سەرژمێری دانیشتوانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-21-15:03:00 - کۆدی بابەت: 2468
سەرژمێری دانیشتوانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

سەرژمێری دانیشتووان

سەرەتایی دەسپێکردنی پڕۆسێسی سەرژمێری دانیشتووانی کوردستان، بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە. یەکەم سەرژمێر، لە ساڵی ١٨٣١دا لە لایەن فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانییەوە کرا. ئەم سەرژمێریەش بۆ دوو مەبەست بەجێ گەیەنرا، یەکەم، لەسەر داخوازی دەوڵەتەکانی ئەوروپا، چونکە تاکوو ئەو کاتە، هیچ جۆرە زانییاریەکیان بە ڕەسمی لەسەر دانیشتوانی ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە نەبوو، دووەم عوسمانییەکان خۆشیان پێویستیان بە هەندێک زانیاری هەبوو، تا بزانن ژمارەی ئەو کەسانەی دەتوانن، چەک هەڵبگرن، چەند کەس دەبن، هەروەها دەیانویست ژمارەی هەموو ئەو خاوەن زەوی و زارانە بزانن، یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەم سەر ژمێرییە ئەوە بوو، سەرژمێرییەکە بۆ هەموو کوردستانی گشتیی نەبوو، چونکە بەشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ژێر دەستی فارسە سەفەویەکاندا بوو، سەرژمێری نەکرا، بۆیە دیاری کردنی ژمارەی گشتی دانیشتوانی کوردستان، بە شێوەیک ڕێکو پێک ناپێورێت، بەڵام بە خەمڵاندن، ژمارەکە لەو سەردەمەدا، لە دەوروبەری یەک ملیۆن کەسدا بووە.
دوای ئەوەی دە ساڵ بەسەر سەرژمێری یەکەمدا تێپەڕ بوو، ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی سەرژمێری دووەمیان، لە ساڵی ١٨٤١دا، بۆ گشت دانیشتوانی ئیمپڕاتۆرەکە بەجێ گەیاند. لە ئەنجامی سەرژمێرییەکدا دەرکەوت، کە ژمارەی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان، هەرچەند هەزار کەسێکیان زیاد کردووە، ژمارەیی دانیشتووانی کوردستان لەو ساڵەدا، زیادی کردبوو، بە نزیکەی ١.٥ ملیۆن کەس دادەنرا.
دوای ئەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی، لە ئەنجامی کۆتایی پێهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانیدا (١٩١٤-١٩١٨) ڕووخا نەخشەی ڕامیاری نێوچەکە بە تەواوی گۆڕا، میراتی ئیمپڕاتۆرییەکە لە نێوان دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جیهاندا دابەشکرا، بەو پێیەش ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە دروست دابەش کرایەوە، کۆمەڵێ دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بوو، وکوو تورکیای نوێ، عێراق، سوریا، پاشان لەهەر لایەکی لەو ووڵاتانەدا و لەسەردەمی جیاجیادا، دەستیان بە سەرژمێری گشتی دانیشتووان کرد. یەکەم سەرژمێری دانیشتوان، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لە باکوور و باشووری کوردستاندا، لە ساڵی ١٩٢٧ دا بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٦ و لە رۆژئاوا ساڵی ١٩٦٠ دا کران. ئیدی لە دواییدا، درێژە بەو کارە درا، بە شێوەیەک لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ (ساڵی ١٩٩٠)، ٢٧ سەرژمێری بە ئەنجام گەیەندراوە، واتە لە هەر دوو سێ ساڵ جارێکدا سەرژمێری لە وڵاتدا کراوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بە کارێکی ناتەواو و بە دەرکەوتویەکی نا ئاسایی دادەنرێت، چونکە هیچ دەوڵەتێک نییە، لەو ماوە کەمەدا یەک لە دوای یەک سەرژمێری دانیشتووان ئەنجام بدات، لەبەر ئەوە لە لایەکەوە پێویست ناکات لە لایەکی دیکەشەوە پارەی زۆری تێدەچێت، لەبەرئەوە دەوڵەتەکان وا ڕاهاتوون، هەر ٥ تا ١٠ ساڵ جارێک بەم کارە هەستن، دیارە هۆکارەکەشی بۆ لەدەستدانی سەربەخۆی کوردستان دەگەڕێتەوە.

ئەنجامی سەرژمێرییەکان

لەگەڵ ئەو هەموو سەرژمێرییەدا، بۆ دیاری کردنی ژمارەی دانیشتووان و دیاری کردنی دیکەی دیمۆگرافی، بەکەڵک نایەن چونکە هەریەکەیان یەک دوو ساڵ لەگەڵ ئەوی دیکەییان پێش و پاشکەوتووە لەبەر ئەوە ناچار دەبین، بۆ دیاریکردنی ژمارەی دانیشتووانی کوردستان، پەنا بۆ بەر دانان و خەمڵاندن بەرین. بۆ ئەم مەبەستەش، فۆرمولەی ئاماری دانیشتووان، کە لەلایەن دامودەزگای دانیشتووانی سەر بە ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەکان کراوە، تێکڕای زیادەی ساڵانەی سروشتی دانیشتوانیی ووڵاتەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا لەبەرچاو گیراوە. هەروەها باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاریش لێکدراوەتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی کوردستان، لە ٧٥ ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ٢٧ ملیۆن کەسیان زیاد کردووە، دوو لەسەر سێی ئەم زیادکردنە، لە ئەنجامی زیادکردنێکی سروشتیدا بووە، کە لە ساڵی ١٩٨٥ دا ٠،٠٢٧ (٢٧ لە ١٠٠٠ کەس) بووە. بەشێکی دیکەشی لەدەروە بۆ کورسدتان کۆچیان کردووە.
تێکڕای زیادبوونی سەدەیی ساڵانەی دانیشتوانی کوردستان، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٥ – ١٩٧٥ دا، ٢،٦ بوو. ئەم ژمارەیە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٥ – ١٩٩٥ بۆ ٢،٩ بەرز بۆتەوە. ئەگەر زیاد بوونەکە بەوشێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا ژمارەیی دانیشتووانی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمەکانی کوردستان لە سییەکانی سەدەی بیستەمەوە، هەتا کۆتای نەوەدەکان، دەتوانن لەبەر ڕۆشنایی سەرژمێرە گشتییەکاندا دیاری بکەین. بەڵام ئەو ژمارانە بە شێوەیەکی گشتی، هەندێک ناتەواوی تێدایە. هەموو ئەم کەموکوڕیاینەش، لە ئەنجامی ئەم چەند هۆیانەی خوارەوە دروست دەبن.

هۆكارەكانی كەموكوڕی

١- ژمارەی دانیشتوان لە هەندێک ناوچەی ووڵاتدا، لەبەر ئەوەی بە کردەوە سەرژمێری گشتی تێدا بکرێت، بە خەمڵاندن کراوە، چونکە لە هەندێک ناوچەدا، دەسەڵاتی دەوڵەتی تێدا نەمابوو، بۆ نموونە، سەرژمێری ساڵی ١٩٦٥ لە باشووری کوردستان.
٢- خەڵکێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردستان، بە دەستی ئەنقەس خۆیان ناونووس نەکردووە، بۆ ئەوەی لە سوپادا نەبن بە سەرباز، یاخود بۆ ئەوەی لەسەر نەتەوەی سەردەست حساب نەکرێن، هەرووەکو لە باکووری کوردستاندا ڕوویداوە. لەم هەرێمەدا ئەوەی ناوی تۆمار کردبێت، تەنیا بە تورک دەنووسرێت.
٣- لە هەندێک ناوچەی کوردستاندا، بە بیانووی ئەوەی هەندێک کەسم دەکومێنتی تایبەتیان نییە، دەزگاکانی سەرژمێری کردنی دەوڵەت، ڕێگە بەو کەسانە نادەن، تا ناوی خۆیان تۆمار بکەن، وەکوو لە هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕووی داوە.
٤- تۆمار نەکردنی دانیشتوانی ئەو نێوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیدا نەماون، هەروەها تۆمار نەکردنی هەموو ئەو کەسانەی چەکیان هەڵ گرتوە و لە پێناوی ئامانجێکی دیاری کراو دەجەنگن
٥- بە شێکی زۆر لە کۆچەرەکان ناونووس ناکرێن، لەبەر ئەوەی لە کاتی سەرژمێریکردندا، جێگایەکی دیاریکراوی تایبەتیی و نەگۆریان نییە، هەمیشە لە گەرمیان و کوێستان کردندان و دەستی لیژنەکانی سەرژمێری گشتییان، پێدا ناگات.
٦- دانیشتووانی هەندێک گوندی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەبەر ئەوەی لای دەوڵەت نەزاندراون، بە هۆی فاکتەری تایبەتی شوێنی ژیانیانەوە، یا هەر هۆیەکی دیکە بێت ناویان تۆمار نەکراوە.
٧- ژمارەیەک لە کاربەدەستانی سەرژمێری گشتی (ژمێردەرەکان)، شارەزایی تەواویان لە پڕکردنەوەی لیستی (بلانکێت) سەرژمێرییەکدا نییە، دانیشتووانی ئەو شوێنانەی تۆماریان دەکەن، بە تایبەتی لە گوندەکان، بێ ئەوەی بیانبینن و لە بوونیان یاخود نەبوونیان دڵنیا بن، بە پرسیارکردن لە خەڵکی دێکە، ناویان دەنووسن،


سەرچاوەکان



2997 بینین