عەبدولواحید نوری

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-04:54:00 - کۆدی بابەت: 3257
عەبدولواحید نوری

ناوه‌ڕۆك

عەبدولواحید نوری

ناوی عەبدولواحید مەجیدە، لە ساڵی (١٩٠٤)ی زاینیدا لە چەمچەماڵ لە دایکبووە، هێشتا هەر منداڵ بووە باوکی کۆچی دواییکردووە و لە ناز و خۆشویستی باوکی بێ بەش بووە، بەڵام خاڵی نەی هێشتووە بێ باوکی پێوە دیاربێت و دەستی بە سەر داهێناوە و لە گەڵ منداڵەکانی خۆیدا جیای نەکردۆتەوە، خستوویەتییە بەر خوێندن تاکو بووە بە مامۆستا.
یەکەمجار لە هەڵەبجە دامەزرا، کە گواستراوەتەوە بۆ سولەیمانی پاش ماوەیەک بووە بە جێگری سەرۆکی شارەوانی سولەیمانی، لەدوا جاردا لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە)ی سەرەتایی دەبێتەوە مامۆستا، هەر لەوێ دەمێنێتەوە تاکو بە نەخۆشی لە ڕۆژی پێنجی تەمووزی ساڵی (١٩٤٤)ی زاینی کۆچی دواییکردووە.
مامۆستا عەبدولواحید بەرامبەر بەو هەموو چاکەیەی کە خاڵی (نووری عەلی) لە گەڵیدا کردووە، هەموو نووسینەکانی بە ناوی (ع. و. نوری) واتە (عەبدولواحید نوری) نووسیوە. بۆیە هەر بەو ناوەشەوە ناوبانگی دەرکردووە، مامۆستا عەبدولواحید نوری مامۆستایەکی نموونەیی ڕاستەقینە بوو، دڵسۆز بوو بۆ قوتابییەکان، بۆ ژیان پەروەردەی دەکردن، بە مامۆستایی گەلێک کەسی بە بیری نیشتیمانپەروەری و پێشکەوتنخواز پەروەردەکردووە. لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەیە، کە بیری پێشکەوتن خوازییان لە ناو کوردا بڵاو کردۆتەوە.
نووسەرێکی مەزن بوو، تێکۆشەری کورد بوو، لە زۆر مەیداندا خزمەتی کوردی کردووە، لەو ماوە کورتەی ژیانیدا گەلێک پەرتووک و نامیلکەی پێشکەش بە نەتەوەکەی کردووە.

نموونەیەك لە بەرهەمەكانی

بۆ لاوان:
بەرزیی کوردی - ع. و. نوری لە گەلاوێژی ژمارە (٦،٥) ساڵی (١)


لاوان!
چونکی ئێوە هەوێنی ژیانی دوا ڕۆژمانن هەموو هاوارێکم بۆ ئێوەیە: هەموو ئەبینین چۆن گەلاوێژ تەقەڵا ئەدا کە کوردی بەرز بکاتەوە، جوان ئەو نووسینانەتان خوێندۆتەوە!
براکانم!
وا بوو بە بیست ساڵ خەریکی نووسینم، چاک خراپ هەندێ کتێب هێنرایە کایەوە! لەم چەرخەدا جوان تێگەشتم کوردی لە بنچینەدا لەڕو لاواز نەبووە و نییە،  ئێمە خۆمان لەڕ و لاوازین، لە خوێندندا کەم تەرخەم و لو نووسیندا بی باکین! ئێمە خۆمان... ڕەنگە دوژمنانی ئەم وتەیەم بڵێن فەرموو وەرە کیمیایەکمان بۆ تەرجەمە بکە!
لە پێش ئەوەدا پاسوختان بەمەوە پێتان ئەڵێم: زمانی زانست لە گێتی(جیهان) دایە یەکە و دوو نییە.
چۆن ناتوانین بە () بڵێین (دارا) هەروەها ناتوانین بە () بلێین غازی سووک چونکی شیرازەی مەدەنێک تێک ئەچێ و ئە ئاڵۆزێ و سەر لێ شێوانی لە دوایە. ئیمڕۆ ئەبێ چاک بزانین لە ڕۆژ هەڵاتدا تورکەکان بە هەموو هێزی خۆیانەوە هەوڵ ئەدەن خۆیان لە ڕۆژهەڵاتێتی دوور خەنەوە بەڵام ناتوانن زمانەکایان وەک ئەوروپایی لێ بکەن بە پێویستی زمان تیپی فرانسزی باکاردێنن چۆن کوردانی قەفقاسیا لە نوسینا بێ چار فرانسزی بەکاردێنن، کوردی وەک گوڵێکی ڕەگ زلی سیسی قەراغ ڕوبارێکی وشک وایە، وە ڕیشوی ڕەگی بە هەموو لەیەکدا بڵاوبۆتەوە.
ئەبێ خۆتان بکەن بە ئاو ئەو ڕوبارە تەڕ بکەنەوە هەر یەکە لە ئاستی خۆی ئەم گوڵە جوانە ئاو بدا، تا بگەشێتەوە، چ ئێوە و چ ناحەزی کورد ئەبێ وەک مانگی چواردە ببینن و بزانن کورد ئەژی و نامرێ لە مردن لە چەند لایەکەوە ڕزگار کرا.
ئێوە گەر بە جەوهەرن بنوسن، ئێوە گەر بەهۆشن بخوێننەوە ئێوە ئەگەر لاون بنووسن و بخوێنن. بە خوتو خۆڕایی سەر زەنش مەکەن، ئەم خانووە کە ئێمە ئەمانەوێ بیکەین بۆ پاراستنی زمانی کوردی ئەبێ بە ڕوناکی چاو و خوێنی لەش قوڕی بۆ بگرینەوە.
ئیتر مەبن بە دڕک و داڵ لە ڕێی ژیان  بۆ کاول کردنی زمانەکە مەڕۆن، بۆ ڕازاندنەوەی بڕۆن، براکان دەبێ ببن بە پرد تا کوردی بە سەر لاشەتانا بڕوا بۆ بەرزی.


سەرچاوەکان



1637 بینین