پێکهاتەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-08-12:40:00 - کۆدی بابەت: 3070
پێکهاتەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

پێکهاتەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

زۆربەی جار دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەهەستێکی بێزارکەر و ماندوکەر لەقەڵەم ئەدرێ، بەجۆرێکی وا کۆنتڕۆڵ کردنی یان پێناسەکردنی ناڕەحەت دەبێ،  شیکردنەوەی ئەم هەستە بۆ چەند بەشێکی جیا جیا، دەکرێ ببێتە پلانێکی کردەیی و بەسود بۆ ئەوەی لە هەستی شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی ناو ناخت تێبگەیت . دەتوانین لە زۆرینەی هەستەکان ، بەدڵە ڕاوکێشەوە تێ بگەین ، لەبەر ڕۆشنایی سێ پێکهاتەدا :

  • بەشی جەستەیی(ئەوەی هەستی پێ دەکەیت)
  • بەشی ئیدراکی ( ئەوەی بیری لێ دەکەیتەوە)
  • بەشی ڕەفتاری( ئەو جوڵەو کارانەی دەیانکەیت)

بەشی جەستەیی

کاتێ مرۆڤێک لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات، ئەوا لەهەمان کاتدا توشی چەندین دیاردەی جەستەیی دەبێتەوە. دیارترین ئەو دیاردانە ئەوانەن کەخەڵکی بەئاشکرا دەیانبینن، وەکو: 
ئارەقکردنەوەو سورهەڵگەڕانی ڕوخسارو لەرزین و قسەکردن بە دەنگێکی ناڕوون. . وەلێ هەندێکی تر لە ئاسەوارەکانی دوو دڵی بریتین لە: زیادبوونی لێدانی دڵ، هەناسەبڕکێ، سەرەسوڕێ و دڵ بەیەکداهاتن .... هتد.
هەروەختێ ترس هاوکات بوو لەگەڵ چواردانە لەو ڕواڵەت و دیاردانەی سەرەوەدا، ئەوا ناودەنرێت تۆقین یان ترسێکی زۆر . لێ ئەو ئاسەوارانەی لەکاتی تۆقین و ترسی زۆردا ڕوو دەدەن، زۆر لەو دیاردانە دەچن کە لەکاتی توڕەبوونی زۆردا لە مرۆڤدا دەردەکەون، یان لەکاتی سێکس کردندا یان لە کاتی وەرزشکردندا پێیەوە دەردەکەون.

بەشی ئیدراکی 

لایەنی ئیدراکی ترس و دڵەڕاوکێ پەیوەستە بەجۆرەکانی ئەو بیرکردنەوەو گریمانەو بیرو باوەڕو ڕاڤەکاری و بۆچونانەوە کە بەشداری دەکەن لەدروست کردنی هەستی مرۆڤدا. لەباری دڵەڕاوکێدا، ئەو بیروبۆچونانە لە بابەتی مەترسی یان هەڕەشە کاندا قەتیس دەبن. هەندێ نموونەی ئەو بیرو باوەڕانەی کەلای کەسانی خاوەن دڵەڕاوکێ دروست دەبن، بریتین لە :

  • زۆر گرنگە هەموان بە هەمیشەیی خۆشیان بوێم.
  • ئەگەر هەڵەیەک بکەم ئیتر خەڵکی بەکەسێکی شایستەو لێهاتووم نازانن.
  • دەبێ بەردەوام کەسێکی کەیف خۆش و جێگەی سەرنج بم.
  • ئەگەر کەسێک چاوی تێ بڕیم ، بەدڵنیاییەوە بیروبۆچونی نەرێیی لەبارەی منەوە هەیە.
  • ئەگەر کەسێک خۆشی نەویستم، ئەوا هەرگیز خۆشی ناوێم.
  • شتێکی زۆر سامناکە ئەگەر لەبەرچاوی خەڵکدا شەرم دام بگرێ و ئارەق بکەمەوە یان بلەرزم و ڕوخسارم سور هەڵگەڕێت.
  • خەڵکی دەتوانن تێبینی دوودڵیەکەم بکەن.
  • دەبێ هەوڵ بدەم ئاسەوارەکانی دڵەڕاوکێکەم بشارمەوە.
  • دڵەڕاوکێ نیشانەی لاوازییە.
  • ئەگەر زۆر دوودڵبم ناتوانم بدوێم 

ئەگەر لەم جۆرە بیرو بۆچونانەت هەیە، ئەوا مایەی خورپەلێکەوتن نیە، کاتێ لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا دووچاری دڵەڕاوکێ دەبیت.
بەتایبەتی ئەگەر نیشانەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی پێتەوە دەرکەوتن. لەزۆربەی بارەکاندا واگومان دەبرێ کەئەو  بیرو باوەڕانە دەبنە هۆی بزواندنی دڵەڕاوکێ.

توێژەران ئەوەیان سەلماندووە،
وێڕای بیروباوەڕە دڵەڕاوکێ هێنەرەکان، ئەو کەسانەی ئاستێکی بەرزیان لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی  هەیە، حەزیان لە بەئاگابوون هەیە لەو زانیاریانەی کە پشت ڕاستی بیروباوەڕەکانیان دەکەنەوە، پتر لەو زانیاریانەی کە پێچەوانەی بیروباوەڕەکانن. بۆ نموونە: لە ناو جەماوەردا زیاتر تێبینی ئەو کەسانە دەکەن کە بێتاقەتن یان ڕەخنەدەگرن، وەک ئەو کەسانەی کە بە باشی و بایەخەوە گوێیان بۆ دەگرن.
لەهەندێ بۆنەدا، لەوانەیە کەسێک ئەو زانیاریانەی بیرکەوێتەوە کەلەگەڵ بیرو باوەڕەکانیاندا دەگونجێن. هەر بۆ نموونە: هەر ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێیەکی زیادەڕۆیان هەیە، زیاتر ئەو ڕوخسارانەیان بیردەکەوێتەوە کەدەربرینی ناخۆش و ناشیرینیان پێوە دیارە وەک لەو ڕوخسارانەی هیچ جۆرە دڕدۆنگیەکیان پێوە دیارنیە. 
هەمان ئەو کەسانە زیاتر بیر لەو تەنگ و چەڵەمانە دەکەنەوە کە لەمنداڵیدا دووچاریان بوون، نەک ئەو خۆشی و ڕابواردنانەی کەبەسەریان بردوون. ئەمەش یانی ئەو کەسانەی دوودڵیەکی زۆری کۆمەڵایەتییان هەیە، زیاتر ئەو کەسانەن کەلەسەردەمی منداڵێتیاندا دووچاری ناڕەحەتی و چەرمەسەرێ بوون. بەڵام لە بەرانبەریشدا مانای وایە:
یادەوەریەکانی دووچاربوونیان بە ناڕەحەتی بەهێزترو کاریگەرترن لەوەی کەسانی دیکە دووچاری بوون.

بەشی ڕەفتاری 

خۆ دوورخستنەوە لە بەشە ڕەفتاریەکە، بەربڵاوترین خەسڵەتە لەنێو شەرم و دڵە ڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا. زۆربەی جار خەڵکی بەیەکجاری دوور دەکەونەوە لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان و ، پاش ماوەیەکی کەم لەو بۆنانە هەڵدێن کە لێیان دەترسن. هەندێ کەسی تر هەن شێوازی گونجاوتر و باشتر دەدۆزنەوە بۆ خۆ دوورخستەنوە لە بۆنەکان یان بۆ پاراستنی خۆیان لە هەڕەشەی کۆمەڵایەتی.
بۆنمونە: سپیاوێکی زۆر دەدەن لە ڕوخساریان بۆ شاردنەوەی سوورهەڵگەڕانی ڕوخساریان، یاخود خۆ دوور دەگرن لە چاوپێکەوتن بەڵکو ئەمان پرسیار لە خەڵکی تر دەکەن تاکو خۆیان قسەکەر نەبن! تێبینی نیشانەکانی دوو دڵییان لەسەر نەکەن، یاخود خواردنەوەیەکی کحولی دەخۆنەوە بۆئەوەی زاڵ بن بەسەر دڵەڕاوکێدا.


سەرچاوەکان



1182 بینین