شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-08-12:35:00 - کۆدی بابەت: 3069
شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دوو دەستەواژەی پێکەوە پەیوەستن بەڵام هاوشێوەی یەکتر نین.

واژەی شەرم (shyness)

ئاماژەیە بۆ هەبوونی ئارەزوویەک لە گۆشەگیری ، یان لە دوودڵی ، یان هەست نەکردن بە ئاسودەیی لەناو ئەو بارودۆخانەدا کە پێویستە تیایاندا پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی تردا بگریت، وەکو: وتوێژکردن یان ژواندان یان چاوپێکەوتنی خەڵکانی تازە یان قسەکردن بە تەلەفۆن یاخود سەلماندنی هەبوونی خود یان مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە و ناکۆکیەکاندا یاخود باسی خۆکردن. هەروەها شەرم کردن ئارەزووی مۆڵ خواردن بەدەوری خۆدا دروست دەکات. یانی هەمیشە شەرمنەکان سەرنجیان لەسەر خۆیان چڕ دەکەنەوە و لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دابڕاون بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا.

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی (anxiety social)

ئاماژەیە بۆ شپرزبوونی دەمارەکان یان قەڵس بوون لەو کاتانەدا کە کەسەکە لەژێر چاودێری ورددا دەبێت یان لە بەرامبەر ئەوەدا دەبێت کە خەڵک بڕیاری لەبارەوە بدەن، ئاسایی هەموو کەسایەتیە شەرمنەکان دووچاری دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە پێویست بەوە بکات پەیوەندی بە کەسانی ترەوە بگرن . هەرچەندە کاتی واش هەیە مرۆڤە کراوەکانیش تووشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبن .

بۆ نمونە: لەوانەیە هەندێ کەسایەتی کراوەش هەست بە قەڵسبوون بکەن، ئەگەر ببنە جێگە سەرنجی خەڵک لە کاتێکدا لەناو خەڵکیدا دەدوێن یان خواردن دەخۆن یان لەبەرچاوی خەڵکدا دەنووسن یاخود لەکاتێکدا دەچنە گەرماوە گشتیەکانەوە... یان لەو کاتانەدا کە چاودێری دەکرێن و هەڵەیەکی ئاشکرا دەکەن یان لەو کاتانەدا کە لە یانەیەکی گشتیدا وەرزش دەکەن.

بەکورتی: ئەگەر کەسێک ترسا لەوەی دووچاری هەڵوێستێکی بێزارکەر و ناخۆش ببێتەوە لەناو بۆنەیەکی کۆمەڵایەتیدا ، بەو کەسە دەگوترێت توشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بووە. بەڵام ئەگەر هەمیشە ئەو کەسە دڕدۆنگ بوو لە کارلێکردن لەگەڵ کەسانی تردا، ئەوا پێی دەگوترێ کەسێکی شەرمنە. هەردوو جۆرە کەسەکەش چ شەرمنەکان و چ کراوەو بێ شەرمنەکانیش جارو بار توشی دڵە ڕاوکێی دەبن . هەرکام لەو دوو هەستەش بگری هەستێکی سرووشتین ، چونکە هەموو مرۆڤەکان ڕووبەڕووی ئەو هەستە دەبنەوە. لە لاپەڕەکانی داهاتووشدا باس لە چۆنێتی جیاکردنەوەی دڵە ڕاوکێی ئاسایی لەو دڵەڕاوکێیە دەکەین کە کێشەو گرفتت بۆ دروست دەکات.

 


سەرچاوەکان



2362 بینین