ڕۆژژمێری کۆچی

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-04-01:21:00 - کۆدی بابەت: 5736
ڕۆژژمێری کۆچی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژژمێری کۆچی، مانگی یان ڕۆژژمێری ئیسلامی یان ڕۆژژمێری عەرەبی ناوەکانی تری ئەم ڕۆژژمێرەن کە بەوە دەناسرێتەوە کە پشت بە سوڕی مانگ دەبەستێت بە دەوری خۆردا, لە ١٢ مانگ پێکهاتووە, ساڵێکی کۆچی لە ٣٥٤ یان 355 ڕۆژ پێکدێت, وە بەزۆری موسڵمانان بەکاری دەهێنن بۆ دیاریکردنی مانگی ڕەمەزان و جەژنەکان و فەریزەی حەج و (عدة) ماوەی تەڵاق و (عدة) و زەکات, هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وەک (مەغریب و سعودیە) ئەم ڕۆژ ژمێرە بەکار دەهێنن لە فەرمانگە و دام و دەزگا حکوومیەکاندا, مانگی نوێی کۆچی لەگەڵ سوڕی نوێی مانگدا دەستپێدەکات, وە هەر مانگێک 29 یان 30 ڕۆژ دەبێت.

مێژووەکەی و هۆکاری ناونانەکەی

هۆکاری ناوناکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی پێغەمبەرمان ﷺ لە شاری مەککەی پیرۆزەوە بۆ شاری مەدینەی درەوشاوە, وە سەبارەت بە چۆنیەتی دانانی ئەم ڕۆژژمێرە دەگێڕنەوە کە لە ساڵی سێیەم یان چوارەمی خەلیفایەتی پێشەوا عومەری کوڕی خەتابدا (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت), ئەبو موسای ئەشعەری (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) نامەیەکی بۆ پێشەوای باوەڕداران پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) نارد و تێیدا وتبووی: "ئەی پێشەوای باوەڕداران, کاتێک لە بەڕێزتانەوە نامەیەکمان پێدەگات بەرواری لەسەر نییە", هەر بۆیە پێشەوا عومەر (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) هاوەڵە بەڕێزەکانی کۆکردەوە و پرس و ڕاوێژی پێکردن, هەندێک لە هاوەڵان پێشنیاری ئەوەیان کرد کە ڕۆژژمێری فارسەکان بەکار بهێنن, بەڵام ئەو ڕایە پەسەند نەکرا لە نێو هاوەڵان, هەندێ تر لە هاوەڵان پێشنیاری ڕۆژژمێری ڕۆمەکانیان کرد, بەڵام بەهەمان شێوە ئەم ڕایە پەسەند نەکرا, پاشان ڕای ئەوە پێشنیار کرا کە لەدایک بووونی پێغەمبەر ﷺ بکرێتە دەستپێکی ڕۆژژمێرێکی نوێ, پێشەوا عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) فەرمووی: "با کۆچی پێغەمبەر ﷺ بکرێتە دەستپێکی ڕۆژژمێرێکی نوێ", پێشەوا عومەریش (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) فەرمووی: "کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ ڕاست و نا ڕاستی لەیەک جیا کردەوە, هەر بۆیە کۆچی پێغەمبەر ﷺ بکەنە دەستپێکی ڕۆژژمێرێکی نوێ و لەمەولا بەوە بەروارەکان بنووسن", هاوەڵان هەمویان لەسەر ڕایەکە کۆک بوون و ڕازیبوون لەسەری، هەروەها پێشەوا عوسمانی کوڕی عەفان (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) ڕای وابوو کە مانگی موحەڕەم بکرێتە یەکەم مانگی ساڵی کۆچی هەروەک چۆن پێشووتریش وابوو.

کۆچی پێغەمبەر ﷺ لە مەککەی پیرۆزەوە بۆ مەدینەی درەوشاوە گەورەترین ڕووداوی مێژووی ئیسلامی بوو, کە بووە هۆی بنیاتنانی دەوڵەتی موسڵمانان. یەکەم ڕۆژی ڕۆژژمێری کۆچی ڕۆژی هەینی بوو کە دەیکردە بەرامبەر شازدەی مانگی تەموزی ساڵی 622ـی زایینی, پێش دانانی ڕۆژژمێری کۆچی, عەرەبەکان ساڵەکانیان بە ناوی ئەو ڕوداوە گرنگانەوە ناو دەنا کە لەو ساڵەدا ڕووی دەدا, گەر جەنگێک لەو ساڵەدا ڕووی بدایە ئەوە ئەو ساڵەیان ناودەنا ساڵی فڵان جەنگ, کاتێک کە ئیسلامیش هات ئەم دیاردەیە هەر بەردەوام بوو, بۆ نموونە: ساڵی تاعوون, کە نەخۆشی تاعوونی تێدا بڵاوبوویەوە.

مانگەکانی ساڵی کۆچی و ڕیزبەندییان

مانگەکانی ساڵی کۆچی 12 مانگن, بە مانگی موحەڕەم دەست پێدەکات و بە مانگی زولحیجە کۆتایی دێت, وە بە ڕیزبەندی بەم شێوەیەیە: موحەڕەم, صەفەر, رەبیعی یەکەم, ڕەبیعی دووەم, جەمادی یەکەم, جەمادی دووەم, ڕەجەب, شەعبان, ڕەمەزان, شەوال, زولقەعیدە, زولحیجە. لە مانگی ڕەمەزاندا کە مانگی نۆیەمی ساڵی کۆچییە, فەریزەی ڕۆژوو بەجێ دەهێنرێت لەلایەن موسڵمانانەوە, وە لە مانگی زولحیجە فەریزەی حەج ئەنجام دەدرێت, لە ئیسلامدا دوو جەژن هەیە, یەکەمیان دەکەوێتە مانگی شەوال, کە بە جەژنی ڕەمەزان دەناسرێت, دووهەمیان دەکەوێتە مانگی زولحیجە کە بە جەژنی قوربان دەناسرێت.

پێشەوا سەخاوی لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا کە ناوی (المشهور فی أسماء الأیام والشهور)ـە, هۆکاری ناونانی مانگەکانی ساڵی کۆچی باسکردووە, بەم شێوەیەی خوارەوە:

مانگی موحەڕەم: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە عەرەب لەم مانگەدا جەنگیان نەدەکرد.

مانگی صەفەر: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە لەم مانگەدا عەرەب دەچوونە دەرەوە بۆ جەنگ و ماڵەکانیان کەسی تێدا نەدەما.

مانگی ڕەبیعییەکەم و دووەم: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە لەم دوو مانگەدا عەرەب دەبوونە دەوار نشین.

مانگی جەمادی یەکەم و دووەم: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە کاتێک ناوی ئەم مانگەیان نا زستان بوو و ئاو دەیبەست, هەربۆیە ناویان نا جەمادی یەکەم و دووەم, (جمد الماء) واتە ئاوەکە بەستی.

مانگی ڕەجەب: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە وتراوە ئەم مانگەیان بە گەورە زانیوە, یا وتراوە جەنگکردن تێیدا وەستاوە.

مانگی شەعبان: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە وتراوە لەم مانگەدا خێڵ و هۆزەکانی عەرەب جیا دەبوونەوە بە هۆکاری جەنگ و شتی ترەوە.

مانگی ڕەمەزان: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە کاتێک ناوی ئەم مانگەیان نا زۆر گەرم بوو, رەمەزان واتە گەرماییەکی زۆر.

مانگی شەوال: بەم شێوەیە ناونراوە, واتە کەمبوونی شیری وشتر.

مانگی زولقەعیدە: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە لەم مانگەدا خەڵکی لە جەنگکردن دەوەستان و دادەنیشتن.

مانگی زولحیجە: بەم شێوەیە ناونراوە, چونکە لەم مانگەدا فەریزەی حەجیان بەجێ هێناوە.


سەرچاوەکان



3549 بینین