تایبەتمەندییەکانی توندوتیژی خێزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-18-15:18:00 - کۆدی بابەت: 2352
تایبەتمەندییەکانی توندوتیژی خێزانی

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندییەکانی توندوتیژیی خێزانی

توندوتیژی خێزانی چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، لەوانە:

  1. بەکارهێنانی توندوتیژی لە ناو خێزان بە شێوەی ئەنقەستە: واتە  کاتێک سەیارەیەک لە ڕێگا لە کەسێک دەدات، ئەوا توندوتیژی ناگەیەنێ، بەڵکو دەکەوێتە چوارچێوەی ڕووداو، بەڵام کاتێک پیاوێک لە ژنەکەی یان لە منداڵەکەی دەدات، یاخود جنێویان پێ دەدات، ئەوا بە شێوەیەکی ئەنقەست وا دەکات، بۆ ئەم کردارەشی بیانوو دەهێنێتەوە بەوەی مەبەستی توندوتیژی و شەڕکردن نییە، بەڵام کردارەکەی تەنها توندوتیژی و شەڕکردن پیشان دەدات، جا ئەگەر هەستی پێ بکات یان هەستی پێ نەکات.
  2. ناوەڕۆکی توندوتیژی خێزانی پێش هەموو شتێک پێشێل کردنی ماف و ئازادی تاکە کەسە: بۆیە بە پێشێل کردنی ماف و ئازادی تاکەکەس لە قەڵەم دەدرێت، چونکە هەموو مرۆڤەکان یەکسانن لە ماف و ئازادیدا، تاکەکەس مافی هەیە لە ژیان و ئازادی و ئاساییش و ...هتد. کە لە ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، لێرەدا پێویستە پرسیارێک لە خۆمان بکەین بەوەی ئایا دەتوانین نکۆڵی لە مافی کەسێک بکەین، جا ئەو کەسە پیاو بێت یان ئافرەت، ئایا دەتوانین ئەو شتە بکەین کە پێمان وایە دروستە، بۆ نموونە: دەتوانین بە زۆر جۆرە خواردنێک یان جل و بەرگێک بەسەر کەسێکدا بسەپێنین، بەڵام خۆمان حەزی لێ نەکەین!
  3. توندوتیژی ڕوودەدات بەهۆی نەبوونی هێز و دەسەڵاتێکی یەکسان لە نێوان تاکەکان، جا ئەو هێز و دەسەڵاتە لە ڕووی جەستەییەوە بێت یان لە ڕووی جەستەییەوە بێت یان لە ڕووی فکرتییەوە بێت (هەر وەکو چۆن باوان ئەو هێز و دەسەڵاتە بەرامبەر بە منداڵەکانیان بەکار دەهێنن) بەمەش هەوڵ دەدەن لە ژێر دەست و کۆنترۆڵی خۆیاندا بیانهێڵنەوە. 
  4. توندوتیژی دەبێتە هۆی زەرەرمەند بوون: ئەنجامی توندوتیژی دەبێتە هۆی زەرەرمەند بوون لە ڕووی ئابووری و جەستەیی و دەروونییەوە، بەڵام بە پێچەوانەی برینی جەستەیی کە بە شێوەیەکی ڕوون دیار و ئاشکرایە، ئێش و ئازاری دەروونی بە زەحمەت دەبینرێ، چۆن بتوانین ئەوە بزانین کە وا ئافرەتێک تووشی توندوتیژی و ئازاری دەروونی بووە؟ یاخود منداڵێک  هەستی بریندار کراوە؟ بۆ دڵنیابوون لە بوونی توندوتیژی خێزانی پێویستە ئاماژە بەو تایبەتمەندیانە بدەین(کرداری بە ئەنقەست، نا یەکسانی هێز و دەسەڵات لە نێوان تاکەکان، پێشێل کردنی ماف و ئازادی کەسەکان)، ئەگەر هاتوو ئەمانەمان هەموو دیاری کرد، ئەوا دەبینین بە شێوەیەکی دیار و ڕوون کەوا توندوتیژی دەروونی بەکار هاتووە.

هۆكارەكانی توندوتیژی خێزانی

دەتوانین بڵێین توندوتیژی خێزانی هەڵسوکەوتێکە مرۆڤ فێری دەبێت بە هۆی:

  • تێبینی کردن.
  • لاسایی کردن و تاقی کردنەوە.
  • کەلتوور.
  • خێزان.
  • کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
  • کۆمەڵگا، قوتابخانە، شوێنی کارکردن.


سەرچاوەکان



1295 بینین