ناوهڕۆك
خۆشۆردنی ئافرەت
لەماوەی دووگیانیدا بەردەوام پێشنیار دەکرێت بۆ خانمان کە پلەی گەرمی لەشیان بە جێگیری بهێڵنەوە و بەو واتایەی کە تا دوای منداڵبوون دووربکەونەوە لە خۆشۆردن بە ئاوی زۆر گەرم، هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرینەی خانمان دوای منداڵبوون حەزیان لە گەرماوێکی گەرم و خۆشە.
منداڵبوونی سروشتی بریتیە لە هاتنە درەوەی خوێن و کۆمەڵێک ماددەی تر، لەوانەیە بڕیاردانی خۆشۆردنی دوای منداڵبوون بڕیارێکی باش بێت، بەڵام دەبێت ئاگاداربیت و بزانیت چۆن و چی دەکەیت.
ئایا خۆشۆردن دوای منداڵبوون ئاساییە و کێشەی نییە؟
پڕۆسەی منداڵبوون دەبێتە هۆی کێشان و فشار لەسەر زێ و لەوانەشە دڕانی زێ، و هەندێک جاریش برین دروست ببێت کە بە تێپەڕبوونی کات چاک ببێتەوە، زۆرینەی پزیشکان خۆشۆردنی دوای منداڵبوون بە تەواوکەری پڕۆسەی منداڵبوون دادەنێن و پێیان وایە کە زۆر یارمەتیدەرە بۆ چاکبوونەوەی برینەکان، خۆشۆردن بە دەگمەن دەبێتە هۆی حاڵەتی خراپ بەڵام دوورکەوە لە چوونە ناو حەوزی گەرماوەکەوە بۆ ئەوەی دوور بیت لە بەکتریا.
چەندێک دوای منداڵبوون دەتوانیت بچیتە گەرماوەکەوە؟
بۆ ئەو خانمانەی کە بە سرووشتی منداڵیان بووە هەرکات توانیان هەستنەوە با بڕۆنە گەرماو، دوورکەوە لە چوونە ناو ئاوی زۆر گەرم بۆ ئەوەی ئالوودەی پیسی نەبیت.
خۆشۆردن دوای منداڵبوونی سروشتی
منداڵبوونی سروشتی کارێکی ئاسان نییە، ئەگەر دەتەوێت کەمترین ئازار و خوێن بەربوونت هەبێت دوای منداڵبوونی سروشتی ئەوا دوای چەند کاتژمێرێک لە منداڵبوونەکەت وەک کەسێکی ئاسایی بڕۆ گەرماو و خۆت بشۆ ئیتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت، لە هەندێک کاتدا پزیشک بۆ ئەوەی منداڵبوونەکە ئاسان بکات لەوانەیە زێ لە لاکانیەوە بدڕێت و ئەم کارە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆری دوای منداڵبوون و دایکەکە تا چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوونی ناتوانێت بەڕێگادا بچێت، کاتێک توانیت بەبێ یارمەتی کەس بچیتە تەوالێت، ئەوا دەتوانیت بۆ خۆشۆردنیش پرس بە پزیشکەکەت بکەیت، زۆرینەی پزیشکان سوورن لەسەر خۆشۆردن چونکە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ نەهێشتنی هەوکردن و پاکبوونەوە، ئاگاداری شوێنی تەقەڵەکان بە و بە سووکی بیشۆ و دوای شۆردنیشی جوان وشکی بکەرەوە.
سوودەکانی خۆشۆردن دوای منداڵبوونی سروشتی
١- خۆشۆردن هەستی پاکبوونەوە و ئاسوودەیی بە دایکەکە دەدات و وزەی زیاتری پێدەدات کە ئاگای لە منداڵەکەی بێت.
٢- خۆشۆردن بە ئاوی گەرم یارمەتیت دەدات کە خوێن بە جوانی لە جەستەتدا بێت و بڕوات.
٣- منداڵبوونی سروشتی دەبێتە هۆی گرژبوونی زێ و کە بە خۆشۆردن ئەمە چارەسەر دەبێت.
٤- دوای منداڵبوون هەست بە ماندوویەتیەکی زۆر دەکەیت، خۆشۆردن هەستی ماندوویەتیت ناهێڵێت.
٥- جوان شۆردنی جەستە هەمووی بەتایبەت مەمک یارمەتیدەرێکی باشە تا جوانتر ئامادەبێت بۆ شیردان بە کۆرپەکەت، ئەو خانمانەی کە لەم کاتەدا هەست بە گەورەبوون و ڕەقبوونی سنگیان دەکەن خۆشۆردن بە ئاوی گەرم ئەم کێشەیان بۆ چارەسەر دەکات.
خۆشۆردن دوای منداڵبوون بە نەشتەرگەری
منداڵبوون بەنەشتەرگەری ڕێگایەکی تەواو جیاوازە وەک هەر نەشتەرگەریەکی تر وایە و دەبێت تەواوی سەرنجت لەسەر دوای نەشتەرگەریەکە و چاکبوونەوەت بێت، باشترە لە ڕۆژە سەرەتاکانی دوای نەشتەرگەری لەناو جێگادا بمێنیتەوە و بە یارمەتی کەسانی تر وردە وردە هەستیتەوە و بجوڵێیت، خۆشۆردنیش پەیوەستە بە بڕیاری پزیشکەوە، ئەگەری زۆرە کاتێک بەرەو باشبوون دەچیت و دەتوانیت بە ڕێگادا بڕۆیت پزیشک بڵێت خۆت بشۆ بەڵام شوێنی تەقەڵەکان جوان وشک بکەرەوە، گرنگە لەبیرت بێت ئەم خۆشۆردنە دەبێت زۆر کورت بێت نەک درێژە بکێشێت ماوەیەکی زۆر.
پێش ئەوەی بڕیار بدەیت کە خۆت بشۆیت ئەم چەند خاڵە لەبەرچاو بگرە
١- بە بڕیاری خۆت خۆت مەشۆ و پرس بە پزیشکەکەت بکە.
٢- ئەگەر هەر نەخۆشییەک یان هەوکردنێکی تایبەتت هەیە واباشترە کە خۆت نەشۆیت.
٣- دڵنیابە لەوەی کە ئاوەکە زۆر گەرم یاخود زۆر سارد نەبێت، چونکە ئاو و گەرماوی زۆر گەرم دەبێتە هۆی خاوبونەوە و سەرگێژخواردن و بوورانەوە چونکە خۆت بەهۆی ئەوەی خوێنێکی زۆرت لێ ڕۆشتووە بێهێزیت بۆیە پێویستە ئاگادار بیت.
٤- مەهێڵە گەرماوەکە زۆر خز بێت و نەعل لەپێبکە تا نەکەویت.
٥- هەوڵبدە کورسییەک ببەیت و لەسەری دابنیشیت کاتی خۆشۆردن.
٦- خۆشۆردنی دوای منداڵبوون دواتر دەبێتە هۆی زۆر تەڕبون و هەوکردنی لینجاوی دامێن بەڵام ئەمە شتێکی ئاساییە و نیگەران مەبە.
٧- بەدڵنییایەوە دواتر جوان خۆت وشک بکەرەوە بەتایبەت شوێنی تەقەڵەکان.
چەند ڕێگایەکی بێ زیان بۆ خۆشۆردن دوای منداڵبوونی سروشتی
کاتێک دەچیتە گەرماوەوە دەبێت زۆر ئاگاداربیت کە پیس نەبیت و تووشی هەوکردن نەبیت یان نەکەویت، چونکە هەر زیانێکی بچوک بە تۆ زیانە بۆ کۆرپەکەشت چونکە منداڵی ئاوا زۆر پێویستی بە دایکیەتی، پێش ئەوە بە ماددەی خاوێنکەرەوە گەرماوەکە پاکبکەرەوە، ئاوی گەرماو دەبێت دووربێت لە هەر میکرۆبێک و زۆر زۆر گەرمیش نەبێت، هەوڵبدە زوو جوان خۆت بشۆیت و دواتر جوان مەمک و شوێنی تەقەڵەکان وشک بکەیتەوە تا دووربن لە هەر هەوکردنێک.