پاڵاوتنی نەوتی خاو

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-03:00:00 - کۆدی بابەت: 3701
پاڵاوتنی نەوتی خاو

ناوه‌ڕۆك

پاڵاوتنی نەوتی خاو چۆن دەكرێ؟

پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت پیشەسازییەکی کیماوی و سەربەخۆیە و کارگەکانی پاڵاوتنیش (پاڵاوگەکان) لە جیهاندا لە یەک ناچن چونکە لەسەر بنەڕەتی ئەنجامی تاقیگەریی جۆرەکانی نەوت نەخشەی بۆ کێشراوە. نەوتی دەرهێنراوی چاڵەکان کەرەستەی لاوەکی تێدایە و گەورەترین ئاو و گیراوەی خوێ و لم و قوڕە جگە لە ئەندازەیەکی گاز، پێش کردارەکانی پاڵاوتن پێویستە ئەم ماددانەی لێ جیابکرێتەوە و ئەو گازانەش لەگەڵ نەوتدا دوو جۆرن.

١- گازە نەتواوەکان: ئەمانیش جیادەکرێنەوە بەهۆی جیاکەرەوەکان لە شوێنەکانی جیاکردنەوەی گاز لە نزیک بیرە نەوتەکاندا.

٢- گازە تواوەکان: ئەمانەش جیادەکرێنەوە بە کرداری خەستکردنەوە کە بریتییە لە دڵۆپاندنی نەوت بۆ جیاکردنەوەی گەورەترین ئەندازەی گازە تواوەکانی ناوی بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بە ئاسانی و ساغی لە ژێر پەستانی سروشتدا.

کەواتە خەستکردنەوەی نەوت بریتییە لە کرداری دووەم لە قۆناغی پاککردنەوەی نەوتدا دوای جیاکردنەوەی گازەکان نەوت ئامادە دەبێت بۆ پەستاوتنی بەرەو کارگەکانی پاڵاوتن یان بەرەو دەزگای پاڵاوتن لە کورەیەکی گەرمکردن نەوتی خاو و لە قولە (برج) یەک پێکهاتووە کە لەم قولەیەدا کرداری جیاکردنەوەی دڵۆپاوەکان (المقطرات) لە ڕۆنی نیشتەنی سووتەنی (نەوتی ڕەش) بەجێ دەهێنرێ. کۆمەڵە لوولەیەک لە ناو ئەم قولەیەدا هەیە، نەوتە خاوەکەی پێدا تێپەڕ دەکرێت، بەهۆی ئاگردانەکانی ناو کورەکەوە ئەو نەوتە خاوە لەناو ئەو لوولانەدا گەرم دەکرێت. بە چوونە ژوورەوەی نەوتە خاوە گەرمەکە بۆ ناو قولەکە دڵۆپاوەکانی بە شێوەی هەڵم لێ جیادەبێتەوە و بەناو قولەکەدا بەرەوژوور و سەردەکەوێت و بەپێی پلەی کوڵانی پلە پلە خەست دەبێتەوە لە خاڵێکی تری ژوور ئەو خاڵەدا نەوتی سپی خەست دەبێتەوە، هەرچی بەنزینە لە سەرەوەی قولەکەوە بە شێوەی هەڵم سەردەکەوێت و دەچێتە دەرەوە لە ساردکەرەوەی تایەبتیدا خەست دەکرێتەوە. ڕۆنی نیشتەنی سووتەنییەکەشی دەنیشێتە خوار قولەکە و لەوێوە ڕآدەکێشرێت بۆ ناو کۆگەکانی دوای سارد کردنەوەی بەم کردارە دەڵێن دڵۆپاندنی هەوایی.

تایبەتمەندییەكانی پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت

  • پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت بریتییە لە یەکێ لەو پیشەسازییانەی کە ڕێژەی کێشی ونبووی زۆر کەم تێدایە.
  • پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت لەو پیشەسازییانەیە کە قەبارەی کەرەستە سەرەتاییە بەکارهێنراوەکانیان زۆر دەکەن بۆ نموونە پاڵاوتنی ١٠٠٠ بەرمیل لە نەوتی خاو زیاتر لە ١٠٠٠ بەرمیل کیرۆسین و گازۆیل و سووتەمەنی و بەنزین و دەرهێنراوەکانی تر بەرهەم دێنێت.
  • بەروبووم و لێدەرهێنراوەکانی فرە جۆرن.
  • لە پاڵاوتگە تازەکاندا تەکنیک گەیشتۆتە پلەیەکی بەرز. لەبەر ئەوە کرێکاری زۆری ناوێت و لە ئەنجام ئەم پاڵاوتگانە بە هەرزان دەکەونە گەڕ.
  • پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت پێویستی بە سەرمایەی زۆر گەورە هەیە لەبەر بەرزی نرخی ئامێر و ماکینەکانی یەکەی بەرهەمداری، بۆ نموونە پاڵاوتگەی بەسرە لە عێراقدا کە وزەکەی تێناپەڕێت لە ٣،٥ ملیۆن تەن نەوتی خاو، نزیکی ٢٥ ملیۆن دیناری تێچووە (بە نرخی ساڵی ١٩٧٤). 

شوێنی کارگەکانی پاڵاوتن

شوێنی کارگەکانی پاڵاوتنی نەوت (پاڵاوگەکان) هەڵدەبژێرێت بەپێی ئەم بنچینانەی خوارەوە:

١- ڕووبەرێکی فراوانی زەوی هەبێ بە مەبەستی فراوانبوونی داهاتوو، دوورکەوتنەوەش لەوەی کە ئەشێت ڕووبدات لە ئەنجامی کردارەکانی پاڵاوتندا.

٢- بوونی سەرچاوەی ئاوی هەمیشەیی بۆ مەبەستی ساردکردنەوە و پاککردنەوە، چونکە پاڵاوتنی یەک بەرمیل نەوتی خاو پێویستی هەیە بە نزیکەی (٧٠) گاڵۆنی ئاو واتە دوو بەرمیل ئاو.

٣- لەبەر ئەوەی ئەم پیشەسازییە دوکەڵ و هەڵم و گاز دەردەدات پێویستە لە هەڵبژاردنی شوێنەکاندا ڕووی با پێشچآو بخرێت، بۆ نموونە پاڵاوتگەی (دۆرە) شوێنەکەی هەڵبژێرراوە لە باشووری خۆرهەڵاتی بەغداد چونکە ئەو بایەی هەڵدەکات باکووری خۆرئاوایە.

٤- زۆربەی پاشەڕۆی ئەم پاڵێوگانە ژەهراوییە. لەبەر ئەوە پێویست کراوە لەسەریان کە ئاوی پاشەڕۆکان پاکبکرێنەوە لە ژەهر پێش ئەوەی بەریدەنەوە ناو ڕووبار و دەریاچەکان.

٥- بە زۆری شوێنی پاڵاوتگەکان هەڵدەبژێررێ لەسەر ڕێگە ئاوییەکان لە بەندەرەکاندا بۆ لە دەرەوەهێنانی نەوتی خاو لە لایەکەوە و ئاسانکردنی گواستنەوەی دەرهێنراوەکان و بە زۆریش دابەش بەسەر سێ جۆردا:

  1. ئەو پاڵاوتگانەی دەکەونە نزیک چاڵە نەوتییەکان.
  2. ئەو پاڵاوتگانەی دەکەونە نزیک بازاڕەکان.

ئەو پاڵاوتگانەی دەکەونە شوێنێکی ناوەندییەوە لە نێوان چاڵەکان و بازاڕەکاندا، بەڵام ئەوەی شآیەنی دەستنیشآنکردنە ئەوەیە کە گۆڕان هەیە لەو شوێنانەدا چونکە ژمارە و وزەی ئەو پاڵاوتگانەی دەکەونە نزیک چاڵەکانەوە زۆر بوون تاکو لە ساڵی ١٩٣٩ـدا ٧٠٪ـی بەرهەمی جیهان لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی پاڵاوتنی نەوتدا لەو پاڵاوتگانە دەهاتە کە لە چآڵە نەوتەکانەوە نزیک بوون، بەرامبەر بە ٣٠٪ لە پاڵاوتگانەوە کە جێگیرن لە بازاڕدا.
بەڵام لە ساڵی ١٩٦٢ دابەشی پاڵاوتگە جێگیرەکانی بازاڕ بوو بە ٦٣٪ بەرامبەر بە ٣٠٪ـی بەشی ئەو پاڵاوتگانەی کە لە چاڵەکانی نەوتی خاودا هەن یان نزیکیانن ئەو لە ٧٪ـەی دەمێنێتەوە بەشی پاڵاوتگەکانی ناوەڕاستی چاڵەکان و بازاڕ بوو. 

هۆیەکانی ئەم گۆڕانە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە

  • وڵاتە داگیرکەرەکان کە خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای قۆرخکردنی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوە بوون دەترسان لە بەخۆماڵیکردنی دەستگاکانیان لە لایەن میرییە نیشتیمانپەروەر و سەربەخۆکانەوە چونکە جووڵانەوە ڕزگاری خوازی خۆماڵی (مصدق) لە ئێران لە ساڵی ١٩٥٢ دا و خۆماڵیکردنی نۆکەندی سوێس لە ساڵی ١٩٥٦، هۆیەکی تریش هەیە ئەوەیە کە گواستنەوەی نەوتی خاو لە گواستنەوەی بەروبوومە زۆرەکانی هەرزانترە.
  • بۆ ئەوەی شەریکە قۆرخکارەکان قازانجێکی زۆر بەدەست بهێنن دوای پاڵاوتنی نەوت وڵاتە بەرهەمهێنەرەکان کە بە زۆری تازە پێدەگەن بێبەش بکەن لەو قازانجانە و هیچیان بۆ نەهێڵنەوە تەنها بەشە کەمەکەیان نەبێ لە فرۆشتنی نەوتی خاودا، بۆ نموونە عێراق لە پەنجاکاندا تەنها ٢٠ سەنتی بەردەکەوت لە هەر بەرمیلێکی نەوتی خاو بەڵام قازانجی کۆمپانیا قۆرخکەرەکان دەگەیشتە نزیکەی ١١ دۆلار، دوای ئەوەی دروستکردنی سەڕەرای خستنەکارەوە کرێکار لە وڵاتە داگیرکەرەکان و وەبەرهێنانی سەمایەکانی خۆیان.
  • دڵنیا بوون لە بوونی گەنجینەیەکی ستراتیژی نەوت.
  • زۆر کردنی کەرەستە سەرەتاییەکان بۆ پیشەسازی پترۆکیمیاوی.

دابەشکردنی جوگرافیی پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت

ویلایەتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن و ڕووسیا خاوەنی گەورەترین وزەی پاڵاوتنن لە جیهاندا. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکن زیاتر لە ٢٥٠ پاڵاوگەی تێدایە و دابەش دەبن لە کەناری ڕۆژهەڵات و کەناری کەنداوی مەکسیک و کالیفۆرنیا و ناوچەکانی ناوەوەی نزیک شیکاگۆ، ناوچەی دەریایی کاریبی لە ناوچە سەرەکییەکانی پاڵاوتن و لە دوو دورگەی بچووک جێگیر دەبن و بریتییە لە ئەوروپا و کراسا و بە دووری 40 میل لە باکووری کەناری ڤەنزوێلادا چونکە پاڵاوتنی 1/4ـی بەرهەمی ڤەنزوێلادا دەگرێتەوە.
کۆمپانیای (شێڵ)ـی هۆڵەندی هەلێبژدراردووە لە شوێنێکی ناوەڕاستی نێوان چاڵەکان و بازاڕەکاندا بۆ ئەوەی دووریان بخاتەوە لە جووڵانەوەی ڕزگاریخواز و خۆماڵیکردن لە وڵاتەکانی ئەمەریکای لاتینی بە تایبەتی ڤەنزوێلادا لەبەر قووڵی ئاویش نزیک کەنارەکانیان. بەڵام لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا پاڵاوگەکان جێگیر دەبن لە کەنارەکاندا. لەبەر ئەوەی ئەوروپا گەورەترین بەکاربەری نەوتە، گرنگترین ئەو وڵاتانەش کە پاڵاوگەکانی تێدایە بریتییە لە ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و هۆڵەندا و ئیسپانیا، شوێنی پاڵاوگەکانیش لە کەنارەکانیاندایە. بەڵام لە ئەمەریکای باشووردا پاڵاوگەکان لە دوو دەوڵەتدا کۆبوونەتەوە کە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا و بەڕازیلە. گەورەترین پاڵاوگەکانی ئاسیاش لە بەندەرەکانی ژاپۆن و سەنگافورادایە.

گرنگترین پاڵاوتگەکانی نەوت لە عێراق

بریتین لە:

  • مۆڵگەی سەلاحەدین

لە قەزای بێجی پارێزگای سەڵاحەدینە و وزەی ساڵانەی (15) ملیۆن تەنە، لەبەر ئەوە گەورەترین مۆڵگەی پاڵاوتگەیە لە عێراقدا.

  • پاڵاوتگەی دۆرە

دەکەوێتە دۆرە لە باشووری بەغدا و لە ساڵی 1955 دا تەواو بوو، وزە بەرهەمدارییەکەی فراوانکراوە لە پاشان گەیشتە 4 ملیۆن تەن و بە بۆڕیش لە چاڵەکانی کەرکوکەوە نەوتی بۆ دەگوێزرێتەوە. ئەم پاڵاوتگەیە دەژمێررێت بە کۆگارییەکی (مجمع صناعي) پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆن و لولە غازی شل و مێرووکوژ و پیو و گریس و مۆم و ئەسفەلت.

  • پاڵاوتگەی حەدیسە (پارێزگای ئەنبار)

لە ساڵی 1938ـدا تەواو بووە و وزەی بەرهەمداری دەگاتە 750 هەزار تەن و لە کەرکووکەوە نەوتی بۆ دەنێررێت و دەکەوێتە نزیک حەدیسەوە لەسەر فوڕات. سەرەڕای ئەوەی دەرهێنراوەکانی بەکاربردنی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە بەشێکیش دەنێرێت بۆ وڵاتی سوریا.

  • پاڵاوتگەی بابەگوڕگوڕ (کەرکوک)

ئەم پاڵاوتگەیە لە ساڵی 1972 لە شآری کەرکوک لە نەوتخانەی کەرکوک دامەزرا، توانای وەبەرهێنانی 1.5 ملیۆن تەن لە ساڵێکدا هەیە.

  • پاڵاوتگەی بەسڕە

ئەم پاڵاوتگەیە لە ساڵی 1974 تەواو بوو، دەکەوێتە (شوعیبە) وە لەسەر شەتی عەرەب لە باشووری بەسڕەدا، لە سەرەتاوە دانرابوو بە وزەیەکی ساڵانە کە دەگەیشتە 3.5 ملیۆن تەن نەوتی خاو، بەڵام کادیرە نیشتیمانییەکان توانیان وزەی فراوان بکەن بۆ 7 ملیۆن تەن، نەوتی خاویش وەردەگیرێت لە چاڵی ڕومێلەی باشوورەوە.

  • پاڵاوتگەی سەماوە

لە ساڵی 1978ـدا لە نزیک شآری سەماوەوە تەواو بوو، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی نیو ملیۆن تەنە. لە ساڵی 1979-1982ـدا توانای زیاتر کرا تا 1.5 ملیۆن تەن. نەوتی خاوی لە لوولە هێڵی ستراتیژییەوە بۆ دێت.

  • پاڵاوتگەی موسڵ

بەرهەمی لە ساڵی 1975ـدا دەسەتی پێکرد بۆ ئەوەی پێویستی ناوچەی باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبین بکات لە بەرهەمەکانی نەوت. نەوتی لە چاڵەکانی بابەگوڕگوڕەوە بۆ دێت.

  • پاڵاوتگەی قەیارە (گەیارە)

لە ساڵی 1955ـدا لە نزیک قەیارەوە تەواو کرا، تایبەتیشە بۆ دروستکردنی ئەسفەڵت (قیر).  توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی لە 60 هەزار تەن ئەسفەڵت زیاتر نەبووە، بەڵام لەم دواییانەدا بەرهەمی ئەسفەڵتی ساڵانەی گەیشتە 400 هەزار تەن.

  • پاڵاوتگەی کەسک (لە خۆرئاوای موسڵ)

لە ساڵی 1982ـدا تەواو کرا. پێداویستی بەروبوومی نەوت بۆ ناوچەی باکووری خۆرئاوای عێراق دابین دەکات. توانای ساڵانەشی نیو ملیۆن تەن، و نەوتی لە چآڵە نەوتەکانی کەرکووکەوە بۆ دێت.

  • پاڵاوتگەی حەبانییە

لە ساڵی 1983 دامەزراوە، توانای ساڵانەی نیو ملیۆن تەنە و نەوتی خاوی لە هێڵی ستراتیژییەوە بۆ دێت.

  • پاڵاوتگەی ناسریە

لە ساڵی 1981 تەواوکراوە، توانای 1.5 ملیۆن تەنە لە ساڵێكدا.


سەرچاوەکان

365 بینین