تاوانی کوشتن لە ئیسلامدا

تاوانی کوشتن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-18:00:00 - کۆدی بابەت: 4496
تاوانی کوشتن لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

باسی تاوانەکان

ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت

بەهۆی لەناوبردنی گیانی ئادەمیزادێک، یان یەکێک لە ئەندامەکانی لەشی، یان بریندارکردنی.
کوشتنی بە ناهەق -لە دوای کافربوون- لە گشت گوناهێکی تر گەورەترە، جا مەبەست بە کوشتنی بە ناهەق ئەو جۆرە کوشتنەیە کە یاسای ئیسلام ڕێگای نەدا، کەوابوو: کوشتنی کافری پەیمان لەگەڵکراو -وەکو کوشتنی موسوڵمان- لە گوناهە گەورەکانە، بەڵام کوشتنی موسوڵمان گوناهی گەورەترە، 
(عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: إجتنبوا السبع الموبقات. والوا: وما هن؟ قال الشرك بالله والسحر وقتل النفس التی حرم الله إلا بالحق وأکل الربا وأکل مال الیتیم والتولی یوم الزحف وقذف المحصنات الغافلات المؤمنات) رواه الشیخان، 
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خۆتان لەو حەوت گوناهانە بپارێزن کە لەناوتان ئەبەن: 

یەکەم: کافربوون. 
دووەم: سیحر. 
سێیەم: کوشتنی بە ناهەق. 
چوارەم: ڕیباخواردن.
پێنجەم: ماڵ خواردنی یەتیم.
شەشەم. هەڵاتن لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنی ئاینی.
حەوتەم: بوختان کردن بە ئافرەتانی داوێنپاک و ئیماندار.

جۆرەكانی كوشتن

کوشتن سێ جۆرە، 

یەکەم: کوشتنی بە قەسدییە. دووەم: کوستنی بە هەڵەیە. سێیەم: کوشتنی بە هەڵە وێنەی بە قەسدییە.

١- کوشتنی بە قەسدی ئەمەیە: بە قەسدی لە ئادەمیزادەکە بدا بە شتێکی وەها کە بە زۆری گیانلەبەر بکوژێ، وەکو تفەنگ و خەنجەر و بەردی گەورە و ژەهر دەرخوارددان و خنکاندن و ئەو جۆرە شتانە، وە مەبەستیشی کوشتنی ئەو بێ بەو لێدانە، جا بەم جۆرە کوشتنە واجب ئەبێ کوشتنەوەی تۆڵە لەسەر مرۆڤکوژەکە، واتە: ئەوەی کوشتنەکەی کردووە، خوای گەورە فەرموویەتی: (کتب علیکم القصاص فی القتلی) نوسراوە لەسەر ئێوە کوشتنی لە تۆڵەی کوژراوەکان.

نابێ ئافرەتی دووگیان بکوژرێ لە تۆڵە، تا منداڵەکەی دائەنێ.

جا ئەگەر خاوەن مافی تۆڵەوەرگر لە تاوانبارەکە خۆش بوو، واجب ئەبێ لەجیاتی کوشتنەوەی خوێندانێکی ئەستوور دەست بەجێ لەماڵی مرۆڤکوژەکە، خوای گەورە فەرموویەتی: (فمن عفي له من أخیه شيء فاتباع بامعروف وأداء إلیه بإحسان) هەرکەسێک لێی بوردرا و واز لە کوشتنەوەی هێندرا، با خاوەن مافەکە بە ئەندازەی شەرع خوێنەکە وەربگرێ و خوێندەرەکەیش بە زووترین کات خوێنەکە بدا.

٢- کوشتنی بە هەڵە ئەمەیە: شتێک بهاوێ بۆلای شتێکی تر ئینجا بەر ئادەمیزادێکی تر بکەوێ کە مەبەستی نەبووە، جا بەو شتە ئادەمیزادەکە بکوژێ، بۆ وێنە: ئەگەر تفەنگێک بهاوێ بەرەو ئاژەڵێک، جا بەر ئادەمیزادێک بکەوێ، یان بیەوێ ئازاد بکوژێ و گوللەکە بەر نەزاد کەوت و کوشتی، یان بە سواری ئۆتۆمبێل ئەڕۆیشت و یەکێکی کوشت کە نەیئەدی، ئەوە گشتی کوشتنی بە هەڵەیە.

کوشتنی لە تۆڵەی لەسەر نییە، واتە: ئەو کەسەی یەکێکی تر بە هەڵە ئەکوژێ دروست نییە لە تۆڵەی بکوژرێتەوە، بەڵکو خوێنێکی سووک واجب ئەبێ خوێنەکەیش لەسەر خزمەکانی مرۆڤکوژەکەیە، لەسەر خۆی نییە، خوێندانەکەیش ماوەی بۆ داندراوە بە ماوەی سێ ساڵان بیدەن، خوای گەورە فەرموویەتی: (ومن قتل مؤمنا خطأ فتحریر رقبة مؤمنة ودیة مسلمة إلی أهله) هەر کەسێک موسوڵمانیک بە هەڵە بکوژێ، ئەبی کۆیلەیەکی موسوڵمان ئازاد بکا و خوێنیش بدرێتە خزمە کوژراوەکە. واتە: دروست نییە لە تۆڵەی بکوژرێ.

٣- کوشتنی بە هەڵەی وێنەی بە قەسدی ئەمەیە: مەبەستی لێدانی ئادەمیزادەکە بێ بەشتێکی وەها کە بەزۆری وابێ ئاەمیزادی پێ نەکوژرێ، وەک لێدانی بە گۆچان و بەردی بچووک و شاپ لێدان و ئەو جۆرە شتانە، ئینجا بەو لێدانە ئادەمیزادەکە بمرێ ئەمەش کوشتنەوەی لە تۆڵەی لەسەر نییە، واتە: دروست نییە لە تۆڵەی ئەو کوشتنە بیکوژن بەڵکو لەو کوشتنەش خوێنێکی ئەستور واجب ئەبێ خوێنەکەیش لەسەر خزمەکانی مرۆڤکوژەکەیە، لەسەر خۆی نییە و ماوەی بۆ داندراوە کە بە سێ ساڵان بیدەن (عن عمرو بن شعیب عن ‌بیه عن جده -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: عقل شبه العمد مغلط مثل عقل العمد، ولا یقتل صاحبه) رواه أحمد وأبوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوێنی کوشتنی وێنەی بە قەسدی وەکو خوێنی کوشتنی بە قەسدی ئەستوورە، بەڵام نابێ مرۆڤکوژەکە بکوژرێ لە تۆڵە.

تەنها ئەو کەسەی بە قەسدی یەکێک ئەکوژێ، دروستە لە تۆڵەی بیکوژنەوە، لە دوو جۆرەکەی تر دروست نییە بیکوژنەوە، بەڵکو خوێنی کوژراوەکە وەردەگیرێ.

بریندارکردنی ئادەمیزاد و لێکردنەوەی یەکێک لە ئەندامەکانی -وەکو کوشتن- ئەو سێ جۆرەی هەنە: بە قەسدی، بە هەڵە، وێنەی بە قەسدی. وە تۆڵە وەرگرتنەوە تەنها لە جۆری بە قەسدیدا دروستە، لە دوو بەشەکەی تر خوێن ئەدرێ.

مەبەست بە خزمەکانی مرڤکوژەکە خزمی نێرینەی میراتگرە -جگە لە باوک و باپیرە و کوڕ و نەوە- بەو مەرجەی ئەو خزمە هەژار نەبێ و منداڵ نەبێ شێت نەبێ، جا ئەگەر خزمی نەبوو، یان نەیانتوانی خوێنەکە بە تەواوی بدەن، ئەبێ (بیت المال) خوێنەکە بدا، جا ئەگەر نەبوو، ئەبێ مرۆڤکوژەکە بەخۆی هەموو خوێنەکە بدا.


سەرچاوەکان

1291 بینین