جۆرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-04-21-23:13:00 - کۆدی بابەت: 4729
جۆرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چین؟

دەکرێت ڕێکخراوەکان (Organization-المنظمة) بەوە پێناسە بکرێن کە دامەزراوەی کۆمەڵایەتین کار دەکەن لەسەر گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، لە ڕێگەی دابەشکردنی کارەکان و ئەرکەکان بەسەر کۆمەڵە کەسێک، زۆر کات ئەم دابەشکردنە بەپێی هەیکەلێکی دیاریکراو دەکرێت لە ڕێگەی ڕیزبەندی هەڕەمیی بۆ بەرپرسیارییەتی و دەسەڵاتەکان، ڕێکخراوەکان نێودەوڵەتی و خۆجێیەکانیش دەگرێتەوە، لەم بڵاوکراوەیەدا باس لە جۆرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین:

لە ڕووی یاساییەوە

بەپێی یاسا جۆرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەم جۆرە دێن:

ڕێکخراوە نێودوەڵەتییە حکومییەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە حکومییەکان (Intergovermental Organizations-المنظمات الدولیة الحکومیة)، کە بە (IGOs) ئاماژەیان بۆ دەکرێت، بەوە دەناسرێن کە کیانێکی هاوکاریکردنە لە نێوان دوو دەوڵەت یان زیاترە و بنیات دەنرێت لە ڕێگەی پەیماننامەکانەوە، ئەم ڕێکخراوانە ئەو دەزگا یاساییانەن کە ئامانجیان هەستانە بە چالاکیی هاوبەش لە نێوان دەوڵەتەکاندا بە مەبەستێکی باش، جێگای باسە کە ئەگەر لە حاڵەتێکدا هیچ پەیماننامەیەک گرێ نەدرا لە نێوان دەوڵەتەکاندا ئەوا هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە نێوانیاندا بوونی نابێت بە مانای یاسایی، لە گرنگترین مەبەستەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە حکومییەکان، بریتین لە: دەستەبەرکردنی ئاشتی بۆ دانیشتوانی وڵاتە بەشداربووەکان لە ڕێکخراوەکە، هەروەها کار کردن لەسەر چارەسەرکردنی پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی نا حکومییەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە نا حکومییەکان (International Nongovermental Organizations-المنظمات الدولیة غیر الحکومیة)، کە بە (INGOs) ئاماژەیان بۆ دەکرێت، بەوە پێناسە دەکرێن کە ڕێکخراوی خۆبەخشیی و قازانج نەویستن، خەڵک لە هەموو جیهانەوە بەشداری تێدا دەکەن، ئەم ڕێکخراوانە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی خەڵکی بیر و ڕا هاوشێوە بۆ هەستان بە کۆمەڵە چالاکییەکی پەیوەست بە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان، وەک زانستی گەردوونناسی تا تۆپی پێ یان زانستی زیندەوەرزانیی ڕووەکی بۆ بەڕێوەبردنی باخچەی ئاژەڵان.
دەکرێت ئامانج لەم ڕێکخراوانە یان سەرنج خستنە سەر مافەکانی مرۆڤ یان پاراستنی ژینگە و ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاناوەچوون بێت لە حاڵەتی کارەساتە سروشتییەکان، شایەنی باسە کە ئەم ڕێکخراوانە پشت دەبەستن بە بەخشین و کاری خۆبەخشی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕێکخراوی خۆبەخشی قازانج نەویستن.

لە ڕووی جۆری چالاکییەکانەوە

جۆرەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی پسپۆڕی چالاکییەکانەوە بەم جۆرەن:

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فرە چالاکییەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فرە چالاکییەکان (Multi task Organizations-المنظمات الدولیة متعددة الأنشطة) زۆربەی کات بریتین لە کۆمپانیای بازرگانی زۆر گەورە، وە زۆر کات ئەم ڕێکخراوانە دروست دەکرێن بە مەبەستی هەستان بە کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە چالاکی، لە دیارترین نموونەکان لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فرە چالاکییەکان، بریتییە لە ناتۆ یاخود یەکگرتنی باکووری زەریای ئەتڵەسی (North Atlantic Treaty Organization).

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتەکان بە یەک چالاکی (Single task Organizations-المنظمات الدولیة ذات نشاط واحد) زۆر کات ئەو ڕێکخراوانەن کە بریتین لە کۆمپانیای بچووک و تایبەت کە کار لەسەر بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاری کراو دەکەن، بۆ نموونە وەک پارێزگاری کردن لە جۆرێکی ئاژەڵ، وە لە گرنگترین ئەو ڕێکخراوانەی کە سەرنج دەخەنە سەر تەنها پسپۆڕییەک: ڕێکخراوی جیهانی بۆ خاوەندارێتی فیکری (World Intellecual Property Organization).

لە ڕووی گشتگیریی چالاکییەکانەوە

جۆرەکانی ڕێکخراوە نێودوەڵەتییەکان لە ڕووی گشتگیریی چالاکییەکانیانەوە بەم جۆرەن:

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکیی گشتگیرەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی گشگیرەکان (Generalized Organizations) بەوە دەناسرێت کە ڕێکخراوانێکن کات لەسەر دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر و گشتی دەکەن بۆ کۆمەڵگە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، بەم جۆرەش لەوانەیە ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی گەورە گرنگی بدەن بە بواری سیاسەت، هەروەها دەکرێت ئەم ڕێکخراوانە لە پاڵ بابەتە بازرگانییەکان پەیوەندیان بە بواری ئاسایشەوە هەبێت، وە هەروەها دەکرێت هەموو سەرنجی ئەم ڕێکخراوانە لەسەر بابەتەکانی ژینگە نەبێت، بەڵکو دەکرێت تیشک بخاتە سەر کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە پرسەکانی دیکە، وەک ڕۆشنبیری و گواستنەوە و نەخۆشییەکان و کۆچ کردن و مافەکانی مرۆڤ.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی تایبەتەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی تایبەتەکان (Specialized Organizations) بەوە دەناسرێن کە ڕێکخراوی سەربەخۆن لە ڕووی یاساییەوە، کە هەر ڕێکخراوێک خاوەنی یاسای تایبەتی خۆیەتی، لەگەڵ ئەمەشدا ئەندامێتی و دەزگا و سەرچاوەی دارایی تایبەتی خۆی هەیە، ئەم جۆرە ڕێکخراوانە پێش جەنگی جیهانی یەکەم سەریان هەڵداوە، هەندێک لەم ڕێکخراوانە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراون، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە تازەکان، شایەنی باسە کە بەهۆی جۆراوجۆری بوارەکانی کار کردن و مێژوو و ئەزموونە تایبەتەکان لە هەر ڕێکخراوێک، ئەوا هەر ڕێکخراوێک پێداویستی و گرنگی پێدانی تایبەتی خۆی هەیە.

لە ڕووی سروشتی چالاکییەکانەوە

جۆرەکانی ڕێکخراوەکان لە ڕووی سروشتی چالاکییەکانەوە بەم جۆرەن:

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی ڕەفتارییەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی ڕەفتارییەکان (Behavioral Activity Organizations) بەوە دەناسرێن کە گرنگییەکی زۆر دەدەن بە یاسای نێودەوڵەتی لە چواردەوری جیهاندا، ئەم گرنگی پێدانەش ئەمانە دەگرێتەوە: دادوەری، نێوەندگیری، بەکارهێنانە یاساییەکان، ناوەندە ئەکادیمییەکان، کارە بازرگانییەکان، هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە حکومیی و نا حکومییەکان، ئەم ڕێکخراوانە کار دەکەن لەسەر پتەوکردنی تێگەیشتنی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەی گشتی و تایبەت، هەروەها بۆ بەهێزکردنی ڕێزگرتن و پابەند بوون بە یاسای نێودەوڵەتییەوە، وە هەروەها ئەم جۆرە لە ڕێکخراو کار دەکەن لەسەر پێدانی توانای داواکاری کردنی مافەکان لە لایەن تاکەکان و کۆمەڵگەکانەوە، لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە: بەردەوامی، گەیشتن بە دادپەروەری، تەندروستی گشتی، ئاشتی و دیموکراتی، هەلە ئابوورییەکان، ئافرەتان و خانمان، یاسا و ڕێساکان.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی مادییەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی مادییەکان (Physical Acrivity Organizations) بەوە دەناسرێن کە بریتین لە ڕێکخراوانێک کە تیشک دەخەنە سەر لایەنە مادییەکانی جیهان، لەوانە کاریان دڵنیابوونەوە بێت لە بەردەوامبوونی بازرگانی بە گەورەترین و ئازادانەترین شێوە بەردەوام بێت کە دەکرێت، یان کار لەسەر نەهێشتنی برسییەتی و گرانییەکان بکات، هەروەها دەکرێت کار بکات لەسەر پێشکەشکردنی کۆمەڵێکی فراوان لە یارمەتی دارایی و هونەری، دەشکرێت یارمەتی وڵاتان بدات لەو ئاستەنگانەی تووشی تەبێت لە ڕێگای بەشداری و جێبەجێکردنی ماریفەتەکانیان و چارەسەرە داهێنانکارییەکان، شآیەنی باسە کە لە دیارترین ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوانە بریتییە لە پەرەپێدانی کارەکان و ژێرخانی پیشەسازی، لەگەڵ وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و داهێنانکاری.

لە ڕووی شوێنەوە

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی شوێنەوە بەم شێوەیەن:

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جیهانییەکان

زۆر جار ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جیهانییەکان (Global International Organizations) بریتین لە یەکێتییەک لە نێوان دەوڵەتەکاندا کە دروستبوونی بەندە لە پەیمانناکانەوە و خاوەن هەیکەلێکی ڕێکخستنی تایبەت بە خۆیەتی، هەروەها ئەم ڕێکخراوانە دەکەونە ژێر یاسای نێودەوڵەتی، بۆیە مافی هەیە و ئەرکیشی لەسەرە, ئەم ڕێکخراوانە هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی چەندین کاری جۆراوجۆر، وەک: کۆکردنەوەی زانیارییەکان و دیاریکردنی ئاڕاستەکان، پێشکەشکردنی خزمەگتوزاری و هاوکارییەکان، دەستەبەرکردنی لۆبییەکان بۆ ئاڵوگۆڕ کردن، چارەسەرکردنی ململانێکان.

دەوڵەتان شانبەشآنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جیهانیەکان کار دەکەن لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش، کە ئەم ڕێکخراوانە کار دەکەن لەسەر بەهێزکردنی هەڵسوکەوتی هاریکاری، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەسوود بۆ دەوڵەتە تاکڕەوەکان، کە ئەمە بەکار دەهێنرێت بۆ سیاسەتەکانی دەرەوە بە مەبەستی پێدانی شەرعیەت بە کارەکانی خۆی و بەستنەوەی کار و هەڵسوکەوتی دەوڵەتانی تر.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناوچەییەکان

کۆمەڵێک پێوەر هەن کە دەبێت بوونیان هەبێت لە ڕێکخراوێکدا بۆ ئەوەی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ناوچەیی بن (Regional International Organizations)، وەک پەوەندیی جوگرافی، بە جۆرێک کە ئەم ڕێکخراوانە گرنگی دەدەن بە ناوچە دیاریکراوەکانی جیهان، لەگەڵ هەبوونی پەیماننامەی فەرمی بە دەق یان شێوەی یاسایی، گفتوگۆی هاریکاری، تیشک خستنە سەر بوارە جۆراوجۆرەکان، لە دیارترین ئامانجەکانی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە بریتین لە: پێشکەشکردنی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ پەنابەرەکان،  چارەسەر کردن یان ڕآگرتنی ململانێکان، نەهێشتنی مەترسییەکانی کارەساتەکان، کاری مرۆیی ناوچەیی.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەند جۆرێک دابەش دەکرێن، کە دەکرێت دابەش بکرێن لە ڕووی: یاسایی (حکومی و نا حکومی)، تایبەتمەندی چالاکییەکان (فرە چالاکی یان تایبەتمەند بە تەنها چالاکییەک)، گشتگیریی چالاکییەکان (چالاکی گشتگیر یان چالاکی تایبەت)، سروشتی چالاکییەکان (چالاکی ڕەفتاری یان چالاکی ماددی)، شوێن (جیهانی یان ناوچەیی)، وە ئامانجەکانی هەر جۆرێک لەم ڕێکخراوانە جیاوازن لە جۆرەکەی دیکە.

 

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کام جۆرە؟

ئەمانە کۆمەڵە نموونەیەکن بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان کە دەچنەوە ژێر ئەو دابەشکاریانەی کە باسمان کردن:

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە حکومییەکان

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە نا حکومییەکان

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فرە چالاکییەکان

  • ڕێکخراوی یەکێتی باکووری زەریای ئەتڵەسی (North Atlantic Treaty Organization).

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە خاوە پسپۆڕیی تاکە چالاکییەکان

  • ڕێکخراوی جیهانی بۆ خاوەندارێتی فیکری (Word Intellctutal Property Organization).

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی گشتگیرەکان

  • نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations).

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی تایبەتەکان

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی ڕەفتارییەکان

  • ڕێکخراوی گەشەپێدانی یاسای نێودەوڵەتی (International Devolopment Law Organization).
  • کۆمەڵەی یاسای نێودەوڵەتی (International Law Associaton).

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکی مادییەکان

  • ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی (World Trade Organization).
  • ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (Food and Agriculture Organization).
  • بانکی جیهانی (The World Bank).

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جیهانییەکان

  • ڕابیتەی نێودەوڵەتی جیۆدیسیا (Internatinal Association of Geodesy).
  • ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی (World Trade Organization).
  • ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (International Chamber of Commerce).

نموونە لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناوچەییەکان

  • بانکی گەشەپێدانی ئاسیاوی (Asian Devolopment Bank).
  • ڕابیتەی نەتەوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (Association of Southeast Asian Nations).

 



4045 بینین