هۆکارەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-11-20:46:00 - کۆدی بابەت: 3106
هۆکارەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

هۆکارەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

هیچ کەس نازانێ کتومت ئەو هۆکارانە چین کە پاڵ بە کەسێکەوە دەنێن بۆئەوەی هەست بە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بکات. وەلێ لانی کەم دەتوانین پەی بەرین بە هەندێ لەو هۆکارانە کە ڕۆڵ دەگێڕن لەسەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەدا. هۆکارە بنەڕەتیەکانی شەرم و دڵەڕاوکێ لەبارەی بەڕێکردنی کارو بارەکانەوە، ئاڵۆز و پێکداچوون. تەنانەت لەوانەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕێن.
لەڕاستیدا، دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیش وەکو هەرجۆرێکی تری دڵەڕاوکێ ، لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر پەرە دەستێنێ، وەک شێوازێک بۆ پاراستن لە مەترسیەکان یان خۆپارێزی لە هەڕەشە گریمانەییەکان. وەک ئاماژەمان پێدا دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی یارمەتیمان دەدات بۆ چاودێری کردنی کردار و گوفتارەکانمان، بەجۆرێکی وا قسەیەک نەکەین یان ڕەفتارێک ئەنجام نەدەین کە دواجار لێی پەشیمان بین.. وێڕای ئەوەش، هەندێ کەس هەیە زیادەڕەوی دەکەن لە هەست کردن بە شەرم و دڵەڕاوکێدا، ئەو زیادەڕەویەش زۆربەی جار سودبەخش نییە.

هۆكارە دیارەكان

توێژەران بەدرێژایی چەندین دەهە هەوڵیان داوە لەو هۆکارانە تێ بگەن کە هانی هەندێ کەس دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان دووچاری ئەو گرفتانە بکەن کە پەیوەندیان بە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیەوە هەیە.. هەندێ لەو هۆکارانەی تا هەنوکە پەییان پێ براوە بریتین لە: 

بۆماوەزانی

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی بۆماوەیی لەنێو ئەندامانی خانەوادەدا دەگوازرێتەوە بەگوێرەی ئامارەکان، ئەو کەسەی خزمێکی شەرمنی هەیە یان لەناو ئەندامانی خێزانەکەیدا کەسێکی شەرمن هەیە، دە بەرامبەری ئەو کەسە زیاتر ئەگەری توش بوون بە شەرمنۆکی لێ دەکرێت، کە هیچ کەسێکی شەرمن لە بنەماڵەکەیدا نییە. سەرباری ئەوەش هەندێ بەڵگە هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن فاکتەرە بۆماوەییەکان (نەک تەنها فاکتەرە ژینگەییەکانی وەک پرۆسەی فێربوون) بەشێوەیەکی نیوەیی ڕاڤەی گوازرانەوەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەکات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. چونکە ئەو خەسڵەتانەی کە زۆرجار پەیوەست دەبن بە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییەوە (وەک مۆڵخواردن بەسەر خوددا) خەسڵەتێکی بۆماوەیی ڕووتە.

مێشک

ئەو توێژینەوانەی بەم دواییانە ئەنجام دراون ، دەریان خستوە کاتێ کەسێک هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتیدا یان لەنێو بارودۆخێکدا کە توانای ڕاپەڕاندنی ئەوی تێدا دەربکەوێت. هەندێ بەشی مێشکی زیاتر کارا دەبن  وەک لەبەشەکانی تر. جیاوازی ڕۆشتنی خوێن بۆ ئەو بەشانەی مێشک لەچاو بەشەکانی تر، پشت ڕاستی ئەم بۆچوونە دەکاتەوە. سەرباری ئەوەش، چارەسەرکردنی دیاردەکە بەهۆی دەرمان و چارەسەری دەروونیەوە ، دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەو جۆرە چالاکیەی مێشک.. جگە لەو جیاوازیانەی لە ئەنجامی  لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتوون، ڕەنگە گوازەرەوە دەماریەکان ( کە بریتین لە نامەی کیمیایی و ئەرکیان گواستنەوەی زانیاریە لە خانەیەکەوە بە یەکێکی تر) وەکو (سیرۆتۆنین- Serotonin ) و ( دۆپامین - dopamine ) لەوانەیە ڕۆڵیان هەبێت لە سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا.

فێربوون

ئەوە سەلمێنراوە کە فێربوون و ئەزمونەکانی ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە بەرەو پێشەوە چوونی ترسدا. لە هەندێ باردا ئەزمونە ناخۆشەکانی ژیان (دوچاربوونی ناڕەحەتی و ڕەخنەلێگران لە سەردەمی منداڵیدا) دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی. هەروەها پەروەردەبوون و تێکەڵاوی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە لە بنەڕەتەوە شەرمنن و دووچاری دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بوون، ڕۆڵی خۆی هەیە لە هەست کردن بە شەرم و دڵەڕاوکێدا. چونکە ئێمە زۆرجار لەڕێی چاودێری کردنی ڕەفتارەکانی ئەوانی ترەوە ( بە ئەندامانی خێزانەکەی خۆشمانەوە) فێردەبین چۆن هەڵسوکەوت بکەین. دواجار، زۆر دووبارەکردنەوە و بەرگوێ کەوتنی بایەخی دروستکردنی هەستی باش لای ئەوانی تر، هەندێ کەس دووچاری دڵەڕاوکێ دەکات، دڵەڕاوکێی زیادەڕۆ لەوەی نەکا هەڵەیەک بکات و ببێتە هۆی ئەوەی هەستی باشی خەڵک بەرامبەری بسڕێتەوە و ئیدی بەرامبەرەکانی ڕای نێگەتیڤیان لە بارەیەوە بۆ دروست ببێت .

بیروباوەڕی دڵەڕاوکێ هێنەر

وەک باسکرا ، وا دەردەکەوێت بیر و باوەڕی کەسێک دەبێتە هۆی دروست بوونی دڵەڕاوکێ لە ئاقار هەندێ بۆنەی کۆمەڵایەتیدا. بۆنمونە ئەگەر پێت وابوو بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو جێگەی مەترسیە یان مایەی هەڕەشەیە ئەوا ئەو کەسانەی دەبنە هەڵگری بیرو باوەڕەکە و بڕوای پێ دەکەن، زیاتر توشی دڵەڕاوکێ دەبن لە کاتێکدا ڕووبەڕووی دۆخێکی لەو شێوازانە دەبنەوە… زۆرینەی جار ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە، بڕوایان بەم مەسەلانە هەیە:

1- زۆر گرنگە هەستی باش لای بەرامبەرەکانمان درەست بکەین. 
2- ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆئەوەی هەستی خراپ لای بەرامبەرەکانمان دروست ببێت.
3- ئاکامەکانی ئەو مەبەستە خراپە ، بێگومان نەخوازراو و ناخۆش دەبن . لەدوای ئەوەش ئیدی جێگەی سەرسامی نییە کە دەبینین هەندێ جار دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی گرفتی درێژخایەن لای هەندێ کەس دروست دەکات.

هەڵسوکەوتی شەرمهێنەر

وەک لەم بەشەدا ئاماژەمان پێدا هەڵسوکەوتی شەرمهێنەر (وەک هەوڵی خۆدزینەوە لە خەڵکی) دەبێتە یارمەتی دەر بۆمانەوەی هەستی شەرم کردن و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بۆماوەیەکی دوور و درێژ. هەرچەندە هەوڵیش بدەیت خۆت بپارێزیت لە هەستی شەرمنی و دڵەڕاوکێ ، یان لە بەجێ هێشتنی هەستی خراپ، بەو ڕادەیە ئەگەری بەردوامبوونی شەرمەکەت لەداهاتوودا زیاتر دەبێت.. لەڕاستیدا تێپەڕاندنی گرفتی شەرمنی پێویستی بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو بارودۆخانەیە کە دەبنە هۆی قەڵسی و دڕدۆنگی و شەرم بۆت.


سەرچاوەکان



2068 بینین