بارگەی کارەبا و کارەبای جێگیر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-02:14:00 - کۆدی بابەت: 4442
بارگەی کارەبا و کارەبای جێگیر
فیزیا

بارگەی کارەبا ڕەوشتێکی فیزیاییە، تەن دەتوانێت بارگەی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ وەربگرێت یان هیچ بارگەیەکی لەسەر نەبێت

ناوه‌ڕۆك

بارگەی کارەبا 

هەموو ماددەیەک لە تەنۆلکەی زۆر بچووک پێک هاتووە کە پێی دەوترێ گەردیلە. گەردیلەش خۆی پێکهاتووە لە تەنۆلکەی زۆر بچووکتر کە بریتین لە پڕۆتۆن و نیوترۆن و ئەلیکترۆن. ئەلیکترۆن و پرۆتۆن بارگاوین بەڵآم نیوترۆن بارگاوی نییە.

بارگەکان هێز دەخەنە سەر یەکتری

بارگەی کارەبا ڕەوشتێکی فیزیاییە، تەن دەتوانێت بارگەی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ وەربگرێت یان هیچ بارگەیەکی لەسەر نەبێت، بە باشی لە بارگەی کارەبا تێدەگەین کاتێک ئەو کارلێکانەی لە نێوان تەنە بارگاوییەکاندا جێبەجێ دەکرێن دەبینین. تەنە بارگاویەکان هێزی پاڵنان یان ڕاکێشان دەخەنە سەر تەنە بارگاوییەکانی دی، یاسای بارگەی کارەباییەکان دەڵێت هەموو بارگە لە یەک چووەکان لە یەک دوور دەکەونەوە و هەموو بارگە جیاوازەکانیش یەکتر کێش دەکەن.

هێزی نێوان پڕۆتۆنەکان و ئەلیکترۆنەکان

بارگەی پڕۆتۆن پۆزەتیڤە و بارگەی ئەلیکترۆن نێگەتیڤە. ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە بارگەکانیان جیاوازە هێزی کێشکردن لە نێوانیاندا هەیە، وە ئەگەر ئەم هێزی کێشکردنە لە نێوانیاندا نەبوایە ئەوا ئەلیکترۆنەکان بە هەموو لایەکدا بڵاو دەبوونەوە لە ناووکی گەردیلە دوور دەکەوتنەوە.

هێزی کارەبا و بواری کارەبا

ئەو هێزەی لە نێوان تەنە بارگاوییەکاندا دروست دەبێت بریتییە لە هێزی کارەبا هێزی کارەبا پەیوەندی بە دوو هۆکارەوە هەیە، هۆکاری یەکەم بریتییە لە بڕی ئەو بارگەیەی کە لەسەر هەر تەنێکیانە تا ئەو دوو تەنە بارگەی زیاتریان لەسەر بێت هێزی کارەبای نێوانیان زیاتر دەبێت، وە هۆکاری دووەم کە بڕی هێزی کارەبایی دیاریدەکات بریتییە لە ماوەی نێوان دوو تەنە بارگاوییەکە تا دووری نێوانیان کەمتر بێت هێزی نێوانیان زیاتر دەبێت. تەنە بارگاوییەکان هێزی کارەبایی کاریان تێدەکات، چونکە بە دەوری تەنە بارگاوییەکاندا بوارێکی کارەبایی هەیە، بواری کارەبا بریتییە لەو ناوچەیەی کە دەوری تەنێکی بارگاوی داوە هێزی کارەبا دەخاتە سەر هەموو ئەو تەنە بارگاوییانەی کە لە ناوچەی ئەو بوارەدا دادەنرێت، ئەگەر تەنێکی بارگاوی بخرێتە ناو بوارێکی کارەبایی تەنێکی بارگاوی ترەوە ئەوا بەرەنگاری هێزێکی کارەبایی دوور کەوتنەوە یان کیشکردن دەبێت.

بارگاوی کردنی تەنەکان

گەردیلەکان ژمارەیەکی یەکسان لە پڕۆتۆن و ئەلیکترۆنی تێدایە وە لەبەرئەوەی بارگە پۆزەتیڤەکان و نێگەتیڤەکان لە ناو گەردیلەدا هەر یەکەیان کاری ئەوەی تریان ناهێڵێت، بۆیە گەردیلەی ئاسایی هیچ بارگەیەکی لەسەر دیار ناکەوێت. تەن بارگاوی دەبێت بە پۆزەتیڤ ئەگەر هەندێک ئەلیکترۆن وەربگرێت. تەنەکان بە سێ ڕێگە بارگاوی دەبن:

  • لێکخشاندن
  • گەیاندن
  • کارتێکردن

لێکخشاندن 

بارگەی کارەبا بە لێکخشاندن پەیدا دەبێت، کە ئەلیکترۆن لە تەنێکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ تەنێکی تر، لە ئەنجامی لێکخشاندن بارگەی کارەبا لەسەر هەردوو تەنەکە پەیدا دەبێت، لە کاتێکدا ڕاستەیەکەی پلاستیکی لە قوماشێک دەخشێنرێت هەندێک ئەلیکترۆن لە قوماشەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ڕاستەکەو بارگاوی دەبێت بە نێگەتیڤ چونکە ئەلیکترۆن وەردەگرێت. بەڵآم پارچە قوماشەکە بارگاوی دەبێت بە پۆزەتیڤ چونکە ئەلیکترۆن ون دەکات.

گەیاندن

بارگاوی کردن بە گەیاندن روودەدات کاتێک کە ئەلیکترۆن لە تەنێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ تەنێکی تر بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا، کاتێک تووڵێکی شووشەی بارگە پۆزەتیڤ بەر تووڵێکی کانزایی دەکەوێت هەندێک لە ئەلیکترۆنەکانی تووڵە کانزاکە دەگوێزرێتەوە بۆ شووشەکە. لە ئەنجامی ونبوونی ئەلیکترۆن. کانزاکە بە بارگەی پۆزەتیڤ بارگاوی دەبێت.

کارتێکردن (هاندان)

بارگاویکردن بە کارتێکردن ڕوودەدات کاتێک بارگەکانی تەنێکی بێ بارگە دووبارە ڕێکدەخرێتەوە بە هۆی نزیکخستنەوەی لە تەنێکی بارگاوییەوە بەبێ ئەوەی بەریەکتر بکەون، بۆ نموونە تەنێکی کانزایی بەدەست دەگریت و لە تەنێکی بارگە پۆزەتیڤی نزیک دەکەیتەوە، هەندێک لە ئەلیکترۆنەکانی کانزا کە ڕووەو تەنە بارگە پۆزەتیڤەکە دەڕۆن لە ئەنجامی ئەم جووڵەیە ناوچەیەک لەسە کانزاکە بە کارتێکردن دروست دەبێت کە بارگەکەی نێگەتیڤە.

مانەوەی بارگە (پاراستنی بارگە)

کاتێک تەنێک بارگاوی دەکرێت بە هەر ڕێگایەک بێت هیچ بارگەیەکی تازە دروست نابێت و هیچیش لە ناو ناچێت. بەڵکو ژمارەی پڕۆتۆنەکان و ئەلیکترۆنەکان هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە، زۆر بە ئاسانی ئەلیکترۆنەکان لە گەردیلەیەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ گەردیلەیەکی تر و لە ئەنجامدا هەندێک ناوچە دروست دەبێت کە بارگەکانیان جیاوازە. وە لەبەر ئەوەی بارگە نافەوتێ و درووستیش ناکرێت بۆیە بارگە هەموو کاتێک پارێزراوە.

دۆزینەوەی بارگەی کارەبا

بۆ زانینی تەنێك بارگاوییە یان بارگاوی نییە ئامێرێک بەکاردەهێنرێت کە پێی دەوتری کارەبادۆز وە یان (ئەلیکترۆسکۆب)، کارەبادۆز پێک هاتووە لە کەمۆڵەیەکی شووشە توڵێکی کانزا بە ناو دەمەوانەیەکی تەپەدۆر یان لاستیکدا چۆتە ناوەوەی. لە بەشی خوارەوەی تووڵەکەدا دوو پەڕەی کانزایی هەیە. لەو کاتەی کارەبا دۆزەکە بارگاوی نییە هەردوو پەڕەکان شۆڕ دەبنەوە بەڵام لە کاتی بارگاوی بوونیدا هەردوو پەڕەکان دەکرێنەوە.

بارگە کارەباییە جووڵاوەکان

ئەو تەلە کارەبایانەی بۆ گەیاندنی ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ بەکاردەهێنرێن بە پلاکە کارەباییەکانەوە زۆربەی ئەم تەلە گەیەنەرانە لە ماددەی کانزا پێک هاتووە و بە بەرگێکی پلاستیکی نەگەیەنەر داپۆشراوە، ماددەی جیاجیا بەکاردەهێنرێن. چونکە گواستنەوەی بارگەی کارەبا بە ناو هەندێ ماددەدا ئاسانترە لە گواستنەوەی بە ناو ماددەی تردا، ماددەکان بە پێی گواستنەوەی بارگەکان بە ناویاندا بۆ گەیەنەر و نەگەیەنەر پۆلێن دەکرێن.

گەیەنەرەکان

گەیەنەری کارەبا ئەو ماددەیەیە کە بارگەی کارەبای بە ئاسانی پێدا تێپەڕ دەبێت، زۆربەی کانزاکان گەیەنەرێکی باشن چونکە هەندێک لە ئەلیکترۆنەکان لە جووڵەدا سەربەستن، ماددە گەیەنەرەکان بۆ دروستکرردنی تەلەکان بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە مس، ئەلەمنیۆم، جیوە گەیەنەری باشن بۆ کارەبا، دوو تاڵە جیاکراوەکەی گڵۆپی سەر مێز وە هەروەها دوو سەری پلاکەکەی لە کانزا دروست کراون.

نەگەیەنەرەکان

نەگەیەنەری کارەبا ماددەیەکە بارگەی کارەبای پێدا بە ئاسانی تێپەڕ نابێت، نەگەیەنەرەکان ناتوانن بە باشی بارگەی کارەبا بگوێزنەوە، چونکە ئەلیکترۆنەکانیان بە توندی بە گەردیلەکانیانەوە بەستراون، ئەم نەگەیەنەرانە کە تەلە گەیەنەرەکانی پێ دادەپۆشرێت ڕێگە لە بارگەکان دەگرێت بگوێزرێتەوە بۆ بەرگی دەرەوە و دەتپارێزێت لە گرتنی کارەبا، ئەم ماددانەش وەک پلاستیک، لاستیک، تەختەی وشك، هەوا، جیاکەرەوەکانن.

کارەبای جێگیر 

کاتێک جل و بەرگ لە ناو ئامێری جل وشککردنەوە دەردەهێنرێت هەندێک جار دەبینین ئەو جلانە بە یەکدا نووساون، ئەم بەیەکدانووسانەش بەهۆی کارەبای جێگیرەوەیە. کارەبای جێگیر، بریتییە لە بارگەیەکی کارەبایی وەستاو لەسەر تەنێک کاتێک شتێک نەجووڵێت پێی دەوترێ جێگیرە، بارگەی کارەبا لەسەر ئەو تەنەی لەسەری دروست دەبێت جێگیرە و ئەو تەنە بە بارگاوی دادەنرێت. بۆ نموونە جلەکانی ناو ئامێری وشککەرەوەدا بارگاوی دەبن لە ئەنجامی لێکخشاندنی هەندێکیان بە ئەوانی تر، بۆیە بارگەی پۆزەتیڤ لەسەر هەندێکیان وە بارگەی نێگەتیڤ لەسەر ئەوانی تر پەیدادەبێت وە لەبەر ئەوەی جلەکان نەگەیەنەرن، ئەوە بارگە لەسەر هەر پارچە جلێک دەمێنێتەوە وە کارەبای جێگیر پەیدا دەبێت، بەیەکدانووسان لە ئەنجامی دروست بوونی بارگەی جێگیر ڕوودەدات. 

خاڵیبوونەوەی کارەبا 

ئەو بارگە کارەباییانەی کە وەک کارەبایەکی جێگیر لەسەر تەنێک دروست دەبێت، بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەری نامێنێتەوە بەڵکو بە جێی دە‌هێڵێت، بزربوونی کارەبای جێگیر و دەرچوونی لە تەنەکەدا پێی دەوترێ خاڵیبوونەوەی کارەبا هەندێک جار خاڵیبوونەوەی کارەبا بە هێواشی ڕوودەدات ئەو جلانەی کە بەیەکدا دەنوسێت بەهۆی کارەبای جێگیرەوە پاش ماوەیەک لە یەکتری جوودا دەبنەوە چونکە بارگەکانیان بە تێپەڕبوونی کار بۆ گەردەکانی ئاو کە لە ناو هەوادا هەیە دەگوێزرێنەوە. هەندێک جار خاڵیبوونەوەی کارەبا بە خێرایی ڕوودەدات و لە گەڵیدا تریشقەی ئاگرین وە یان دەنگێک یان گرتنی کارەبا ڕوودەدات، کاتێک بەسەر فەرشێکدا بە پێڵاوێکی لاستیکەوە دەڕۆیت بارگەی نێگەتیڤ لەسەر لەشت دروست دەبێت وە لە کاتێکدا کە دەستت بەر دەسکی دەزگایەکی کانزایی دەکەوێت هەست بە کارەبا ڕاتەکاندن دەکەیت، لە ئەنجامدا بە خێرا خاڵیبوونەوەی بارگەی کارەبایی سەر لەشت. هەورە تریشقە (بروسکە) باشترین نموونەی کاریگەرە بۆ خێرا خاڵیبوونەوەی بارگەی کارەبا. 

چۆن هەورە تریشقە دروست دەبێت؟

1- لە کاتی زریانێکی هەورە تیشقەدا هەوای باراناوی و بەفر لە هەورەکاندا بەرز دەبێتەوە لە ئەنجامدا بارگەی نێگەتیڤ کە ژێرەوەی هەورەکەدا و بارگەی پۆزەتیڤ لە بەشی سەرەوەیدا دروست دەبێت.

2- بارگە نێگەتیڤەکانی ژێرەوەی هەورەکە بارگەی پۆزەتیڤە لەسەر زەوی بەکارتێکردن دروست دەکات. لە ئەنجامی ئەو جیاوازیە ئەرکە گەورەی کە لە نێوان دوو بارگەدا پەیدادەبێت خاڵیبوونەوەیەکی خێرا روودەدات پێی دەوترێ تریشقە لێدان، دەنگەکەشی هەورەگرمەیە.

3- لە ئەنجامی دروست بوونی بارگەی جیاواز لە ناوچە جیاجیاکانی هەورەکاندا لە نێوان ئەو هەورانەدا خاڵیبوونەوەی کارەبا ڕوودەدات و هەورە بروسکە ڕوودەدات دەنگێکی بەهێزیش دروست دەکات کە پێی دەوترێ هەورە گرمە.

مەترسییەکانی هەورەتریشقە

هەورەتریشقە زۆربەی جار لە شوێنە بەرزەکانی ئەو ناوچانەی بارگاوین دەدات، چونکە ئەو خاڵە بەرزە نزیکترین ماوەیە بۆ گەیاندنی بارگەکان بۆ زەوی. هەموو شوێنێکی بەرز ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ هەورەتریشقە لێدان بۆیە دارەکان و مرۆڤ لە شوێنە کراوەکاندا زیاتر تووشی لێدانی هەورەتریشقە دەبن ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە وەستان یان ڕۆیشتن لە شوێنێکی دەشتاییدا لە کاتی زریان و هەورەتریشقەدا بە مەترسی دادەنرێت هەروەها وەستان لە ژێر درەختەکاندا بە مەترسی دادەنرێت چونکە ئەو بارگانەی لە لێدانی هەورەتریشقەكە لەسەر درەختەکە پەیدا دەبن لەوانەیە بۆ لەشی مرۆڤ بازبدات.

بەربەستکەری هەورەتریشقە

بەربەستکەری هەورەتریشقە توڵێکی کانزاییە و سەرێکی تیژی هەیە بە تەلێکی گەیەنەر بە زەوی دەگەیەنرێت و لە بەرزترین شوێنی بیناکان یان منارەکان دادەنرێت بۆ پارێزگاریکردنیان لە مەترسی لێدانی هەورە تریشقە. هەر تەنێک بە زەوی بگەیەنرێت وەک بەربەستکەری هەورەتریشقە ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ گەیاندنی ئەو بارگانە بۆ زەوی ئامادە دەکات. زەویش بەهۆی گەورەییەکەوە چەند بارگە وەربگرێت یان بارگە بدات هیچ کارێکی تێناکات. بەربەستکەری هەورەتریشقە کە لە هەموو شوێنێکی بیناکە بەرزترە کاتێک هەورەتریشقەیەک لێی دەدات ئەوا بارگە کارەباکان بەهۆی تەلە گەیەنەرەکەیەوە بە ئاسانی دەگوێزرێتەوە بۆ زەوی هیچ مەترسییەک ناخاتە سەر بیناکە و لە مەترسی هەورە تریشقە لێدان دەپیارێزێت.


سەرچاوەکان



5540 بینین