مەرجەکانی کوشتنی تۆڵە لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-13-05:50:00 - کۆدی بابەت: 4469
مەرجەکانی کوشتنی تۆڵە لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

مەرجەکانی کوشتنی لە تۆڵە ، مەرجەکانی واجببونی کوشتنی لە تۆڵە ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

مەرجەکانی واجببونی کوشتنی لە تۆڵە

  1. مرۆڤکوژەکە باڵغ بووبێ.
  2. عەقڵی هەبێ واتە منداڵ و شێت ئەگەر کەسێکیان بە قەسدی کوشت دروست نییە لە تۆڵە بکوژرێنەوە، بوڵکو ئەبێ خوێنی کوشتن لە ماڵی ئەوان بدرێ (عن عائشة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: رفع القلم عن ثلاثة: عن النائم حتی یستیقظ، وعن الصغیر حتی یکبر، وعن المجنون حتی یعقل) رواه أحمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی سێ کەس نووسینی تاوانیان لەسەر نییە خەوتوو، منداڵ، شێت.
  3. نابێ مرۆڤکوژەکە دایک و باوکی کوژراوەکە بێ (عن عمر -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لایقاد الوالد بالولد) رواه البیهقي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی باوک و باپیرە و دایک و داپیرە لە تۆڵەی کوڕ و کیژی خۆیان ناکوژرێن.
    ئەگەر دایک، یان باوک منداڵی خۆیان بکوژن، خوێنیان ئەکەوێتە سەر بۆ میراتگرەکانی کوژراوەکە، بەڵام ئەگەر کوڕ و کیژ دایکی خۆیان، یان باوکی خۆیان بکوژن، یان خزمێک خزمێکی تر بکوژێ، ئەوانە (گشتیان) دروستە لە تۆڵەی یەکتری بکوژرێن.
  4. نابێ کوژراوەکە کەمتر بێ لە پلەی مرۆڤکوژەکە بەهۆی کافری یان بە هۆی کۆیلەیی، کەواتە ئەگەر موسوڵمانێک کافرێکی پەیمان لەگەڵکراو بکوژێ، یان کۆیلەیەک بکوژێ، دروست نییە لە تۆڵە بیکوژن، چونکە مرۆڤکوژەکە و کوژراوەکە یەکسان نینە.

هەروەها مەرجە ئەبێ کوژراوەکە ڕێزی هەبێ لە ئیسلامدا و خوێنی بە فیڕۆ نەدرابێ، کەوابوو ئەگەر کەسێک ڕێگرێک، یان موسوڵمانێکی کافربوو، یان زیناکەرێکی وەها کە ژنی هێنابێ، یان زۆردارێکی هێرشکەر بکوژێ، ئەوە نە تۆڵەی لەسەرە و نە خوێنی لەسەرە (عن أبی جحیفة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لا یقتل المسلم بکافر) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی نابێ موسوڵمانلە تۆڵەی کافر بکوژرێ.

پیاو و ئافرەت هەردووکیان لە کوشتندا یەکسانن، واتە لە تۆڵەی یەکتری ئەکوژرێن (عن عمرو بن حزم -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إن الرجل یقتل بالمرأة) أخرجه أبوداود وغیره، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی پیاو لە تۆڵەی ئافرەت ئەکوژرێ.

کۆمەڵێک لە تۆڵەی یەک کەس ئەکوژرێن، کە بە تێکڕایی کوشتویانە، وەک بەیەکەوە لێی بدەن تا دەمرێ، یان بەیەکەوە لە بڵندایی فڕێی بدەنە خوارەوە، یان بیخەنە ناو ئاگر، یان ناو دەریا، یان شاهیدیی بە درۆ لەسەر بدەن و بە هۆی شاهیدییەکە بکوژرێ (عن ابن المسیب: أن عمر -رضي الله عنه- قتل خمسة أو سبعة برجل قتلوه غیلة) رواه الإمام مالك، ئیمامی عمر (خوا لێی ڕازی بێ) پێنج، یان حەوت کەسی لە تۆڵەی پیاوێک کوشتن، کە بە فێڵ کوشتبویان.

ئەگەر یەکێک هەڕەشە لە یەکێکی تر بکا و لێی بدا و بڵێ ئەگەر فڵان نەکوژی، من ئێستا تۆ دەکوژم ئەویش لە ترسان کوشتی، ئەوە ئەبێ هەردووکیان واتە زۆردارەکە و زۆرلێکراوەکە لە تۆڵەی کوژراوەکە بکوژرێن وە ئەگەر یەکێک کۆمەڵێک بکوژێ، ئەوە لە تۆڵەی یەکێکیان ئەکوژرێ و، خوێنی ئەوانی تریشی لێ وەرئەگیرێ.

تاوانکارەکە بە کام شێوە و بە کام ئامێر کوشتنەکەی کردووە، ئەبێ هەر بەو شێوەیە و بەو ئامێرە بکوژرێتەوە.
بەڵام ئەگەر ئەو جۆرەی ەو کوشتنی پێکردووە، لە شەرعدا حەرام بوو، وەکو زینا، ئەوە ئەبێ بە شمشێر بکوژرێ.


سەرچاوەکان



984 بینین