ناوهڕۆك
گفتوگۆی مارەبڕین
پێویستە لە دانیشگای مارەبڕیندا چوار کەس ئامادەبن: دووانیان شاهید بن و گوێ لە گفتوگۆکە بگرن. وە یەکێکیان (ولی)ـی ئافرەتەکە بێ -یان وەکیلی (ولی)ـیەکە بێ- بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکە بکا. وە یەکێکیان مێردەکە -یان وەکیلی مێردەکە- بێ و وەڵامی گفتوگۆیەکە بداتەوە.
وتاری سوننەت
سوننەتە یەکێک لەو چوارانە، یان کەسێکی تر -پێش مارە بڕین- ئەم ووتارە بخوێنێتەوە: (إن الْحَمْدُ للهِ نَحْمَدُه ونستعينُه ، ونستغفرُه ، ونعوذُ باللهِ من شرورِ أنفسِنا، مَن يَهْدِهِ اللهُ فلا مُضِلَّ له ، ومَن يُضْلِلْ فلا هادِيَ له ، وأشهدُ أن لا إله إلا اللهُ وحدَه لا شريكَ له ، وأشهدُ أنَّ مُحَمَّدًا عبدُه ورسولُه، (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًاكَثِيرًا وَنِسَاءً وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي تَسَاءَلُونَ بِهِ وَالْأَرْحَامَ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا)، (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ حَقَّ تُقَاتِهِ وَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنْتُمْ مُسْلِمُونَ)، (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا يُصْلِحْ لَكُمْ أَعْمَالَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ فَازَ فَوْزًا عَظِيمًا) رواه أصحاب السنن.
پێویستە بۆ مارەبڕین یەکێک لەم دوو ووشانە بگوترێ -کە لە قورئانی پیرۆزدا بەکار هاتوون- کە وشەی (تزویج)ـە واتە: لەگەڵ جووتکردن، یان ووشەی (إنکاح)، واتە: کردنە ژن (عن جابر -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: إتقوا الله فی النساء فإنکم أخذتموهن بأمان الله واستحللتم فروجهن بکلمة الله) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: لە خوا بترسن لەگەڵ ژنەکانتان باش بن، چونکە بە ئەمینداریەتی خوا ئەوانتان وەرگرتوون و بە ووشەی خوای گەورە داوێنی ئەوانتان حەڵاڵ کردووە.
گۆڕینی ئەو دو ووشەیە بۆ هەموو زمانێکی تر دروستە، بۆ وێنە: کاک نەوزاد باوکی کیژەکە بڵێ: (کاک ئازاد، ئەوا خانزادی کیژم کردە ژنی تۆ و لەگەڵ تۆم جووت کرد بە دە میسقالی زێڕ مارەیی). ئینجا کاک ئازاد وەڵام بداتەوە و بڵێ: (قبوڵم کرد خانزادی کیژت بە ژن بۆ خۆم و بە جووت لەگەڵ خۆم بەو مارەییەی گوتمان)
وە ئەگەر وەکیل مارەی ئەبڕێ، با وەکیلەکە بڵێ: ( ئەوا خانزادی کیژی کاک نەوزادم بە وەکیلایەتی ئەو کردە ژنی تۆ و لەگەڵ تۆم جووت کرد بە ئەوەندە مارەییە). ئینجا مێردەکەش لە وەڵامدا بڵێ: (قبوڵم کرد خانزادی کیژی کاک نەوزاد بە جووت لەگەڵ خۆم بە ژن بۆ خۆم...).
یان بڵێتە وەکیلی مێردەکە: (ئەوا خانزادی کیژم دایە کاک ئازاد بە ژنایەتی و لەگەڵ ئەویم جووت کرد...). ئینجا وەکیلی کاک ئازاد لە وەڵامدا بڵێ: (قبوڵم کرد خانزادی کیژی تۆ بە ژن بۆ کاک ئازاد و بە جووت لەگەڵ کاک ئازاد بە وەکیلایەتی ئەو بە ئەوەندە مارەییە).
كۆتایی
لە دوای مارەبڕین سوننەتە پیرۆزبایی لە ژن و مێردەکە بکرێ و دوعای باشیان بۆ بکرێ و بڵێ: (بارك الله لك وبارك علیك وجمع بینکما فی خیر) رواه الترمذي، خوا لە یەکتریتان پیرۆز بکا و بە خۆشی و شادی لەگەڵ یەکتریتان کۆ بکاتەوە.
ئینجا ژنەکەی گواستەوە و چوونە ژووری زاوا و بووک، سوننەتە زاوا مووی پێشە سەری بووکەکە بگرێ و بڵێ: خوا لە یەکتریمان پیرۆز بکا و بە خۆشی لەگەڵ یەکتر کۆمان بکاتەوە. ئینجا بڵێ: (أللهم إنی أسألك خیرها و خیر ما جبلتها علیك، وأعوذ بك من شرها و شر ما جبلتها علیك) رواه أبوداود.
ئینجا هەموو جارێک کە ویستیان جیماع بکەن، با نەختێک ماچ و دەستبازی بکەن و هەردووکیان پێش جیماعکردن بڵێن: (بسم الله أللهم جنبنا الشیطان وجنب الشیطان ما رزقتنا) رواه الشیخان. جا ئەگەر پیاوەکە پێشدا ڕەحەت بوو ئاوی هات، با هەڵنەستێ تا ئافرەتەکەیش ڕەحەت ئەبێ.
خۆ ڕەحەتکردنی ژن و مێرد بە دەستی یەکتری، یان بە هەر ئەندامێکی تری یەکتری دروستە، بەڵام خۆ ڕەحەتکردن بە دەستی خۆی، یان کەسێکی تر، یان بە ئەندامێکی تری لەش دروست نییە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ) ئەو کەسانەی دامێنی خۆیان ئەپارێزن جگە لە ڕابواردنی لەگەڵ ژنەکانی خۆیان.... ئەوانە لە بەهەشتدا ڕێزدارن.
هەروەها پێغەمبەر ﷺ ئەفەرمووێ: (فمن لم یستطع فعلیه بالصوم) رواه الشیخان، هەر کەسێک توانای ژن هێنانی نەبوو، با بەڕۆژوو بێ. واتە: ئەگەر خۆ ڕەحەتکردن بەم جۆرە دروست بووایە، پێغەمبەر ﷺ ڕێگای ئەدا و فەرمانی بەڕۆژوو بوونی نەئەدا.