سەرچاوەکانی توندوتیژی خێزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-18-14:57:00 - کۆدی بابەت: 2351
سەرچاوەکانی توندوتیژی خێزان

ناوه‌ڕۆك

سەرچاوەکانی توندوتیژی 

چەند سەرچاوەیەک هەن مرۆڤ بە هۆیانەوە یاخود بڵێین لە ڕێگایانەوە فێری توندوتیژی و بەکارهێنانی دەبێت، لەوانە:

خێزان

خێزان بریتییە لە یەکەم دامەزراوەی کۆمەڵایەتی، کە تیایدا مرۆڤ فێری زمان و داب و نەریت و کەلتوور و ئاین و هەڵسوكەوت و بەها کۆمەڵایەتییەکان و یاسا و ڕێسا دەبێت، واتە لە بوونەوەرێکی بایۆلۆجی دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، هەروەها هاوکاری مرۆڤ دەکات لە کێشانی هێڵە سەرەکییەکانی ژیانی و یارمەتی مرۆڤایەتیش دەدات لە بەردەوام بوون و مانەوەی ڕەگەزی مرۆڤایەتی لە ڕێگای نەوە خستنەوە.
کاتێک کێشەیەک لە نێوان ژن و مێرد دروست دەبێت لەسەر بچووکترین شت، بە نموونە لەسەر چوونی ژنەکە بۆ ماڵی باوکی یاخود بۆ سەیران، یان داوای کڕینی کەل و پەلی ماڵەوە دەکات، یان بە پارەیەکی زۆر شتێک بۆ خۆی دەکڕێ، ئەگەر هاتوو بە شێوەیەکی دروست ئەم ژن و مێردە ڕێزیان لە یەکتری نەگرت و گوێیان لە یەکتر نەگرت بە گفتوگۆ کردن نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوا دەبینین پیاوەکە پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی توندوتیژی لە ژنەکە دەدات و بیر و بۆچوونی خۆی بە زەبری هێز دەسەپێنێت و یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەکات، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت، بۆیە دەڵێم بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە لەسەر ئەنجام زەرەرمەند دەبێت، بۆ نموونە: لە ئەنجامی بەکارهێنانی توندوتیژی ئافرەتەکە لووتی دەشکێ، یاخود ددانێکی دەشکێ یان لە نەخۆشخانە داخیل دەکرێ، کێ دەبێ مەسروفی نەخۆشخانە و دکتۆر و نەشتەرگەری و دەرمان و خواردن و هاتوچۆ بکا، بێگومان پیاوەکە دەبێت بیکات، کێ دوور دەکەوێتەوە لە ئیش و کار و دەوام کردن، ئەگەر هاتوو فەرمانبەر بوو، ئەوا بێگومان پیاوەکە، ئەمە لە ڕووی ئابووریەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی، شیرازەی کۆمەڵایەتی ئەو خێزانە تێکدەچێت و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دەوروبەر و جیران و خزم و کەس و دۆست و برادەر لاواز دەبێت و بەرەو نەمان دەچێت، لە ڕووی دەروونیەوە، ناخۆشی و ناڕەحەتییەکی زۆر لە نێوان ئەندامانی ئەو خێزانە دروست دەبێت، لە ڕووی یاساییەوە ئەگەر هاتوو ئافرەتەکە یاخود یەکێ لە کەسە نزیکەکانی سکاڵا لە دژی مێردی ئەو ژنە تۆمار بکەن، ئەوا تووشی بەندینخانە و دادگا دەبێتەوە.

هەڵسوكەوتە خراپەكان

لە ڕووی پەروەردەییەوە منداڵەکان فێری چەند وانەیەک دەبن، لەم جۆرە هەڵسوکەوتە، لەوانە:

  • فێری ئەوەی دەبن هەردەم حەق و ماف لە لای خاوەن هێزە.
  • فێری ئەوە دەبن بەکارهێنانی توندوتیژی کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە.
  • وەکو چارەسەر سەیری توندوتیژی دەکەن لە کاتی هەبوونی کێشە.
  • لە ژیانی ڕۆژانەیان پڕکاتیکی دەکەن، ئەگەر هاتوو پێویستی کرد.

بۆیە دەبینین، ئەو خێزانانەی توندوتیژی بەکار دەهێنن، کاتێک منداڵەکانیان یاری لەگەڵ منداڵێ تر دەکەن، ئەگەر هاتوو منداڵەکە بە کەیفی ئەو منداڵەی توندوتیژی لەگەڵ بەکار هاتووە یاری نەکات، یاخود یاری پێ نەدات، ئەوا لێ دەدرێت و توندوتیژی بەرامبەر بەکار دێت، بۆیە لێرەدا دەبینین خێزانەکان ناچارن ئامۆژگاری منداڵەکانیان بکەن، بەوەی یاری لەگەڵ ئەو منداڵە نەکەن، لەبەر ئەوەی توندوتیژی بەاکار دەهێنێت، بەمەش منداڵی ئەو خێزانانەی توندوتیژی بەکار دەهێنن بێ بەش دەبن لە یاری کردن و هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ منداڵانی ئاسایی، بەڵکو تەنها لەگەڵ ئەو منداڵانە دەبن، کەوا وەکو خۆیان توندوتیژ و شەڕانگێزن، بەمەش کێشەکە بەرەبەرە بۆ منداڵەکە و کۆمەڵگا دروست دەبێت، لە ئەنجامی بەکارهێنانی توندوتیژی لە ناو خێزان.

قوتابخانە

دوای ئەوەی باسی سەرچاوەی یەکەمی توندوتیژیمان کرد، کە تیایدا منداڵ چاو لە هەڵس و کەوتی باوانی دەکات، بێگومان لە کاتی چوونە قوتابخانەش هەمان هەڵس و کەوت بەکار دەهێنێ، لە کاتی یاری کردن، یاخود لە کاتی بوونی ناکۆکی لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلەکانی پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی توندوتیژی و هەڵس و کەوتی شەڕانگێزی، بەمەش وەک چارەسەرێک بەڕێوبەرایەتی قوتابخانە بۆ ماوەی  (٣) ڕۆژ لە قوتابخانە دووری دەخەنەوە، منداڵەکەش بە هیچ جۆرێک ناوێرێ ئەو کێشەیە لە ماڵەوە باس بکات، بەڵکو بەم شێوەی لە ماڵەوە گەیاندووە کە دەچێتە قوتابخانە، بەڵام تا تەواو بوونی کاتی قوتابخانە لە دەرەوە دەبێت یان دەچێتە بازاڕ و لەگەڵ منداڵی شەڕانگێز تێکەڵ دەبێت و هەڵس و کەوت دەکات، بەمەش بەرەبەرە لە کەش و هەوای قوتابخانە و جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵەوە دوور دەکەوێتەوە و لە کەش و هەوای توندوتیژی نزیک دەبێتەوە، سەر ئەنجام دەبینین تووشی کێشە و ئاژاوە دەبێت و زۆر جاریش کۆتاییەکەی جوونە بەندینخانە دێت، بۆیە زۆر گرینگە دایکان و باوکان سەرەنجامی بەکارهێنانی توندوتیژی ببینن، بەوەی نەک تەنیا کاریگەری لەسەر ژیان و پەیوەندی ئەوانەوە دەبێت، بەڵکو کاریگەری زۆر زیاتر لەسەر داهاتوو منداڵەکانیان دەبێت.


سەرچاوەکان



1819 بینین