فەلسەفەی جوانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-23:47:00 - کۆدی بابەت: 3682
فەلسەفەی جوانی

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفەی جوانی چییە؟

بابەتێکە لە بابەتەکانی فەلسەفە لە سروشتی جوانی و بابەتەکانی جوانی دەکۆڵێتەوە لە ڕووی لۆژیکی چێژوەرگرتن و بابەتی جوانیەکە، دیسانەوە ئەو کێشانەی کە لە میانەی رامان لە سروشتی جوانی و بابەتەکانی جوانی و هونەرییەکەی دووچارمان دەبێت چارەسەری دەکات. 

كاری فەلسەفەی جوانی

فەلسەی جوانی هەڵدەسێ بە لێکۆلینەوە و شیکردنەوەی چەمکی جوانی و بەها جوانییەکان وەکو سادەیی و ڕێکوپێکی و هەماهەنگی و بەیەکەوە گونجان، هەروەها هەڵدەستێ بە شیکردنەوەی بابەتەکانی جوانی سروشتی، وەک دیمەنی دارێک بە رۆخ ڕووبارێکەوە، هەروەها ئاماژەش بۆ بابەتەکانی هونەری دەکات وەک پەیکەری (شەهرەزاد و شەهریار) و پەیکەری سەربەستی و لایەنە جوانەکانیان دیاری دەکات. 

بەهاكانی

بەهاکانی جوانی چەند جۆرێکن لەوانە: 

• شێوەییە: بەستراوەتەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕەگەزەکانی بابەتەکە.
• ماددەییە: بەستراوەتەوە بەو ماددەییەی کە بابەتەکەی لێ پێک دێت.
• دەربڕە: بەستراوە بەو مانایەی بابەتەکە دەری دەبڕێ.

گەر شیعرێک بکەینە نموونە ئەوا شێوەیەکی پەیوەستە بە کێشەکەی کەچی لایەنی ماددی وشەکانی بەر گوێچکە دەکەوێ و دەخوێندرێتەوە لەو کاتەدا لایەنی گوزارشتەکی لە بیرۆکە ماناکانی دەردەبڕی. جوانینناسی ئەزموونی جوانی بەهرەی هونەرمەندان دەگرێتەوە و ئەم شاکارانەش تەنها هەر وێژە و هونەر ناگرێتەوە، بەڵکو تێدەپەرێ بەرەو هزر و فەلسەفە و زانست، بەڵکو هەر تێروانینێک و بیردۆزییەکی نوێی و هەر بەرنامەیەکی تازە و هەر کارێکی داهێنەرانە و جێبەجێکردنێک بە گیانی ڕووناک سەربارە و بەهرەیەکی نوێیە، کەواتە جوانناسی ئەو زانستەیە کە لە هەستەکان هەستپێکردن و ئەو خۆشییانە دەکۆڵێنەوە کە دیمەنی  شتە جوانەکان پێکی دەهێنن، ئەو ئاستانەش دادەنێت کە شتی جوانی پێ دەپێورێت، واتە لەوە دەکۆڵێتەوە کە شتی جوان و ناشرین دەبێت چۆن بێت واتە لە جوان و ناشرین دەکۆڵێتەوە.

چارەسەری كێشەكان

جوانینناسی ئەم کێشانە چارەسەر دەکات:

١. ئایا جوانی بابەتەکییە یان خودییە؟ یاخود لە چییەوە هەست بە جوانی دەکرێت. واتا سروشتی جوانی چییە؟
٢. پێوەرەکانی جوانی، یان چۆن بە چی جوانی جیا دەکەینەوە؟ 
٣. پەیوەندی نێوان هونەر و ڕەوشت یان نێوان جوان و چاکی.
٤. دەوری هونەرەکان لە چاو لێکردنی سروشت یان دەرچوون لە واقیع.
٥. سەرچاوەی شاکاری هونەری و گرنگترین بیردۆزەکانی بە پوختی و ڕوونی.

وتە

وتەیەکی کورت و ڕوون دەربارەیان:

١. جوانی بابەتەکییە یان خودییە، یان سروشتی جوانی چییە؟ لە چییە هەست بە جوانی دەکەیت؟

ئایا جوانی لە خۆیدا هەیە. یان هەستکردن بە جوانی بەندە بەوەی چی لە شتەکە دەبینین و چۆن شتەکە لە بەرچاومان دەردەکەوێت؟ لێرەدا زۆر ڕا هەن، گرنگترینیان دوو خوێندگەیە:

خوێندگەی یەکەم: جوانی بە سیفەت یان بە خاسیەتی بابەتەکی دادەنێت کەلە خودی شتەجوانەکاندا هەن و سەربەخۆن لەو ژیرییەی کە پێی دەزانێت، وا نەبووایە شتەکان نەدەبوون، کەواتە جوانی لە شتەکاندا هەیە ئەگەر ژیرییەکیش نەبێت درکی پێ بکات.

دووەم خوێندنگە: جوانی بە بوونێکی بابەتەکی دانانێت، بەڵکو بۆ ئەو هێزانەی دەباتەوە کە درکی پێ دەکەن بەلایەوە جوانی واتایەکی ژیرییە و سیفەت نییە بۆ شتێک کە لە شتی جواندا بێت و سەربەخۆ بێت لە هەموو درک پێکردنێکەوە.

٢. پێوەرەکانی جوانی یان چۆن و بەچی جوانی جیادەکەنەوە؟

هەڵسەنگاندنی جوانی، ئەو پێوەرە کە بەهۆیەوە جوانی جیادەکەینەوە و هەڵی دەسەنگێنین و (چێژ)ـی دەوترێت. توانایەکە مرۆڤ بە هۆیەوە هەست بە خۆشی جوانی دەکات و بە پلەی جیاواز لە کەسەکاندا هەیە، پەروەردە و مەدەنییەت بە پلەی جیاواز لە کەسێک و کۆمەڵێک بەرزی دەکەنەوە، دەنگێک یان دیمەنێک بە یەک شێوەکار لە گوێگر و بینەرانی ناکات، هۆی ئەمەش:

یەکەم: پێکهاتنی ماسوولکەکان لە هەموو کەسێکدا وەک یەک نییە، بێجگە لە جیاوازی نێوان کەسەکان لە ڕووی مەزاج و پەروەردە و نەریتەوە. 

دووەم: جیاوازی کەسەکان لە پلەی هۆش و بیردا. هەستەکان بە تەنیا بۆ درک پێکردنی جووڵە و شێوە و دەنگ کارناکەن، بەڵکو بیر و هۆشیش بە یەکیانەوە دەبەستێت و رێکیان دەخات و بە پەیوەندییەکانیان دەزانێت. ئەمەش نهێنی ئەو ئارەزووەی مرۆڤە سەرەتاییەکانە لە ڕەنگە زەقەکان، بە پێچەوانەی ئارەزووکردنی رەنگی کاڵ لای شارستانییەکان.

دوو خوێندنگەی هەڵسەنگاندنی جوانی

دوو خوێندنگەی هەڵسەنگاندنی جوانی هەن: بۆ لای کام هێز لە خۆمان چێژ وەرگرتن لە جوانی دەگەڕێنینەوە؟ ئایا بۆ ژیریی یان بۆ ویژدان و سۆز. خوێندنگەی ژیری بۆ لای یەکەمی دەگەڕێننەوە و بە پێویستی دەزانن کە شاکارە هونەرییەکان بکەونە ژێر باری ڕێسا ژییرییەکان و یاساییەکان.  هەرچی خوێندنگەی سۆزدارییەکان (ڕۆمانسییەکان)ـە دووپاتی ڕەگەزی سۆز یان ویژدان لە چێژوەرگرتنی جوانی دەکات و دان بەوەدا نانێت کە ڕێساکان بکەونە ژێرباری (دروستکردنی هونەری بلیمەتانە)، حوکم دان لە سەر جوانی بەڕای خوێندنگەی یەکەم ژیرییەتی پوختە و لە حوکمی واقیعیەکانی دیکە ستایشی دیاردەکان دەکەن جیاواز نییە. هەرچی خوێندنگەی سۆزدارییە ڕۆڵی ژیریی کەم دەکاتەوە، چونکە حوکم دان لەسەر جوانی یان هەڵسەنگاندنی جوانی ئەوا ویژدانییە بەجوانی یان هەست پێکردنە یاخود سوسەزانی راستەوخۆیە دەربارەی ناوەڕۆکی شتە جوانەکان.

٣. پەیوەندی نێوان هونەر و زانستی ڕەوشت

دوو بۆچوونی گرنگ هەن: هی وا هەیە ئامانجی هونەر بە ئامانجی رەوشت دادەنێت، بەم شێوەیە چاکی و جوانی یەکسان دەکات و بە ئەرکی هونەری دەزانێت خزمەت بە رەوشت بکات. پێچەوانەی ئەمە هەیە وتوویەتی هونەر لە جوانی دەکۆڵێتەوە و هیچی دیکەی لە دواوە نییە گرنگ جوانی شێوەی هونەرەکەیە، یان شێوەکەیە، هەرچی بابەتە هەر شتێک بێت قەیناکە، با خراپە یان تاوان یاخود چاکە بێت.

٤. هونەرەکان مەیدانی دەربرینی جوانین

سروشت جوانی تێدایە، بەڵام هونەرەکان ئەو شێوازەن کە مرۆڤ پێوەی جوانی و هەست بە جوانی کردن دەردەبڕێت. لێرەدا گیروگرفتێک دەردەکەوێت: ڕۆڵی هونەرمەند چییە؟ ئایا تەنها چاولێکەر و لاسایی کەرەوە و لەبەرگرەوەی جوانی سروشتە، یان ڕۆڵەکەی زیادکردن کامڵبوون دەربڕی ئەوەی کە دەشێت ببێت، نەک تەنیا وەک ئەوەی هەیە؟ لێرەدا چەند ڕێباوەڕێک (مزهب)ـێك هەیە:

I. ڕێباوەڕی نموونەیی لە هونەردا یان ڕێباوەڕ کامڵبوون:
بەپێی ئەم ڕێباوەڕە هونەرمەند لە سەریەتی وا کارەکانی دەربڕێت وەک ئەوەی کە هەن، ویژدان و سۆزی بۆ هونەرەکەی تەرخان بکات، هەر بە گواستنەوەی ڕاستییەکان وەک خۆیان یان لەبەرگرتنەوەی سروشت و جوانییەکەی وەک خۆی نەوەستێت. هەر شتێکیش خراپ و بووبێت لە بواری دەربڕینی هونەردا دووری بخاتەوە.

II. ڕێباوەڕی سروشتی (واقیع):
ئەم ڕێباوەڕە وای دەبینێت کە تەنیا سروشت بواری هونەرە. لەسەر هونەرمەندە چەند بتوانێت لاسای سروشت بکاتەوە، تێبینی بکات و هەر ڕاستییەکی شاراوە بخاتە بشتگوێ، کرۆکی شتەکان دووربخاتەوە و لە واقیعی بینراوی سروشت تێنەپەڕێت چ بەزاڵبوون بەسەریدا یان لە خۆیەوە شتی بخاتەسەر، ڕێباوەڕی سروشتی باوەڕی بە بابەتێکی جوانی سروشتە، بۆیە ئەم ڕێباوەڕە لە دەست تێوەردانی هونەرمەند کەم دەکاتەوە، بە پێچەوانەی ڕێباوەڕی ڕۆمانسی.

III. ڕێباوەڕی ڕۆمانسی:
ئەم ڕێباوەڕە لە دواییەکانی سەدەی ١٨ و پاش ئەوە پەیدابووە، جەخت لەسەر لایەنی سۆز و هەست و ویژدان و تێگەشتنی ڕاستەوخۆ بۆ سروشت و جوانییەکەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە ڕۆڵی ژیریی کەم دەکاتەوە، باوەڕی وایە کە هونەرمەند دەورێکی گرنگی لە درک پێکردنی جوانی یان دەربڕیندا هەیە، لەبەر ئەمە بە پێویستی دەزانێت کە هونەرمەند دەست وەربداتە سروشت نەک هەر لێی بگوازێتەوە. ئەم ڕێباوەڕە کاری ڕاستگۆیی لە دەربڕین و شتی لە خۆوە و ئەندێشە و سۆز و گاڵتەکردن بە ژیریی و لۆژیک بە گەورە دادەنێت، بەلایەوە هونەرمەند پێویستە بەسەربەستییەکی تەواو ئەوەی هەیەتی دەری ببڕێ، بێ گوێدان بە شتێک یان بەخۆبەستنەوە بە کۆتێک جا هەر ڕێسایەک بۆ کاری هونەری هەبێت.


سەرچاوەکان

2961 بینین