ژەهری مار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-01-03:06:00 - کۆدی بابەت: 2770
ژەهری مار

ناوه‌ڕۆك

ژەهری مار

مارە ژەهراوییەکان، ژەهرەکەیان بەکار دەهێنن بۆ کوشتنی دوژمن و نێچیرەکانیان. کاتێک ئەو مارانە دەدەنە کەسێکەوە لە ڕێگەی دانە کونەکانیانەوە ژەهرەکانیان لە لاشەی ئەو کەسانەدا بەتاڵ دەکەن. 
هەرچەندە ڕێژەی ژەهرەکە زیاتر بێت، کاریگەری کوشتنی زۆرترە، بەڵام ژەهری مار تا تێکەڵی خوێن نەبێت کاریگەری نابێت. ژەهرەکەش پێویستی بە هەندێک کات هەیە تا دەگاتە دەمارەکانی خوێن.
ژەهری ماری کۆبرا و کریت، کار دەکاتە سەر مێشک و بڕبڕەی پشت. کاتێک مارەکە بە کەسێکەوە دەدات، شوێنەکەی تووشی ئازار و خوران دەبێت و دەئاوسێت و هەندێک جاریش خوێنی لێ دێت. قوربانییەکەش هەست بە وەنەوز دەکات و توانای بەسەر ماسولکەکاندا نامێنێت. لە ماوەیەکی کورتدا تووشی هەناسە سواری و کەف چەراندن دەبێت ئەمجا دەمرێت. ئەوانەی مار پێیانەوە دەدات دەشێ لە ماوەی یەک تا دوانزە کاتژمێردا بمرن. ژەهری ماری پیس (فایبر) کار لە دڵ و سوڕی خوێنی قوربانییەکە دەکات. ئاوسانێکی زرۆ لە شوێنی گەستنەکەدا دروست دەبێت لەگەڵ هەست کردن بە ئازارێکی زۆر. وای ئەوە ئاوسانەکە سەرانسەری لەشی دەگرێتەوە و بە ئاستەم دەتوانێت هەناسە بدات و ئەمجا دەست بە ڕشانەوە دەکات و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، دڵی لە لێدان دەکەوێت و دەمرێت.
کاتێک کەسێک مار پێوەی دەدات، دەبێت زۆر خێرا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، چونکە ئەمڕۆ دەرمانی دژە ژەهری مار هەیە و دەتوانرێت گیانی قوربانییەکەی پێ ڕزگار بکرێت. ئەگەر نەخۆشخانەش دوور بوو دەتوانرێت فریاکەوتنی سەرەتایی بۆ بکرێت.

ئەگەر نەخۆشخانە دووربوو؟

ئەگەر نەخۆشخانەش دوور بوو دەتوانرێت فریاکەوتنی سەرەتایی بۆ بکرێت کە بە دوو ڕێگەی بنەڕەتی دەبێت:

  1. بەستنی شوێنەکە بە پارچە قوماشێکی ئەستور بە جۆرێک کە نەهێڵێت ژەهرەکە بچێت بۆ لاشە.
  2. توێکردنی شوێنەکە بە چەقۆیەکی تیژ و گوشینی تا خوێنەکەی لێ دێتە دەرەوە.

ئەگەر کەسی فریاکەوت دەمی زام نەبوو، دەتوانێت خوێنەکە بمژێت، بەوەش ژەهر لە لاشەی مار پێوەدراوەکە کەم دەکاتەوە. فریاکەوت دەتوانێت ژەهرەکە بمژێت و یەکسەر بیتفێتەوە، ئەم کردارەش هیچ زیانێکی پێ ناگەیەنێت. چونکە ژەهر تا نەچێتە ناو خوێنەوە هیچ مەترسییەکی نابێت.
دوای فریاکەوتنە سەرەتاییەکانیش دەبێت مار پێوە دراوەکە بگەیەنرێتە نزیکترین نەخۆشخانە. ئەو کەسانەش مارە بێ ژەهرەکان پێیانەوە دەدەن پێویستیان بە چارەسەر نییە و هەر ئەوەندە شوێنەکە بە گیراوەیەکی پاژکەر پاک بکرێتەوە و بە پارچە قوماشێک بپێچرێت.


سەرچاوەکان



1807 بینین