نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-27-15:17:00 - کۆدی بابەت: 5574
نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە چین؟

نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە حاڵەتێکە کە کار دەکاتە سەر جەستە و دەروونی خانمان پێش کەوتنە سوڕی مانگانەوە، ٪٩٠ خانمان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن و نیشانەکان پێش ٥ بۆ ١١ ڕۆژ پێش کەوتنە سوڕی مانگانەوە دەست پێ دەکات.

نیشانەکانی پێش کەوتنە سوڕی مانگانە کەی دەست پێ دەکات؟

سوڕی خانمان بەشێوەیەکی گشتی ٢٨ ڕۆژ درێژە دەکێشێت، هێلکەدانان واتە کاتێک کە هێلکە لە هێلکەدانەوە بەڕەڵا دەبێت لە ڕۆژی ١٤ـەمی سوڕەکەدا ڕوودەدات، سوڕی مانگانەش لە ٢٨ـەم ڕۆژی سوڕەکەدا ڕوودەدات، کەواتە نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دەتوانێت بەنزیکەیی لە ڕۆژی ١٤ـەمەوە دەست پێ بکات

نیشانەکانی پێش کەوتنە سوڕی مانگانە چییە؟

  • نیشانە جەستەییەکان.
  • گرژبوونی سک.
  • ئازاری سک.
  • گرژبوونی ماسولکەکان.
  • ئازاری جومگەکان.
  • ئازار و ڕەقبوونی مەمک.
  • زیپکە.
  • دڵتێکچوون بە خواردن، بەتایبەت شیرینی.
  • قەبزی.
  • سکچوون.
  • سەرئێشە.
  • نیشانە دەروونیەکان.
  • بەرپەرچدانەوەی توند.
  • زۆر توڕەبوون و هەڵچوون.
  • هەستیاری بە ڕووناکی و دەنگ.
  • ماندوویەتی و بێ توانایی.
  • هەڵچوون لە سادەترین شتەكان.
  • دوورکەوتنەوە لە چوونە ناو قەرەباڵخی و کۆمەڵ.
  • گۆڕانکاری لە خەودا.
  • قەلەقی.
  • خەمۆکی.

چ هۆکارێک وادەکات کە نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە دروست ببێت؟

هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتە هێشتا نەزانراوە بەڵام، لەگەڵ ئەمەشدا زۆرێک لە شارەزایان لەو باوەڕەدان کە بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و ڕێژەی (سیرۆتۆنین) لە سەرەتای سوڕی مانگانە ئەمە ڕوودەدات.

ڕێژەی (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن) لە هەندێک لە ڕۆژەکانی مانگەکەدا زیاد دەکات و زیادبوونی ئەم هۆڕمۆنانەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە جەستە و دەروونی خانمەکەدا.

چ شتێک وادەکات کە نیشانەکانی پێش کەوتنە سوڕی مانگانە توندتر ببن؟

  • جگەرەکێشان.
  • وەرزش نەکردن.
  • خەوی خراپ.
  • بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە ماددە کهولیەکان و خوێ و گۆشتی سوور و شەکر.
  • کەسەکە پێشینەی خەمۆکی هەبوبێت.

نیشانەکانی پێش کەوتنە سوڕی مانگانە چۆن چارەسەر دەکرێن؟

هیچ دەرمانێکی تایبەت نییە بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە و دەتوانیت بەم ڕێگایانەی خوارەوە نیشانە و  ئازارەکەت کەمتر بکەیتەوە.

  • ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٣٠ خولەک وەرزش بکە.
  • خواردنی تەندروست زۆر بخۆ وەک سەوزە و میوە.
  • خوێ و کافاین و ماددە کهولیەکان تا ڕادەیەک کەمبکەرەوه.
  • خەوێکی باش بکە.
  • ئەگەریش ئازارەکەت زۆر بوو دەتوانیت دەرمانی ئازار شکێن بەکاربهێنیت.

چ کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکەین؟

  • ئازارێکی زۆرت هەیە کە بە ئازارشکێن کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
  • گۆڕانی ڕۆح و دەروونت لەناکاو و ڕەفتاری سەیر و سەمەره.
  • ژیانی ئاسایی ڕۆژانەت کەوتۆتە ژێر فشاری ئەم نیشانانەوە.


سەرچاوەکان



10945 بینین