مێش

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-03-20:52:00 - کۆدی بابەت: 3200
مێش

ناوه‌ڕۆك

مێشەکان

مێش یاخود مەگەز (بە عەرەبی: ذوات الجناحين، بە ئینگلیزی: fly)، لە کۆمەڵەی مێرووە باڵدارەکاندا پۆلێندەکرێت و تایبەتمەندە بە بەکارهێنانی تەنها یەک جووت لە باڵەکانی بۆ فڕین، لە کاتێکدا جووتەکەی دیکەی بۆ پاراستنی هاوسەنگی بەکاردەهێنێت، نشینگەی مێشەکان هەموو ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەگرێتەوە تەنانەت لە شاخە بەرزەکان و ناوچە نیمچە بەستووەکانیشدا، بەشێکیان ئاوین و لە نشینگەی شێدار و نزیک لە سەرچاوە ئاوییەکان دەژین، بەشێکی دیکەیان ئاوی نین و لە ناوچە وشکە جیاوازەکاندا دەژین.

شێوەی دەرەوەی

پێکهاتەی شێوەی دەرەوەی مێشەکان جیاوازە بە گوێرەی جۆرەکان، بۆ نموونە شاخی هەستکردنیان هەیە دەکرێت هێڵی بێت یان دڕکی یاخود هەندێکی دیکە شێوەی وەک مقەستەکانە، شێوازی دەمیان بە گوێرەی خۆراکەکەیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەو مێشانەی کە هەنگوین و شیلەی گوڵەکان دەمژن، پێکهاتەی دەمیان هاوشێوەی لمۆزێکە کە توانای هەڵمژینی هەیە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان لوولەی درێژیان هەیە کە گونجاوە بۆ بریندارکردنی پێستی مرۆڤ و گیانەوەران و لێکردنەوە و مژینی خوێنیان.

خۆراک

ژەمی خۆراکی مێشەکان جیاوازە و دەکرێت هەریەک لە ئەمانە بێت، ماددەی ئەندامی بوونەوەرەکان دوای مردنیان، گیانەوەری دیاریکراو لە بڕبڕەدار و جومگەدار و ئەو بێ بڕبڕانەی کە بە بەرگێکی بەهێز ڕووپۆشکراون، ژمارەیەکی کەمیان ڕووەکەکان دەخۆن لە تۆو و شیلەی گوڵەکانیان، بە گشتی ئەو خۆراکانە سەرنجیان ڕادەکێشن کە لەسەر زبڵدانەکان هەن، ئیتر ئاخۆ میوە بێت یاخود خواردنی ئامادەکراو بێت، هەروەها هەریەک لە شیرینی و شەربەت و شلەمەنییەکانیش دەخۆن، لەگەڵ پاشەڕۆی گیانەوەرە ماڵییەکان.

سوڕی ژیان

شێوازی زۆربوونی مێش و گەورەبوونی بە تەواوەتی تا دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن، بە کۆمەڵێک قۆناغی دیاریکراودا دەڕوات، بۆ نموونە سوڕی ژیانی مێشی ماڵەکان بەم شێوەیە دەبێت:

  • هێلکە: مێینەکە لە ماوەی ٣-٤ ڕۆژدا بە چەند جارێک نزیکەی ٥٠٠ هێلکە دادەنێت، کە درێژییەکەیان دەگاتە ١.٢ ملم.
  • کرمۆکە: دوای هەڵهاتنی لە هێلکەکە کرمۆکە دروستدەبێت، لە سەرەتادا درێژییەکەی ٣-٩ ملم دەبێت و ڕەنگەکەی سپییەکی کرێمییە.
  • قۆزاخە: کرمۆکە دەبێت بە قۆزاخە بە دروستبوونی چینی کۆتایی پێستی و درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٨ ملم، کە لە هەردوو سەرەکەیەوە بازنەییە و لەماوەی گەشەسەندنیدا ڕەنگی دەگۆڕێت لە زەردەوە بۆ سوور دواتر قاوەیی لە کۆتاییدا دەبێت بە ڕەش.
  • قۆناغی پێگەیشتن: هەموو جەستەی بە تەواوەتی پەرەدەسێنێت و دەگاتە کۆتا قۆناغی.

ناوەندە ڕێژەی تەمەنی مێشەکان

تەمەنیان بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت، هەروەها ئەو تەمەنەش بە گوێرەی قۆناغەکانی سەرەتا و قۆناغی پێگەیشتنیش جیاوازە، بەم شێوەیە:

جۆری مێش ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ماوەی ژیانی وەک مێشێکی پێگەیشتوو
مێشی ئەسپ ٢-٣ ساڵ ٣٠-٦٠ ڕۆژ
مێشی ماڵ ٣٠ ڕۆژ ٢٥ ڕۆژ
مێشی میوە ٤٧-٦٤ ڕۆژ ٤٠-٥٠ ڕۆژ

خێزانە سەرەکییەکانی مێشەکان

  • مێشی گازگر: کۆمەڵەیەکی مێشەکانە کە مێیەنەکانیان خوێنی مرۆڤەکان دەکەن بە ژەمی خۆراکی، کە ئەم کۆمەڵە جیاوازانە لەخۆ دەگریت:
  • مێشوولەکان: دەتوانن ژمارەیەک نەخۆشی بگوازنەوە وەک، مەلاریا و تای زەرد و فیلاریا و هەوکردنی مێشک.
  • مێشی ئەسپ: یاخود مێشی مامز، ئەم جۆرەش هەریەکە لە نەخۆشییەکانی تولاریمیا و لۆویا و نەخۆشی خەو دەگوازێتەوە.
  • مێشی قەرەجەکان: وەک مێشی ڕەش گوێزەرەوەی نەخۆشی سەگەکانە لە نێوان مرۆڤەکاندا و تووشکردنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە نێو باڵندە ماڵییەکاندا.
  • مێشی فڵچە و کێچەکان: ئەمیش گوێزەرەوەی نەخۆشییە وەک، لیشمانیا و تای مێشی لم.
  • مێشی بڕگە بڕگە کراو: ئەم جۆرانە نەخۆشییەکە ڕاستەوخۆ ناگوازنەوە بەڵکو هۆکاری نەخۆشییەکە دەگوازنەوە، وەک کرمە مشەخۆرەکان و سەرەتاییەکان.
  • مێشی ماڵ: بەناوبانگترین و بەربڵاوترین جۆرەکانی مێشەکانە.
  • مێشی ڕووەکەکان: کرمۆکەی ئەم جۆرە مێشانە خۆراکەکانیان لەسەر ڕووەک بەدەستدەهێنن، کە ئەم کۆمەڵانە لەخۆدەگرێت:
  • تەنینەکان: لەسەر ڕووەکەکان دەبینرێت و نموونەی جۆرەکانیشی وەک مێشی کوتاڵ.
  • مێشی بەروبومەکان: ئەم جۆرانە هێرش دەکەنە سەر بەروبومە کێڵگەییەکان، وەک مێشی کرمۆکەی سێو.
  • مێشی پۆلکە: ئەو مێشانە لە خۆدەگرێت کە گەڵاکان کوندەکەن، یاخود هەندێکیان قەد و ڕەگەکان هەڵدەکۆڵن.
  • مێشی گوڵ: کرمۆکەی زۆرینەی جۆرەکانی لەسەر تۆو و ڕەگەکان خۆراک بەدەستدەهێنن.
  • مێشی زبڵەکان: ئەم جۆرە مێشانە لەسەر ماددە ئەندامییەکان خۆراک بەدەستدەهێنن و دەژین، وەک زبڵەکان و پاشەڕۆی گیانەوەر و تەرمەکانیان، کە ئەم کۆمەڵانە لەخۆ دەگرێت:
  • مێشی سرکە: جۆرە مێشێکە کە بەروبومە خراپبووەکان دەکاتە ژەمی خۆراکی.
  • مێشی قوڕەکان: کرمۆکەی ئەم جۆرە مێشانە لە نێو لم و قوڕەکاندا دەژی.
  • مێشی بۆیە: کرمۆکەکانی ئەم جۆرەی مێشەکان ژەمە خۆراکییەکانیان لەسەر پاشەڕۆ و زبڵەکانە، وەک مێشی کرمی لوولپێچی.
  • مێشی گونجاندن: کرمۆکەکانی پاشەڕۆ دەخۆن و هەندێکیان دەبنە هۆی نەخۆشی کرمتێدان.
  • مێشی ئاوی: کرمۆکەکانی لە ئاوی قوڕەکاندا دەژین و ماددە ئەندامییەکان دەخۆن.
  • مێشێ دڕندە: کۆمەڵەیەک مێش و کرمۆکەکانی لەخۆ دەگرێت کە هێرش دەکەنە سەر مێرووەکانی دیکە، و ئەم جۆرانە لەخۆ دەگرێت:
  • مێشی دز: هێڕش دەکاتە سەر جۆرەکانی دیکە.
  • مێشی هەنگ: کرمۆکەکانی دڕندەن، بەڵام پێگەیشتووەکان بەوە بەناوبانگن کە لاسایی هەنگەکان دەکەنەوە.
  • مێشی شمشێر: جۆرە پێگەیشتووەکانی دڕندەن.
  • مێشی مار ئاسا: کرمۆکەکانی هێرش دەکەنە سەر جۆری سنەکان، بەڵام جۆرە پێگەیشتووەکانی لاسایی هەنگ و زەردەواڵەکان دەکەنەوە.
  • مێشی مشەخۆر: کرمۆکەکانی مشەخۆرە یاخود نیمچە مشەخۆرن، ئەم کۆمەڵانە لەخۆ دەگرێت:
  • مێشی تاچاینی: جۆرێکە کە کرمۆکەکانی مشەخۆری دەکەن لەسەر مێرووەکانی دیکە، بۆیە وەک هۆکاری زیندووی نەخۆشییەکان دادەنرێن.
  • مێشی سێبەر: کرمۆکەکانی هەریەک لە هێلکە شەیتانۆکە و کرمە لیقەکان دەخۆن.
  • مێشی مووەکان: جۆرێکی مێشەکانە کە پێگەیشتووەکانی خوێنی هەریەک لە مەمکدار و باڵندەکان دەکەن بە ژەمی خۆراکی.

زیانەکانی مێشەکان

زیانی مێشەکان بەگوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە مێشەکانی ماڵ کە لەسەر جێگە پیسەکان دەنیشن، وەک زبڵ و ئاوەڕۆکان دواتر دەبنە هۆی گواستنەوەی ئەو پیسییانە بۆسەر خۆراک و خواردنەوەی مرۆڤ و گیانەوەرەکان، بەدوایدا دەبنە هۆی توشبوونیان بە ژمارەیەک نەخۆشی جیاواز، وەک کۆلێرا، سیل، سکچوونی منداڵان و تووشکردنیان بە کرمی مشەخۆر، هەندێک جۆری دیکەیان بەهۆی گەستن و پێوەدانیانەوە توشێ ئازار و نەخۆشیمان دەکەن، بۆ نموونە مێشی تسی تسی دەبێتە هۆی دروستکردنی برینێکی سوور لە جێگەی گەستنەکەیدا و لەوانەیە توشی نەخۆشی خەوتنمان بکات کە کۆمەڵێک نیشانەی بێزارکەری هەیە، وەک ژانە سەری سەخت و تا و شەکەتی و هەڵئاوسانی لیمفە گرێکان و ئازاری جومگە و ماسولکەکانیش، کاتێکیش تووشبوونەکە دەگاتە مێشک و کۆئەندامی دەمار دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێك گۆڕانکاری کە توانای چارەسەرکردنیمان نییە وەک گۆڕانکاری لە کەسایەتی، یاخود  تووشکردنی مێشک بە نەخۆشی، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا لە ماوەی مانگێکدا دەبێتە هۆی مردن.

شێوازی ڕووبەڕوبوونەوەی مێشەکان

دەکرێت ڕووبەڕوی مێشەکان ببینەوە و سنوور دابنێین بۆ گواستنەوەیان بۆ نەخۆشییەکان، بەتایبەتی نەخۆشی خەوتن کە بەهۆی مێشی تسی تسییەوە دەبێت، بە پشکنین و چاودێری کردنی ئەو مرۆڤ و گیانەوەرانەی کە تووشبوون، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ چاکبوونەوەیان پێش تووشبوونیان بە تەواوەتی، یاخود ڕژاندنی ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی لەناوبردنیان و بەکارهێنانی دەرگا و پەردەی دیاریکراو و گونجاو، شێوازی ڕووبەڕوبوونەوەی مێشی ماڵەکانیش بە گرتنەبەری ڕێکاری پاکوخاوێنی و تەندروستی پێویست دەبێت بۆ ژیانکردن، بە دوورکەوتنەوە لە ئەو خۆراک و خواردنەوانەی کە لە جێگەیەکی کراوەدان و بەتەواوەتی دانەپۆشراون، لەبەرامبەریشدا هەڵگرتنی خۆراک و خواردنەوەکان بەشێوەیەکی گونجاو کە ڕێگریبکات لە نزیکبوونەوەی مێشەکان، یاخود بەکارهێنانی هۆکارەکانی لەونابردنیان لە ماڵ و جێگە داخراوەکاندا ئیتر ئاخۆ دەرمان بێت یاخود هۆکاری دیکە.


سەرچاوەکان



3616 بینین