ناوهڕۆك
باسی نێچیر، ئاژەڵ و باڵندەی سەربڕاو
هەر ئاژەڵێک و هەر باڵندەیەک بتوانرێت سەری ببڕدرێ شوێنی کوشتنەوەی، واتە: سەربڕینی لە لای سەرەوەی گەردەنیەتی یان لە ژێر گەردەنیەتی.
وە هەر باڵندە و هەر ئاژەڵێکی نەگونجێ سەر ببڕێ، لەبەر ئەوەی کێوییە و پێی ناگیرێ، یان ڕای کردووە و نایگاتێ، یان کەوتۆتە بیرێک، یان کەلێنی چیایەک، چۆنێتی کوشتنەوەی تاکو حەڵاڵ ببێ ئەوەیە بریندار بکرێ بە برینێکی وەها کە گیانی لەبەر بباتە دەر لە هەر شوێنێکی لاشەکەی کە بتوانرێ برینداری بکا، واتە: بەم کوشتنە حەڵاڵ ئەبێ (عن رافع بن خدیج -رضي الله عنه- قال: ند بعیر فرماه رجل بسهم فحسبه فقال النبی ﷺ: إذا غلبکم شيء منها فاصنعوا به هکذا) رواه الشیخان، (رافع) فەرمووی: ووشترێکمان لێ ڕەویەوە و بۆمان نەگیراوە، ئینجا پیاوێک تیرێکی تێگرت و کوشتی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کاتێ یەکێک لەو ئاژەڵانە لە دەستەڵاتی ئێوە دەرچوو، بەم جۆرە بیکوژن حەڵاڵە، واتە: حەڵاڵ ئەبێ.
سوننەتەکانی کوشتنی ئاژەڵ
سوننەتە لە سەربڕینی ئاژەڵدا تاکو سەربڕینەکە تەواو ببێ چوار شت:
یەکەم: بڕینی (قرتاکە)، واتە: بۆڕیەی هەناسە.
دووەم: بڕینی (سۆریچکە)، واتە: بۆریەی خواردن و خواردنەوە.
سێیەم و چوارەم: بڕینی هەردوو دەمارەکانی مل.
جا ئەوەی کوژراوەکەی پێ حەڵاڵ ئەبێ لەو چوارانە تەنها بڕینی دووانە:
یەکەم: بڕینی هەموو قرتاکەیە.
دووەم: بڕینی هەموو سۆریچکەیە.
واتە بە بڕینی ئەو دووانە سەرڤڕاوەکە حەڵاڵ ئەبێ.
چۆن حەڵاڵ دەبێت؟
یەکەم: بۆ حەڵاڵ بوونی سەربڕاوەکە واجبە ئەو گوێزیلە خڕەی بە بۆڕیەی هەناسەوە هەیە هەموی، یان نەختێکی لەگەڵ سەریەوە بڕوا، چونکە ئەگەر گشتی لەگەڵ لاشەیەوە بڕوا مردار ئەبێ.
دووەم: واجبە بۆرییەکان هەردووکیان بە تەواوی ببڕدرێن، ئەگەر هەردووکیان بە تەواوی نەبڕدران، مردار ئەبێ.
سێیەم: ئەگەر گورگ نەختێکی ئەو دوو بۆڕیانەی لە ئاژەڵێک بڕی، ئینجا موسوڵمانێک فریای کەوت و بەشەکەی تری بە تەواوی بڕی، حەڵاڵ ئەبێ، بەڵام ئەگەر گورگەکە هەردوو بۆرییەکانی بە تەواوی بڕیبوون، ئەوە مردار ئەبێ و کوشتنەوەی سوودی نییە.
چوارەم: ئەگەر باڵندەیەک، یان ئاژەڵێک نەخۆش بوو، یان برسی بوو، گومان لەوەدا نەبوو کە ئەمرێ، ئینجا سەر بڕا، ئەم سەربڕینە حەڵاڵ ئەبێ.
پێنجەم: ئەگەر باڵندەیەک یان ئاژەڵێک لە شوێنێکی بەرز کەوتە خوارەوە، یان دیوارێکی بەسەردا ڕما، یان گورگێک، یان پشیلە و ئەو جۆرە شتانە برینداریان کرد، یان ورگی دڕی و ڕیخۆڵەی هاتنە دەرەوە، ئەوە پێویستە لە کاتی سەربڕیندا گیانی (جێگیربووی) تێدا مابێ، تاکو حەڵاڵ ببێ.
نیشانەی ئەو گیانە (جێگیربووە) ئەوەیە: یان خوێنی ماسولکەی لێ دەرقوڵێ لە کاتی سەربڕیندا، یان بە توندوتیژی بجووڵێتەوە، جا ئەگەر ئەوانە هیچیان نەبوون، ئەوە مردارە و حەڵاڵ نییە.