێ جاریش بە نازناوێک کە حەزی پێ دەکەین، هەندێ جاریش بەو کار و پیشەیەی کە دەیکەین، هەندێ جاریش بە ئامۆزای فڵانە کەس و ئیتر ...هتد.
لەبەر چەند هۆیەک ئەو ڕاهێنانە ئەنجام دەدەین، وەکو باسمان کرد لەوانە بۆ ئەوە بێت بمانەوێت ئەو کەسەی خۆمان پێ دەناسێنین، سەرنجی ڕابکێشین و گوێمان لێ بگرێت، یاخود ئەگەر هاتوو لە شوێنێکی تر و لە کاتێکی تر بینیمانەوە، بمانناسێتەوە.
خۆ ناساندن متمانە و هێز بە مرۆڤ دەبەخشێت و دەرگای پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر دەکاتەوە و دەتوانی لە کاتی خۆناساندن دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک و دەوروبەر بکەیتەوە، هەروەها بیر و بۆچوونی خۆت بە خەڵک بڵێیت و بازنەی ژیانت فراوان بکەیت.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی خۆ ناساندن

هەنگاوی یەکەم

شوێن و کاتی گونجاو هەڵبژێرە بۆ خۆ ناساندنت.

واتە کاتێک و شوێنێکی گونجاو هەلبژێرە، بۆ ئەو کەسەش گونجاو بێت کە دەتەوێ خۆتی پێ بناسێنی، نەوەک ئاگای لە تۆ نەبێت یان بە شێوەیەکی باش گوێی لێت نەبێ.

هەنگاوی دووەم

سڵاوی لێ بکە و ناوی خۆتی پێ بڵێ.

بۆ پێویستە سەرەتا سڵاو بکەی؟ چونکە سڵاوکردن دەبێتە هۆی، ڕاکێشانی سەرنجی کەسی بەرامبەر، هەروەها سڵاو کردن دەبێتە هۆی نزیک بوونەوە و خۆشەویستی.

هەنگاوی سێیەم

ناوی کەسی بەرامبەر بپرسە ئەگەر پێویست بوو.

واتا ئەگەر ئەو کەسەی خۆتی پێ دەناسێنی ناویت نەزانی، ناوی بپرسە لە دوای ئەوەی ناوی خۆتی پێدەڵێی، بەمەش نیشانی دەدەی کە وا پیت گرنگە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوانتاندا هەبێت.

هەنگاوی چوارەم

قسەیەک یاخود پرسیارێک بکە بۆ ئەوەی ببێتە یارمەتیدانی دەسپێکی قسە.

واتە بۆ ئەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست بێت پێویستە گفتوگۆ لە نێوانتان دروست بێت و زانیاری زیاتر لەسەر یەکتر بزانن.

تێبینی

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە پێویستە خۆ ناساندنەکە بە زمانێکی شیرین و ڕوویەکی خۆش بێت و کەسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش گوێی لێبێ.


سەرچاوەکان



754 بینین