پیسبوونی زانیاری

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-06-00:36:00 - کۆدی بابەت: 5755
پیسبوونی زانیاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستەواژەی پیسبوونی زانیاری (بە ئینگلیزی: Information pollution)، بریتییە لە پیسبوونی سەرچاوەی زنیارییەک بەبۆنەی تێکەڵبوونی زانیاری نافەرمی، و ناپێویست، زیادە و نەویستراو، بۆنمونە هەڵە پێدان یان بڵاوکردنەوەی زانیاری، پۆڕنۆگرافی، ئیمەیڵە بێمانا و خراپبووەکان (junk email) لەگەڵ توندوتیژی میدیایی.

بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە و بێسوود زیانێکی زۆری هەیە لەسەر چالاکییە مرۆییەکان، هەروەها بە یەکێک بە لایەنە خراپەکانی بەرەوپێشچوونی زانیاری (Information revolution) دادەنرێت.

پوختە

پیسبوونی زانیاری، زیاتر لە بواری پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانا بەکاردێت، وەک ئیمەیڵ، نامە خێراکان (instant messaging) لەگەڵ سۆشیاڵ میدیاکان، خودی وشەی پیسبوونی زانیاری لەساڵی 2003 دا زیاتر دەرکەوت و گرنگی پێدرا، کاتێک شارەزای بواری بەکارهێنانی وێب جایکۆب نیڵسن (Jakob Nielsen) چەند وتار و بڵاوکراوەیەکی دەربارەی بابەتەکە بڵاوکردەوە.

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە مرۆڤەکان دەتوانن ڕێژەیەکی دیاریکراو لە زانیاری وەربگرن پێش ئەوەی کە ئاستی بڕیاردانیان لاوازببێت، هەروەها پیسبوونی زانیاری دەبێتە گۆی لێچوون یان پڕبوونی زانیاری (Information overload)، کە بە واتای زۆری زانیاری دێت بەبێ گوێدانە کوالیتییەکەی.

هەرچەندە تەکنەلۆژیا کێشەکەی زیاتر گەورەکردووە، بەڵام تاکە هۆکاری پیسبوونی زانیاری نییە، هەر هۆکارێک ببێتە هۆی دوورخستنەوەی سەرج لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی کارێک یان بڕیاردانێک، ئەوا ئەو هۆکارە بە پیسکەری زانیاری (information pollutant) دادەنرێت.

دروستبوون

دروستبوونی پیسبوونی زانیاری دەکرێت بە دوو بەشەوە، کە یەکەمیان بریتییە لەو هۆکارانەی کە ئاژاوە دەنێنەوە، دووەمیان بریتییە لەو هۆکارانەی کە زیان بە کوالیتی زانیارییەکە دەگەیەنن.

  • نمونەی ئەو زانیارییانەی کە ئاژاوە و ناڕێک و پێکی دەنێنەوە بریتییە لە نامە بێزارکەرەکان (spam)، مەرج نییە تەکنەلۆژیا سەرچاوەی زانیارییە ناڕیک و پێکەکان بێت، بۆ نمونە ڕۆژنامە دەکرێت ببێت هۆی ناڕێکی کاتێک کەتێک کەسەکە بابەتەکان یان سەردێڕەکان بە جوانی ناخوێنێتەوە.
  • بەهەمانشێوە زانیاری دەکرێت پیسببێت کاتێک کوالیتییەکەی دادەبەزێت، کە دەکرێت دابەزینی کوالیتییەکە بەبۆنەی زانیارییەکی ناڕێک یان کۆن بووەوە ڕووبدات، هەوەها دەکرێت بەبۆنەی هەڵە نیشاندانی زانیارییەکەوە ڕووبدات.

هۆکارەکان

هۆکارە کلتورییەکان

زانیاری هەر لە کۆنەوە بەشتێکی باش زانراوە، بۆیە چەندین وتەمان هەیە لەبارەیەوە وەک "تا زانیاری زیاتر بزانیت کەمە"، "زانیاری زیاترت هەبێت باشترە" یان "زانیاری هێزە"، بەم بۆنەیەوە بازاڕەکانی فرۆشتن هەستاون بە لەبەر گرتنەوە و چاپکردنی چەندین کتێب بەبێ گوێدانە پێویستی تاکەکان.

بەبۆنەی بەرەوپێشچونی تەکنەلۆژیاوە ئێستا زۆر بە ئاسانی دەتوایت دەستت بگات بە زانیاری و بڵاوکراوەکان، کە ئەمە بە خاڵێکی باش دادەنرێ بۆ گەیشتن بە زانیارییەکان، بەڵام لە هەمانکاتتدا دەبێتە هۆی قورسکردنی جیاکردنەوەی زانیارییە ڕاست و دروستەکان لە زانیارییە هەڵە و ناپێویستەکان، هەروەها ڕیکلامکردنی بەردەوام لە وێب سایت و ڕۆژنامەکان پێیاندەوترێت پیسبوونی کلتوری (cultural pollution).

تەکنەلۆژیای زانیاری

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە سەدەی بیستەم، بە تایبەتی ئینتەرنێت کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە زیادکردنی پیسبوونی زانیاریدا، وەک بڵۆگ، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، وێب سایتە کەسییەکان یاخود تایبەتەکان، هەموو ئەمانە ڕۆڵی زۆریان هەبوو لە پیسکردنی زانیاریدا، هەروەها ڕێژەی پیسکردنەکە بەپێی ئەو هۆکارەی کە بەکاردەهێنرا جیاوازبوو، بۆ نمونە ئیمەیڵ زیاتر زانیاری پیس دەکات لەچاو پەیوەندی تەلەفۆنیدا.

کاریگەرییەکان

لەسەر تاک

پیسبوونی زانیاری لەسەر ئاستی تاکدا دەبێتە هۆی تێکدانی تونای کەسەکە بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردەکانی بەردەستی و دۆزینەوەی چارەسەر، کە ئەمەش دەێتە هۆی لێچوون یان پڕبوونی زانیاری (Information overload)، پاشان دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و سترێس، هەروەها دەکرێت پڕۆسەی فێربوون تێکبدات.

لەسەر کۆمەڵگا

هەندێک لە نووسەرەکان باسی ئەوە دەکەن کە پیسبوونی زانیاری و لێچوون یان پڕبوونی زانیاری دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەها مرۆییەکان، کە لە جیاوازی ڕەفتاری تاکەکاندا دەردەکەوێت بەرامبەر داهێنانی تەکنەلۆژی، ئاگادارکردنەوە تەندروستییەکان و بابەتە سیاسییەکان.

لەسەر کار و پیشەکان

پیسبوونی زانیاری دەبێتە هۆی پڕبوونی زانیاری (Information overload) و سترێس، کە لەهەمان کاتتدا دەبێتە هۆی تێکدان و لاوازکردنی بڕیاردان و توانای بەرهەمهێنان، کە ئەمەش زیان بە خاوەن پیشە و کارەکان دەگەیەنێت.


سەرچاوەکان



895 بینین