تایبەتمەندی کەسە ڕووخۆشەکان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-25-14:30:00 - کۆدی بابەت: 5536
تایبەتمەندی کەسە ڕووخۆشەکان

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندی کەسە ڕووخۆشەکان چییە؟

بەدڵنییاوە لە شوێن و کۆمەڵێکدا بوویت و سەرنجت چووەتە سەر ڕووخۆشترین کەسی ناو ئەو کۆمەڵەیە و خۆشەویستی چووەتە دڵتەوە و بە کەسێکی میهرەبان دەرکەوتووە.

لە لێکۆڵینەوەیەک لە ئەمەریکا دەرکەوتووە کە لە سێ کەسی ئەمەریکا یەکێکیان ڕووخۆشە واتە ئەگەر تۆ خۆشت کەسێکی ڕووخۆش نەبیت بێگوومان لە دەوروبەرەکەتدا کەسێک یان چەند کەسێکی ڕووخۆش هەیە.

تایبەتمەندییەکانی کەسانی ڕووخۆش چییە؟

کەسانێکی باشن

لەوانەیە ئەم سیفاتە کەمێک گشتگیرانە بێت، بەڵام کەسانی ڕووخۆش بەگشتی باش و میهرەبانن، ئەوان لە هەر شوێنێک بن خۆشەویستن و زوو دەچنە دڵی خەڵکەوە و هەمووان حەز دەکەن کە پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکەن، کەسانێکی خاکی و گەرم و گووڕ و یارمەتیدەرن، ئیرەیی بە کەس نابەن و کاتیان لە ڕق لێبوونەوەی کەسانی تردا بە هەدەر نادەن، و ئارامگرن، و کەشێکی وا دروست دەکەن بۆ دەوروبەرەکەشیان کە هەموو شتێک لای ئەوانیش خۆش و ئاسان بێت و دڵخۆشبن.

کەسانێکی ڕاستگۆن

ڕووخۆشی ڕاستەقینە هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ درۆدا جێی خۆی بکاتەوە، ئەو کەسانەی لەگەڵ خۆیاندا درۆ دەکەن بەگشتی لەگەڵ کەسانی تریشدا درۆ دەکەن، سەرەکیترین ڕاستگۆیی بریتییە لە پیشاندانی خودی ڕاستەقینەی خۆت کەسانی ڕووخۆش لە پیشاندانی خودی ڕاستییان ناترسن و هەوڵ نادەن کە نواندن بکەن و ماسک بەکاربهێنن، کاتێک کە خودی ڕاستی خۆت دەردەخەیت ژیانیش بۆت ئاسانتر و سادەترە.

کەسانێکن ڕۆحی هاوکارییان تێدایە

کەسانی ڕووخۆش تەنها بیر لە خۆیان و سەرکەوتنی خۆیان ناکەنەوە، بەڵکوو هەمیشە هاوکاری کەسانی تریش دەکەن تاکوو بە ئامانجەکانیان بگەن، بێگوومان هیچ کەسێک بێ یارمەتی کەسێکی کە ناتوانێت بە شتێکی گەورە بگات، دەبێت ئەوە بزانین کاتێک کەسێک دەگات بە شتێک و سەرکەوتوو دەبێت چەندان کەس هەبوون کە یارمەتیان داوە و پشتیان گرتووە.

زەردەخەنەیەکی جوانیان هەیە

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کەسانی ڕووخۆش بوونی زەردەخەنەیەکی جوانە، هەمووان دەتوانین کاتی وێنە گرتن زەردەخەنە بکەین و پێبکەنین بەڵام ئەمە تەنها نواندنێکە، کەسانی ڕووخۆش بە ڕاستی و بێ درۆ هەمیشە زەردەخەنەیان لەسەر لێوە و لەوپەڕی دڵیانەوە پێدەکەنن.

پەیوەندیان لەگەڵ کەسانی ڕووخۆشی تردا هەیە

کەسە ڕووخۆشەکان بەگشتی تەنها نین و هاوڕێیەتیان لەگەڵ کەسانی زۆردا هەیە و زۆر کەس دەناسن، بەگشتی کاریگەریەکی ئەرێنیان هەیە بەسەر کەسانی ترەوە و خەڵکی حەز دەکەن کە هاوڕێیەتیان بکەن، مرۆڤە ڕووخۆشەکان حەز دەکەن کە خۆیان چۆن مامەڵە دەکەن خەڵکیش ئاوا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

کەسانێکن کە هەست و بیرکردنەوەی یەکسانیان هەیه

کەسە ڕووخۆشەکان بۆ بچوکترین ڕووداوی خۆشی ژیانیان ئاهەنگ دەگێڕن، کە خۆشیەکی تەواویان پێ دەبەخشێت کە زۆرێک لەخەڵکی نرخی نازانن و خۆشییە بچوکەکانیان بە کەم سەیر دەکەن، و خۆیان سەرقاڵ ناکەن بەو کێشانەوە کە لەلای خەڵکی جێگای خەفەت و بێزارییە، دەزانن گرنگی بەچی دەدەن و چی ناکەنە کێشەی ژیانیان و بە پۆزەتیڤانە دەڕواننە ژیان.

کەسانێکن کە لە کاتی ئێستادا دەژین

ژیان لە کاتی ئێستادا زۆر ئاسانە و بەڵام زۆرێک لە خەڵکی هەر لەڕابردوودا دەژین یاخود خەم و خەفەتیان هەیە بۆ داهاتوویەک کە هێشتا دیار نییە، کەسە ڕووخۆشەکان لەو حاڵەتەی کە ئێستا تێیدا دەژین ڕازین و تەنها بیر لەوە دەکەنەوە، کاتیان بە بیرکردنەوە لە هەڵە و ڕووداوەکانی ڕابردوو و هەروەها داهاتوویەک کە دیار نییە بە فیڕۆ نادەن.

گوێگرێکی زۆر باشن

هەست و قسەی کەسانی تریان زۆر لا گرنگە و بەجوانی بە بێدەنگی گوێیان بۆ دەگرن و تاکوو بتوانن یارمەتی دەرێک بن بۆ کێشە و خەمەکانیان.

چاوەڕێی شتی زۆر ناکەن

چاوەڕێی شتی زۆر لە کەسانی دەوروبەریان ناکەن و بەکەم ڕازی دەبن، ئەو کەسانەی کە هەمیشە چاوەڕێن کەسانی بەرامبەریان شتێکیان بۆ بکەن و بەردەوام چاوەڕێی دەستی خەڵکین هەر ئامانەش زوو زویر دەبن چونکە هەموو کەسێک ناتوانێت بەردەوام بە گوێیان بکات، بەڵام کەسە ڕووخۆشەکان چاوەڕێی شت ناکەن لە خەڵکی و بەزۆر شت ڕازی دەبن و گلەیی و گازەندەیان نییە هەر بۆیە لەگەڵ زۆرینەی خەڵکیدا دەگونجێن.

لەخۆوە بڕیار لەسەر کەس نادەن

هیچ کەسێک پێی خۆش نییە کە بڕیاری لەسەر بدرێت، چونکە زۆر جار بە هەڵە بڕیار دەدەین لەسەر کەسەکان، کەسە ڕووخۆشەکان تێدەگەن کە ژیان هەر ڕۆژە و جۆرێکە و هەموومان شایەنی گۆڕانکارین بۆیە لە هەر ساتێکدا دەکرێت ڕەفتارێک بنوێین کە ئەمە پێناسە نییە و نابێت بڕیاری هەڵە بدەیت دەربارەی کەسەکە.


سەرچاوەکان



1628 بینین