مەحموود سەنگاوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-15:03:00 - کۆدی بابەت: 5716
مەحموود سەنگاوی

ناوه‌ڕۆك

مەحموود سەنگاوی کێیە؟

یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ناوی تەواوی (حمە غریب حمە ئەمین علی عبدللە)ـیە و بە مەحموود سەنگاوی ناسراوە، لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی (کۆیک)ـی سەر بە ناحیەی سەنگاو لە بنەماڵەیەکی هەژار و جووتیاری ناوچەی گەرمیاندا لە دایک بووە، بەهۆی نەبوونی هیچ قوتابخانەیەک و سەرچاوەیەکی خوێندەواری لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی مەلا و کەسە خوێندەوارەکانی ناوچەکەی خۆیانەوە خۆی فێری خوێندن و نووسین کردووە.

سەرەتای کاری حیزبی

لە ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لە ساڵی ١٩٦٧دا بە فەرمی بووە بە ئەندامی هەمان حیزب، و لە ساڵی ١٩٧٣دا لە بەتالیۆنی کفری شۆڕشی ئەیلولدا بووە بە پێشمەرگە و بەردەوام بووە وەک پێشمەرگەیەک تا نسکۆی ١٩٧٥.

لە ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە و لە ساڵی ١٩٧٧ بووەتە پێشمەرگە لە هەرێمی (٥)ـی قەرەداخی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٨٣ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (سەعدە حەمەساڵەح) پێکهێناوە و خاوەنی ٢ کوڕ و ٣ کچە، لە ١٥/٣/٢٠٢١ هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردووە.

ناوی تەواو حەمەغەریب حەمەئەمین
لەدایکبوون ١٩٥٢ – کۆیک
نەتەوە کورد
نازناو مەحموود سەنگاوی
پیشە سیاسەتمەدار – پێشمەرگە – فەرماندەی سەربازی – نووسەر
حیزب

پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٦٦ – ١٩٧٦

یەکێتی نیشتمانی کوردستان -هەتاوەکو ئێستا

هاوسەر سەعدە حەمەساڵەح (هەتاوەکو ٢٠٢١)
خێزان پێنج برا و خوشکێک
منداڵ
٢ کوڕ و ٣ کچ

پلە سەربازییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی

  • لە ساڵی ١٩٧٨ بووەتە جێگری فەرماندەی مەفرەزە لە کەرتی (٢)ـی هەرێمی (٥)ـی قەرەداخ.
  • لە ساڵی ١٩٧٩ بووەتە فەرماندەی مەفرەزەی (١) لە کەرتی (٢)ـی هەرێمی (٥)ـی قەرەداخ.
  • لە ساڵی ١٩٨٠ بووەتە جێگری کەرتی (٥)ـی هەرێمی (٥)ـی قەرەداخ.
  • لە ساڵی ١٩٨١دا گواستراوەتەوە بۆ سنووری قەرەداخ بۆ جێگری فەرماندەی کەرتی قەرەداخ.
  • لە ساڵی ١٩٨٢ بووەتە فەرماندەی کەرتی (٢)ـی شارەزووری هەرێمی (٥)ـی قەرەداخ، وە لە هەمان ساڵدا دوای درووستکردنی تیپەکان بووەتە جێگری فەرماندەی تیپی (٥٥)ـی قەرەداخ و پاشانیش گواستراوەتەوە بۆ جێگری فەرماندەی تیپی (٥٧)ـی سەگرمە.
  • لە ساڵی ١٩٨٤ بووەتە فەرماندەی تیپی (١٥)ـی هەورامان، وە لە هەمان ساڵدا گواستراوەتەوە بۆ سنووری گەرمیان و بووەتە فەرماندەی تیپی (٥١)ـی گەرمیان.
  • لە ساڵی ١٩٨٦ بووەتە فەرماندەی تیپی (٥٧)ـی سەگرمە هەتا پێش پڕۆسەی ئەنفال.
  • لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری شەڕەکانی ئەنفالی کردووە.
  • لە ساڵی ١٩٨٩ بووە بە ئەندامی مەکتەبی عەسکەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
  • لە ساڵی ١٩٨٩دا بە پارتیزانی گەڕاوەتەوە بۆ گەرمیان و فەرماندەی ڕەتڵی پارتیزانەکانی گەرمیان بووە.
  • لە ساڵی ١٩٩٠ بووەتە فەرماندەی بەتالیۆنی بەمۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تا ڕاپەڕین.

پلە و پۆستەکانی دوای ڕاپەڕین

  • لە ساڵی ١٩٩١ بووەتە فەرماندەی هێزی (٨)ـی بتوێن.
  • لە ساڵی ١٩٩٢ بووەتە فەرماندەی هێزی (٦)ـی کەرکووک، دواتر بووەتە جێگری فەرماندەی لەشکری سلێمانی.
  • لە ساڵی ١٩٩٣دا و لە یەکەمین تەشکیلەی سووپای یەکگرتووی کوردستاندا بووەتە (جێگری سەرکردەی ناوچەی سلێمانی) و دواتر پۆستی فەرماندەی لەشکری بتوێن و پاشان کۆیە و پاشانیش شارەزووری وەرگرتووە.
  • لە ساڵی ١٩٩٥ بووتە کارگێڕی فەرماندەی گشتی و سەرپەرشتیاری هێزەکانی کەرکووک.
  • لە ساڵی ١٩٩٦ بووەتە فەرماندەی میحوەری دوکان و دواتر فەرماندی فەرماندەی (٥)ـی دووکان.
  • لە ساڵی ١٩٩٧ بوەتە فەرماندەی فەرماندەی (٧)ـی سلێمانی.
  • لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە کۆنگرەی دووەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (٩ی ڕێکخستنی شارەزووری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)
  • لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ لێپرسراوی (مەڵبەندی ١١ڕێکخستنی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بووە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٦ بووەتە نوێنەری مام جەلال لە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
  • لە ساڵی ٢٠٠٩ بووەتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان .
  • لە ساڵی ٢٠١٠دا لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بووە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، و لە هەمان ساڵدا بووەتە لێپرسراوی هەموو مەڵبەندەکانی گەرمیان (خانەقین، دووز، کەلار، دەربەندیخان).
  • لە ساڵی ٢٠١٣دا بووەتە لێپرسراوی مەکتەبی خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان.
  • لە ساڵی ٢٠١٤ بووەتە لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لە تێکشکاندن و ڕووبەڕووبونەوەی داعشدا هەبووە.

لایەنی ئەدەبی

ناوبراو خاوەنی دوو کتێبە بە ناوەکانی (بیرەوەریەکانی سەنگاوی) و (جاش و جینۆساید) لە دووتوێی کتێبی یەکەمیاندا باس لە بیرەوەریەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی و پارتیزانی دەکات، لە دووتوێی کتێبی دووهەمدا کۆمەڵێک بەڵگەی بەهێز لەسەر کوردە جاشەکانی بەعس دەخاتەڕوو.

هەروەها یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سەنتەری ڕووناکبیری جاف کە ئەم سەنتەرە ساڵانە فیستیڤاڵی عێڵ بەگی جاف ڕێک دەخات و مەحموود سەنگاویش یەکێکە لە ڕێکخەرەکانی.


سەرچاوەکان



900 بینین