یەدەگی خەڵوز لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-22-00:43:00 - کۆدی بابەت: 3521
یەدەگی خەڵوز لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

یەدەگی خەڵوز

لە ناو جەرگی زەویدا بڕێکی زۆر خەڵووز هەیە کە زیاترە لە (10) ملیار تەنی مەتری، چوار لەسەر پێنجی لە چەشنی ئەنثراسایتدایە و ئەوەی لێی بەکارهاتووە لە کاتی دۆزینەوەیەوە تاکو ئێستا زۆر کەمە.

دەمارە خەڵووز بەسەر ناوچەکانی توێژاڵی زەویدا دابەش بووە بە شێوەیەک دەگونجێت لەگەڵ هاوڕێژەی جووڵانەوەی زەوی کە بەسەر ئەو ناوچانەدا لە سەردەمە جیۆلۆجییە یەک بە دوای یەکەکاندا تێپەڕ بووە ڕوونی دەکاتەوە کامە گرنگترین دەوڵەتە لە جیهاندا بۆ بەرهەمهێنانی خەڵوز.

دابەش بوونی جوگرافی ناوچەکانی بەرهەم هێنانی خەڵووز لە جیهاندا

گەلێک هۆ هەن کار دەکەنە سەر بەرهەمهێنانی خەڵووز، هەندێکیان بەستراون بە بواری بەکارهێنانیان و قەبارە بەکاربردنەوە و هەندێکی تریشیان بە باری ڕآمیارییەوە، بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمهێنانی زۆر زیادی کردووە وەک لە ڕابردوودا لە جیاتی ئەوەی کە بەرهەمهێنانی بگاتە (1400) ملیۆن تەن، ساڵی 1948 بوو بە 3529 ملیۆن تەن، ساڵی 1994، واتە 250٪ زیادی کرد. ئێستاش نەوت و کارەبا بەربەرەکانییەکی بەهێزی خەڵووز دەکەن.

گرنگترین دەوڵەتە بەرهەمهێنەرەکانی خەڵووز

چینی میللی

چین سامانێکی گەورەی خەڵووزی هەیە و یەدەگی خەڵووزی چین دەگاتە لە 15٪ـی یەدەگی جیهان و بە پلەی یەکەم دێت لە جیهاندا لە بەرهەمهێنانیدا. بەرهەمی خەڵووزیش لە زیادبووندایە بەهۆی ئەو پێش کەوتنەوە کە وڵات لە پیشەسازیدا بەدەستی هێناوە، پاش ئەوەی بەرهەم 69 ملیۆن تەن بوو، ساڵی 1953 زیادی کرد و بوو بە 1116 ملیۆن تەن لە سالی حەفتاکاندا. گرنگترین کانە خەڵووزەکانی چین دەکەونە ناوچەی (مەنشوریا)، وە لەوپەڕی باکووری چین، لە پاشان کانەکانی (هۆبی) و (شانسی) لە باکوور لە (زەچوان) لە ناوەند و باشووردا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

بڕی پاشەکەوتی خەڵووز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگاتە 2426 ملیۆن تەن. بەڵام لە بەرهەمهێناندا بە پلەی دووەم دێت لە جیهاندا 882 ملیۆن تەن و 1/6ـی بەرهەمی جیهان کار دەکات و بەشێکیش لە بەرهەمەکەی دەنێرنە دەرەوە بۆ (کەنەدا) و (ئەوروپا)ـی ڕۆژئاوا. شێوەی بەکاربردنی خەڵووز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک هەمان شێوەی ڕژێمی ڕامیاری وایە و بایەخ نادەن بە پاراستنی سامانی خەڵووز چونکە کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی دەری دێنن، لەبەر ئەوە مەبەستیان تەنها قازانجی زۆرە و تەنیا چەشنە باشەکان و چینە ئەستوورەکان دەردێنن و گرنگترین کانی خەڵووزیش لە ئەمەریکا ئەمانەن:

کانەکانی ئەپەڵاشیان

دەکەونە بەشی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نزیکەی (68٪)ـی هەموو خەڵووزی ئەنتراسایتی جیهان لێ دەردێت و نزیکەی 2/3ـی خەڵووزی (بتێومینی) ویلایەتە یەکگرتووەکانی لێ دەردێت. ئەم کانانە گەلێک خاسییەتی چاکی ئابووری و سروشتیان تێدایە. چونکە دەماری خەلووزەکان لە ڕوووی زەوییەوە نزیکن.

کانەکانی ناوەوە

کە دەکەونە ڕۆژئاوای چیاکانی ئەپەلاشیانەوە.

کانەکانی چیای ڕۆکی و کەنارەکانی زەریای ئارام، یەدەگی زۆرە و بەرهەمی کەمە و زۆربەی ئەو خەڵووزەی لێی دەردەهێنرێت لە چەشنی (بتێومینە) کە بەکەڵکی دروستکردنی خەڵووزی (کوک) دێت.

کانەکانی تر

کە دەکەونە ویلایەتی (واشنتۆن) و (داکۆتای) باکوور و باشوور لە باکووری وڵات، ئەم کانانە زۆر بەکارناهێنرێت چونکە ناتوانن بەربەرەکانی چەشنە باشەکانی خەڵووزی کانەکانی تر بکەن.

هاوبەندی وڵاتە سەربەخۆکان

ڕوسیای فیدراڵ

ڕوسیای فیدراڵ یەدەگێکی زۆری خەڵووزی هەیە کە دەگاتە نزیکەی 1،654 بلیۆن تەن بەڵام 193 ملیۆن تەن بەرهەم دێنێت. ناوچەکانی یەدەگی خەڵووز و ناوچەکانی بەرهەمهێنانی دەکەونە گەلێک شوێنی وڵاتەوە و لە (سانت پترسبۆرگ) و (مۆسکۆ) لە ڕۆژئاواوە درێژ دەبنەوە تا ڕۆژهەڵاتی (سیبیریا). ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بە ناوچەی یەدەگی خەڵووز دەژمێرێن بە تایبەتی حەوزی (کۆزنتسک) کە گرنگترین کانەکانی (کزباس)ـە، بەڵام ناوچەکانی ڕۆژئاوا بە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی خەڵووز دەژمێرێن، و لە گرنگترین کانەکانیشی وەک ناوچەی تۆلا و حەوزی مۆسکۆ و چیای ئۆراڵ.

ئۆکرانیا

کانی دۆنباس لە حەوزی (دۆنتز) کە دەکەوێتە سەرووی دەریای ڕەش و خوارووی (ئۆکرانیا) بە گرنگترین کانەکانی بەرهەمهێنانی خەڵووز دادەنرێت لە ئۆکرانیا. وە ئەوەی بایەخی زیاتر دەکات ئەوەیە کە دەکەوێتە نزیک کانەکانی ئاسن لە (کریڤۆری رۆج).

بەریتانیا (شانشینی یەکگرتوو)

بە یەکەم دەوڵەتی ئەروپا دەژمێردرێت و بە پێنجەم دەوڵەت لە جیهاندا لە بەرهەم هێناندا. بەڵام بەرهەمی ڕووەو کەمی ڕۆیشت پاش ئەوەی گەیشتە ئەوپەڕی بەرهەمهێنانی پێش جەنگی جیهانی یەکەم، لەبەر بێ بازاڕی دەرەوە لە لایەک و کۆنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان لە لایەکی ترەوە، سەرەڕآی ئەوەش کە ئینگلتەرا پێش وڵاتانی جیهان بەرهەمی لە کانە خەڵووزەکان دەردەهێنا، ئەمەش بوو بەهۆی کەمبوونەوەی بەروبوومی ئەم کانانە، تاکو ئەم سالانەی دواییش بەرهەمیان لە کەم بوونەوەدایە، لە کاتێکدا کە بەرهەمی بەریتانیا لە ساڵی 1965 دا نزیکەی 190 ملیۆن تەن بوو، لە ساڵی 1994 دا بووە 84 ملیۆن تەن، کانە خەڵووزەکان لە ناوچە جۆر بەجۆرەکانی دوورگەکانی بەریتانیادا دابەشبوون، بۆ نموونە لە ناوچەی سکۆتلەندا و هەروەها ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا و لە ڕۆژئاوای هەیە، هەروەها لە ناوەڕاستی وێڵز و ئایرلەندەی باکور هەیە.
ناوچەی (یۆرکشایەر) کە کەوتۆتە بەشی ڕۆژهەڵاتی چیای (پەناینز) لە ئینگلتەرەدا بە گرنگترین ناوچەی خەڵووز دادەنرێت چ لە ڕووی بەرهەم و چ لە ڕووی یەدەگەوە. دابەش بونوی خەڵووز لە دورگەکانی بەریتانیادا گەلێک خاسییەتی هەیە، لەبەر ئەوە ناوچەکانی دەکەونە نزیک کەنار دەریاکانەوە یاخود هێڵە ئاسنینەکانەوە، ئەمەش وای لێ دەکات بە ئاسانی بگوێزرێتەوە سەرەڕای باشیی خەلووزەکەی و نزیکی لە کانی ئاسنەوە، هەندێک کۆسپی ئابووری دێتە ڕێی وەک هەموو دەولەتە سەرمایەدارەکانی تر کە پەیوەندی هەیە بە ڕژێمی بەکارهێنانی کانەکان و ڕۆژانەی کرێکارانەوە، سەرەڕای تەنکی دەمارە خەڵووزەکان و دوورییان لە ڕووی زەوییەوە.

پۆڵەندا

باش ئەوەی وڵات پێشکەوت لە باری ئابوورییەوە، بەرهەمهێنانی خەڵووز پتر بوو لە 68 ملیۆن تەنەوە، ساڵی 1953 گەیشتە 131 ملیۆن تەن، ساڵی 1994 و تاکو ئێستاش ئەو زیادبوونە هەر بەردەوامە. زۆربەی خەڵووزی پۆڵۆنیا دەکەوێتە ناوچەی سیلیزیای سەروو لەسەر سنووری ئەڵمانیا و چیک. خەڵووزی ئەم ناوچەیە بە باشی و زۆری بڕەکەی و باری دەرهێنانی گونجاو بەناوبانگە.

ئەڵمانیا

دووەم دەوڵەتی ئەوروپایە پاش شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە بەرهەمهێنانی خەڵووزدا. پاشەکەوتێکی زۆری هەیە دەگاتە 200 ملیۆن تەن. کانەکانی بارێکی سروشتیی باشیان هەیە و بەرهەمیان لە 72 ملیۆن تەن زیاترە. گرنگترین حەوزی خەڵوز تێیدا حەوزی (ڕۆڕ)ـە. لە ڕۆژئاوایا وڵات کە بە مەڵبەندێکی گەورەی کۆبوونەوەی پیشەسازی و دانیشتوان دەژمێرێت و پیشەسازیی قورس لە ناوچەکەدا پشتی پێ دەبەستێت، بە تایبەتی پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و ڕووبەری ئەو ناوچانەی بە زۆری خەلووزیان تێدایە، نزیکەی 836 کیلۆمەتری دووجایە و لە دەورووبەری 90٪ـی هەموو بەرهەمی ئاسنی تێدا دەردەهێنرێت. خەڵووز لە هەرێمی (سار)ـدا زۆرە، کە سەرچاوەی نەسرەوتی و پشێوی بوو لە ناوەڕاستی ئەوروپادا لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیادا، تا لە ساڵی 1957ـدا خرایە سەر ئەڵمانیا. لە کانەکانی تریش کانی (ئەکسی لاشاپیل) لەسەر سنووری (بەلجیکا) و (هۆڵەندە) و کانی (وستڤالیا). بڕی ئەو خەڵووزەی لە ئەڵمانیا بەرهەم دەهێنرێت لە پێویستی خۆی زۆرترە، بۆیە هەموو ساڵێک بەشێکی زۆری دەنێررێتە دەرەوە.

گەلێک ناوچەی تر هەن

لە جیهاندا کە بڕی ئەو خەڵووزەی لێیان دەردێنن کەم نین و پاشەکەوتیان زۆرە. لەوانەش فەڕەنسا و هۆڵەندا و ژاپۆن و ئوستورالیا و گەلێکی تریش. شایانی باسە کە ئەمەریکای باشوور و ئەفەریقا هەژارترین کیشوەرن لە خەڵووزدا.


سەرچاوەکان

334 بینین