کیم جۆنگ ئون

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان - به‌روار: 2021-07-06-23:23:00 - کۆدی بابەت: 5766
کیم جۆنگ ئون

ناوه‌ڕۆك

کیم جۆنگ ئون کێیە؟

کیم جۆنگ ئون لە ساڵی ٢٠١١ بوو بە سەرۆکی کۆریای باکوور لە دوای کۆچی دوایی کیم جۆنگ ئیلی باوکی، زۆربەی ژیانی منداڵی کیم جۆنگ ئون بۆ میدیا نەزانراوە، بەو پێیەی لە کۆریای باکوور لەدایکبووە، دایکی ناوی (کۆ یۆنگ هی)ـە کە گۆرانیبێژی ئۆپێرایە و وە باوکیشی ناوی کیم جۆن ئیلیە کە سەرۆکی دیکتاتۆری کۆریای باکووربوو، باوکی لە ساڵی ٢٠١١ کۆچی دوایی کردووە.

هەرچەندە کیم جۆنگ ئون هەندێک چاکسازی لە بواری ئابووری و کشتوکاڵ جێبەجێکرد، بەڵام پێشێلکارییەکانی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی دڕندانەی ئۆپۆزسیۆن لەژێر فەرمانڕەوایی کیم جۆنگ ئوندا هێشتا بەردەوامە.

هەروەها بەردەوامبوو لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای موشەکی بۆ سەرکۆنەکردنی وڵاتانی نێودەوڵەتی، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تەواوەتی دژایەتی ئەم کارەیان دەکرد، هەروەها بە ئەنجامدانی هەندێک کار و دەرکردنی بڕیاری سەیر بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی ناوبانگی دەرکردووە بە گەنجە دیکتاتۆرەکە.

ژیانی منداڵی

ڕۆژی لە دایکبوون و منداڵیی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکوور بە نهێنیی ماوەتەوە، زانراوە کە کیم جۆنگ ئون سێیەم منداڵی سەرۆکی پێشووی کۆریایی باکوورە کە لە ژێر سایەی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاراندا لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە فەرمانڕەوایی کۆریای باکووری کردووە.

دایکی کیم جۆنگ ئون دوو منداڵی تری هەبووە، بەڵام وا بیر دەکرێتەوە کە بەر لە مردنی لە ساڵی ٢٠٠٤ کیم جۆنگ ئونی ئامادەکردبێت بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی وڵات، هەروەها هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە کیم جۆنگ ئون پێش ئەوەی لە زانکۆی سەربازی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٠ـدا لە پایتەختی پیۆنگ یانگ بەشداری بکات، لە دەرەوەی وڵات لە سویسرا پەروەردە کراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١١ دوای مردنی باوکی کیم جۆنگ ئون دێتە سەر کورسی دەسەڵات.

کپکردنی ئۆپۆزسیۆن

دوای ئەوەی کیم سەرکردایەتی باڵای کۆریایی باکووری گرتە دەست، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان چەندین بەرپرسی پلە باڵای حکومەتی پێشووی باوکی لە سێدارەدا و دووری خستوونەتەوە، لە نێوان ئەو کەسانەی کە سزایی بۆ دەرکردن مامی خۆی بوو بە ناوی جانگ سۆنگ تایک کە ڕاوێژکارێکی پلە باڵابوو لە سەردەمی ڕژێمەکەی باوکیدا و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە، لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٣ مامی و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی مامی لە سێدارەدا بە تۆمەتی ناپاکی و پیلانگێڕی بۆ سەر حکومەت و دەسەڵاتەکەی.

تاقیکردنەوەی چەکەکان

لە ژێر فەرمانڕەوایەتی کیم جۆنگ ئونـدا کۆریایی باکوور بەردەوام بوو لە تاقیکردنەوەی چەکەکانی، لە شوباتی ٢٠١٢ ڕازیبوو بە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی مووشەکە دوور مەوداکان، لە نیسانی هەمان ساڵدا دەستیکرد بە هەڵدانی مانگێکی دەستکرد بەڵام پاش ماوەیەکی کەم شکستی هێنا، دواتر لە هەوڵێکی دیکەدا لە کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا حکومەتەکەی مووشەکێکی دوور مەودای لە جۆری مانگی دەستکرد ڕەوانەی خولگەی بۆشایی ئاسمان کرد.

حکومەتی ئەمریکا لەو بڕوایەدا بوو کە ئەم دەستپێکردنانە مەبەست لێی داپۆشینی کار و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای مووشەکی بالستییە، کە کۆریا دەیەوێت هیچ کەس ئاگاداری تاقیکردنەوە مووشەکیەکانی نەبێت.

تا مانگی ئەیلوولی ٢٠١٦، بەپێی ئامارەکان کۆریایی باکور پێنج تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ژێر زەمینی ئەنجام داوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بە سەردا سەپێنرابوو وە وڵاتانی دیکە بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوەیەیان دەکرد و داوای وەستاندنی هێرشە مووشەکیەکانی کۆریای باکووریان دەکرد، پارک گیوهی سەرۆکی کۆریای باشوور بە تایبەتی نیگەرانی لە لێکەوتەکانی ئەم تاقیکردنەوانەی کیم دەربڕیبوو، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو.

٥ کاری ترسناک کە کیم جۆنگ ئون بەرامبەر گەلەکەی ئەنجامی داوە

  • تەقەکردن لە خەڵکی خۆی بە چەکی دژە فڕۆکە.
  • دەرکردنی فەرمانی تەقەکردن بۆ کوشتنی خەڵک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆڤید – ١٩.
  • کوشتن بە چەکی ئاگر.
  • لابردنی برۆی خوێندکارە کچەکان و بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکس.
  • بەکارهێنانی خەڵک بۆ کاری زەحمەت و بە کۆیلە کردنیان و لە کاتی سەرپێچی کردنی خەڵک بۆ ئەنجام نەدانی ئەو کارانە، سزایی خێزانەکانیانی داوە.


سەرچاوەکان



732 بینین