پێغەمبەر ئیبراهیم

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-09-14:59:00 - کۆدی بابەت: 5807
پێغەمبەر ئیبراهیم

ناوه‌ڕۆك

زنجیرەی نەوەکانی پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خودای لەسەربێت)

پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خودای لەسەربێت) بە (باوکی پێغەمبەران) ناسراوە, یەکێکە لە گەورەترین پێغەمبەرەکان لەلای خودای گەورە, یەکێکە لەو پێغەمبەرانەی کە بە (أولو العزم) ناودەبرێن, وە ئەم پێغەمبەرە بەڕێزە گەیشتووە بەم پلە بەرزە بەبۆنەی ئەو هەموو ناڕەحەتی و ناخۆشیەی کە بەسەری هاتووە لە ژیانیدا, وە پێغەمبەر ئیبراهیم لە شوێن ئەو بەرپرسیاریەتیە بوو کە خودای گەورە فەرمانی پێکردبوو, وە لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا تاکە کەسی یەکتاپەرست بووە لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا, هەر بۆیە پێغەمبەر ئیبراهیم خۆی بەتەنیا گەل و نەتەوە (ئومەت)ـێک بووە لەنێو خەڵکیدا, کۆتا سێ ئاین کە بۆ مرۆڤایەتی هاتووە لە نەوەی ئەم پێغەمبەرە بەڕێزەن, کە ئەوانیش: ئاینی جولەکەی پێغەمبەر موسا بوو, ئاینی مەسیحی کە پێغەمبەرەکەی پێغەمبەر عیسا بوو, ئایینی ئیسلام کە پێغەمبەرەکەی پێغەمبەر محەمەد ﷺ بوو, کە کۆتا پەیامبەری خودای گەورە بوو.

پێغەمبەر ئیبراهیم منداڵی زۆربووە, بەڵام دوانیان پێغەمبەر بوون و لە قورئاندا ئاماژە بەم دوو منداڵەی هاتووە, کە ئەوانیش پێغەمبەر ئیسماعیل و پێغەمبەر ئیسحاقن، پێغەمبەر ئیسماعیل نێردرا بۆ جورهوم و یەمەن و ناوچەکانی حیجاز و نیمچە دورگەی عەرەبی, پێغەمبەر محەمەد ﷺ لە نەوەکانی پێغەمبەر ئیسماعیلە، پێغەمبەر ئیسحاق بوو بە پێغەمبەر بۆ وڵاتی شام و حەڕان و چواردەوری, وە (عەیص) لە نەوەی پێغەمبەر ئیسحاقە, لە نەوەی پێغەمبەر ئیسحاقیش پێغەمبەر ئەیوبە، وە پێغەمبەر زولکیفلیش لە نەوەی پێغەمبەر ئیسحاقە، پێغەمبەر ئەیوب و زولکیفل هەردووکیان نێردران بۆ شام, وە هەروەها لە نەوەکانی تری پێغەمبەر ئیسحاق پێغەمبەر یەعقوب بوو کە نێردرا بۆ نەوەی ئیسڕائیل, پاشان لە نەوەکانی پێغەمبەر یەعقوب ئەم پێغەمبەرانە هاتن: پێغەمبەر یوسف و موسا و هاروون و ئیلیاس و یەسەع و یونس و داوود و سولەیمان و یەحیا و زەکەریا و عیسا (سەلامی خودای  گەورە لەسەر هەموو پێغەمبەران بێت).

ڕەچەڵەکی پێغەمبەر ئیبراهیم

ناوی تەواوی ئیبراهیم کوڕی تارەخ کوڕی ناحور کوڕی سارووغ کوڕی ڕاغو کوڕی فالەغ کوڕی عابیر کوڕی شالەخ کوڕی ئەرفەخشەد کوڕی سام کوڕی نوح پێغەمبەر، وە ئەمەش لە پەڕاوەکانی خاوەن کتێبەکان (أهل الکتاب)ـدا هاتووە, پێشەوا ئیبن عەساکیر دەگێرێتەوە و دەفەرموێت کە دایکی پێغەمبەر ئیبراهیم ناوی (ئەمیلە) بووە, بەڵام پێشەوا کەلبی دەفەرموێت کە ناوی نونای کچی کەرەنبای کوڕی کەوثی ـە کە لە کوڕەکانی ئەرفەخشەدی کوڕی سامی کوڕی نوح پێغەمبەرە.

لەدایکبوون و زمانی پێغەمبەر ئیبراهیم

عەبدوڵای کوڕی عەباس (ئیبن عەباس) دەفەرموێت کە ئیبراهیم پێغەمبەر لە دیمەشق لە گوندێک لەدایکبووە کە ناوی (قاسیون) بووە, دەفەرموێت: ڕاستتر ئەوەیە کە پێغەمبەر ئیبراهیم لە بابل لەدایکبووە.

پێغەمبەر ئیبراهیم بە زمانی سریانی و عیبرانی قسەی کردووە, وە ئەمەش لەلایەن عەیینیەوە باسکراوە لە ڕاڤەی بوخاری, وە ئیبن سەعد لە طەبەقات و طەبەری لە تاریخـدا هێناویانە و باسیانکردووە, بەڵام پێغەمبەر ئیسماعیل بە عەرەبی قسەی کردووە, چونکە لە هۆزی جورهوم گەورە بووە و هاوسەرگیری لەوان کردووە, وە عەرەبی لەوانەوە فێربووە, منداڵەکانیشی لەوێ پەروەردەبوون.

خێزانەکان و منداڵەکانی پێغەمبەر ئیبراهیم

زۆر مەحاڵە کە ناوی خێزانەکانی هەموو پێغەمبەران بزانین, لەبەر ئەوەی کە خودای گەورەش باسی هەموو پێغەمبەرەکانی بۆ نەکردوین, لە کتێبەکانی مێژوودا باسی ئەوە کراوە کە پێغەمبەر ئیبراهیم پاش کۆچی دوایی سارە خاتوون هاوسەرگیری لەگەڵ دوو ئافرەتی تردا کردووە, یەکێکیان ناوی قەنتتوڕەی کچی یەقظان بووه, کە شەش منداڵی لەو بووە, وە یەکێکی تریان ناوی حەجورا ـی کچی ئەزهیر بووە, کە پێشەوا طەبەری لە کتێبی (تاریخ) ـەکەیدا باسی کردووە.

پێشەوا طەبەری باس لەوە دەکات کە پێغەمبەر ئیبراهیم 13 منداڵی کوڕی هەبووە, ناوەکانیشی باسکردوون, لە قەنتوڕە ـی کچی یەقظان شەش کوڕی هەبووە بە ناوەکانی: (مەدەن, مەدیەن, یەقسان, زەمران, ئەسبەق, سەوح), وە لە حەجورای کچی ئەزهیروە ئەم منداڵانەی هەبووە: (کیسان, شورەخ, ئەمیم, لوطان, نافیس).

چیرۆکی پێغەمبەر ئیبراهیم

پێغەمبەر ئیبراهیم لە بابل لە دایکبووە کە زەوی کلدانیەکان بوو, هەموویان بتیان دەپەرست، هەر بۆیە پێغەمبەر ئیبراهیم  هەستا بە بانگەوازکردن لە عێراق و بانگی کردن بۆ یەکتاپەرستی و دوورکەوتنەوە لە پەرستنی بتەکان کە هیچ سوود و زیانێکیان پێناگەیانێت, وەک خودای گەورە لە سورەتی (العنکبوت) بۆمانی باسدەکات : (وإبراهيم إذ قال لقومه اعبدوا الله واتقوه ذلكم خير لكم إن كنتم تعلمون، إنما تعبدون من دون الله أوثاناً وتخلقون إفكاً، إن الذين تعبدون من دون الله لا يملكون لكم رزقاً فابتغوا عند الله الرزق واعبدوه واشكروا له إليه ترجعون)، [العنكبوت: 16-17).

پێغەمبەر ئیبراهیم پێی فەرموون: لە خودای گەورە بترسن و بیپەرستن و خۆپارێزبن, ئەوە باشترە بۆ ئێوە گەر بزانن, چونکە بەڕاستی ئەو شتانەی ئـێوە دەیانپەرستن هیچ سوودتان پێناگەیەنن و هیچ ڕزق و ڕۆزیەکتان بۆ دابین ناکەن, لە خودای گەورە داوای ڕزق و ڕۆزی بکەن وە بیپەرستن وە سوپاسی بکەن و داوای لێخۆشبوونی لێبکەن و بۆلای ئەو زاتە پیرۆزە بگەڕێنەوە, باوکی پێغەمبەر ئیبراهیم لەو کەسانە بوو کە بتیان دەپەرست، هەروەها لەوانەبوو کە بتی درووستدەکرد و دەیفرۆشت, بۆیە پێغەمبەر ئیبراهیم دڵسۆزی بوو و ئامۆژگاری کرد و پێی فەرموو وەک لە قورئاندا تۆمار کراوە: (يا أبت لم تعبد ما لا يسمع ولا يبصر ولا يغني عنك شيئاً، يا أبت إني قد جاءني من العلم ما لم يأتك فاتبعني أهدك صراطاً سوياً) [مريم: 42 – 43]. واتە: بابە گیان بۆ شتێک دەپەرستی کە نابینێت و نابیستێت و هیچ سوودت پێناگەیەنێت, بابە گیان من لە زانست و زانیاری شتێکم پێگەیشتووە و دەیزانم کە بە تۆ نەگەیشتووە, جا دەسا شوێنم بکە با ڕێیە ڕاستەکەت نیشانبدەم, بەڵام باوکی وەڵامی نەدایەوە و بەپێچەوانەوە هەڕەشەی لێکرد کە بەردبارانی بکات و وازی لێبێنێت, بە پێغەمبەر ئیبراهیمی وت: (أراغب أنت عن آلهتي يا إبراهيم لئن لم تنته لأرجمنك واهجرني ملياً) [مريم: 46]، فتركه إبراهيم وقال له: (سلام عليك سأستغفر لك ربي إنه كان بي حفياً) [مريم: 47].

باوکی پێی وت: واز لە من و خوداکانم بهێنە ئیبراهیم, گەر وازنەهێنیت بەردبارانت دەکەم و وازت لێدێنم, کاتێک پێغەمبەر ئیبراهیم زانی کە گەلەکەی سەرسەختن و واز لە بت پەرستی ناهێنن, ویستی بۆیان بسەلمێنێت کە بتەکانیان هیچ سوود و زیانێکیان بۆیان نییە, بۆیە چوو هەموویانی شکاند تەنها بتە گەورەکەیان نەبێت, وە تەورەکەی خستە دەستی بتە گەورەکەیان بۆ ئەوەی لە پاشدا گەلەکەی هاتنەوە پێیان بڵێت گەورەکەیان ئەنجامی داوە و لەو بپرسن, پاش ئەوەی گەلەکەی زانیان کە پێغەمبەر ئیبراهیم لەسەر حەقە و ڕاستدەکات ویستیان بیسووتێنن, وە هەموو شتێکیان کۆدەکردەوە و ئاگرێکی زۆر گەورەیان بۆ ئامادەکرد و خستیانە ناوی, پێغەمبەر ئیبراهیم فەرمووی: “حسبي اللّه ونعم الوكيل”, تەنها خودای گەورەم بەسە و باشترین پشتیوانمە, بە فرمانی خودا ئاگرەکە نەبووە هۆی سووتانی و خودا ڕزگاری کرد و پیلانی گەلەکەی پووچەڵ کردەوە.

لە پاشدا خودای گەورە فەرمانی بە ئیبراهیم پێغەمبەر کرد کە کۆچ بکات بۆ شام بۆ شاری قودس, هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مامی خۆی کرد کە ناوی (سارە) بوو, وە لەگەڵ خۆی بردی بۆ شام, لوط پێغەمبەریش کە برازای بوو ئەویشی برد لەگەڵ خۆی, لە شام کێشەیەکی گەورە بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم دروستبوو, هەر بۆیە لەگەڵ سارە خاتوون بەڕێکەوتن بۆ میسڕ, پاشان گەڕایەوە بۆ فەڵەستین لەگەڵ خاتوونە سارە و کەنیزەکێک کە ناوی هاجەرە بوو, پێغەمبەر ئیبراهیم حەزی دەکرد کە نەوەی هەبێت بەڵام خێزانەکەی نەزۆک بوو, وە تەمەنی کشابوو, هەر بۆیە کاتێک سارە خاتوون زانی کە پێغەمبەر ئیبراهیم حەزی لە نەوەیە, هاجەرە خاتوونی لێ مارەکرد, خودای گەورە پێغەمبەر ئیسماعیلی پێبەخشین, وەک دەفەرموێت: (رب هب لي من الصالحين، فبشرناه بغلام حليم)، [الصافات: 100-101]

پاشان خودای گەورە مژدەی منداڵێکی تری بە پێغەمبەر ئیبراهیمـدا, کە ئەویش پێغەمبەر ئیسحاق بوو لە سارەی هاوسەری, وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (وبشرناه بإسحاق نبياً من الصالحين)، [الصافات: 112]

پاشان خودای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەر ئیبراهیم کرد کە دووبارە کەعبە بنیات بنێتەوە, پێغەمبەر ئیبراهیم لەگەڵ پێغەمبەر ئیسماعیلی کوڕی کەعبەیان دووبارە بنیاتنایەوە,  پێغەمبەر ئیبراهیم پێش ئەوەی کە کۆچی دوایی بکات وەسیەتی بۆ منداڵەکانی کرد کە دەست بە دینی خودای گەورەوە بگرن و لەسەری بەردەوام بن و کاری پێبکەن تا دەمرن, وەک دەفەرموێت: ووصى بها إبراهيم بنيه ويعقوب يا بني إن الله اصطفى لكم الدين فلا تموتن إلاّ وأنتم مسلمون)، [البقرة: 132]


سەرچاوەکان



15683 بینین