چۆن هاوسەرەکەمم خۆشبوێت؟

چۆن هاوسەرەکەمم خۆشبوێت؟

له‌لایه‌ن: محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-03-02-13:24:00 - کۆدی بابەت: 2836
چۆن هاوسەرەکەمم خۆشبوێت؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن هاوسەرەكەم خۆشبوێت

بەردەوامبوونی خۆشەویستی كارێكی ئەستەمە بە تایبەتی گەر پەیوەندییەكە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوامبێت، ئەمەش بەبۆنەی كار و ئەركەكانی ژیان كە هەردوولا لەسەریانە، بەڵام چەندین ڕێگە هەیە كە یارمەتیمان دەدەن بە بەردەوامبوون و هێشتنەوەی ئەم خۆشەویستییە یاخود دروستكردنی گەر لەسەرەتاوە بوونی نەبووبێت. خۆشەویستی تەنها هەستێك نییە بەڵكو كرداریشە، كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی دڵخۆشبوون و بەردەوامی لە ژیانماندا. هەندێك لەو ڕێگانەی كە دەبنە هۆی زیادبوونی خۆشەویستی بریتین لە:

بەراوردنەكردن لەگەڵ كەسانی دیكەدا

كەمبوونەوەی خۆشەویستی كاتێك دەست پێدەكات كە هاوسەرەكەت بە كەسێكی تر بەراورد بكەیت، كە ئەمە دەبێتە هۆی ڕازی نەبوون بەیەكتری و كەمبوونەوەی خۆشەویستی، بۆیە یەكەم هەنگاو بۆ خۆشویستنی هاوسەرەكەت بەراورد نەكردنیەتی بە كەسانی دیكە و ڕازیبوون بەو تایبەتمەندیانەی كە هەیەتی، ئەمەش وامان لێدەكات خاڵە ئەرێنییەكانی یەكتر ببینین.

ڕاستگۆیی

زۆرجار ڕاستگۆیی دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانمان، چونكە وامان لێدەكات كە بەئاسانی لە یەكتر تێبگەین و كێشەكانمان بۆ یەكتر باسبكەین، بۆیە ڕاستگۆی دەبێتە هۆی زیاتر نزیكبوونەوە لە یەكتر و زیادكردنی خۆشەویستی نێوانمان.

پەیوەندی

پەیوەندییەكی تەندروست بە گرنگترین توخمەكانی خۆشەوستی دادەنرێت، وەك گرنگیدان بەو شتانەی كە هاوسەرەكەت گرنگیان پێدەدات، كە ئەمە هەستێك دروستدەكات لە هەردوولا كە گرنگی بە پێداویستییەكانی یەكتربدەن و یارمەتی یەكتربدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەكی بەهێز و درووستكردنی سۆز و بەزەیی بەرامبەر یەكتر، هەروها ئافرەتان ئەو كەسانەیان زیاتر خۆشدەوێت كە پەیوەنییەكی بەهێزیان هەیە لەگەڵی و لێیان تێدەگەن.

گرنگیدان

گرنگیدانی هاوسەرەكان بەیەكتر تەنها بە پێداویستییەكانی یەكتر نییە بەڵكو گرنگیدانە بە پێداویستییە ماددی و مەعنەوییە جیاوازەكان، كە ئەمە دەبێت هۆی دروستبوونی هەستێكی ڕازیبوون بەرامبەر یەكدی و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكەیان، كە وایلێدێت هەردوولا یارمەتی یەكتر دەدەن بەبێ ئەوی داوا لەیەكتر بكەن، بە تایبەتی لەلای ئافرەتان كاتێت هەست دەكات ئەم گرنگیدانە دوولایەنەیە خۆشەویستی بۆ مێردەكەی زیاتر دەبێت و زیاتر هۆگری دەبێت.

گۆڕینی ڕۆتین

ڕۆتین و دووبارەبونەوەی شتەكان وامان لێدەكات كە خۆشەویستیمان بەرامبەر یەكتر كەمتر بێت، بۆیە لە ژیانی هاوسەرگیریدا گەر هەستت كرد ژیانت دووبارەدەبێتەوە ئەوا هەوڵبدە شێوازی ژیانت كەمێك بگۆڕیت یان چەند شتێكی سادەی نوێ بكەیت، وەك تاقیكردنەوەی خواردنێكی نوێ لەگەڵ هاوسەرەكەت، یان دۆزینەوەی شتێك كە سەرنجی هەردووكتان ڕابكێشێت یاخود پێكەوە گەشتێك بكەن، كە ئەمانە هەمووی دەبێتە هۆی نوێكردنەوەی خۆشەویستی نێوانتان.

لایەنە ئەرێنییەكانی خۆشەویستی لە نێوان هەردوولادا

خۆشەویستی دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری و زیادكردنی متمانە لەلای یەكدی، هەروەها بوونی خۆشەویستی چەندین سوودی تری هەیە لەوانە:

  • خۆشەویستی وات لێدەكات بەدوای چارەسەردا بگەڕێیت و ئەو كێشانەی كە هەتانە لە لای یەكتر باسی بكەن.
  • خۆشەویستی دەبێتە هۆی زیادكردنی لەیەك تێگەیشتن، كە بە درێژای ژیانی هاوسەرگیریمان ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە كە مەرج نییە هەموو كات تۆ ڕاست بیت، بەڵكو هەندێك كات پێویست دەكات تەنازول بكەیت بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەكەت.
  • خۆشەویستی وامان لێدەكات كە دان بە هەڵەكانماندا بنێین و داوای لێبوردن لەیەكتر بكەین، كە ئەمە یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی بوونی پەیوەندییەكی تەندروست.
  • خۆشەویستی وامان لێدەكات كە گرنگی بە تایبەتمەندی و خاڵە بچووكەكانی یەكتر بدەین كە لەوانەیە ببێتە هۆی بێزاركردنی كەسی بەرامبەر، بۆیە ئەمە خاڵێكی پێویستە بۆ دووركەوتنەوە لە دروست بوونی كێشە و لەیەك تێنەگەیشتن لە نێوان هاوسەرەكاندا.

گرنگی خۆشەویستی لە نێوان هاوسەرەكاندا

خۆشەویستی لە نێوان هاوەسەرەكاندا بە خاڵێكی سەرەكی پەیوەندیەكی تەندروست دادەنرێت، كە وادەكات ژیانیان هێمن و خۆشبەخت بێت، كاتێك ئافرەت مێردەكەی خۆشبوێت مانای ئەوەیە گرنگی تەواو دەدات بە مێردەكەی و ماڵەكە، كە وادەكات كەش و هەوای ماڵ پڕبێت لە خۆشەویستی و منداڵەكانی تەندروست دەربچن، هەروەها كاتێك پیاو خێزانەكەی خۆشبوێت هەمیشە هەوڵی كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانی دەدات، چونكە خۆشەویستی دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئاستەنگەكانی ژیان و ئاسانكردنی، هەروەها وا لەهەردوولا دەكات بەهێزتربن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو كێشانەی كە بۆیان دروستدەبێت و بە ئاسانی چارەسەریانبكەن. 

 


سەرچاوەکان

421 بینین