بۆچی خانمان لە منداڵبوونی سروشتی دەترسن؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-08-15:40:00 - کۆدی بابەت: 5220
بۆچی خانمان لە منداڵبوونی سروشتی دەترسن؟

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوونی سروشتی

یەکێک لە کێشەکانی ژنی دووگیان ئەوەیە کە چۆن منداڵیان ببێت، زۆرینەی خانمان لە منداڵبوونی سروشتی دەترسن، لەو باوەڕەدان کە ئازەرەکەی لە نەشتەرگەری قورسترە، بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوونی خانمانەوە منداڵبوونی سروشتی زۆر لە نەشتەرگەری باشترە.
هەروەها مەترسی کەمتریشی هەیە، مەترسی نەشتەرگەری منداڵبوون سێ بەرامبەری منداڵبوونی سروشتییە.

لە چی دەترسن خانمان؟

ژان

ڕاستە منداڵبوونی سروشتی زۆر ئازاربەخشە و هەڵبەتە سەرەتا نێوان ژانەکان درێژە و دایکەکە دەتوانێت کەم کەم پشوو بدات، لەو کاتەوەی کە نێوان ژانەکان کەمتر دەبێت و تا کاتی نزیک منداڵبوون، چەند کاتژمێرێک درێژە ناکێشێت و ئازاری منداڵبوونیش دەتوانیت بەرگەی بگریت.
ئەگەر دایک دەربارەی چۆنیەتی و شێوازی ژانەکە لە پێشترەوە زانیاری هەبێت، ئەوا بەرگەگرتنی ئازارەکە زۆر ئاسانتر دەبێت بۆی، یەکێک لەو کارانەی کە خانمان لەکاتی منداڵبوونەکەدا دەیکەن قیژەکردن و هاوارە کە ئەم کارە تەنها دەبێتە هۆی بەهەدەرچوونی وزەیان، باشترین کار هەناسەدانی قووڵ و خۆ خستنە ژێر ئەو ئازارە و زەخت کردنە، تەنانەت ئەمڕۆ وای لێهاتووە دایکەکان دەتوانن لەگەڵ پزیشک ڕێکكەون و منداڵبوونی بێ ژان هەڵبژێرن.
تەواو ڕوونە کە منداڵبوونی سروشتی ئازارێکی زۆری هەیە و بەدڵنییایەوە نابێت ئەمە بشاردرێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە دایکەکە بزانێت ئەم ئازارانە تەنها چەند ساتێکە و بە لەدایکبوونی منداڵەکی هیچ ئازاری نامێنێت.

بەرپرسیارێتی

زۆرێک لە خانمان دەڵێن کە توانای تەواوم نییە و لاوازم و باوەڕناکەم بتوانم بەرگەی ئازاری منداڵبوونی سروشتی بگرم و هەر بۆیە نەشتەرگەری هەڵدەبژێرن.
ئەم ترسەش تەواو ئاساییە و بەڵام بە لەدایکوونی منداڵەکە خانمەکە ئەمانە لەبیر دەکات و باشترە دایکەکە پرسیار بکات لەو خانمانەی کە بە سروشتی منداڵیان بووە و هەروەها لەوانەشی کە بە نەشتەرگەری بوویانە و دواتر دانیشێت و بیربکاتەوە بزانێت کامیان باشترە.

ئەگەر نەتوانم

ئەگەر نەتوانم بە ئەندازەی پێویست هەوڵ بدەم، ئەگەر منداڵەکەم سوار بێت، ئەگەر تووشی کێشە ببم لەناچەی حەوزمدا..
هەمووی ترسە کە زۆرێک لە خانمان نایانەوێت بە سروشتی منداڵیان ببێت، بەڵام ئەوە گرنگە بزانرێت کە کاتی منداڵبوونی سروشتی پزیشک سات بە سات تێستی منداڵەکە دەکات و ئاگادارە بە وردی و ئەگەر شتێک بوو ئەوا خۆی بڕیار دەدات کە بە نەشتەرگەری بێتە دونیاوە بۆ سەلامەتی دایک و منداڵەکە.
لە ئێستادا بۆیە منداڵبوونی سروشتی قورسە بەتایبەت لەو کەسانەی یەکەمجاریانە منداڵیان ببێت چونکە زۆرێک لە خانمان وەرزش ناکەن و ماسولکەکانیان بەهێز نییە.

زیان

زۆرێک لە خانمان وادەزانن ئەو پەستانە زۆرە لەوانەیە زیان بگەیەنێت بە منداڵەکە.
منداڵبوون پڕۆسەیەکی تەواو سروشتییە و تێپەڕینی منداڵ بە ڕێڕەوی منداڵبووندا ئەسڵەن جێگای مەترسی نییە، دایکەکە دەبێت بزانێت کە منداڵبوونی سروشتی زۆر تەندروست و بێ کێشەترە تا منداڵبوون بە نەشتەرگەری، و پێش منداڵبوون بە سۆنەرکردن دەتوانیت دڵنیا ببیتەوە لە سەلامەتی منداڵەکەت و بێخەم ببیت لەو بارەیەوە.
ئەگەر خانمێکیش زۆر دەترسێت لە مردنی منداڵەکەی یاخود مردنی خۆی ئەوا واباشترە کە سەردانی پزیشکێکی دەروونی بکات تا ڕێنمایی پێ بدات.

منداڵبوونی پێش وەختە

هەندێک لە خانمان بە ژانە درۆزنەکان دەترسن و وادەزانن کاتی منداڵبوونیانە و دەترسن لەناکاو بێت و کەس نەبێت یارمەتییان بدات.
ئەگەر خانم خۆی پێشتر ئاگاداری ژانەکە بێت و زانیاری هەبێت لەسەری ئەوا جێیای دەکاتەوە و منداڵبوونی پێش وەختە لە هەنێک کاتی تایبەتدا ڕوودەدات و پێویست ناکات بترسێت، ژانی منداڵبوونیش ماوەیەکی زۆری پێدەچێت و بەردەوام دەبێت دەبێت بەوەدا جیابکرێتەوە.


سەرچاوەکان



5612 بینین