چ کاتێ شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبنە گرفت؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-11-20:39:00 - کۆدی بابەت: 3104
 چ کاتێ شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبنە گرفت؟

ناوه‌ڕۆك

 چ کاتێ شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبنە گرفت؟

شەرم و دڵەڕاوکێ دەبنە گرفت ئەگەر زۆرجار دووبارە بوونەوە تا ئەو ڕادەیەش توندوتیژ و ئاشکرابوون کەسەکە لەگەڵیاندا هەست بە قەڵسی و تەریق بوونەوە بکات، لە کارکردندا تەنگەتاو بێت، دەستەوسان بێت لە بەدیهێنانی ئامانجە گرنگەکانی ژیان. بۆ نمونە ئەو خاوەن کۆگایەی کە لە شەرماندا کۆگاکەی دادەخات لەکاتێکدا پێویستە قسە بۆ کڕیارەکانی بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو دوودڵیەی پێچەوانە و ناڕێکە لەگەڵ ئامانجی بەدەست هێنانی داهاتێکی باشدا. بەهەمان شێوە، ئەو ئافرەتەی کە لەناخەوە حەزی لەوەیە پەیوەندی خۆشەویستی هەبێت، بەڵام لە ترسی ئەوەی نەکا چاوپێکەوتنەکانی ئاسەواری خراپ لەسەر بەرامبەرەکەی دابنێن، هەموو ژوانێک ڕەتدەکاتەوە. ئەوا ئەو ئافرەتە دواتر هەست بە دەبەنگی دەکات و شەرمەکەی ڕێگر دەبێت لەوەی ئامانجەکەی بەدی بێنێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئاشکرایە کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی گرفت دروست دەکات.
ئەو دەمەی شەرمەکە گەشەدەکات و دەبێتە گرفتێکی مەترسیدار، پسپۆڕانی بوارەکە ناوی دەنێن ( شڵەژانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی). دیارە لەم بارەدا شەرمەکە چوەتە قاڵبی جۆرێک لە جۆرە سەختەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم جۆرە شەرمە قەڵسیەکی ئاشکرا پەیدا دەکات یان کاریگەری خراپ لەسەر کارەکانی ڕۆژانەی کەسەکە دادەنێت. تەنانەت لەوانەیە ئاسەواری توند وتیژ لەسەر چەندین بواری جیا جیای شێوە ژیان و گوزەرانی مرۆڤ دابنێت، وەک: پەیوەندیە تاکە کەسیەکان، پەروەردە، کارکردن، ژیانی کۆمەڵایەتی، ئارەزوەکان.. هتد.
وێڕای دەرکەوتنت جیاوازی لە نێوان ئەو لێکۆڵینەوانەدا کە سەبارەت بەم دیاردەیە ئەنجامدراون، وەلێ ئێمە پشتمان بە توێژینەوەیەک بەستوە کە توێژەرە کەنەدیەکان دئەنجامیان داوە، لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتوە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لە نێوا %7 ی دانیشتواندا بڵاوە.
بە واتایەکی تر، لە 15 کەسدا یەکێکیان بەدەست ئەو دیاردەیەوە دەناڵێنن، ژمارەیەکی زۆرتریش ڕواڵەتێکی هێورتری دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیان هەبووە، کە دواجار ڕەنگە لێیان ببێتە گرفت. لە نێو هەموو کەلتورەکاندا ئەم دیاردەیە بەرۆکی هەریەک لە ژنیش و پیاویش دەگرێت. وەلێ ئەوەندە هەیە هەرکەسێک بە شێوازی تایبەتی خۆی دەربڕین لە دڵەڕاوکێ و شەرمەکەی دەکات. یان شەرمەکە بە شێوازی جیاواز لەسەر هەر کەسێک دەردەکەوێ.


سەرچاوەکان



3595 بینین