مژدەدان و پیرۆزبایی کۆرپەی تازەبوو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-27-13:44:00 - کۆدی بابەت: 2710
مژدەدان و پیرۆزبایی کۆرپەی تازەبوو

ناوه‌ڕۆك

موژدەدان و پیرۆزبایی کۆرپەی تازەبوو

شتێکی باشە بۆ مسوڵمان دەست پێشخەری لە خۆشی و شادی برا مسوڵمانەکەیدا بکات کاتێ کە کۆرپەیەکی تازەیان لەدایک دەبێ، خۆشی بخاتە دڵ و دەروونیانەوە و موژدەیان بداتێ، چونکە ئەو موژدە دانە پەیوەندی برایەتی بەهێز دەکات و باڵی خۆشەویستی و بەزەیی و هۆگری لەنێوان خێزانەکاندا بڵاو دەکاتەوە، ئەگەر بۆی نەکرا ئەوە سوننەتە دوعای پیرۆزباییان بۆ بکا، بەڵکو خوای گەورە چاودێری بکا و دوعاکەی گیرا بکا.
بۆ ڕێنمایی و فێرکردنی نەتەوەی ئیسلام، قورئانی پیرۆز لەچەندەها شوێندا ئاماژەی داوە بە موژدەدان، چونکە موژدەدان کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان مسوڵماناندا.
خوای گەورە لە بەسەرهاتی ئیبراهیم پێغەمبەردا سڵاوی خوای لەسەر بێ دەفەرموێت: (وَلَقَدْ جَاءَتْ رُسُلُنَا إِبْرَاهِيمَ بِالْبُشْرَى قَالُوا سَلَامًا قَالَ سَلَامٌ فَمَا لَبِثَ أَنْ جَاءَ بِعِجْلٍ حَنِيذٍ  فَلَمَّا رَأَى أَيْدِيَهُمْ لَا تَصِلُ إِلَيْهِ نَكِرَهُمْ وَأَوْجَسَ مِنْهُمْ خِيفَةً قَالُوا لَا تَخَفْ إِنَّا أُرْسِلْنَا إِلَى قَوْمِ لُوطٍ وَامْرَأَتُهُ قَائِمَةٌ فَضَحِكَتْ فَبَشَّرْنَاهَا بِإِسْحَاقَ وَمِنْ وَرَاءِ إِسْحَاقَ يَعْقُوبَ) هود:٦٩-٧١، واتە: بەڕاستی مەلائیکەکانمان هاتنە لای ئیبراهیم بە موژدەوە وتیان: سڵاوی خودات لەسەر بێ! ئەویش وتی: سڵاوی خوداش لەسەر ئێوەش بێ! هێندەی پێنەچوو ئیبراهیم گوێرەکەیەکی برژاوی بۆ هێنان، جا کاتێ بینی دەستیان درێژ ناکەن بۆی نائاسایی هاتنە بەرچاوی و لە دەروونی خۆیدا مەترسی لێکردن، وتیان مەترسە بەڕاستی ئێمە نێردراوین بۆ سەر گەلی لووت، لەو کاتەدا خێزانەکەی وەستا بوو پێکەنی ئێمەش مزگێنی و مژدەمان پێدا بە ئیسحاق و لەدوای ئیسحاقیش مژدەمان پێدا بە یەعقوب..
لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: (وبشروە بغلام علیم) الذاریات:٢٨، واتە: مژدەمان دا بە ئیبراهیم بە ڕۆڵەیەکی زانا و خوێندەوار.
لە بەسەرهاتی زەکەریاشدا خوای گەورە دەفەرموێت: (فَنَادَتْهُ الْمَلَائِكَةُ وَهُوَ قَائِمٌ يُصَلِّي فِي الْمِحْرَابِ أَنَّ اللَّهَ يُبَشِّرُكَ بِيَحْيَىٰ..) ال عمران:٣٩، واتە: مەلائیکە بانگی لێ کرد لەکاتێکدا کە زەکەریا لە میحرابەکەدا وەستا بوو نوێژی دەکرد، بەڕاستی خودا موژدەت دەداتێ بە یەحیا..
لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: (يَا زَكَرِيَّا إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَامٍ اسْمُهُ يَحْيَىٰ لَمْ نَجْعَلْ لَهُ مِنْ قَبْلُ سَمِيًّا) مریم:٧، واتە: ئەی زەکەریا! بەڕاستی ئێمە موژدەت دەدەینێ بەوەی کە منداڵێکت ئەدەینێ ناوی یەحیایە پێشتر ئەم ناوەمان لە کەس نەناوە.
لە کتێبەکانی سیرەدا دەگێڕنەوە کاتێ کە پێغەمبەری خوا (د.خ) لەدایک بوو کەنیزەکی ئەبو لەهەب کە ناوی سووەیبە بوو مژدەی لەدایک بوونی پێغەمبەری (د.خ) دا بە ئەبو لەهەب و وتی: ئەمشەو خوا کوڕێکی بەخشیوە بە عبداللە، ئەبو لەهەبیش لە خۆشیاندا سووەیبەی ئازاد کرد، خوای گەورە پاداشتی ئەو ئازاد کردنەی سووەیبەی لێ بەزایە نەدا، ئەوە بوو لەدوای مردنی ئەبو لەهەب خوای پەروەردگار لە چاڵی بن پەنجە گەورەکەیەوە ئاویدا بە ئەبو لەهەب.
سوهەیلی گێڕاویەتیەوە کە ئیبن عەباس فەرموویەتی: لەدوای مردنی ئەبو لەهەب لە خەودا بینیم لە حاڵەتێکی خراپدا بوو، گوتی: لەدوای ئێوە هیچ خۆشیم نەدیوە تەنها ئەوە نەبێ هەموو ڕۆژێکی دووشەمان ئازار و ئەشکەنجەم سوک دەبێ، ئەو ڕۆژەش ئەو ڕۆژە بوو کە پێغەمبەری خوا (د.خ) تێیدا لەدایک بوو، سووەیبە مژدەی پێدا و ئەبو لەهەبیش دڵخۆش بوو بە لە دایکبوونی.
ئەبوبەکری کوڕی (مونذر) لە پێشەوا حەسەنی بەصریەوە دەگێڕێتەوە: کابرایەک لای دانیشتبوو، خوای گەورە کوڕێکی پێ بەخشیبوو، پیاوێک هات مژدەی دایە کە کوڕێکیان بووە، پیاوەکە وتی بە شێخ حەسەن لە پیرۆزبایی ئەو منداڵانەداچی بڵێم باشە: فەرمووی بڵێ: (بورک لک في الموهوب، وشکرت الواهب، ورزقت برة، وبلغ أشدة) واتە: بەخشراوەکەتان خوا پیرۆزی بکا، سوپاسی بەخشەرەکەشت کرد، ئەو منداڵەتان بۆ پێ بگا، وە خوا بۆتان چاک بکا.
بەڵام پێویستە ئەو مژدەدان و دوعا و پیرۆزباییە کوڕ و کچ بگرێتەوە بەبێ جیاوازی.. چەند شایستە و جێگەی خۆیەتی کە مسوڵمانان لەناو کۆمەڵگەی خۆیاندا ئەو سوننەت و ڕێبازە پیرۆزە جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕۆژ بە ڕۆژ پتەو تر بێ، خۆشەویستی و برایەتی باڵ بکێشێ بەسەر ماڵ و خانەوادەکانیاندا، وە چەند شایستەیە هەموویان لەو ڕێگەیەوە بڕۆن کە بیانگەیەنێ بە خۆشەویستی و بەبرایەتی و یەک ڕیزی، تاکو هەمیشە ببنە بەندەی خوا و برای یەکتر، وەک دیواری بەهێز و پتەو یەکتری بگرن و پێکەوە جۆشدراوبن.


سەرچاوەکان



1233 بینین