بە عەرەب بوون

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-18-22:28:00 - کۆدی بابەت: 2366
بە عەرەب بوون

ناوه‌ڕۆك

بە عەرەب بوون

((بریتییە لە کرداری پێناسەکردنی سەرجەم دام و دەزگاکانی دەوڵەت و بە سیستەم و فەلسەفەی حکومڕانی لە چوارچێوەی بیری نەتەوەپەرستی عەرەبیدا)). بە واتایەکی تر ئەزمونی عێراق بۆ گەشەپێدان و دروستکردن و چەسپاندن و پابەندبوونی عەرەبایەتی کاریکردووە. بە چەوساندنەوەی نەتەوەکانی تر. عێراقی بوون لە تێڕوانینی بەعسەوە تەنها یەک واتای هەیە، ئەویش بە عەرەب بوونە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە تایبەتمەندی حوکمی بەعس پەنابردن بووە بۆ توندوتیژی، وەک ڕێگە چارەیەک بۆ مەسەلەی فرە نەتەوەیی، بەسەر گەلانی عێراق بە گشتی و عەرەبە شیعەکانی باشوور و کوردەکانی باکوور بە تایبەتی ڕەنگیداوەتەوە.
ئەگەر سەرنج لە کرداری سیاسەتی بە عەرەبکردن بدەین، وەک ڕێگایەک بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی گەلی کورد، دەبینین بە دوو ئاراستەی هزری کاریانکردووە. جۆرێکیان بریتی بووە لە گۆڕینی ناوی شوێنە کوردیەکان و دەرکردنی کورد لە زێدی باب و باپیرانیان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگایاندا. یاخود کار کردن بۆ گۆڕین و شێواندنی ،ێژووی نەتەوەی کورد و شوێنەوارە دێرینەکانی، کە کورد بوونی ناوچەکە دەسەلمێنێت، بۆ نمونە رژێمی بەعس کەوتە هەوڵی تێکدانی قەڵای کەرکوک. ڕۆژی ٥/١٠/١٩٩٩ لە سیمنارێکی زانکۆی تکریت بە ئامادەبوونی کەسی دووەمی رژێمی بەعس (عزت الدوری)، لە بەردەم کۆمەڵێک ئەکادیمیستی و دیپلۆماتی عەرەب و بیانیدا، لە وتارێکدا ڕایگەیاند (پێویستە بە ووردی چاو بە کتێبەکانی مێژوودا بگێڕین بۆ ئەوەی ڕاستیە مێژووییەکان بدۆزینەوە، سەلاحەدینی ئەیوبی پاڵەوانێكی عەرەبە نەک کورد). بێگومان سەرجەمی ئەم کۆڕو سیمینارانە دەچنە چوارچێوەی بابەتی (المدرسة الموضوعیة)، بۆ دیاریکردنی شوناسی نەتەوەی عەرەبی، بەڵام لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو (بیست)، حکومەتی عێراق ڕێگایەکی تری گرتە بەر بۆ گۆڕینی شوناسی نەتەوەی کورد، ئەویش بە دابەشکردنی فۆرمی ڕاستکردنەوەی باری نەتەوەیی (استمارة تصحیح القەمیة). لە هەمان کاتدا ویستویەتی رۆڵێكی یاسایی و ئارەزومەندانە بدات بە گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی. کە بێگومان فشارێكی ئێجگار زۆر هەبووە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە. سەرپێچی کردن لە پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە، بریتی بوو لە بەندکردن، دواتر ڕاگواستن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 


سەرچاوەکان



1015 بینین