کوشتنە زنجیرەییەکانی ئێران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-23-15:17:00 - کۆدی بابەت: 5498
کوشتنە زنجیرەییەکانی ئێران

ناوه‌ڕۆك

كوشتنە زنجیرەییەكانی ئێران چین؟

كوشتنە زنجیرەییەكان، بە كۆمەڵێك كوشتنی یەك لەدوای یەكی وڵاتی ئێران دەوترێت كە كوژراوەكان لە كەسایەتی سیاسی و هونەرمەند و ڕەخنەگری كۆماری ئیسلامی ئێران پێكهاتبوون لە دەیەی كۆتایی سەدەی بیست لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران، بەپێی گێڕانەوەكان ئەم بڕیارە بە فەتوای هەندێك لە ئاخوندەكانی ئێران و عەلی فەلاحیانی وەزیری زانیاری ئێرانی سەردەمی هاشم ڕەفسنجانی) و قوربانعەلی دەری نەجەف ئابادی (یەكەمین وەزیری زانیاری حكومەتی محەمەد خاتەمی) ئەنجامدراوە.

دوای ئەنجامدانی كوشتنەكان، وەزارەتی زانیاری ئێران، بكوژەكانی بە "كۆمەڵێك لە كارمەندانی بەدگومان و سەرەڕۆ، كە دەستەمۆی كۆمەڵێك كەسانی نهێنی و بێگانەن" لە قەڵەمدا، دواتریش محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆماری ئەوكات، تیمێكی لە دەرەوەی وەزارەت دروستكرد بۆ لێكۆڵینەوە لە كوشتنەكان و بكوژەكانیان، تیمەكەش دوای مانگێك لە لێكۆڵینەوە توانییان بەرپرسانی ئەنجامدەری تاوانەكان دەستگیر بكەن، ڕاستەوخۆ دەری نەجەف ئابادی وەزیری زانیاری لەكار دوورخرایەوە و عەلی یونسی شوێنی گرتەوە.

دوای ئەوەشی سەعید ئیمامی جێگری وەزیری زانیاری و بەرپرسی هێرشەكان دەستگیركرا لە زیندانی ئەوین، بە شێوەیەكی نهێنی و نامۆ ڕۆژێك لە زیندان ڕاگەیەندرا كە خۆی كوشتووە بەهۆی خواردنەوەی ماددەی پاككەرەوە.

قوربانییەكانی ئەم كوشتنانە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و سەرۆكی حیزب و شاعیران و پێشكەشكاران و سیاسی و كەسانی ئاسایی گرتبوویەوە، كە بە چەندین شێوازی مەترسیدار و سەیر و جۆراوجۆر كوژران، وەك: "لێدان بە چەقۆ، ڕووداوی هاتووچۆ، تەقەكردن لە دزی چەكدارانە، دەرزی لێدان بۆ دروستكردنی جەڵتەی دڵ" و دواتریش پارچەكردنی جەستەیان و سوكایەتی پێكردنیان.

لەدوای كوشتنی هەریەك لە "دایروش فروهەر، پەروانە ئەسكەندەری، و سێ نووسەری دیكە" لە زستانی 1998 ئەم بابەتە بووە بابەتێكی گشتی دەنگی دایەوە و باسكرا و بووە هۆی ئاشكرابوونی هەڵمەتەكە.

هۆكاری كوشتنەكان

چاودێران پێیان وایە هۆكاری ئەم كوشتانە پشێوی و دروستكردنی كێشەبوو بۆ حكومەتی سەرۆكی ئەوكات محەمەد خاتەمی، كە لە حیزبێكی جیابوو وەك لە حیزبی ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكە حیزبەكەیان داواكاری ژینگەیەكی كراوە و ڕۆشنبیرانەتریان دەكرد بۆ خەڵكی و زۆر شت كە پێشتر بە حەرام دادەنران لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەوان بە یاساییان كرد و ڕێگایان پێدا، هەروەها بكوژەكانیش كەسانێك بوون كە فەرمانیان لە سەرووی خۆیانەوە بۆ دەهات و وەك ئەوەی كە وەزارەت لە كۆتاییدا وتی "كەسانێك بە ویستی خۆیان ئەنجامیان داوە" ڕاست نییە و هۆكاری سیاسی گەورەی لە پشت بووە.

پێش دەستپێكردنی حوكمی خاتەمیش پلانی كوشتنی زۆرێك لەو كەسایەتیانە داڕێژرابوو كە بەپێی وەزارەتی زانیاری وڵات، ئەوان مەترسی بوون بۆ سەر ئاسایشی وڵات و ڕژێمی ئیسلامی ئێران، بەڵام دواخرابوو بۆ دەستپێكی حكومەتی خاتەمی و حیزبی ئیسڵاح ویستان، لەگەڵ ئەمەشدا حیزبی دژی خاتەمی كە ڕابەری كۆماری ئیسلامی سەركردایەتی دەكرد، یەكەمین كەس بوون لێدوانیان دژی كوشتنەكان دا دوای ئاشكرابوونیان و عەلی خامنەیی لە نوێژی جومعەدا وتی "ئەمە كاری ئیسرائیلە و دەستی دەرەكی لە پشتە دژی ئاسایشی وڵات".

ڤیدیۆكان

دوای ئەوەی وەزارەت ویستی پەردەپۆشی كارەكەی بكات ڤیدیۆی چەند كەسێك لە تاوانبارانی بڵاوكردەوە كە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا دەنا كە كارمەند و بەكرێگیراوی ئیسرائیل و ئەمریكان، بەڵام بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و جۆری لێكۆڵینەوەكە ئەوەندەی تر بووە هۆی توڕەبوونی خەڵكی و ئابڕووچوونی وەزارەتی زانیاری.

ئەم كردەوانەی وەزارەتی زانیاری و ئاشكرابوونیان وایكرد توانا و دەسەڵاتی دەزگای زانیاری سووپای پاسداران بهێنرێتە پێشەوەی وەزارەتی زانیاری لە زۆرێك لە كارەكان.

دوو دەیە دوای ئەو ڕووداوانە موستەفا پورمحەمەدی وەزیری دادگای باڵای وڵات ڕایگەیاند:

"ئەو كوشتنانە كاری دەرەكی نەبووە، بەڵكو لە هەناو و ناوجەرگەی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕوویداوە و بڕیاری لەسەردراوە، تۆمەتبارانیش هەموویان دوای تێپەڕاندنی حوكمی خۆیان ئازادن".

چۆنیەتی ئاشكرابوونی كوشتنەكان

داریوش فروهەر (ڕابەری حیزبی میلـلەتی ئێران) و هاوسەركەی پەروانە ئەسكەندەری لە عەسری 22/11/1998 لە ماڵەكەی خۆیان لە تاران بە لێدانی چەقۆ كوژران جەستەیان بە شێوەیەكی ترسناك پارچەپارچە كرا و ڕووی كرا لە ڕووگە، كە دواتر بكوژەكانیان وتویانە بە 14 چەقۆ داریوشمان كوشتووە و دواتریش بە 24 چەقۆ هێرشمان كردووەتە سەر پەروانە ئەسكەندەری، هەندێك لە ڕۆژنامەنووسان دەڵێن كە مەمكەكانی پەروانە ئەسكەندەری بڕاون دوای كوشتنی، لە دوای دوو سێ هەفتەی دیكەش جەستەی هەردوو نووسەر محەمەد موختاری و محەمەد جەعفەر پویەندە دوای چەند ڕۆژێك بێهەواڵی لە شەقامەكانی دەوروبەری شار دۆزرانەوە، دواتریش مەعصومە موسەدیقی نەوەی دكتۆر موسەدیق كە تازە گەڕابوویەوە بۆ وڵات لە ماڵەكەی خۆیدا بە كوژراوی دۆزرایەوە.

بەهۆی ئەو كوشتنە زۆر و دیارانەوە، تۆڕی هەواڵی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران وروژا و بە هەڵمەتی چاكسازی حكومی لە ئێران ناویان برد و بووە هۆی ئاشكرابوونی بە پلانی پڕۆسەكە و كوشتنەكان.

پێش ئاشكرابوون

لەبەرئەوەی لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت و ساڵانی دواتر ڕووداوی تیرۆر و كوشتنی سیاسی و كەسانی گەورە و ڕۆژنامەنووسان لە ئێران زۆربوو، بۆیە زۆرینەی خەڵكی و چاودێران پێیان وابوو ئەمە كاری دەرەوەی ئێرانە، هەندێك لە ڕۆژنامەكان بە نووسینی "كاری تیرۆرستان، كاری موجاهیدینی خەلق، ئیسرائیل، دوژمنانی دەرەوە، كوردەكانی پاڵپشتیكاری توركیا و دوژمنانی عەبدوڵا ئۆجەلان، هەوادارانی محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكات"، تاوانەكانیان بەسەر گرووپ و كەسەكاندا دابەش دەكرد، تا ئەوەی دواتر ئاشكرابوو كاری كەسانێكی وەزارەتی زانیاری ئێرانە.

لە دانپێدانانەكانی كەسی سەرەكی كوشتنەكان واتە سەعید ئیمامی وتبووی "كاری سووپای پاسدارانە".

كۆمیتەی لێكۆڵینەوە

بەهۆی ئەو گرژی و ناڕەزایەتییانەی دروستبوون لەلایەن كۆمەڵگای ئێرانییەوە، سەرۆكی ئەوكات محەمەد خاتەمی بڕیاری دا بە دەستگیركردنی بكوژان و تاوانباران، هەر بۆیە لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی عەلی یونسی (سەرۆكی ئەوكاتی دەزگای دادی هێزە چەكدارەكان) و سەرمەدی (جێگری وەزیری زانیاری) و عەلی ڕەبیعی (بەرپرسی بەڕێوبردنی ڕاوێژكاری باڵای ئاسایشی دەوڵەت) پێكهێنرا.

عەلی ڕەبیعی دەڵێت:

" ئێمە پێشووتر گومانمان لە عالیخانی و سەعید ئیمامی هەبوو، دواتر كۆبوونەوەیەكمان ڕێكخست كە دڵنیابووم دەگاتەوە بە گوێی یەكێك لەم دوو كەسە و لەوێ وتم كە ئەم دوو كەسە دەستگیردەكەین، دوانزەی شەوی هەمان ڕۆژ یەكێك لەم دوو كەسە هاتە بەردەرگا و وتی دەمەوێت قسەبكەین، بۆ بەیانییەكەی هاتە نووسینگە و سێ كاتژمێر قسەمان كرد و هەموو شتێكی ڕوونكردەوە، بۆیە منیش تەلەفۆنم بۆ سەرۆكی وڵات كرد و پێموت كە بەڵێ، هەموو شتێك ڕوونە".

دوای ئەمانەش وەزیری زانیاری لە كار لابرا و عەلی یونسی كرا بە وەزیر.

دادگا

دادگای تاوانبارانی كوشتنە زنجیرەییەكان بەبێ ئامادەبوونی خێزانی كوژراو و بكوژان ئەنجامدرا و لە 12 دانیشتندا كۆكرایەوە بە شێوەیەكی نهێنی و بەبێ ئامادەبوونی هیچ لایەنێك، ئەوكات هەریەك لە موستەفا كازمی بەێوبەری ئاسایشی وەزارەتی زانیاری و مێهرداد عالیخانی بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی زانیاری بە تۆمەتی فەرماندەیی و بڕیاری كوشتنەكان بە چوار جار زیندانی هەتاهەتایی سزا دا.

تاوانباران كە كارمەندی وەزارەتی زانیاری بوون وتویانە كە كردە كوشتنەكان "سڕینەوەی فیزیكی" بوون و فرمانی وەزارەت بووە و پێیان دراوە و یەكێك بووە لە ئەركەكانیان.

عەبدوڵا ئەسەدی، یەكێك لە تاوانباران لە نووسینی دوای دەستگیركردنیدا دەڵێت: "من وەك هەموو كارەكانی دیكەم كە لە وەزارەت هەمبووە، وەك دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە و گواستنەوە و ڕفاندن و بەڕێوبردنی ئۆپەراسیۆن، بۆیە ئەم كارەش پێشبینیكرابوو بۆم، هەر بۆیە وەك كارەكانی دیكە ئەنجاممداوە و فرمان بووە، ئەركی كوشتنی داریوش فروهەر و پەروانەی هاوسەری بە ئێمە سپێردرا لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتەوە، بۆیە ئێمەش وەك هەمیشە بە ئەرك و پارێزگاری لە وڵاتمان زانی و ئەنجامماندا".

موحسنی، كارمەندی وەزارەت لە دانیشتنێكی دادگا لەبارەی كوشتنەكانەوە دەڵێت: "كاری سڕینەوەی فیزیكی و كارەكانی تریش یەكێك بوو لە ئەركەكانی ئێمە لە وەزارەت و ئەركی خۆمان بەجێهێناوە".

عەلیڕەزا داودی كارمەندێكی دیكەی وەزارەتە و تاوانی كوشتنەكان ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت: "تۆمەتەكەم قبووڵ نییە، ئەم ئیشانە لە بەڕێوبردنی وەزارەت زۆر ئاساییە، هەموو برایان هەر كارێك بكەن دەستنوێژ دەگرن و بە زیكرەوە ئەنجامی دەدەن، زۆرێكی دیكەش ئەم كارانەیان ئەنجامداوە و خەڵاتكراون".

یەكێكی دیكە لە كارمەندان دەڵێت: "ئێمە كاری خۆمان ئەنجامداوە و ئەركمان بووە وەك هەموو كارمەندێك، تەنانەت ئەگەر كارەكە زۆری بویستایە مووچەكەشمان زیاد دەكرا وەك كاری زیادە".

عەلی روشەنی بەرپرسی ئەوكاتی پاراستنی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بە تۆمەتی كوشتنی ڕاستەوخۆی محەمەد موختاری و محەمەد جەعفەر پویەندە بە دوو كەیسی كوشتنەوە سزادرا.

مەحمود جەعفەرزادە بە تاوانی كوشتنی داریوش فروهەر حوكمی قەساسی (كوشتەوە) بەسەردا سەپێنرا.

عەلی موحسنی بە تاوانی كوشتنی پەروانە ئەسكەندەری بە قەساس سزادرا.

حەمید ڕەسولی و محەمەد عەزیزی بە تۆمەتی بەڕێوبردن و فرماندانی تاوانەكان بە دوو ماوەی زیندانی سزادران، خەسرەو بەراتیش بە تۆمەتی چاودێری كوشتن بە دە ساڵ زیندانی و تۆمەتبارانی دیكەش بە دوو ساڵ و نیو یان چوار ساڵ سزادران.

تاوانباران و ڕێكخەران

عەلی فەلاحیان

بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەزیری زانیاری بووە، و سەعید ئیمامی كردووە بە چاودێری ئاسایشی وەزارەت.

لە سەردەمی فەلاحیان بڕیاری كوشتنی تەواوی نووسەرە كاریگەرەكان كە كێشە بۆ ئاسایشی وڵات دروست دەكەن درابوو، لە ماوەی دەسەڵاتی ئەویشدا بڕیاری كوشتنی 29 كەسیان دەرچوو و پلانی بۆ دانرا و تەنیا 7 كەسیان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو كوژران.

سەعید ئیمامی لە دانپێدانانەكانیدا وتویەتی "بڕیاری كوشتنی پەروانە ئەسكەندەری و داریوش فروهەر لەلایەن عەلی فەلاحیانەوە پێمدرا و من هەرگیز خۆم كارێكی سەربەخۆیانەم نەكردووە".

قوربان عەلی دەری نەجەف ئابادی

سەعید ئیمامی لە دانپێدانانەكانیدا وتویەتی: "بڕیاری كوشتنی فروهەرەكان لەلایەن عەلی فەلاحیانەوە درابوو، بەڵام ئەوكات وتمان ئەی كوشتنی ڕێكخراوی نووسەران چیلێدێت كە نەجەف ئابادی وتبووی هەرچی زووترە با بكرێت؟! لەگەڵ ئەوەی عەلی فەلاحیان دادوەری شەرع بوو بەڵام هەرگیز فرمانی كوشتنەكانی ڕاستەوخۆ پێنەدەداین و بڕیارەكانی لە ئایەتوڵا "خوشقوەت، مصباح، خەزعەلی، جەننەتی موحسن ئاژەیی" وەردەگرت و پێیدەداین، ئێمەش تەنیا هەواڵمان دەگەیاند و چاوەڕێی فرمان بووین.

بەهۆی ئەوەی لیستێك بڵاوبوویەوە كە ناوی ئەو كەسانەی تێدابوو كە دەبێت بكوژرێن و دژی دەسەڵاتن، و لیستەكەش لەلایەن نەجەف ئابادییەوە واژوو كرابوو كە ئەوكات وەزیری زانیاری بوو، بۆیە ناچاربوو دەست لە كار بكێشێتەوە.

بڕیاردەرانی كوشتنەكان

سەعید ئیمامی دەڵێت :" لەگەڵ ئەوەی عەلی فەلاحیان دادوەری شەرع بوو بەڵام هەرگیز فرمانی كوشتنەكانی ڕاستەوخۆ پێنەدەداین و بڕیارەكانی لە ئایەتوڵا "خوشقوەت، مصباح، خەزعەلی، جەننەتی موحسن ئاژەیی" وەردەگرت.

بەڵام دواتر هەموو تاوانەكان بەسەر سەعید ئیمامی شكێندرانەوە و دواتریش لە زیندان ڕاگەیەندرا كە خۆی كوشتووە و بەمەش كەیسەكە بە تەواوی بە لاڕێدابرا.

محەمەد بلوری بەڕێوبەری بەشی ڕووداو لە ڕۆژنامەی ئێران، كە یەكەمین كەس بوو تاوانی كوشتنەكان بداتە پاڵ وەزارەتی زانیاری وتویەتی:

"بكوژەكان كەسانێكن كە پێشتر لەبەر هێز و دەسەڵات چوونەتە ڕیزی شۆڕشگێرانی 1979 و دواتریش بوون بە ئەندامی وەزارەت، نەك لەبەر عەقیدە و باوەڕی ئیسلامی، هەندێكیشیان بەهۆی ئەوەی تاوانباربوون ویستویانە خۆیان لە سزادان لابدەن و ببنە كاربەدەستی سەربازی لە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران.

سەعید ئیمامی

یەكێك بوو لە كارمەندە باڵاكانی وەزارەت و یەكێك لە جێگرەكانی عەلی فەلاحیان بوو و لە ساتی كوشتنەكاندا ڕاوێژكاری وەزارەت بوو.

دوای دەستگیركردنی ئیمامی و تاوانبارانی دیكە، ناویان لە هیچ شوێنێك بڵاونەكرایەوە، تا ئەوەی دواتر سەرۆكی ئەوكاتی دادگای هێزە چەكدارەكان وتی:

"تاوانباران چوار كەسی سەرەكین كە سەعید ئیمامی و موستەفا كازمی و مێهرداد عالیخانی و خەسرەو بەراتین" و "حوكمی سەعید ئیمامیش بەو دانپێدانانە و بەڵگەكانی بێت تەنیا لەسێدارەدانە".

دواتریش لە 21/6/1999 هەواڵی خۆكوشتنی سەعید ئیمامی بڵاوبوویەوە كە گوایە لەكاتی خۆشۆردن بەهۆی خواردنی تایت و ماددەی پاكۆكەرەوەوە خۆی كوشتووە.

بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەو بەهۆی ئەو زانیارییە گرنگانەی كە زانیویەتی كوژراوە بۆ ئەوەی تاوانەكانیشی بەسەردا ساغ ببێتەوە و كەسە سەرەكییەكان ئاشكرا نەبن.

ئیمامی جگە لە تاوانی كوشتنی فروهەرەكان، بەڵكو تاوانباری سەرەكی كوشتنی محەمەد موختاری و پویەندە و شەریف، و یەكێك لە فەرماندەی كوشتنەكانی دەیەی هەشتا و نەوەد و تیرۆری سەعید سیرجانی و تیرۆری میكۆنۆس و ڕووداوی پاسەكەی ئەرمەنستان و مردنی لەناكاوی ئەحمەد خومەینی ـیە.

موستەفا كازمی

كەسی دووەمی بەرپرسی تاوانەكانە، حوسەینیان ناوێك دەڵێت :"موستەفا خۆی دانی بەوەدا ناوە كە خۆی بڕیاری داوە، فرمانی دەركردووە، بە تایبەتیش خۆی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكان بووە".

ماوەیەك پێش ئەوەی كوشتنەكان دەست پێبكات، كازمی دەڕواتە لای سەرۆكی وڵات و پێی دەڵێت بڕیارە شتێك ڕووبدات و دەیانەوێت وڵات بڕوخێنن، دواتریش تەلەفۆنێك بۆ یەكێك لە ڕاوێژكارانی سەرۆكایەتی وڵات دەكات و دەڵێت كە بڕیارە چەند كەسێك بكوژن و كێشە بنێنەوە، كە ئەم تەلەفۆنەیان تۆماركراوە.

وەستانی كوشتنەكان

دوای ئاشكرابوونی كوشتنەكان و ڕێكخستنی ژووری ڕووبەڕووبونەوە و لێكۆڵینەوە، كوشتنەكان وەستان.

هێرش بۆ سەر بەشە ناوخۆیی زانكۆی تاران

ڕۆژنامەی سەلام لە 6/7/1999 نامەیەكی سەعید ئیمامی بڵاوكردەوە كە لە 8/10/1998 بۆ وەزیری زانیاری ناردبوو، و تێیدا ئاماژەی بە دۆخی ناسەقامگیری ڕۆشنبیری وڵات كردووە و ناوی محەمەدی موختاری بردووە كە دوای چەند ڕۆژێك لەو نامەیە كوژرا.

بەهۆی ئەمەشەوە ڕۆژنامەی سەلام داخرا، دواتریش لە زانكۆی تاران قوتابیان خۆپیشاندانیان سازكرد دژی داخستنی ڕۆژنامەكە، شەوی هەمان ڕۆژ كۆمەڵێك لە سەربازان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هێرشیان كردە سەر بەشە ناوخۆییەكان و زۆرێك لە قوتابیانیان سزادا، و یەكێك لە قوتابیانیش بەهۆی ئەو هێرشەوە گیانی لەدەستدا.

سەرۆكی وڵات بۆ ڕۆژی دواتر ناوی هێرشەكەی نا "باجی شوێنكەوتنی كەیسی كوشتنەكان".

قوربانیانی كوشتنەكان

  • مظفر بقایی
  • كازم سامی
  • عەبدوڕەحمان قاسملۆ
  • حسین سودمند
  • هایك هوسپیان مهر
  • ئەحمەد میرعەلایی
  • طاطاوس میكائیلیان
  • سیامەك سەنجەری
  • غەفار حسەینی
  • ئەحمەد تفضلی
  • ڕەزا مەزڵومان
  • فاتیمە قائمفامی
  • مەعسومە موسەدیق
  • پیروز دوانی
  • حەمید حاجی زادە
  • كارون حاجی زادە
  • داریوش فروهەر
  • پەروانە ئەسكەندەری
  • عەلی ئەكبەر سەعید سیرجانی
  • محەمەد جەعفەر پویەندە
  • محەمەد موختاری
  • صادق شرفکندی
  • فتاح عبدلی
  • همایون اردلان
  • نوری دهکردی
  • سید محمود طالقانی
  • علی‌مراد داودی
  • شهریار شفیق (نەوەی ڕەزاشا)
  • علی‌اکبر طباطبایی
  • غلامعلی اویسی و براكەی غلامحسین اویسی
  • دكتۆر سەید ئیبراهیم بیضائی
  • سەید خسرو بشارتی
  • عبدالرحمان برومند
  • شاپور بختیار و سروش کتیبه
  • دكتۆر محمد تقی فلاح تفتی، هاوسەرەكەی دكتۆرە منیژه زرسازگار و دوو منداڵیان
  • فریدون فرخزاد
  • شمس‌الدین امیرعلائی
  • 26 كوژراو لە تەقینەوەی حەرەمی ئیمام ڕەزا
  • مهدی دیباج
  • حسین شاه جمالی
  • حسین برازنده
  • سید ئەحمەد خومەینی
  • زهره ایزدی
  • حسین سرشار
  • محمد باقر یوسفی ناسراو به روانبخش
  • احمد میرعلائی
  • فاروق فرساد
  • احمد میرین صیاد
  • مولوی عبدالمالک ملازاده و مولوی عبدالناصر جمشید زهی
  • فخرالسادات برقعی
  • حسین شریفی
  • غزاله علیزاده
  • ڕووداوی پاسەكەی ئەرمەنستان (ناسەركەوتوو)
  • فرزین مقصودلو و خوشكەزاكەی شبنم حسینی
  • محەمەد ڕەبیعی یاخود مامۆستا ڕەبیعی
  • ئەحمەد تفضلی
  • منوچهر صانعی و هاوسەرەكەی فیروزه کلانتری
  • ابراهیم زال‌زاده
  • مجتبی مهراسبی
  • عبدالعزیز بجد
  • فاطمه قائم مقامی
  • مریم متقی
  • رستمی همدانیان
  • مجید شریف
  • دکتر جمشید پرتوی
  • پرویز خاکسار
  • جواد امامی و هاوسەرەكەی سونیا آل‌یاسین
  • کریم جلی و هاوسەرەكەی فاطمه امامی
  • محمد تقی زهتابی
  • شیخ محمد ضیایی
  • دکتر فلاح یزدی
  • سعید قیدی
  • دکتر فیروز نیما
  • عزت‌الله ابراهیم‌نژاد، فرشته علیزاده، تامی حامی‌فر و سعید زینالی لە هێرش بۆ زانكۆی تاران
  • حامد مسیحا
  • حسین فتاح‌پور
  • مهدی خانی‌پور
  • رضا ضیایی‌نیا
  • هادی تقی‌زاده
  • قاسم شفیعی
  • فریدون فروهری
  • پروفسور نوری
  • شمس الدین کیانی
  • رحمت‌الله پاداشی
  • افشین شعبانیان
  • زهرا کاظمی
  • زهرا بنی‌یعقوب
  • هەندێك چەكداری سووپا كە دژی جەنگی ئێران و عێراق بوون.
  • كوشتنی هەندێك لە سوننە و بەهائییەكان و مەسیحی و بێ ئایینەكان.


سەرچاوەکان



438 بینین