پۆشەکی ڕووەکی لە کوردستان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-21-09:59:00 - کۆدی بابەت: 2458
پۆشەکی ڕووەکی لە کوردستان

ناوه‌ڕۆك

پۆشەکی ڕووەکی لە کوردستان

پۆشەکی ڕووکی (ڕووەکی سروشتی). بەو ڕووەکانە دەوترێت، کە بە شێوەیەکی سروشتی لەسەر ڕووی زەوی دەڕوێن، ئەگەرچی ڕووەکی سروشتی بەرهمی ئاووهەوا و ڕووی زەوی و خۆڵە، بەڵام وا دیارە کاریگەری فاکتەری یەکەمیان، لە دوو فاکتەرەکەی دیکە زیاترە.
خەسڵەتی ڕووەکی سروشتی کوردستان لەوە دایە، کە خۆیان لەبەر بەرزی پلەی گەرما و وشکیدا ڕادەگرن. هەتا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە، بەرەو باکووری رۆژئاوا بڕۆین چڕی پۆشەکی ڕووەکی زیاد دەکات، هۆکەشی بۆ جیاوازی قەوارەی باران بارین دەگەڕێتەوە. پۆشەکی ڕووەکی لەمانەی خوارەوە هاتووە:

١- دارستان

دارستان و دار و دەوەن. نزیکەی پانزە ملیۆن هێگترایان (١٥٠ هەزار کچگ) لە زەوی کوردستان داگیر کردووە. لەوانە دارستانە دەست لێ  نەدراو و باشەکان – سێ ملیۆن هێکتار، دارستانی تەنک – حەوت ملیۆن هێکتار، دارستانی وێرانکراو و خراپ – ٥ هەزار ملیۆن هێکتار. زۆربەی دارستانەکان، لەسەرەتای سەدەی شەستەکانەوە تاکوو ئەمڕۆ، لەبەر ئاگر تێبەردان و بڕینەوەی بێ ئەندازەیان، حاڵیان بە تەواوی شڕ بووە، چونکە پێ ڕاناگەن جارێکی دیکە چرۆ بکەن و گەورەببن و کە لە ئەنجامدا سەدان هێکتار دارستان لە ساڵێکدا تێدادەچێت. بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم زیانە گەورەیە، دەوڵەت لە هەندێک شوێن، یاسایی پاراستنی دارەکانی دەرکردووە. هەرچەندە ئەم یاسایانە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی دەستی دەوڵەتی ناگاتێ، بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت. ئەم هۆیانەی کە ئەو گیروگرفتانەشی دروست کردووە، زیاتر خۆیان لە جەنگ و نەبوونی کەرەستەی دیکە بۆ سوتاندن و خۆ گەرمکردنەوە و نەبوونی ئالیکی تەواو بۆ ئاژەڵکاندا دەنوێنێت، کە دیارە ئەو گیر و گرفتانە، تاکوو ئەمڕۆش بە بێ چارەسەر ماونەتەوە.
چەشنەکانی دار
دارەکانی دارستانی کوردستان، لە ٦٠٪ یان لە خێزانی دار بەڕوون، لە ٢٠٪ یان لە خێزانی بنە (پوستی و حشی) و لە ٥٪ەکەی دیکەش لە خێزانی بادامی کێوین (ئەرژن). ئەوەی کە دەشمێنێتەوە، لە پۆشەکی دارستانی جۆراوجۆر پێک هاتووە، لە کورستاندا نزیکەی حەفتا جۆرە داری بەردار و بێبەر هەیە، لێرەدا باسی هەندێکیان دەکەین:
١- باڵاڵوک: دیمەنی بەڵاڵوک لە داری ئاڵوباڵو و گێلاس دەچێت، بەرەکەی زۆر خۆش و مزرە. ڕەنگەکەی سورێکی تۆخە. دەنکەکانی لە دەنکی ئاڵوباڵو بچوکترە. باڵا و لقەکانی گەورە و بەرینن، ڕەنگی دارەکەی سورێکی بریقەدارە.
٢- هەنجیر: دار هەنجیر زۆر جۆری هەیە. قەدەکەی ٣ – ١٠ مەتر بەرزە و لقەکانیشی بڵاوە. گەڵاکانی پان و کەمێک ئەستوورە، لە بنەڕەتدا میدیترانییە، بەڵام ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دەڕوێت.
٣- ئوجا: داری ئوجا دارێکە توێکڵەکەی ڕەق و ئەستوورە. ئەم دارە لە دامێنی دارستانەکانی نێوچە کوێستانییەکان و قەراغ جادەکان دەڕوێت. بەرزایی قەدەکەی لە نێوان ٢ – ٢٠ مەتردا دەبێت. لە کۆتایی مانگی ئەپرێلەوە، هەتاکوو سەرەتایی مانگی مەی بەر دەدات. درێژایی بەرەکە ٣سم و پانییەکەی ١.٥سم.
٤-بادام وەحشی: داری بادام وەحشی لە ناوچەی ناوەندی و ساردەکانی کوردستان دەڕوێت. بەرەکەی ڕوون نییە و کەمێ تەڵخە، بەڵام ناوەکەی شیرینە و بۆ خواردن بەکار دێت.
٥- بەڕوو: دار بەڕوو یاخود مازوو یاخود بەلوانە بە شای دارستان ناسراوە. لە ناوچە ناوەندییەکان دەڕوێت، دارێکی بە شکۆ و بڵندە. بەرزاییەکەی ٣٥ – ٤٠ مەتر دەبێت. ماوەی ٥٠٠ – ٢٠٠٠ ساڵ دەژیت. گەڵاکانی سەوز و ڕەونەقن. لە مانگەکانی ئەپرێل و مایدا گوڵ دەکات. بەرەکەی هێلکەییە و لە ناو گەڵایەکی نیمچە رەق دایە. کە وەکو کڵاو وایە. لە کوردستاندا چەند جۆرا دار بەڕوویەک هەیە، کە باشترینیان بەڕووی خاسەیە. دار بەڕوو سودی زۆرە، گەڵاکەی بۆ خواردنی مەڕ و ماڵات بەکار دێت، بەرەکەی کە بە مازوو ناسراوە، بۆ پیشەسازی پێستە خۆشکردن بەکار دێت، دار بەڕوو هەروها بۆ سوتاندن و کەرەسەی خانوو و بەڕە و کەلوپەلی ناوماڵ بەکار دەهێنرێت.
٦- دار توو: ئەم دارە لە ناوچەکانی کوردستاندا دەڕوێت. بەرەکەی شیرین و خۆشە و بەتەڕی و وشکی دەخورێت. گەڵاکەی بۆ خواردنی مەڕ و ماڵات بەکار دەهێنرێت. داری توو، لەو شوێنەدا کە ئاویان زۆرە، هەتا بیست مەتر بەرز دەبیتەوە و ئەستورەیەکەشی دەگاتە یەک مەتر.
٧- دار هەنار: دارێکی زۆر جوانە. گەڵاکانی شیلانی و مەیلەو سەوزە. بەرەکەی لە قوڵای دەست گەورەترە. هەندێکیان توێکڵیان تەنکە و هەندێکی دیکەیان توێکڵیان ئەستوورە. دەنکەکانی کە لە ناو ئەو توێکڵانە دان، سورێکی تاریکن و بە پێستێکی تەنک داپۆشراوە.
٨- دار چنار: داری چنار قەدەکەی باریک و بڵند و جوانە و گەڵایەکی زۆری هەیە، لەبەر ئەوە دانیشتن لە ژێر سێبەرەکەیدا خۆشە. بەرەکەی خڕە و کەمەرەکەی ٣ – ٤ سم دەبێت. ئەم دارە لە نێوان ١٥٠٠ – ٢٥٠٠ مەتر دەڕوات.
٩- دارسماق (دارترش): یەکێکە لەو دارانەی، کە لە هەرێمە بە ئاووهەواکانی زەریای ناوەڕاست دەڕوێت. دار ترش لە زۆر شوێنی کوردستاندا دەڕوێت. بە تایبەتی لە ناوچە شاخاویەکاندا بە باشی گەورە دەبێت. بەرەکەی هێشووییە و دەنکە دەنکەیە. پێستی دەرەوەی سەوزە و تامەکەشی مزرە. لەگەڵ خواردن و هەندێک لە سەوزواتدا دەخورێت و تامێکی ترش بە خواردنەکە دەدات. گەڵاکەشی پێستەی پێ خۆش دەکرێت.
١٠- سنەوبەر: سنەوبەر دارێکی بەرزە و زۆر خێرا گەورە دەبێت و ٣٠ – ٤٠ جۆر سنەوبەر هەیە.
هەندێک لە دارەکانی دیکەی کوردستان، ئەمانەن: شەهن، سوپ، گزک، سربنچک، هول، وێوڵ، دمکانا، بناوچ، تەلووک، شیلان (عەناب) ئەرخەوان، گۆیژە زەردە، گۆیژە سوورە، گۆیژە رەشە، گلاسگانە (گوڵە باخ، گوڵباخی، گوڵە شارەزووری، گوڵە سەگانە)، تەمشک (توورک، تووڕک، تووتڕک)، گەڵە زەردە،  سورەچی، پەرەک، تەورێزی، پەلەبی، بیمشک، ڕەشەبی، توی، گەز، تایلە، مەو (ڕەز) ... هتد. 

هەرێمەکانی ڕووەکە سروشتییەکان
کوردستان لە پێنج هەرێمی ڕووەکی جۆراوجۆر پێک هاتوە، کئ ئەمانەن:

هەرێمی کوێستانی (ئالبی)

ئەم هەرێمە لە هەرە شوێنە بەرزەکانی چیاکاندا هەڵکەوتووە، لەو شوێنانەی کە پلەی گەرما، نەوەکوو هەر لە زستاندا بەڵکوو لە هاوینیشدا زۆر نزمە و بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، بە شێوەیەک پێی ڕاناگات بە تەواوی بتوێتەوە، هەتاکوو ساڵێکی دیکە، سەر لە نوێ بەفر دەبارێتەوە، واتا لە ناوچەکەدا هەمیشە شوێنەواری بەفری تێدایە. ڕووەکەکانی ئەم هەرێمە لە هەندیک کیا و ڕووکی قەد باریک پێک هاتوون، لەبەر نزمی پلەی گەرمی، داری لێ ناڕوێت. لەبەر ئەوەی هەرێمە کوێستانییەکان، بە لەوەڕگای جۆراوجۆر دەوڵەمەندن، ئەو گوند نشینانەی مەڕ و ماڵات بەخێو دەکەن، دوای تەواوبوونی لەوەڕ لە نێوچە دەشتاییەکاندا، لە وەرزی بەهار و سەراتای هاویندا، بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیان، ڕوو لەو شوینانە دەکەن و نزیکەی سێ مانگ پیش ئەوەی پلەی گەرما، بەتەواوی نزم بێتەوە چۆڵی دەکەن و بەرەو گەرمیانەکان دەگەڕێنەوە.

هەرێمی دارستان

ئەم هەرێمە لە باکوور و ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستاندایە و دەکەوێتە ناوچەی ئاووهەوای زەریای ناوەڕاست. بارستایی بارانی ساڵانەی، خۆی لە سەد ملم دەدات، لەو هەرێمەدا داری جۆراوجۆر دەڕوێت، بەڵام پلەی چڕییان، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە. ئەو جێگایانەی کە کەوتوونەتە سەر ڕێگای بای زەریای ناوەڕاست، واتە ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی باکانن، لە چاو شوینەکانی دیکەدا، ئەوا داریان زۆر لێ 
دەڕوێت.

هەرێمی دەوئاوان 

دەوئاوان جێگای سەوزبوون و ڕواندن و گەورەبوونی داری سوورە چنار و چنار و ئەسپیندار و دەردار و دەلفە و گوێزە... هتد. سودی ئەم جۆرە دارانە، لە لایەکەوە لە بەرەکەیان دایە و لە لایەکی دیکەشەوە لە بەکارهێنانیان دایە، بۆ دروسکردنی خانوو و سوتەمەنی و ئەوانەی لەسەر ڕێگاکانیشدا دەڕوێن، بۆ پشوودان و حەواندەوەی خەڵکی لە هاویندا، کەڵکیان لێ وەر دەگیرێت.

هەرێمی ئیستبس 

ئەم هەرێمە بە شیوەیەکی گشتی لە باشووری رۆژئاوا و رۆژئاوای کوردستان هەڵکەوتووە. ڕووەکەکانی بە زۆری لە هەندێک کیاوگوڵ و ڕووەکی پیازی و حوشترخۆر پێکدێت.
ڕووەکەکانی هەرێمی ئیستبس، لەبەر جیاوازی گڵ و ئاووهەوا، بە تایبەتی بارستایی بارانی ساڵانە و پلەی لەوەڕاندن و چەشنی کشتوکاڵ، هەمەچەشنن، ڕووەکەکانی رۆژئاوای تەنک و کورتە باڵان و کەم تەمەنن و لەو جۆرە ڕووکانەن کە لە بیابانەکان دەڕوێن، واتا خۆڕاگرتنیان بەرانبەر پلەی بەرزی گەرما و بێ ئاوی و وشکی زۆر زۆرە. بەڵام ڕووەکەکانی لای رۆژهەڵات، لەو جۆرە ڕووکانەن، کە لە هەرێمی دارستاندا دەڕوێن و پڕتریشن.

هەڕێمی بیابانەکان

ئەم هەرێمە لە نێوچەیەکی تەسکدا و لە باشووری کوردستان هەڵ کەوتووە، ڕووەکەکانی لەوانەن کە لە هەرێمی بیابنەکاندا دەڕوێن. لەو هەرێمەدا پلەی گەرما بەرزە و بارانی کەم لێ دەبارێت، بۆ ئەوەی ڕووەکێکی دیاری کراو بتوانێت، بە تەواوی بڕوێت و داکۆکی لە بوون و مانی خۆی بکات، پێویستە کۆمەڵە رەگێکی درێژ بێت، تا بە ناخی زەویدا قوڵ دابچێت و بە ئاسانی لە چینەکانی خوارەوەی ژێر زەوییەوە، ئاو هەڵ بمژێت. هەروەها دەبێت گەڵاکانی پان نەبن و تیژ نەبن، تاکوو پڕۆسێسی ئاودەردان کەمتر ببێتەوە.
بە شێوەیکە گشتی دابەشبوونی ڕووەکەکان لەسەر ڕووی زەوی هەرێمەکاندا، پەیوەندییەکی توند و تۆڵی بە فاکتەرەکانی دابەشبوونی ئاوی ژێر زەوی و ئاستی قوڵییان و بارستایی باران و جۆری گڵەوە هەیە.

 

 


سەرچاوەکان



1806 بینین