سەرفیترەی مانگی ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-22:55:00 - کۆدی بابەت: 4012
سەرفیترەی مانگی ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

سەرفیترە

واجبە زەکاتی سەفیترەی مانگی ڕەمەزان بە سێ مەرج:

  • یەکەم: موسوڵمان بێت، واتە: لەسەر کافر واجب نییە سەرفیترەی خۆی بدا (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: قال: فرض رسول الله ﷺ زکاة الفطر خاعا من تمر أو صاعا من شعیر علی العبد والحر والذکر الأنثی والصغیر والکبیر من المسلمین) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ سەرفیترەی مانگی ڕەمەزانی واجب کردووە لەسەر کۆیلە و ئازاد و نێر و مێ و گەورە و بچووک، بەو مەرجەی ئەوانە موسوڵمان بن.
  • دووەم: بە ئاوابوونی ڕۆژ لە ئاخیر ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزان، واتە: لە دەستپێکردنی شەوی جەژنەوە سەرفیترە واجب ئەبێت، کەواتە: ئەگەر یەکێک لە شەوی جەژندا بمرێ، واجبە سەرفیترەی بۆ بدرێت.
    هەروەها ئەگەر منداڵێک لە رەمەزاندا لە دایک ببێ، یان پێش ڕۆژئاوابوونی ڕۆژی ئاخیری ڕەمەزان لە دایک ببێ، واجبە سەرفیترەی بۆ بدرێ، بەڵام ئەگەر لە شەوی جەژندا لە دایک بوو، ئەوە سەرفیترەکەی واجب نییە.
  • سێیەم: ئەو سەرفیترەیە زیاد بێت لە مەسرەفی خۆی، وە لە مەسرەفی ماڵ و منداڵی خۆی، هی ڕۆژی جەژن و هی شەوی جەژن، واتە: ئەگەر کەسێک زیاتری نەبوو لە جلوبەرگ و خواردنی شەو و ڕۆژی جەژن بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی، وە زیاتری نەبوو لە ئەرکی خانوو، وە لە ئەندازەی قەرزداری، ئەوە سەرفیترەی لەسەر واجب نییە.

تێبینی: دروستە سەرفیترە هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانەوە بدرێ (کان الناس یعطونها قبل العید بالیوم والیومین) رواه البخاری، لە سەردەمی پێغەمبەردا ﷺ بە ڕۆژێک و بە دوو ڕۆژ پێش جەژن سەرفیترەیان ئەدا. هەروەها ئەگەر ڕۆژی جەژن کۆتایی هات و سەرفیترەی نەدابوو، واجبە قەزای بکاتەوە.
واجبە زەکاتی سەرفیترە بدا لەجیاتی خۆی وە لەجیاتی ئەو کەسانەی کە لەسەری واجبە بەخێویان بکات، وەک ژنەکەی خۆی و منداڵە بچووکەکانی خۆی، هەروەها منداڵە گەورەکانیشی و دایک و باوکیشی بەو مەرجەی فەقیر بن و هەم موسوڵمانیش بن.

ئەندازەی سەرفیترە بە پێوانە: یەک ساعە لەو جۆرە خواردنەی دانیشتووانی ئەو شوێنە بە زۆری ئەیخۆن، ئەندازەی ساعی سەرفیترە بە کێشان پێنج ڕیتڵ و سێیەکی ڕیتڵێکە بە ڕیتڵی عێراق، ئێستا ئەکاتە (٢٤٢٠) گرام، واتە: نزیکەی دوو کیلۆ و نیو.

تێبینی: ئەوە لەسەر مەزهەبی ئیمامی (شافعی)ـیە، بەڵام لەسەر مەزهەبی ئیمامی (حنفی): ئەگەر خورما، یان جۆ لە سەرفیترە بدا، ئەوە یەک ساع واجبە، بەڵام ئەگەر مێوژ، یان گەنم، یان ئاردی گەنم بدات، ئەوکاتە نیو ساع واجبە.
تێبینی: ساعی (حنفی) لەگەڵ ساعی (شافعی) جیاوازە، چونکە ساعی (حنفی) (٣٦٣٠) سێ کیلۆ و شەش سەد و سی گرامە، کەواتە: نیو ساعی ئەوان ئەکاتە (١٨١٥) گرام، نزیکەی دوو کیلۆ.
تێبینی: لە مەزهەبی ئیمامی (حنفی)ـدا دروستە نرخی ەو نیو ساعە پارە بدرێتە هەژاران بۆ سەرفیترە، بە گوێرەی نرخی بازاڕ.

(پاشکۆ)

١- دروستە هەژارێک سەرفیترەی خۆی بداتە هەژاریکی تر، ئینجا ئەو هەژارەیش سەرفیترەی خۆی بداتە ئەو، هەرچەند ژمارەی خێزانیشیان وەکو یەک نەبێت.
٢- ئەگەر ئافرەتێک لە مێردەکەی خۆی تۆرابوو، یەن بەبێ ئیزنی مێردەکەی لە ماڵەوە دەرچوبوو، ئەوە سەرفیترەی لەسەر مێردەکەی واجب نییە.
٣- ئەگەر دایک و باوک و کوڕ و کیژی باڵغ نەیانتوانی خۆیان بەخێو بکەن دروست نییە بەبێ یزن سەرفیترەیان بۆ بدا، چونکە زەکات خواپەرستییە و پێویستی بە نیەت هەیە، جا ئەو ئیزندانە ئەبێتە نیەتهێنان، هەروەها دورست نییە بەبێ ئیزن سەرفیترەی خوشک و برا، یان ژنی برای، یان ژنی کوڕی، یان ژنی خوشکی، یان هەر بێگانەیەکی تر بدا، هەرچەند ماڵیشییان لەگەڵ یەکدا بێ.
٤- بزانە: ئەوەی رۆژووش ناگرێ، هەر واجبە سەرفیترەکەی بدا (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: فرض رسول الله ﷺ زکاة الفطر طهرة للصائم من اللغو والرفث وطعمه للمساکین) رواه الحاکم، پێغەمبەر ﷺ سەرفیترەی واجب کردووە بۆ ئەوەی ببێتە پاککەرەوەی مرۆڤی بەڕۆژوو لە قسەی پڕ و پوچ و ناشەرعی، هەم بۆ ئەوەی ببێتە خۆراکی هەژاران.


سەرچاوەکان



893 بینین