ناوهڕۆك
تیۆری فرۆید
فرۆید بیرۆکەی خۆی دەربارەی کەسایەتی خستەڕوو لەڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ نەخۆشیە دەروونیەکان، پێی وابوو نەست کلیلی تێگەیشتنی کەسایەتیە. ئەقڵی مرۆڤیشی وەک چیای بەفر ناساند، نۆ بەشی لەژێر ئاوە و تەنها یەک بەشی لە بەرچاو دیارە، واتە ئێمە تەنها درک بە بەشێکی بچوکی ئەقڵمان دەکەین و بەشی زۆریشی لێمان شاراوەیە.
فرۆید لە بیرۆکەکانی گرنگی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەدات، بە بۆچوونی ئەو کەسایەتی بەرهەمی زنجیرەیەک ڕووداوە کە منداڵ لە ژیانی ناو خێزاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هەندێک جار منداڵ لە هەندێک ڕووداو ناگات بەبێ تێنەگەیشتن بەسەریدا تێپەڕنابێت، بەڵکو لەو قۆناغەی گەشەی کەسایەتیدا توشی وەستان (التثبیت) ئەبێ، کە گەورەش بوو ئەو وەستانە توشی چەندەها باری دەروونی نائاسایی دەکات، فرۆید ئاماژەی بە دروستبوونی گرێی دەروونی کرد لە قۆناغی منداڵیدا ناوی لێنا (گرێی ئۆدیب و گرێ ئەلکترا و گرێی قابیل) هەریەکێکیان لە بارودۆخی تایبەت دروستدەبن.
بۆچوونی فرۆید بۆ کەسایەتی بۆچونێکی بایۆلۆژی بوو، چونکە پێی وابوو وزەی دینامیکی ژیانی دەروونی مرۆڤ لە دوو پاڵنەری سەرەکی پێکدێت، ئەویش رەمەکی ژیان، لە پاڵنەرە سێکسیەکان خۆی دەدۆزێتەوە و رەمەکی مردن، لە پاڵنەری شەڕانگێزی خۆی دەدۆزێتەوە و فرۆید پێی وایە ئەم دوو پاڵنەەر بەردەوام لە ململانێدانە و بەچەند شێواز خۆیان دەخەنەڕوو، بۆ نمونە رەمەکی ژیان لە حالەتی نەخۆشی دەروونی وەک خۆشەویستی بۆ خود خۆی نیشاندەدات، پاشان دەگۆڕێت بۆ کەسانی دەرەوەی خۆی، لە سەرەتاکانیدا لە گرێ دەروونیەکان خۆی دەدۆزێتەوە وەک (گرێی ئۆدیب) کە لەوێوە کوڕەکە خۆشەویستیەکەی ئاڕاستەی دایکی دەکات و باوکی وەک ڕکابەرێک سەیر دەکات لە خۆشەویستیەکەی بۆ دایکی.
لە حاڵەتی (رەمەکی مردن) کاتێک کەسەکە حاڵەتی ڕق و کینەکان ئاڕاستەی خودی خۆی دەکات پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن، ئەگەر ڕق و کینەکان ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی کات ئەوا لە ڕەفترای شەڕانگێزی دژ بە کەسانی تر خۆی نیشان دەدات.
فرۆید پێی وایە شارەزایی و ڕووداوەکانی سەردەمی منداڵی بە تایبەتی ٥ ساڵی یەکەم، زۆر گرنگە بۆ پێکهێنانی کەسایەتی مرۆڤ و ئاماژەی بە پاڵنەرە نەستیەکان کرد لەگەڵ کاریگەری پاڵنەرە سێکسیەکان لەسەر کەسایەتی مرۆڤ.
پێکهاتەکانی کەسایەتی بە بۆچوونی فریۆد
- ئەو: سەرچاوی هەموو حەز و ئارەزوەکانی مرۆڤە، لەسەر بنەمای (تێرکردنی حەز و ئارەزوو دەڕوات) (مبدأ اللذة) وزەیەکی دەروونی بەکاردێنێت بۆ تێرکردنی هەردوو ڕەمەکی (مردن و ژیان).
- من: لەسەر بنەمای لۆژیک دەڕوات و هەوڵدەدات گشت یاساکانی مرۆڤانە جێ بە جێ بکات و پەیوەستە لەگەڵ واقیع.
- منی باڵا: لەسەر بنەمای (بەهای ئاکاری بەرز) دەڕوات و گوزارشت لە هەموو ئەو بەها کۆمەڵایەتیانە دەکات، کە لە منداڵیەوە فێری دەبین و دەبێتە بەشێک لە ئاکارمان.
فرۆید وای بۆ دەچێت (ئەو و منی باڵا) بەردەوام لە ململانێدایە و ڕۆڵی (من) ڕاگرتنی ئەو باڵانسەیە، کاتێک ئەو باڵانسە تێکدەچێت مرۆڤ توشی شڵەژانی دەروونی دەبێت.