شەکرە لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-07-15:12:00 - کۆدی بابەت: 5778
شەکرە لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

شەکرەی کاتی دووگیانی چییە؟

جۆرە شەکرەیەکی کاتییە، کە جەستە بڕی پێویستی ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت بۆ ڕێکخستنی شەکری ناو خوێن، ئەم جۆرە شەکرەیە لەنێوان ٣ بۆ ٢٠ لە سەدی خانمانی دووگیان دووچاری دەبن، و ڕێژەی شەکری ناو خوێنیان لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا بەرز دەبێتەوە، وە ٪٩٠ حاڵەتەکان دوای منداڵبوونەکە شەکرەکەیان نامێنێت، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا تووشی شەکرەی جۆری دووەم ببن.

نیشانەکانی شەکرە چییە لەماوەی دووگیانیدا؟

  • بینینی شەکر لەکاتی میز کردندا
  • تینوێتی زۆر
  • میزکردنی زۆر
  • هەوکردنی میزەڵدان، پێست، زێ
  • تاریک بینین
  • سەرئێشە

هۆکاری شەکرەی ماوەی دووگیانی چییە؟

شەکرە کاتێک دروست دەبێت کە جەستە، توانای تەواوی نییە بۆ بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لەماوەی دووگیانیدا، ئەنسۆلین پێویستە بۆ گواستنەوەی شەکری گلوکۆزی ناو خوێن بۆ خانە پێویستەکان، ئەگەر ئەنسۆلینی پێوست نەبێت ئەوا گلوکۆزێکی زۆر لە خوێندا کۆدەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی توشبوون بە شەکرەی کاتی دووگیانی.

ڕێژەی بەرزی گلوکۆزی ناو خوێن لەماوەی دووگیانیدا بەهۆی هۆڕمۆنی (HPL)ـەوەیە کە لەلایەن وێڵاشەوە دەردەدرێت، کە هاوشێوەی هۆڕمۆنی گەشەیە هەر بۆیە یارمەتی گەشەی منداڵ دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا زیندەچالاکی دایکەکە دەگۆڕێت و ڕێژەی شەکری ناو خوێن بەرز دەکاتەوە و جەستەی خانمەکە وا لێدەکات کە کەمتر سوود وەربگرێت لە ئەنسۆلین.

ئەگەر جەستە بە پێی پێویست سوود لە ئەنسۆلین وەرنەگرێت، ئەوا ڕێژەی گلوکۆزی ناو خوێن بەرز دەبێتەوە، HPL بڕی شەکری ناو خوێن زیاد دەکات، بە جۆرێک کە منداڵەکە دەتوانێت ئەو ماددە خۆراکییانی کە لە گلوکۆزی زیادەی ناو خوێندا هەیە وەریبگرێت.

لە هەفتەی ١٥ دا هۆڕمۆنی گەشە زیاد دەکات دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی گلوکۆزی ناو خوێنی دایکەکە، هەروەها ئەم هۆڕمۆنە دەبێت یارمەتی ڕێکخستنی ڕێژەی گلوکۆزی خوێنی دایکەکە بکات، تاکوو دڵنیا ببێتەوە کە منداڵەکە بڕێکی پێویستی لە ماددە خۆراکییەکان دەست دەکەوێت.

ئاساییە کە ڕێژەی گلوکۆزی ناو خوێنی دایک بەرز ببێتەوە لەماوەی دووگیانیدا بەهۆی ئەو هۆڕمۆنە زیادانەی کە لەلایەن وێڵاشەوە بەرهەم هاتوون، بەڵام هەندێک کات ڕێژەی گلوکۆزی ناو خوێن ئەوەندە زۆرە کە مەترسی دروست دەکات کە منداڵەکەش تووشی شەکرەی جۆری دووەم ببێت.

چەند هۆکارێک کە مەترسی توشبوون بە شەکرەی کاتی دووگیانی زیاد دەکەن

تەمەن

ئەو خانمانەی کە لەدوای تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دووگیان دەبن ئەگەری زیاترە کە تووش ببن.

کێش

ئەو خانمانەی کە کێشیان زیادە و قەڵەون زیاتر مەترسی توشبوونیان لەسەرە.

نەژاد

نەژاد ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بۆ نموونە ئەمرکیەکان و ئەفریقیەکان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە شەکرەی کاتی دووگیانی.

پێشینەی خێزانی

ئەگەر کەسێک لە خێزانەکەتدا توشبووی شەکرە بێت لە جۆری یەکەم یاخود جۆری دووەم یاخود شەکرەی کاتی دووگیانی ئەوا مەترسی توشبوون لەسەر تۆ زیاترە.

شەکرەی پێش دووگیانی

ئەگەر خۆت توشبووی شەکرەیت و پێش دووگیانیت شەکرەت هەیە ئەوا دەبێت کاتی دووگیانی زۆر وریاتر بیت.

دووگیانی پێشترت توشبووی شەکرەی کاتی دووگیانی بووبیت

ئەگەر پێشتر بەسەر سکێکتەوە تووشی شەکرە بوویت ئەوا مەترسی زیاترت لەسەرە بۆ دووگیانیەکانی داهاتووت کە تووش ببیتەوە.

دەستنیشانکردنی شەکرەی دووگیانی

پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون کاتێک پشکنین بۆ ڕێژەی گلوکۆزی ناو خوێنت دەکات لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، ئەگەریش نۆڕماڵ بێت و ڕێژەی شەکری ناو خوێنت بەرز نەبێت دووبارە لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا واتە نزیکی هەفتەی ٢٤ بۆ ٢٨  پشکنینت بۆ دەکاتەوە.

تێبینی: بۆ پشکنینی ڕێژەی شەکرەت دەبێت هەشت کاتژمێر پێش پشکنینەکە هیچت نەخواردبێت.

چارەسەری شەکرەی کاتی دووگیانی

  • چاودێری ورد لەسەر دایک و منداڵەکە
  • چاودێری وردی گلوکۆزی ناو خوێن
  • دەرمانی ئەنسۆلین لە حاڵەتی پێویستدا
  • وەرزشکردن و ڕێجیمی خۆراک
  • لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا شەکرەی کاتی دووگیانی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و بەمەش مەترسی کەمترە لەسەر دایک و منداڵەکە و دوای منداڵبوونەکەش خانمەکە شەکرەی نامێنێت.

ئەگەر شەکرەی کاتی دووگیانی چارەسەر نەکرێت چ مەترسییەک دروست دەکات

  • بوونی گلوکۆزی زۆر لە خوێندا و چەوری خواردنەکان هۆکارێک دەبن، کە کێشی منداڵەکە زۆر بێت و لە کاتی منداڵبووندا کێشە دروست بکات.
  • لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، کە دڵ و سییەکان و گورچیلەکان و مێشکی منداڵەکە لە حاڵەتی دروست بووندان، ئەگەر دایکەکە شەکرەی بەرز بێە مەترسی کەمئەندامی و لەبارچوونی منداڵەکە زۆرە.
  • زیادبوونی ترشی یوریای ناو خوێن ( hyperuricemia) کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەبارچوون.
  • زیادبوونی شەکرە لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا، دەبێتە هۆی کەمئەندامی منداڵەکە و منداڵبوونی پێش وەختە.
  • لەوانەیە دایکەکە تووشی بەرزی فشاری خوێن و کێشەی بینینیش ببێت.
  • زیادبوونی ئەگەری منداڵبوون بە نەشتەرگەری
  • مەترسی مردنی منداڵەکە
  • ڕێژەی شەکری ناو خوێنی منداڵ دوای لەدایکبوونی بە پێچەوانەی ڕێژەی شەکری دایکەکە کەمە، بە هۆی شێبوونەوەی خڕۆکە سوورەکانی ناو خوێن، کە جگەری منداڵەکە ناتوانێت لەناویان ببات و دەبێتە هۆی توشبوون بە زەردوویی.

دوای منداڵبوون

گرنگە کە دوای منداڵبوون دایکەکە پشکنینی ڕێژەی شەکری ناو خوێن بکاتەوە تا چەند مانگێک دوای منداڵبوونەکەشی، تاکوو دڵنیا ببێتەوە کە گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی یاخود نا، چونکە زۆرینەی ئەو خانمانەی کە کاتی دووگیانی شەکرەیان هەبووە، بە درێژایی ژیانیان مەترسی ئەوەیان لە سەرە کە تووشی شەکرەی جۆری دووەەم ببن.

شەکرەی کاتی دووگیانی و شیردان

هەموو ئەو خانمانەی دووچاری شەکرەی کاتی دووگیانی بوونەتەوە پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەکرێت کە شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکەیان، شیردان نەک تەنها وادەکات دایکەکە کێشی داببەزێت کە بە هۆی دووگیانیەوە زیادی کردووە، هەروەها کۆنتڕۆڵی فشاری خوێن و شەکری ناو خوێنیش دەکات و مەترسی توشبوون بە شەکرەی جۆری دووەمیش لە دایکەکەدا کەم دەکاتەوە.

هەروەها مەترسی توشبوونی منداڵەکە بە شەکرە و قەڵەوی کەم دەکاتەوە، کاتێک دوای منداڵبوون شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکە ئەوا ڕێگری دەکەیت لە بەرزبوونەوەی شەکرەت تاکوو شەش مانگ.

چ خواردنێک باشە بۆ ئەو دایکانەی کە شەکرەی کاتی دووگیانیان هەیە؟

چ خواردنێک خراپە بۆ ئەو دایکانەی کە شەکرەی کاتی دووگیانیان هەیە؟

  • خواردنەوە گازییەکان
  • کێک و شیرینیەکان
  • ئاوی میوەکان
  • خواردنی خێرای دەرەوە
  • برنج و پەتاتە

چەند ڕێنماییەک بۆ ئەو خانمانەی شەکرەیان هەیە و دەیانەوێت دووگیان ببن

ڕێگریکردن لە دووگیانی

ئەو خانمانەی خۆیان شەکرەی درێژخایەنیان لەگەڵدایە، واباشترە دوای هاوسەرگیری ڕێگری بکەن لەوەی کە منداڵیان ببێت تاکوو پێش ئەوە  بە باشی خۆیان ئامادە نەکەن، دەبێت شەکری ناو خوێنیان جێگیر ببێت ئینجا دووگیان ببن

پشکنینی شەکری ناو خوێن

ڕۆژانە چەند جارێک پشکنینی ڕێژەی شەکرەت بکە، پێش نان خواردن و دوو کاتژمێریش دوای نان خواردن، ئەگەر شەکرەت بەرزە پێویستە پزیشک بتبینێت.

بەرنامەیەکی تایبەتی خۆراک

ئەگەر دەتەوێت دووگیانیەکی بێ کێشەت هەبێت، پێش ئەوەی دووگیان بیت بەرنامەیەکی تایبەت دابنێ بۆ خواردنت و بە تەواوی دوورکەوە لە هەموو خواردنێکی شیرین، ئەمە یارمەتیدەرە کە کاتێک دووگیانیش بوویت کەمتر تووشی حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوە و قەبزیی ببیت.

وەرزشکردن

خانمانی توشبوو بە شەکرە باشتر وایە پێش و کاتی دووگیانیش بەردەوام وەرزش بکەن، بەڵام ئاگاداربن کاتی دووگیانی وەرزشی سووک ئەنجام بدەن.

لەماوەی دووگیانیدا لە ژێر چاودێری پزیشکدابە

ئەو خانمانەی کە شەکرەیان هەیە لە یەکەم ڕۆژی دووگیانییەوە تاکوو کاتی منداڵبوونەکەیان دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدابن.


سەرچاوەکان



5442 بینین