حەپی مێفینامیک ئەسید (پۆنستان) بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-23-15:13:00 - کۆدی بابەت: 5497
حەپی مێفینامیک ئەسید (پۆنستان) بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

حەپی مێفینامیک ئەسید (پۆنستان)

مێفینامیک ئەسید کەپسولێکی خۆراکی دژە هەوکردنە ناستڕۆیدەکانە، واتە سەر بە گرووپی (NSAID) ئەم حەپە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ددان، ماسولکەکان، سەرئێشە و ئازاری سوڕی مانگانە و ئازاری پشت.

زۆرینەی خانمان ڕاهاتوون بە بەکارهێنانی مێفینامیک ئەسید لە ماوەی سوڕی مانگانەدا، ئەم دەرمانە کاریگەری نییە بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە تەنها ئەو هۆڕمۆنانە کەم دەکاتەوە کە بوونەتە هۆی هەوکردن و ئازار لە جەستەدا، مێفینامیک ئەسید لەماوەی سوڕی مانگانەدا بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سک و پشت.

هەروەها ئەم دەرمانە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و کەمکردنەوەی خوێنبەربوون لە نەخۆشانی توشبوو بە menorrhagia (زیادەیی خوێن بینین)  (خوێنبەربوونێکی سوڕی مانگانەیە کە توند و درێژخایەن و ئازاربەخشە).

بەکارهێنانی حەپی مێفینامیک ئەسید ئەو خوێنبەربوونە زۆرە ٪٣٧ بۆ ٪٤٠ کەم دەکاتەوە، هەڵبەتە بۆ ئەو خوێنبەربوونە توندە دەرمانی تریش هەیە، باشترە کە ئەگەر ئەو حاڵەتەت بەسەردا هات سەردانی پزیشک بکەیت.

بەکارهێنانی حەپی مێفینامیک ئەسید لەماوەی سوڕی مانگانەدا

بەکارهێنانی ئەم حەپە لەماوەی سوڕی مانگانەدا یەکێکە لەڕێگاکان بۆ نەمانی ئازار، ئەم حەپە دەرمانێکە کە بۆ ئازاری کەم یان مامناوەندی کاتی سوڕی مانگانە بەکاردێت، هەروەها ئازارەکانی کاتی سوڕی مانگانە ناهێڵێت بەو مەرجەی کە ٢ بۆ ٣ ڕۆژ زیاتر بەکار نەیەت.

مێفینامیک ئەسید بە قەدەغەکردنی کاریگەری ئەنزیمی (COX)، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماددەیەکی کیمیایی لە جەستەدا کە پێی دەوترێت (پڕۆستاگلاندین) کە هۆکارێکە بۆ ئازار و هەوکردنی کاتی سوڕی مانگانە.

لە ئەنجامدا بە کپ کردنی ئەنزیمەکانی (COX) و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی (پڕۆستاگلاندین) ئازار و هەوکردنەکەش کەم دەبێتەوە.

لە چ کاتێکدا نابێت حەپی مێفینامیک ئەسید بەکاربهێنرێت؟

ئاگاداربن کە نابێت بەبێ پرس کردن بە پزیشک هیچ جۆرە دەرمانێک بەکاربهێنرێت، حەپی مێفینامیک ئەسیدیش لە هەندێک کاتدا لەوانەیە کاریگەری لاوەکی دروست بکات لەسەر کەسەکان.

بۆ نموونە منداڵانی خوار تەمەن ١٤ ساڵ ناتوانن ئەم ئەم دەرمانە بەکاربهێنن، هەروەها ئەو ئافرەتانەی کە دووگیانن یان شیر دەدەن نابێت ئەم دەرمانە بەکاربهێنن، هەروەها بۆ ئەوانەی برینی گەدە و خوێنبەربوونی گەدەیان هەیە یاخود نەخۆشیەکانی دڵ و جگەر نابێت ئەم دەرمانە بەکاربهێنن، بەتایبەت ئەگەر دڵت نەشتەرگەریەکی بۆ کرابێت هەرگیز نابێت ئەم دەرمانە بەکاربهێنیت.

کاریگەرییە لاوەکیەکانی حەپی مێفینامیک ئەسید

بەکارهێنانی ئەم حەپە نابێتە هۆی خەواڵووی و ئالوودەبوون پێوەی بەڵام کێشەی تری هەیە بۆ جەستە، هەرچەندە کاریگەری دەرمان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و لەوانەیە زۆر کەس بەکاری بهێنن و کێشەشیان بۆ دروست نەبێت و زۆر کەسیش تووشی ئەم حاڵەتانەی خوارەوە ببنەوە.

  • ئازار یان سووتانەوەی گەدە
  • نەمانی حەزی خواردن
  • دڵەکوتە
  • دڵتێکچوون
  • ڕشانەوە
  • سکچوون
  • قەبزی
  • سەرگێژبوون
  • زیکە زیکی گوێ.
  • گۆڕانکاری لە پێستدا.

ئەگەر دوای بەکارهێنانی ئەم دەرمانە تووشی یەکێک لەم کێشانە بوویتەوە ئەوا بەدڵنییایەوە سەردانی پزیشک بکە و واز لە خواردنی حەپەکە بهێنە.

کارلێکی حەپی مێفینامیک ئەسید لەگەڵ دەرمانی تردا

  • بەکارهێنانی ئەم حەپە لەگەڵ کۆمەڵێک حەپی تردا لەوانەیە کارلێکی خراپ دروست بکات نابێت مێفینامیک ئەسید لەگەڵ‌ئەم دەرمانانەدا بەکاربێت چونکە لەوانەیە کێشە دروست بکات بۆ کۆئەندامی هەرس (ibuprofen, aspirin, naproxen)
  • کەسانێک کە دەیانەوێت دەرمان بەکاربهێنن دەبێت جەستەی خۆیان بناسنەوە و بزانن بە چ شتێک حاڵیان تێک دەچێت بۆ نموونە ئەو کەسانەی خۆیان هەستیاری پێستیان هەیە با دوورکەونەوە لە بەکارهێنانی حەپی مێفینامیک ئەسید چونکە یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکیەکانی حەپەکە بریتییە لە کێشەکانی پێست.
  • هەروەها ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە و حەپی (metformin) بەکاردەهێنیت ئەوا نابێت مێفینامیک ئەسید بخۆیت، نابێت بەکاربهێنرێت لەگەڵ ئەو دەرمانانەشی کە میز پێکەرن وەک (Spironolactone٫ heparin, warfarin, lithium).
  • هەندێک گیای سروشتیش وەک گوڵە بەیبوون بەکارهێنانی لەگەڵ حەپی مێفینامیک ئەسیددا دەبێتە هۆی دڵەکزە و ئازاری گەدە و خراپ هەرسبوونی خواردن 
  • هەروەها نابێت لەگەڵ دەرمانەکانی دژە خەمۆکیدا بەکاربێت.
  • ئەگەر نەخۆشیەکت هەیە و دەرمان بەکاردەهێنیت بۆی کاتێک دەتەوێت دەرمانی مێفینامیک ئەسیدیش بەکاربهێنیت باشتر وایە کە پرس بە پزیشک بکەیت لەو کاتەدا.
  • ئاگاداربە کە لەخۆوە بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە مێفینامیک ئەسید دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە گورچیلە و جگەر و هەروەها کەم خوێنیش، هەروەها بەکارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێکی دژە سترۆیدی لەگەڵ مێفینامیک ئەسیددا لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون و شین بووەوەی نەخۆش.

بڕی بەکارهێنانی دەرمانی مێفینامیک ئەسید دەبێت چەند بێت؟

بڕی بەکارهێنانی حەپەکە لەماوەی سوڕی مانگانەدا دەبێت پزیشک بڕیار بدات کە چەندێک بەکاربهێنیت، نابێت لە سێ ڕۆژ زیاتر بەکاربهێنرێت لەماوەی سووڕی مانگانەدا و بۆ هەر شەش کاتژمێر جارێک حەپێکی لێ دەخورێت، ڕۆژانی سەرەتا چونکە ئازارەکە زۆرە ئەوا مێفینامیک ئەسیدی 500 بەکاربهێنن و بۆ ڕۆژانی دواتر بیکەن بە 250 و دەبێت دوای نان بخورێت حەپەکە.

بەکارهێنانی میفینامیک ئەسید لەماوەی دووگیانیدا

بە هیچ شێوەیەک کاتی دووگیانی نابێت ئەم دەرمانە بەکاربهێنرێت بەتایبەت لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا و دوای هەفتەی ٣١ بۆ ٣٢ـی دووگیانیەکە.


سەرچاوەکان



2810 بینین