ساتوشی ناکامۆتۆ

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-06-15-22:58:00 - کۆدی بابەت: 5653
ساتوشی ناکامۆتۆ

ناوه‌ڕۆك

داهێنەری بیتکۆین

ساتوشی ناکامۆتۆ (بە ئینگلیزی: Satoshi Nakamoto) کە ناوێکە بۆ ئەو کەسە یان گروپەی بیتکۆینی دروستکردووە بەکاردێت، پاش تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ لە دروستبونی بیتکۆین، هێشتا ناسنامەی ساتوشی ناکامۆتۆ ئاشکرا نەبووە. ساتوشی ناکامۆتۆ دەکرێت کەسێک بێت یاخود گروپ و کۆمەڵەیەک بێت.

ناسنامەی پێشبینیکراو

گریمانەی زۆر سەبارەت بە شوناسی ساتوشی ناکامۆتۆ هەیە، کە لەپاڵ ئەوەشدا چەندین کەس بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە ساتوشی ناکامۆتۆن. بەڵام هیچ کامیان بەڵگەی تەواویان بۆ سەلماندنی بانگەشەکەیان نییە. 

هەندێکی دیکە لە سەرچاوەکان دەڵێن گوایە ساتوشی ناکامۆتۆ ملیاردێری ئەمریکی دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا ئێلۆم مەسکە، کە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢١ـەوە ڕیکلامێکی زۆر بۆ دراوە گرمانییەکان دەکات، و بڕیاڕی ئۆتۆمبێلەکانیان بە بیتکۆین بفرۆشن و نەشی گۆڕنەوە بە دراوی کاغەز.

هاوکات،ئیلۆن مەسك، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بڕیاریدا بە بەهای یەك ملیار و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی ئەو دراوە بکڕێت، بەهاکەی بەرزبووە و بۆ جاری دووەم ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.

بیتکۆین چییە؟

بیتکۆین دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.

بیتکۆین (بە ئینگلیزی: Bitcoin) دراوێکی گریمانەیی و سیستەمێکی پارەدانی جیھانییە کە وەکوو پارەی بێپاڵپشت بەکاردێت، بەڵام پارەبوون جێگایەکی یاسایی ھەیە و پارەبوونی بیتکۆین بێ قبووڵ کردنیی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە وەکوو پارەیەکی فەرمی نابێ. تا ئێستا ھیچ دەوڵەتێک تەنانەت ژاپۆنیش بیتکۆین وەکوو پارە بە فەرمی ناناسن و دەوڵەتەکانی ئەمریکا، چین و ئەڵمانیا بیتکۆین وەکوو کەلوپەل ھەژمار دەکەن نەک پارە. بیتکۆین لە سیستەمی یاساییی ھەندێک وڵاتدا، لە نێویاندا ژاپۆن و ئەڵمانیا، وەکوو کەلوپەلێکە کە دەتوانێ وەکوو ئامێری پارەدان بەکار بێت.

تایبەتمەندییەکانی بیتکۆین

دەوترێت کە بیتکۆین پارەی مافیا و تاوانبارانە وە بۆ ئەوەی بە شاراوەیی بمێننەوە لە کارە تاوانکارییەکان سوود لە بیتکۆین وەردەگرن. بەڵام جیاواز لەو تایبەتمەندییانەی کە لە بارەی بیتکۆینەوە دەوترێت، چەند خاڵێک هەن کە بیتکۆین لە پارەی فیزیکی جیا دەکاتەوە. 

هیچ کەسێک لە سەرەوەی دەسەڵات نییە

بۆ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندی لامەرکەزیبوون (بە ئینگلیزی: decentralize) کە یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی بیتکۆین، سەرەتا بە مەرکەزیبوون (بە ئینگلیزی: centralize) ئاشنا بن، وە کاریگەرییەکانی بوونی سیستەمێکی مەرکەزی لە سیستەمی دراوی و دارایی باشتر بناسن. مەرکەزیبوون بەو واتایە دێت کە لە کاتی سەردانیکردنتان بۆ بانک، دەکرێت سیستەمی پێدانی پارە لەکار کەوتبێت، وە ئێوە بۆ ئەنجامدانی کارە بانکیەکانتان چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ بکەن. سیستەمی مەرکەزی بە واتای کۆنترۆلێک دێت کە وڵاتان بەسەر پارەدا هەیانە، کە ئەکرێت لە زیانەکانی ئەم کۆنترۆڵکردنە ئاماژە بە هەڵاوسان و بێ بەهابوونی پارە بکەین وەک ئەوەی لە (ڤەنزوێلا) روویدا. سیستەمی مەرکەزیبوون واتە بانکەکان هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن هەژمارەکانتان بلۆک بکەن بەبێ ئەوەی ئاگادارتان بکەنەوە، وە بەو واتایەش دێت کە وڵاتێک دەتوانێت بەهۆی گەمارۆی داراییەوە وڵاتێک لە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی لە ڕیگەی بانکەوە بێبەش بکات (وەک ئەوەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران کردی)
بـەڵام گرنگترین تایبەتمەندی بیتکۆین لامەرکەزی بوونیەتی، بیتکۆین لە لایەن هیچ کەس و گروپ و ڕێکخراو بانک وە دەوڵەتێک کۆنترۆل ناکرێت، لامەرکەزیبوونی بیتکۆین بەم واتایە دێت، کە هێزی تۆڕەکە لە نێوان تاکەکان دابەشکراوە. ئەم هێزە دەکرێت هەمان هێزی دروستکردن و دابەشکردنی پارە بێت، کە لێرەدا لەدەستی بانکەکان دەرچووە و بۆ خەڵکی گەڕاوەتەوە، واتە لێرەدا تاکەکان دەسەڵاتیان لە بانکەکان سەندۆتەوە. 

تایبەتمەنی لامەرکەزیبوونی بیتکۆین بووە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتادا ئەو کەسانەی کە درکیان بە لاوازی سیستەمی دارایی لە قەیرانی ئابووری ساڵی 2008 ئەمریکا کردبوو، ڕووبکەنە ئەم تەکنەلۆژیایە. ئەو دەسەڵاتەی کە بانکەکان بەسەر خستنەڕووی پارەدا هەیان بوو وە ئەو هەڵاوسانەی کە لە ئەنجامی ئەو دەسەڵاتەوە دروستبوو، بە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی بیتکۆین دادەنرێت.

ژمارەی بیتکۆین سنوردارە

حکومەتەکان و بانکی ناوەندی ئەو دەسەڵاتەیان هەیە کە بەشێوەیەکی بێ سنور پارە چاپ بکەن. کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەهای پارەی وڵاتەکە.

بەڵام بیتکۆین 21,000,000 دانەیە لەوە زیاتر ناتوانرێ دروستبکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئایندە لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەری خستنەڕووی کەم بێت و نرخ بەرزبێتەوە.

نەناسراوبوونی گواستنەوەکان

بە نمونەیەک ڕوونی دەکەینەوە گەر ئێستاکە تۆ بتەوێت 1 ملیۆن دۆلار بۆ هاوڕێیەکت لە ئەمریکا بنێریت، دەبێت بانک و حکومەت بزانن کە ئەم گواستنەوە لە بەرامبەر چیدا ئەنجام دەدرێت، لێکۆڵینەوە دەکرێت لەوەیکە ئەو پارەیەی تۆ لە چ ڕێگایەکەوە بە دەست هاتووە، وە لێکۆڵینەوەش لەسەر کەسی بەرامبەر دەکرێت.
بەڵام لەڕێگەی بیتکۆینەوە پارە دەگوازیتەوە بۆ کەسی بەرامبەر لە ڕێگەی ئادرێسەکەیەوە بەبێ ئەوەی کە بزانرێت ئەو کەسەی گواستنەوەکەی ئەنجامداوە کێیە.

خێرایی لە گواستنەوە

گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی بانکەوە بۆ دەرەوەی وڵات کاتێکی زۆری دەوێت بەهۆی ئەو ڕۆتیناتەی لە کاروباری ئیداری بانکەکاندا هەیە کە بەشێوەیەکی ئاسایی لەنێوان ٢ بۆ ٧ ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام لەڕێگەی بیتکۆینەوە دەتوانیت لە ماوەی چەند خولێک گواستنەوەکانت ئەنجام بدەیت.

عمولەی گواستنەوە

بانکەکان بۆ ئەو مامەڵەی گواستنەوانەی کە ئەنجامی دەدەن ڕیژەیەک عمولە وەردەگرن کە لە بانکێک بۆ بانکێکی دیکە دەگۆڕێت. کە بەشێوەیەکی نێوەندی بە نزیکەی لەسەدا 1 یان زیاترە.
بەڵام عمولەی گواستنەوە لە بیتکۆین زۆر کەمە، هەندێ کای بۆ گواستنەوەی چەند ملیار دۆلار بڕێکی کەم عمولە وەردەگرێت کە لە نێوان 15 بۆ 20 دۆلارە.

بیتکۆین لە چەند خاڵێکدا

  • لە 4ـی ئازاری 2020دا ، نرخی بیتکۆین بووە (8,790,51 دۆلاری ئەمریکی).
  • هەموو بیتکۆینەکانی جیهان بە نزیکەیی 160.4 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت.
  • بیتکۆین 0.4٪ـی پارەی جیهان پێکدێنێت.
  • بیتکۆین بەهاکەی بووە 6.1٪ ئەوەندەی پاشەکەوتی زێڕی جیهان.
  • هەموو ئەکاونتە نهێنیەکان بە کەمتر لە 0.7٪ لە پارەی جیهان پێکدێنن.


سەرچاوەکان

201 بینین