فایبەر ئۆپتیک

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-03-15:05:00 - کۆدی بابەت: 5118
فایبەر ئۆپتیک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەیەنەری کارەبایی هۆکارێکە بەکار دەهێنرێت بۆ گەیاندن و دروستکردنی بازنەیەکی کارەبایی، بە جۆرێک ئەم گەیەنەرانە دروست دەکرێن بۆ ئەوەی بەکار بهێنرێن بۆ گەیاندنی وزە و داتا و میدیا دەنگیی و بیناییەکان، دەکرێت گەیەنەرە کارەباییەکان دابەش بکرێن بۆ چوار جۆری سەرەکی، بریتین لە: گەیەنەرە جێگیر و بەردەوام پەیوەستەکان لە ڕێگەی ئامێرێکی جێگیر یان وایەرەوە، گەیەنەر لەسەر شێوەی تەختە کە وایەرەکە بە ئامێرێکی جێگیرەوە دەبەسترێت، گەیەنەری لکێنراو لەسەر تەختەی کۆمەڵە بازنەیەکی کارەبایی و گەیەنەری لکاندن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ وایەر و کێبڵ دەبەسترێت، زۆربەی کات لە بواری کۆمپیوتەردا بەکار دەهێنرێت.

فایبەر ئۆپتیک چییە؟

زانستی ڕیشاڵە بیناییەکان زانستێکە دەکۆڵێتەوە لە گواستنەوەی داتا و وێنە و دەنگ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕووناکی بەناو ئەم ڕیشآڵە وردانەدا لە بواری پەیوەندییە ئەرزی و هەواییە جیاوازەکانەوە، هەروەها تەکنەلۆژیای فایبەر ئۆپتیک جێگای وایەرە مسییەکان یاخود کانزاییەکان دەگرێتەوە کە لە پێشوودا بەکار دەهێنران لە هێڵەکانی تەلەفۆن، ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بەکار دەهێنرێت بۆ پەیوەستکردنی کۆمپیوتەر بۆ تۆڕگەلێک، ئەمە جگە لەو سوودە تەندروستییەی هەیەتی کە بۆ سەیرکردنی ناوەوەی لەش بەکار دێت.

ڕیشآڵە بیناییەکان لە زۆربەی کاتەکاندا پێک دێت لە شووشە کە ئەستوورییەکەی 125 مایکرۆنە، واتە نزیکەی 0.125 ملم، دروستکراوە لە چینێکی دابڕێنەری دەرەوە و لولەکێکی ناوەکیی گشتگیر بۆ ئەوەی تیشکەکە لە ناوەوە بڵاوبێتەوە بۆ دوورترین ماوە، لەگەڵ کەمترین کەموبونەوە لە چڕیی تیشکەکە بە پشت بەستن بە دووریی و درێژیی شەپۆلە ڕوناکییەکە و پێکهاتەی ڕیشآڵەکان.

ڕیشآڵە شووشەییەکان لە سەرەتاکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەرکەوتن، بەکارهێنانیان تەنها لە بوارەکانی سەیرکردندا کورت ببوەوە، لە ساڵی 1966ـدا هەردوو ئەندازیار چارلز کاو و جۆرج کۆکنهام هەستان بە بەکارهێنانی ڕیشاڵەکان لە پەیوەندییەکاندا، ماددەی سلیکای زۆر ڕوونیان بەکار هێنا بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی ئاماژە تیشکییەکان بە تیشکی ژێر سوور بۆ ماوەی 100 کیلۆمەتر، هەروەها ڕیشآڵی پلاستیکی بەکارهێنرا لەبەر ئەوەی هەرزانتر بوو و نەرمتریش بوو لە ڕیشآڵە شووشەییەکان.

بەراوردکردنی نێوان ڕیشآڵە تیشکییەکان و وایەرە مسییەکان

دوای ئەوەی زانیمان ''فایبەر ئۆپتیک چییە''، لەگەڵ پێشکەوتنی وایەرەکانی ڕیشآڵە تیشکییەکان بەکارهێنانی وایەرە مسییەکان بووەتە شتێکی جێگای گومان، لەبەر ئەو کەم و کورتییە گەورانەی کە هەیەتی، سەرەڕای ئەوەی کە مس هێشتا گرنگە لەم کاتەدا، بەڵام سیستەمی فایبەر ئۆپتیک سیستەمی داهاتوون، لێرەدا باسی دیارترین ئەو کارتێکەرانە دەکەین کە ڕیشاڵە تیشکییەکانیان سەرخستووە بەسەر وایەرە مسییەکان:

  • تێچوو: تێچووی مس زیاترە بە بەراورد بە ڕیشآڵە بیناییەکان لەبەر ئەو تێچووە زۆرەی پێویستییەتی بۆ هەڵگرتنی بە شێوەیەکی تایبەت و پارستنی لە بەرکەوتنی ئۆکسجین، هەروەها کێشیشی زۆر قورسە و دەبێتە هۆی زیاتر بوونی تێچووی گواستنەوە.
  • داخوران: یەکێکە لە مەترسیدارترین کەم و کوڕییەکانی وایەرە مسییەکان، لەبەر ئەوەی دەکرێت تووشی داخوران و ئۆکساندن بێت، واتە ناوەندی تەمەنی کەمترە لە وایەرەکانی فایبەر ئۆپتیک.
  • مەترسیی تێکەڵبوونی کارەبایی: وایەرە مسییەکان زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی تێکەڵبوونی کارەبایی بن کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نیشانە و ناڕوونی تێیدا، بەڵام ڕیشآڵە بیناییەکان بەم جۆرە نین و کەمتر ئەم کێشەیە ڕوودەدات.
  • پەیوەستکردن: مس ڕەتدەکرێتەوە لە پیشەسازیی دروستکردنی ڕەقەواڵەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا، لەبەر ئەوەی متمانەپێکراو نییە و کارا نییە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر کەس بڕوایان وایە مس ئیدی گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان لەو پڕۆژانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە وایەری ئاڵۆز بەیەکدا دەچن.


سەرچاوەکان



2620 بینین