میتافیزیک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-02:52:00 - کۆدی بابەت: 3699
میتافیزیک

ناوه‌ڕۆك

میتافیزیک چییە؟

لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە بایەخ بە لێکۆلینەوەکانی تایبەت بە گەردوون و بوونەوەر و مرۆڤ دەدات، تا دەگاتە ڕادەی تێگەیشتن و شیکردنەوەیان. جا ئەگەر لۆژیک (منطق) بە ئامێری زانیاری ڕاستیەکان دابنرێت و بیردۆزی زانیاریش لە ڕێگە و ڕێبازی زانستی بکۆڵێتەوە ئەوا میتافیزیک خودی ئەو ڕاستییانە دەخاتە بەر لێکۆلینەوە، لە گەردوون و جیهان بە گشتی بە بونەوەران و مرۆڤیشەوە.

مەبەستی میتافیزیک

جیهان و گەردوونی دەوروبەرمان تەنانەت مرۆڤ و بونەوەرانیش، ئەم هەموو شتانە هەمەچەشنی و هەمەجۆری بێ سنوور دەنوێنن، مرۆڤ کاتێ کە دەڕوانێتە شتەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووی هەمەجۆری و جیاوازی ئەوتۆی نێوان بوونەوەرەکان دەبێتەوە کە بەسەختی دەتوانێ پەیوەندی نێوان ئەوانە و لێکدانەوەی خۆی بە یەکدییەوە ببەستێتەوە. ئەرک و مەبەستی میتافیزیکیش کەمکردنەوە و ساکارکردنی هەمەجۆرییە و بەدیهێنانی جۆرە یەکبوونێکە کە هەموو بوونەوەرەکان لە ژمارەیەکی کەمی بیروباوەڕ چەمک و بۆچوونەکانی بیر و هۆش کۆبکاتەوە.

جیاوازی نێوان خۆێندنگە میتافیزیکییەکان

خوێندنگاکانی میتافیزیک جیاوازن لە بارەی:

• تێڕوانینی ناوەڕۆکی گەردوون یان ڕاستییە بنچینەییەکانی گەردوون

یەکایەتی: ناوەڕۆکی ڕاستی یەک شتە، بێجگە لە ئەو ئەوانی دیکە دیاردە و وەسفی ئەم ناوەڕۆکەن.

جووتەکی: دەڵێت دوو ناوەڕۆک بۆ ڕاستی هەن، یان دوو ڕاستی بنچینەیی هەن هیچیان بۆ ئەوی دیکە ناگەڕێتەوە.

هەمەجۆری: ئەمە وای دەبینێ کە هەمەجۆری ناوەڕۆکی شتەکان بە کۆی ناوەڕۆکەکان پێکدێن و بە بزربوونیان بزردەبن.

• تێڕوانینی نەگۆڕ و گۆڕاو

فەیلەسوفانی نەگۆڕ: ئەم میتافیزیکیانە ڕاستییان لا ناگۆڕە، و دەڵێن گۆڕان خەیاڵ و بەهەڵەداچوونە، یان دیاردەیەکی بێ بایەخ و بێ بەهایە.

فەیلەسووفانی گۆڕاو: ئەمەیان ڕاستی یاخود ناخی گەردوونە، ئەو نەگۆڕانەی کە لە دەوروبەرمان دەیبینین، پەردەیەکی ڕاستی هەمیشەیی نییە.

• هەڵبژاردنی ناوەڕۆکەکەی بنچینەیی گەردوون

نموونەیی: تێڕوانینێکی میتافیزیکیانە، گیان و بیر و بەها نموونەییەکان وەکو (چاکە) بە بنچینە و ناوەڕۆکی گەردوون دادەنێت، جگە لەمانەش ئەوانی دیکە دیاردەیەکی مامناوەندی هزر و گیانن.

ماددەیی: ئەمەیان ماددە، بە بناغە و ناوەڕۆکی گەردوون دادەنێت و دەڵێت شت بە گەڕاندنەوەیان بۆ ماددە و یاساکانیش شی دەکرێنەوە.

تێڕوانینێک بۆ پەیوەندی نێوان خودێتی و بابەتییەتی (الذآتیة و الموضوعیة)

پەیدابوونی زانیاری وەک لقێکی گرنگی فەلسەفە لە کۆتایی سەدەی ١٧ و کۆتایی سەدەی ١٨ سەرنجی لە تێڕوانین بۆ ڕاستی و گەردوون و جیهان لە بارەی بابەتیەتی یان ئەو شتانەی لە دەرەوەی خودی ئێمەدا هەن بۆ خودناسین و درک پێکردنمان گۆڕی، تا وای لێهات هەندێ لە فەیلەسووفەکان لە سۆنگەی خودناسین و درک پێکردنمان بۆ بابەت و جیهان دەیانڕوانییە بابەت و جیهان. فەلسەفەی واقیعی ئەم تێڕوانینەی رەتکردەوە بەوەی جیهان لە بوونی دا سەربەخۆیە و دوورە لە درک پێکردنی ئێمە پێیەوە، وتمان لێکۆلینەوەی (بوون) لێکۆڵینەوەی بوونە بە شێوەیەکی ڕەهایانە ئەمەش پاکانەی پێویستی ئەم لێکۆلینەوەیە، چوونکە هەر زانستێک لێکۆلینەوەی لایەنێکی یان بەشێکی بوونە وەکو بیرکاری و کیمیا و ...هتد، لەبەر ئەمە دەبێت زانستێک لە بوون بە تەواوی بکۆڵێتەوە، بەڵام ئەو فەیلەسووفەی لە بوون دەکۆڵێتەوە، دارستان وەک دارستانێک دەبینێت نەک وەک درەختی تەنیا. بیانوویەکی دیکە بۆ ئەم لێکۆلینەوەیە ئەوەیە کە هەر زانستێک پەسەند و سەرەتا بەکاردەهێنرێت بێ دارخستنی ڕاستی یان بەڵگە، بۆ نموونە زانستی ئەندازیاری بە پەسەندی بەڵگەنەویستەکی دەست پێدەکات وەک ئەوەی دەڵێت: دوو هێڵی تەریب ناگەنە یەک، زۆری دیکە لە بەڵگەنەویستە ناسراوەكانی (ئۆکلیدس) کە هەموویان پشت بە گریمانی (شوێن) دەبەستن، بێ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە کە شوێن و ڕاستیەکەی جیهان لە زانستە سروشتییەکان چین؟ وادادەنێن (ماددە) هەیە و یاسایان بۆ دادەنێن، یاساکانی هۆکارەکان و بێ پێچەوانەیی بە گریمان وەردەگرن، بەڵام ئەرکی ئەوان لە ڕاستی ماددە یان دروستی هۆکارەکان و پێچەوانە بکۆڵێنەوە ئەوەی لەمە دەکۆڵێتەوە میتافیزیکە یان زانستی بوونە، هەروەها دەربارەی چەمکی کات (الزمان) هەمان شت دەوترێت.


سەرچاوەکان

1286 بینین