گواستنەوەی نەوت

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-22-22:51:00 - کۆدی بابەت: 3562
گواستنەوەی نەوت

ناوه‌ڕۆك

گواستنەوەی نەوت چۆنە؟

کرداری گواستنەوەی نەوت لە کانەکانیەوە بۆ ناوچەی بەکاربردن یاخود پاڵاوتنی ئاسان دێتە دەست ئەگەر لەگەڵ سەرچاوەکانی تری وزەدا بەراوردی بکەین. بازرگانی نەوتیش لە جیهاندا پشت بە بۆڕی و پاپۆڕ دەبەستێت بۆ گواستنەوە بە پلەی یەکەم. زۆر جاریش هەردوو هۆیەکە تەواوکەری یەکترن. لە کانەکانەوە نەوت بەهۆی لوولەکێشییەوە دەگاتە ڕۆخی دەریا و زەریاکان و لەوێشەوە بەهۆی پاپۆڕی گەورەوە نەوتەکە بار دەکرێت بۆ ناوچەی بەکاربردنی، هەروەها ئۆتۆمبێل و شەمەندەنەفەریش بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی، بەڵام ئەم هۆیانە کەمتر بەکار دێت بۆ گواستنەوە لە ناوخۆدا یان بۆ دەوڵەتانی دەوروپشت.

گواستنەوە بەهۆی لوولەوە

ئەم ڕێگەیە لەسەر وشکانی زۆر باوە و هەرزانترین هۆشە ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هۆیەکانی تردا.
بەکارهێنانی لوولەکێشی بۆ گواستنەوەی نەوت سەرمایەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە پارە و دەرامەتێکی زۆر بۆ وڵات گل دەداتەوە. زۆربەی نەوتی عەرەب بەهۆی لوولەوە دەنێردرێتە دەرەوە. ولاتی عێراقیش نەوتی کانەکانی باکوور و هەرێمی کوردستان دەنێرێتە دەرەوە بەهۆی ئەو لوولانەوە کە لە کەرکووکەوە بۆ بانیاس و تەڕابلوس لەسەر دەریای ناوەڕاست بە خاکی سوریا و لوبناندا تێدەپەڕێت. کانەکانی باشووریش بەهۆی لوولەوە بەستراون بەو بەندەرانەی لەسەر کەنداو نەوت دەنێرنە دەرەوە. عێراق هێڵی ستراتیژی دروست کرد کە کانەکانی باکوور و هەرێمی کوردستان دەبەستێت بە کانەکانی باشوورەوە، ئەم هێڵەش کاری ناردنە دەرەوەی ئاسان کرد چ لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاست یاخود کەنداو، هەروەها وڵاتی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ (تورکیا)ـدا هێڵێکی لوولەی نەوتیان ڕآکێشا بۆ گواستنەوەی نەوتی باکوور و هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بۆ بەندەی جەیهان کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕ دەبێت. لوولەیەکی تریش لە عێراقەوە لە ئەیلوولی 1985ـدا بەرەو وڵاتی سعودیە ڕاكێشرا و نەوتی پێدا دەڕوات بۆ بەندەری (یەنبوع) لەسەر دەریای سور. نەوتی مەغریبی عەرەبیش کە کەوتوەتە ناو بیابانی لیبیا، هەروەها زۆربەی نەوتی جەزائیریش بە ناو لوولەدا دەگەنە بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست. هەرچی نەوتی کەنداوی عەرەبیشە بەهۆی لوولەوە لە بیرە نەوتەکانەوە ڕآدەکێشرێت بۆ بەندەرەکانی سەر دەریای سوور و سەر کەنداوی عەرەب و دەریای ناوەڕاست.

گواستنەوە بەهۆی کەشتییەوە

گواستنەوەی نەوت بەهۆی کەشتی نەوت هەڵگرەوە جیایە لە گواستنەوە بەهۆی لوولەوە، چونکە دەتوانرێت لە ناکاودا ڕووی گواستنەوەکە وەربگێڕێت وە بە ئاسانیش بیدات بەدەستەوە. بەم هۆیەوە بازرگانی گواستنەوەی نەوت پەرەی سەند و پاپۆڕی هەمە چەشنە لە قەبارەدا دروست کرا، بۆ ئەم مەبەستە کە هەندێکیان بچووکن و هەندێكیان ئێگجار گەورەن و قەبارەیان دەگاتە زیاتر لە 500 هەزار تەن.
ئەو دەوڵەتە عەرەبانەی نەوت دەنێرنە دەرەوە (ئەواپیک) بایەخێکی زۆریان داوە بە پەرەپێدانی گواستنەوەی دەریایی، لە ساڵی 1973ـدا کۆمپانیای عەرەب بۆ گواستنەوەی نەوت بە دەریادا دامەزرا، هەروەها ئەستێڵ (حەوز)ـی وشک لە بەحرەین دروستکرا بۆ پاراستنی ئەو پاپۆڕانەی نەوتی عەرەب کە سەر بەو ڕێکخراوەن، عێراقیش کەشتیگەلێکی لە نزیکەی 17 نەوت گوێزەوە دامەزراند کە 1.5ملیۆن تەن بە هەموویان هەڵدەگرن.

گواستنەوەی نەوت بەهۆی ئۆتۆمبێل و شەمەندەنەفەرەوە

ئەم ڕێگەیە کەمتر بەکار دەهێنرێت، لە باری ئابووریشەوە زۆر سوودی نییە، بەهۆی ئەوەی زۆری تێدەچێت و کەمیش دەتوانرێت بار بکرێت وە گواستنەوەشی هەندێک مەترسی تێدایە.
ئەم ڕێگەیەش لەو ناوچآنەدا هەیە کە بەرهەمیان بۆ ناوخۆیە یان ئەو ناوچانەی لێی نزیکن، ئەو نەوتەی بەم ڕێگەیش دەگوێزرێتەوە زۆر کەمە، ئەگەر بەراورد بەو نەوتەی بە ڕێگەکانی تر دەگوێزرێتەوە.


سەرچاوەکان

299 بینین