پلەی سەربازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-09-12:02:00 - کۆدی بابەت: 5803
پلەی سەربازی

ناوه‌ڕۆك

پلە چییە؟

پلەی سەربازی یاخود نمرەی سەرباز، کڵێشەیەکی هەرەمی سیستمی سەربازییە بۆ ڕێکخستنی ئەو کەسانەی لە هەر بەشێکی سەربازی کاردەکەن، و پلەی بچووکتر گوێڕایەڵی پلەی سەرووتری خۆیەتی و پلەی سەروو فرمانەکانی لەلایەن پلەی خوار خۆیەوە جێبەجێدەکرێت، لە هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی کوردستان پلەکان بە زمانی کوردی جیاوازن لە سووپای سەرەکی عێراق، ئەمانەی خوارەوە پلەکانی کوردستانن و هەردوو هێزی ناوخۆ و پێشمەرگە بەم پلانە جیادەکرێنەوە. 

پلەکان

لە عێراق و کوردستان بۆ بچووکترین سەربازەکان بە سەرباز و سەربازی یەکەم جیادەکرێنەوە:

  • سەرباز: کەسێکە سەر بە دامەزراوەیەکی سەربازییە و هیچ پلەیەکی نییە و یەکەی سووپایە، لەسەر شان و قۆڵی هیچ پلەیەک دانانێت.
  • سەربازی یەکەم: پلەیەک لە سەرووی سەربازەوە دێت و هێڵێک لەسەر شانی هەیە.

لەوانیش گەورەتر سەربازێکە کە پلەکەی بەرزکراوەتەوە لە پلەی سەربازی یەکەم و سەربازەوە و پێیان دەوترێت ئەفسەرە بێ ئەرکەکان، چونکە نەگەیشتوونەتە پلەی ئەفسەری تاوەکو بتوانن دەسەڵاتێکی گەورەیان هەبێت:

  • جێگری عەریف (نائب عریف): بچووکترین پلەی سەربازی ڕیز یاخود بێ ئەرکە و خاوەن دوو هێڵە لەسەر شانی.
  • عەریف (عریف): بەرپرسی کۆمەڵێک سەربازە و سێ هێڵ لەسەر شانەکانی هەیە.
  • سەرۆکی عەریفەکان (رئیس عرفاء): گەورەترین پلەی سەربازانی ئەفسەری بێ ئەرکە.

پلەی ئەفسەرەکان

  • جێدار (ملازم): بەرپرسی پەلێکە و ڕێکیان دەخات و زیاتر لە ٣٠ سەربازی لەبەردەستە و بچووکترین پلەی ئەفسەرییە و ئەستێرەیەکی پێنج گۆشە لەسەر شانی هەیە.
  • جێداری یەکەم (ملازم اول): دووەم پلەی ئەفسەرییە و دوو ئەستێرەی پێنج گۆشە لەسەر شانی دادەنێت.
  • پێشەنگ (نقیب): سێیەم پلەی ئەفسەرەکانە و ئەرکی گەورەتری هەیە و خاوەن سێ ئەستێرەیە لەسەر شانی.

ئەفسەری مەیدانی

  • پێشڕەو (رائد): چوارەم پلەی ئەفسەرە و هەڵۆیەک لەسەر شانەکانیەتی.
  • پێشکار (مقدم): ئەو کەسە کە پێشڕەوی بەشێکی سووپا دەکات و پێنجەم پلەی ئەفسەرییە و ئەرکێکی زۆر لەسەر شانیەتی و خاوەن هەڵۆیەک و ئەستێرەیەکە لەسەر شانی.
  • سەرهەنگ (عقید): گەورەی ئەوانەی پێش خۆیەتی و شەشەم پلەی ئەفسەرییە و سەرکردایەتی چەند لقێک دەکات کە پێکەوە دەبن بە قۆڵێک، نیشانەی پلەکەی هەڵۆیەک و دوو ئەستێرەیە.
  • سەرتیپ (عمید): ئەو ئەفسەرەیە کە تەواوی کارەکان ڕێکدەخات و حەوتەم پلەی سەربازی ئەفسەرە و زۆرینەی کات بەرپرسی مەیدانی جەنگ دەکات و فرمانەکان لەوەوە دەردەچن، نیشانەکەی هەڵۆیەک و سێ ئەستێرەیە.

ئەو ئەفسەرانەی فرمان دەکەن (پلەبەرزەکان)

  • سالار (لواء): هەشتەم پلەی ئەفسەرییە و نیشانەکەی هەڵۆیەک و دوو شمشێرە، بەڵام لە سووپا پێی دەوترێت سەرتیپ.
  • سەردار (فەریق): بەرپرسی لەشکرە و دوای پلە بەرزکردنەوەشی دەگاتە پلەی سوپاسالاری یەکەم (فریق اول)، ئەم پلەیە نۆیەم پلەیە و ڕاوێژکاری سەرۆکی تەواوی سووپایە و یەکێکە لە گەورەترین پلەکان، نیشانەکەی هەڵۆیەک و دوو شمشێر و ئەستێرەیەکە، بەڵام لە سووپا پێی دەوترێت سوپاسالار یان سالار.
  • سەرداری یەکەم (فریق اول): دەیەم پلەی ئەفسەرانە و زۆرینەی کات بەرپرسی گشتی سووپای وڵاتە و پێی دەوترێت پێشڕەوی گشتی یاخود (قائد العام)، نیشانەکەی هەڵۆیەک و دوو شمشێر و دوو ئەستێرەیە، هەروەها بە سالاری یەکەمیش دەناسرێت.
  • شکۆدار (مهیب): گەورەترین پلەی سەربازی سووپایە و لە هەندێک وڵات پێی دەوترێت مارشاڵ بەڵام دەسەڵاتی مارشاڵ هەندێک جار لە مهیب کەمترە، ئەم پلەیە هەتاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ لە سوپای عێراقدا بوونی هەبوو بەڵام لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعسەوە نەماوە و کۆتا کەس ئەم پلەی هەبوو سەدام حسینی سەرۆکی عێراق بوو، نیشانەی ئەم پلەیە دوو شمشێر و دوو لقی گەنم و هەڵۆیەکە.

ڕوکن: هێڵێکی سوورە لەسەر شانی ئەفسەر لە تەنیشت پلەکەی دەدرێت و ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو ئەفسەرە بەهۆی خوێندن و دەرچوونی لە خولێکی سەربازی یاخود بەهۆی خوێندن لە خوێندنی جەنگیەوە پلەکەی بەدەست هێناوە.

پلەی سەربازی ئاسمانی

پلەی سەربازی ئاسمانی بە ڕەنگە شینەکەی جیادەکرێتەوە، هەروەها خاوەن باڵی هەڵۆیە لە خوارەوەی نیشانە سەربازییەکە، پلە سەربازییە سادەکان و ئەوانەی ئەفسەر نین بۆیان نییە فڕۆکە لێبخوڕن، بۆیە نیشانەی باڵی هەڵۆ لەسەر شانیان بوونی نییە.

پلەی سەربازی سادە و ئەفسەرە بێکارەکان لە کاری دیکەی یارمەتی فڕۆکەکەدا خۆیان دەبیننەوە، وەک ئامادەکردنی سووتەمەنی و هێڵی فڕۆکەوانی و ئامادەکردنی ناوەوەی فڕۆکەکە، هەروەها گەر فڕۆکەکە فڕۆکەی گواستنەوەی سەرباز بێت ئەوا سەربازێکی پلە نزم لە دەرگای فڕۆکەکە دەبێت و بە چەکێکی ڕێژنگی بەهێزی دوورمەودا چاودێری و پارێزگاری لە فڕۆکەکە دەکات و لەکاتی پێویست تەقە دەکات.


سەرچاوەکان



7026 بینین