هاوسەرگیری لە فیترەتی مرۆڤەکانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-20:39:00 - کۆدی بابەت: 2534
هاوسەرگیری لە فیترەتی مرۆڤەکانە

ناوه‌ڕۆك

هاوسەرگرتن لە فیترەتی مرۆڤەکانە

یەکێک لە کارە ئاشکرا و دیارەکانی دروشمی شەریعەتی پاکی ئیسلام ئەوەیە، کە بەڕاستی شەریعەت دژایەتی و ڕەبەنی و هاوسەرنەگرتنی کردووە، چونکە یەک ناکەوێ لەگەڵ فیترەتی پاکی مرۆڤەکاندا، ناگونجێت لەگەڵ شەوق و زەوق و ئارەزوو و غەریزەکاندا.
*سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس ڕەزای خوای لێبێت گێڕاویەتییەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی (ان الله ابدلنا بالرهبانية الحنفية السمحة)، واتە: خوای گەورە لە رەهبانیەت و گۆشەگیریەوە ئێمەی گۆڕیوە بۆ سەر ئاینی ڕاست و ئاسانکاری.
*پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (من كان موسيرا لأن ينكيح ثم لم ينكيح فليس مني)، واتە: هەرکەسێک توانای ژن هێنانی هەبێت و نەیهێنێت، ئەوە لە من نییە، واتە لەسەر سوننەت و ڕێبازی من نییە.
*عائیشە ڕەزای خوای لێبێت گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (النِّكَاحُ مِنْ سُنَّتِي ، فَمَنْ لَمْ يَعْمَلْ بِسُنَّتِي فَلَيْسَ مِنِّي ، وَتَزَوَّجُوا فَإِنِّي مُكَاثِرٌ بِكُمْ الْأُمَمَ)، واتە: هاوسەرگرتنی حەڵاڵ و ژن هێنان لە سوننەتی منە، جا هەرکەسێک کار بە سوننەتی من نەکات ئەوە لە من نییە، ژن بهێنن با منداڵی زۆرتان ببێ، چونکە من شانازی بە زۆریتانەوە دەکەم لەلای نەتەوەکانی تردا..
*عائیشە ڕەزای خوای لێبێت فەرمووی: (أن رسول الله صلى الله عليه وسلم نهى عن التبتل)، واتە: پێغەمبەری خوا (د.خ) ژیانیی ڕەبەنی و ژن نەهێنانی قەدەغەکردووە.
وەک دەبینیت ئەم فەرموودانە و چەندەهای تریش دەریدەخەن کە بەڕاستی سەریعەتی ئیسلام رەبەنی و ژن نەهێنانی لەسەر مسوڵمان حەرام کردووە، بەنیەتی گۆشەگیری و زوهد و خۆیەکلاکردنەوە بۆ خوا پەرستی و، نزیک بوونەوە لە خوای پەوروەردگار، بەتایبەتی لە کاتێکدا مسوڵمان توانای هاوسەرگرتنی ببێ و، هۆکارەکانی بۆ ڕەخسابێت و بە ئاسانی بتوانێت بیهێنێت.
ئێمە ئەگەر سەرنج بدەین لە هەڵوێستەکانی پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) لەبارەی چاودێریکردنی تاکەکانی کۆمەڵ و، چارەسەری دەروونی مرۆڤەکان زیاتر دڵنیا دەبین کە ئەو چارەسەری و چاودێریکردنە لەسەر ناسینی حەقیقەتی ئادەمیزاد، دەستنیشانکردنی حەز و ئارەزوو شەوق و زەوقێتی، تا هیچ کەسێک لە تاکەکانی کۆمەڵ لە سنوری فیترەتی خۆی دەرنەچێت، کارێک نەکات لە توانای خۆی بەدەربیت، بەڵکو لەسەر ڕێگای ڕاست بەشێوەیەکی ئاسایی و گونجاو و مامناوەندی هەنگاو هەڵگرێ.. کاتێک خەڵک ڕۆشتن ئەو نەکەوێت، کاتێک خەڵک پێشکەوتن ئەو دوانەکەوێ و نەبەزێت، کاتێک نەوەکانی ژیان بەهێز و چالاک بوون ئەو بێهێز نەبێت.
خوای گەورە دەفەرموێت: (فطرة الله التي فطر الناس عليها لا تبديل لخلق الله ذلك الدين القيم ولكن اكثر الناس لا يعلمون) الروم:٣٠. واتە: دینێکی بنەڕەتییە و لە سروشتدا خوا ئەو خەڵکەی هەر لسەر یەکتا پەرستی وەدی هێناوە، کاری خودا گۆڕانی بەسەردا نایە، دینی پتەو و پایەدار هەر ئەمەیە بەڵام زۆربەی خەلک ئەم راستیانە نازانن.
ئەوەش ئێوە و ئەم هەڵوێستەی پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) کە یەکێکە لە گەورەترین هەڵوێستی چاکسازی و پەروەردەیی بۆ چارەسەری خوو نەریتە نەشیاو و خراپەکان و، تێگەیشتن لە هەقیقەتی ئادەمیزاد:
*سێ پیاو چونە ناو ماڵی خێزانەکانی پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) لە چۆنییەتی خوا پەرستی پێغەمبەریان پرسی، کاتێک چۆنییەتی خوا پەرستییەکانیان پێ گوترا، ئەوانیش گوتیان: ئێمە لە کوێین لەچاو خوا پەرستی پێغەمبەر (د.خ) لە کاتێکدا خوای پەروەردگار لە گوناهەکانی ڕابردوو و داهاتووی خۆشبووە!
یەکێک لەو پیاوانە گوتی: کەواتە هەموو شەو بەردەوام شەونوێژ دەکەم. یەکێکی تر گوتی: بەدرێژایی ساڵ هەموو ڕۆژێک بەڕۆژوو دەبم. ئەوی تریشیان گوتی: هەرگیز ژن ناهێنم بەڕەبەنی خوا پەرستی دەکەم. کاتێک پێغەمبەری خوا (د.خ) ئەم قسانەی پێ گەیشتەوە فەرمووی: (أَنْتُمُ الَّذِينَ قُلْتُمْ كَذَا وَكَذَا أَمَا وَاللَّهِ إِنِّي لأَخْشَاكُمْ لِلَّهِ وَأَتْقَاكُمْ لَهُ، لَكِنِّي أَصُومُ وَأُفْطِرُ، وَأُصَلِّي وَأَرْقُدُ وَأَتَزَوَّجُ النِّسَاءَ، فَمَنْ رَغِبَ عَنْ سُنَّتِي فَلَيْسَ مِنِّي)، واتە: ئێوە ئەم جۆرە قسەیەتان کردووە؟! سوێندبێت بە خوا من لە هەمووتان زیاتر لە خوا ئەترسم، بەڵام من بەڕۆژوو دەبم و دەیشکێنم، شەونوێژ دەکەم و دەشخەوم، ژنیش دەهێنم، هەرکەسێکیش واز لە سوونەت و ڕێبازی من  بهینێت ئەوە ئەو کەسە لە من نییە.
ئەم دەقانەی سەرەوە دەریدەخەن بۆ هەموو کەسێکی خاوەن ئارەزو و زیرەک و بەرچاو ڕوون کە بێگوومان هاوسەرگرتنی حەڵاڵ لە فیترەتی مرۆڤەکانە، بۆ ئەوەی مسوڵمان هەڵسێ بە هەڵگرتنی ئەرکی ئەو ئەمانەت و بەرپرسیارێتیە گەورەیەی کە لەسەر شانییەتی بەرامبەر بەو کەسانەی کە حەقی پەروەردە و چاودێریان لە گەردنیایەتی.. وەڵامی ئەم فیترەت و غەیزە جنسیە بداتەوە و لەسەر سوننەتی ئەم ژیانە هەنگاو هەڵگرێ!!..


سەرچاوەکان



1159 بینین